چ ئاسۆیەك لەبەردەم ئەنجومەنى مەیدانى ئازادى كوردستاندا هەیە
Sunday, 05/06/2011, 12:00
لەكۆمەڵگایەكى تەواو بە حزبیكراوى وەك كوردستان، گرانترین شت ئەوەیە كەسێك بێتو بەناوى شەقامەوە قسە بكات. گرفتەكە هەر ئەوە نییە كە دەسەڵات كۆمەڵگاى تەواو فاسد كردووەو پێوانەى لەگەڵبوونى یەكێتىو پارتى كردووەتە پێوانەى ئیمتیازاتەكان، بەڵكو گرفتەكە لەوەدایە لەو بەریشەوە ئەو هێزانەى بەناوى ئۆپۆزیسیۆنەوە قسە دەكەن، هەمان شێوازى هەڵسوكەوت لەگەڵ شەقامدا دەگرنە بەر، وەك بڵێى ئەوە ئیجماعێكى بڕاوە بێت، كە بوونى تاكو گروپەكانى دەرەوەى حزبەكان بێ ماناو ئەفسانە بێتو حەقیقەت ئەوە بێت كە دەبێت سەر بە لایەنێك بیت.
هەر دوو دەسەڵاتو ئۆپۆزیسیۆن لە یەك خاڵدا بە یەك دەگەن، خاڵى قسەكردنو خۆ بەنوێنەر زاینى هەموو ئەو تاكانەى لە كۆمەڵگادا بوونى هەیە. هەردوو ئەوانە لەوەدا هاوڕانو هاوپراتیكو هاو هەڵوێستن كە شتێك نییە ناوى پێكهاتەكانى دەرەوەى حزب بێت.
كەواتە لە دۆخێكى وەدا دەبێت چ ئاسۆیەك لەبەردەم ئەنجومەنى مەیدانى ئازادى كوردستان دا هەبێت، كە دەیەوێت وەك پێكهاتێكى سەربەخۆو بوونێك لە شەقام دا كار بكات؟
یەكەمین شت كە دەبێت ئەم ئەنجومەنە بیخاتە بەرچاوى خۆى، ئەوەیە كە بەتەواوى بەپێچەوانەى شەپۆلەكانەوە دەجوڵێتەوە، ئەو خەریكە باس لە بوونى شتێك دەكات كە دەیان ساڵە برادەرانى كۆمەڵگاى مەدەنى پارەى لەسەر دەخۆن، بەڵام ئێستا یەكەمین قسەیان بۆ ئەم ئەنجومەنە ئەوەیە كە شەقام كۆتایى هاتووەو ئێوە خەریكى چین.
بەڵام لەگەڵ ئەمەیشدا، ئەنجومەنى مەیدانى ئازادى كوردستان، ئاسۆیەكى هەیە بۆ كاركردنو دەتوانرێت سەرەتاى ئەو ئاسۆیە لەوێوە دەست پێبكات كە هوشیارییەك دروست بووە بەوەى كە شەقام خۆى دەتوانێت قسە بكاتو پێویستى بە هیچ حزبێك نییە لەبرى ئەو بیر بكاتەوەو داوا بكاتو نوێنەرایەتى بكات، بەڵكو خۆى دەتوانێت هەموو ئەو شتانە بكاتو بەشى ئەوەندەیش كادێرى بەرهەمهێناوە كە پشت بەخۆى ببەستێت، بەداخەوە مێژووى چەند ساڵەى كۆمەڵگاى ئێمە مێژووى كوشتنى ئەو تواناییانەیە بووە.
بەڵام ئەنجومەن دەكەوێتە ناو مەنگەنەیەك، كە سەرێكى لە دەسەڵاتەوە دەست پێدەكاتو سەرەكەى ترى لە ئۆپۆزیسۆندا تەواو دەبێتو، هەردوو ئەوانەیش كار لەسەر بێ ئەهمەیەت كردنى ئەو شەقامە دەكەن، كە ئەنجومەن دەیەوێت بیكاتە پێگەى كارى خۆى، لەوەمەیش وەواتر، هەندێك وردە حزبى قسە زلیش بەشدارى لەم لەمەنگەنەدا دەكەن.
ئاسۆیەك كە لەبەردەم ئەنجومەندا هەیە، لەوێوە سەرچاوە دەگرێت، كە دەبێت بە هەر نرخێك بێت خەونى دروستكردنى شەقامێكى هوشیار، خەونى دروستبوونى گروپە راستەقینەكانى فشارو خەونى كارى خۆبەخشانە بكاتە ئەمرێكى واقیعى. بێگومان كارێكى لەو جۆرە قوربانییەكى زۆرى دەوێت، رێگاكانى سەختدەبێتو بەڵام سەرەنجام دەتوانێت تێیپەڕنێت.
خاڵى بەهێزى ئەنجومەن لەوەدایە كە دەتوانێت زۆر بە رۆشتنى دەست بەداواكارییەكانى خەڵكەوە بگرێتو، ناچار نییە داخوازییەكان تێكەڵاو ئەو داوا تایبەتییانە بكات، كە حزبەكانى ئۆپۆزیسیۆن هەیانە، لێرەوە دەروازیەك بۆ ئەنجومەن دروست دەبێت، كە هەڵسەنگاندن بۆ زیانو دەستكەوتەكانى شەقام بكاتو ئاستەكانى هاتنە دىو نەهاتنە دى هەر داخوازییەك هەڵبسەنگێنێت، دەزانێت لە رێككەوتندا داواى چى دەكاتو دەزانێت لەیاخیبووندا چى دەوێت.
ئەگەر بمانەوێت رێگایەكى دیاریكراو بۆ كارەكانى ئەم دەورەیەى ئەنجومەن دیارى بكەین، دەتوانین لە چەند پەرەگرافێكدا كورتیان بكەینەوە.
پەرەگرافى یەكەم: یەكەمین خاڵ، دادگایكردنى تاوانبارانێكە كە خۆپیشاندەرانیان شەهیدو بریندار كردووەو ئەمەیش وەك خاڵى سور دیارى بكرێت. دەكرێت ئەم بابەتە زیاتر لە ئێستا گرنگى پێبدرێتو پێویستییەكانى بۆ دابین بكرێت. پێویستییەكان هەر ئەوە نییە كە تاوانباران بدرێنە دادگا، بەڵكو ئەوەیە كە پێویستە دادگایەییەكانیش بەرینەوەو ئەمەیش پێویستى بە دابینكردنى پارێزەرى وریاو خەمخۆرە بۆ شوێنكەوتنى كەیسەكان، دابینكردنى شاهیدە بۆ كەیسەكانو دۆزینەوەى جێگاوشوێنى حەشاردانى تاوانبارانە.
لەكەیسى شەهید سوركێو و شەهید شێرزادا، هەرچى ئۆپۆزیسیۆنە بابەتەكەى وەك بابەتێكى رۆژنامەگەرى وەرگرتو تەنانەت وەك مانشێت لە زمانى پارێزەرەكانەوە رایاندەگەیاند كە تۆمەتبارێكى وەك عەقید ئاسۆ، نزیكەى 20 ساڵ زیندانى دەكرێتو دواتر بینمان ئازادكرا.ئۆپۆزیسۆن تەنانەت نەیتوانى 1 شاهید بۆ ئەو كەیسە پەیدا بكاتو كاتێكیش، كە ئەنجومەن توانى شاهید بەدەست بهێنێتو بانگەوازى خەڵكى دەكرد بۆ شاهێدى دان، سەرجەم راگەیاندنەكانى ئۆپۆزیسۆنو راگەیاندنە ناوبراوەكان بە "ئەهلى" ئامادە نەبوون ئەو رونكردنەوەو بانگەوازە بڵاو بكەنەوە. سەرانى ئۆپۆزیسیۆن كە لە كۆبوونەوەكاندا دەیانووت نزیكەى 43% ى هێزەكانى پۆلیس سەر بە ئێمەن، بەڵام ناتوانن شوێنو جێگاى 2 تۆمەتبار بدۆزنەوەو ناتوانن ئەوە ساخ بكەنەوە كەسانى دیارى ناو كلیپەكان كێن. وەك بڵێى كەیسى شەهیدان تەنیا بەتێكن بۆ دروستكردنى مانشێتە زل لە قەبارەو پوچ لە زانیارییەكان.
لەم لایەنەوە، ئەركى ئەنجومەن بریتى دەبێت لەگەرمكردنەوەى كەیسى شەهیدەكانو ریگانەدان بەوەى كە ئەو كەیسە بخنكێت. هەر تەنیا ئەوە بەس نییە كە تۆمەتباران بەرەو دادگاكان راپێچ بكەین، بەڵكو پێویستە بڕیارى دادگاكان بە قازانجى قوربانیان ببەینەوە. سودوەرگرتن لە دەرسەكانى كەیسى 20/7 دەتوانێت وانەیەكمان پێبیدات بۆ سەركەوتنى كەیسى 17/2.
پەرەگرافى دووەم: دەبێت داواكارییەكانى خەڵكى خۆپیشاندەر جارێكى تر رێكبخرێتەوە، بەشێوەیەك كە بتوانێت نوێنەرایەتییەكى سەرتاسەرى داواكارییەكانى كوردستان بكات، لەم لایەنەوە دەبێت داواكارییەكان بەشێوەیەك بێت كە بتوانێت پشتیوانییەكى فراوانترى خەڵكى بۆ بەدەست بهێنێت. ئەنجومەن لەبەر ئەوەى ئێستا لە دۆخێكى تردایەو لەبەر ئەوەى دەیەوێت بە راستى راى بەشداربوانى ناو ئەنجومەنەكە لەبەرچاو بگیرێت، كەواتە دەبێت رێگا بە فەوزاكەى پێش داگیركردنى مەیدانى ئازادى نەدات درێژە بەخۆى بدات. ئەنجومەن دەبێت خاوەنى كارنامەیەكى تایبەت بەخۆى بێت كە بزانرێت وەك گروپێكى فشار چى دەوێتو چۆن كار دەكات.
پەرەگرافى سێیەم: نەخشە رێگا چى بەسەر دێت؟ لەراستیدا ئەوانەى نەخشە رێگاى چارەسەرى قەیرانەكانى كوردستانیان سەپاند بەسەر ئەنجومەن دا خۆیان رۆیشتنو خەریكى كارە شەخسییەكانى خۆیانن. كەواتە ئێمە ناچار نین كۆڵى كەسانێك هەڵبگرین كە خۆیان شانى خۆیان لێ بەتاڵ كردووەتەوە. نەخشە رێگاى هەڵوەشاندنەوەى هەر سێ سەرۆكایەتییەكە دەتوانێت ئامانجى بزووتنەوەیەك بێت كە كۆتایى بەدەسەڵاتى یەكێتىو پارتى بهێنێت، ئەمە دەنێرینەوە بۆ ئەو كەسانەى كە هەموو ئیشێكیان بووە بەوەى جار جار لە راگەیاندنەكانەوە پێمان بڵێن خۆپیشاندان نەماوەو ئەنجومەن نەماوەو كەس نوێنەرى كەس نییە.
با شەرم نەكەینو ئەوە بڵێین كە یەكەم: لە ئێستادا لە تواناى شەقام دا نییە كۆتایى بەدەسەڵاتى یەكێتىو پارتى بهێنێت،سەرجەم ئۆپۆزیسیۆن بەدواى جەوێكى كراوەدا دەگەڕێن بۆ رێككەوتنو بەشداربوون لەدەسەڵات، كەواتە خودى شیعارەكە وەك وتن رادیكالو دڵ دەهێنێتە جۆش، بەڵام بە كردەوە خراپترین لامبالاتىو پاسیڤ بەرهەمدەهێنێت. دووەم: لەلایەكى تریشەوە، ئەگەر ئێمە كۆتایى بەدەسەڵاتى یەكێتىو پارتى بێنین، كێ دەبێتە بەدیل؟ ئایا ئێمە ناچارین رێگاكانى بەدەسەڵات گەیاندنى ئیسلامییەكان بین؟ یان ئایا ئێمە كەرەستەى یەكلاكردنەوەى كێشەكانى ناوى یەكێتین؟ ئەنجومەنى مەیدانى ئازادى كوردستان كە تەنانەت لەلایەن میدیاى ئەهلیشەوە بایكۆت كراوەو بە قەدەر بەیەكداكێشانى دوو ئۆتۆمبێلى مالیزیا، راگەیاندو قسەكانیان بەهەند وەرناگرێت، ئیتر بە چ ئومێدو هێزێكەوە شیعارى روخاندنى دەسەڵات بەرز دەكاتەوە؟ كەسێك كە دەیەوێت دەسەڵات بڕوخێنێت، دەتوانێت خۆى ئەو كارە بكاتو پێشمان بڵێت چ بەدیلێكى هەیە.
پەرەگرافى چوارەم: لەدواى خۆپیشاندانەكان، چ لەناوەوەى كوردستانو چ لە دەرەوە ژمارەیەك گروپو دەستە دروست بووە، كە بەشێوەى تایبەت كار دەكەن، ئەركى ئەنجومەن ئەوەیە كە بتوانێت ئەو گروپانە لەیەك نزیك بكاتەوەو جۆرێكیش لە كارى هاوبەشو هاورایى دروست بكەن.
بەداخەوە هێزەكانى ئۆپۆزیسیۆن، بەتایبەت گۆڕان رۆڵێكى خراپى گێڕاوە لە چوونە ماڵەوەى ئەنجومەنەكانى پێشوو، كە لەناو ئەواندا ژمارەیەك كەسانى باش هەبووە، كە دەیانتوانى بەشدارییەكى جدیتر لە دروستكردنى راى گشتىو شەقام دا بكەن، بەڵام پەیوەندییە حزبییەكان وایكردووە ئەوان دوورەپەرێز بوەستن.
پەرەگرافى پێنجەم: راستییەك هەیە دەبێت بەرەسمى وەرى بگرین، ئەوەیش ئەوەیە كە بەهۆى فشارى خۆپیشاندانەكانو بەهۆى ئەو ناڕەزایەتییانەى كە تەنانەت بێ خۆپیشاندان لە شارەكانى هەولێرو دهۆكیش وەك ئاگرى ژێر خۆڵەمێش خۆى مەڵاس دابوو، دەسەڵات ناچارە چاكسازى بكات. بەڵام قسە لەسەر ئەوەیە كە جۆرو بڕى ئەو چاكسازییە چۆنە. ئەگەر ئاراستەى بزووتنەوەى جەماوەرىو هێزى شەقام بە زیندوێتى بهێڵدرێتەوە بەرجەستە بوونى چاكسازییەكان كارێكى دوور نییە، بەڵام لەدواین شیكردنەوەدا بوونو نەبوونى چاكسازى بەستراوەتەوە بە بوونو نەبوونى دەنگى شەقامەوە.
پەرەگرافى شەشەم: چارەنووسى خۆپیشاندانەكان. ئەنجومەن دەبێت سود لە هەموو رێگاكانى خەباتى جەماوەرى وەربگرێت، هەر رێگایەك بۆ گروپێكى فشار رێگاپێدراوە، كەواتە بۆ ئەنجومەنیش رەوایە، ئەمە وا دەكات كە ئەنجومەن لەهەموو كاتو شوێنێكدا بیر لە دروستكردنەوەى خۆپیشاندانەكان بكاتەوەو بەردەوام وەك فشارێك بەدەستەوە بگیڕێت، چونكە هێزى شەقام تەنیا هێزێك دەبێت كە ئەنجومەن دەتوانێت بەهۆیەوە پێداگیرى لەسەر داواكارییەكانى بكات.
ئاسۆى ئەنجومەنى مەیدانى ئازادى كوردستان، ئاسۆى بەهێزكردنى شەقامە وەك دەنگێكى سەربەخۆ، دەنگێك كە خواستەكانى خۆى بەسەر دەسەڵاتدا بسەپێنێتو ملكەچى هیچ حزبێك نەبێت بە ناوى ئەوەوە قسە بكات. سەركەوتنى ئەم ئەنجومەنە لەوەدایە كە بزووتنەوەیەكى چاكسازىو ریفۆرمى بەهێز دروست بكات، ئەگەر كۆمەڵگاى ئێمە گەیشتە ئەو قەناعەتەى هیچ چاكسازییەك وەڵامى پێویستییەكانى ناداتەوە، دەتوانێت بیر لە عەمەلیاتە گەورەكە بكاتەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست