کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هەڵەبجەى شەهید

Thursday, 14/03/2013, 12:00




پێشكەش بە گیانى پاكى (عومەر خاوەر) كە بە ماڵ و منداڵەوە لە كارەساتى جەرگ بڕى شارى هەڵەبجە شەهید بوون.


هۆ هەڵەبجە
بووكى ڕازاوەى شارە زوور
نێرگزى و بەیبوون و گوڵاڵەى سوور
خۆشەویستى هەرچوار پارچەى
كوردستانى نزیك و دوور
هۆ شارەكەى ئەحمەد موختار
خێلى جافى ئازاو جەسوور
كانى عاشقان و باغى میر
بۆ كیژۆڵان و لاوو پیر
سەیرنگاى ئاوات و ڕازبوو
سەداى گۆرانى و ئاواز بوو
سەرتاپای هەرێمەكەت
خاكى بە ڕوو دێمەكەت
پەنگى خواردبوو لە بەرهەم
لە گشتوكاڵ و باخ و چەم
لە خێڵە ساتى پاشماوەى
وەلى دێوانەو خاتوو شەم
بەڵام ئەمڕۆ
داڵدەى خەرمانى غەمانە
دەردە پەژارەیە وژانە
ئاهو ناڵین و گرینت
لە جى هۆرەو سیاچەمانە
لە سەر ئەمەش
دوژمنى ناپاكى ڕوو ڕەش
لە مرۆڤایەتى بێبەش
بەرامبەرى خۆشى و داهات
لە داخان كوێرایى داهات
ویستى خۆشى و ئەڤین و ژیان
بێتە مەرگ، خوێن و گریان
كەوتە پیلان و بەهانە
دژى ئەم شارۆچكە جوانە
ئەم گەلە بێ تاوانە
بە درۆ و دەلەسە و ستەم
لەم سەردەمە
كەپێ دەڵێن سەدەمى بیستەم
كە پشكنینى ئاسمان و ئەستێرانە
مانگى دەست كرد، بە دەست و برد
لە هاتۆ چوون و گەڕانە
سەردەى و چوون و گەڕانە
سەدەى خۆشى و زانستیە
بە گۆڕكردن و ڕیشەكەنى
بیروڕاى فاشیستى یە
خەباتى سەختى تێكۆشان
بۆ بەرهەمى سۆسیالیستى یە
ئا لەم چەرخە
بەو چەركەى زۆر كوشندەیە
كە لە جیهان قەدەغەیە
بە سەر ئەم شارەیان باراند
وەكو گەڵاى وەرزى پایز
هەزاران گیان و ڕوحیان هەڵوەراند
بە چەند چركەیەكى كەما
هەڵەبجە ئازیزەكەم
گیانلەبەرێكى لێ نەما
دایك نەما بۆ كۆرپەكەى
لایە لایە خەوى بۆ بچڕى
خۆشك نەما بۆ براكەى
هەموو سەرى لە قوڕبگرێ
پلك نەما بە كەس و كارى بڵێ
پور خۆتان لە بەر مرێ
زاوا نەما لە شەقامەكەى سیروان
دەستى بووكى تازە بگرێ
برا نەما بۆ خوشكەكەى
خەنەى و ملوانكەى بۆ بكرێ
لاوێك نەما لە سەیرانان
سەرچۆپى شایى بگرێ
كۆتر نەما لە شارۆچكە
بە سەر لاشە بێ گیان بفڕێ
ئەى لە كوێ بوون ماڤى
بڕیارەكان و گفت و گۆ
نازانم كەى دێنە هاناى
مردن و، هاوارو،ڕۆ ڕۆ
ئەم تاوانە بەدناوە
وەك كاولگەى هێرۆشیما
لە جیهان دەنگى دایەوە
لە جیاتى بەرگرى كردن
لە كارەساتى و لە مردن
گشت رێكخراوەكان تێكرا
كت و مت دەمیان بەسترا
***
هەتا فەرهاد بۆ شیرینى
سیامەند بۆ خەجێى نازەنینى
مەمى بۆ خاتوو زینى
وەلى دیوانە بۆ شەمى تاكە ئەوینى
لە گۆڕیشا بەم هەواڵە
سوێكى وایان بۆتەوە
خۆشەویستى و دڵداریان
سەرتاپا لە بیرچۆتەوە
***
هۆ هەڵەبجە
پێنووسى دەستم ناتوانى
چیم مەبەستە بى بنووسم
ئاوێتەى خوێن و فرمێسك
ئێش و ژان و دەمار بكەم
وا بالیسان
لە سەرتەرمى شەهیدانى
سەربردەی خۆى
بۆ ڕۆڵانى كەتوى بێ گیان
بە دڵێكى بریندار و چاو بە گریان
سەربەردەى خۆى
بە حەیران یاد ئەكاتەوە
گەڵى بازێ لە بادینان
لە ناخى دڵ و هەناوى
بە لاوكى ووشە خوێناوى
وڵامى ئەو ئەداتەوە
بە ئاشكرا هاوار دەكەن
بە كوردستانا جاڕ ئەدەن
دەڵێن پێویستە بۆ تۆڵە
پەیمان بێت بەم خاك و خۆڵە
بە شەهیدانى بێگۆرى
ئەم كەژانەوە دەشت جۆڵە
هەموو لایەكمان شان بەشان
بەردەوام بین لە تێكۆشان
هەتا بە ئاواتمان دەگەین
كوردستانمان لە داگیركەر و ناحەزان
بە یەكجار رزگار دەكەین
وا شاعیران
مەولەوى و نالى و موختار
گۆران و، قانیع و هەژار
لە گەڵ چەكداران دەست بە دەست
رێى تێكۆشانیان گرتە بەر
بۆ هەمان ئاوات و مەبەست


فەرهەنگۆك
كانى عاشقان: گەرەكێكى لە هەڵەبجە
باغى شار: باغێكە لە هەڵەبجەى سەیرانگاى ئێواران
وەلى دێوانە: عاشقى شەمە. هەردووكیان جافن
هۆرە: جۆرە گۆرانیەكى شارەزووریە
سیاچەمانە: جۆرە گۆرینەكى هەورامانە
شاعیران: ئەحمەد موختار. گۆران، قانیع، مەولەوى، شاعیرى هەڵەبجە و شارەزوورن



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە