م. كامەران بابان زادە: دەستەلاتى كورد لەگەورترین پاشەكشێ دایە، دەبێت نیزامى كۆتا لەدەستوردا دابنێین بۆ پاراستنى پێگەى كورد لەبەغدا
Thursday, 04/03/2010, 12:00
م. كامەران بابان زادە: عیرَاق لەدوو نیشتیمانى سەرەكى پێكهاتووە یەكیان كوردستانە ئەوەى تریش عەرەبوستانە هەر هەنگاونانێك بەپێچەوانەى ئەو ئاڕاستەیە ئەوا شەقامى كوردى توڕە دەكات.
لەم دیمانەیەدا چەندین باسى گرنگ سەبارەت بە شوناسى كورد و گێرانەوەى پێگەى كورد و بەرگریكردن لە دۆزى كورد خراونە ڕوو كە تێیدا م. كامەراان بابان زادە شارەزا لەمێژووى كوردو عێراق تەئكید لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە دبێت كورد بەهێزى مەنتیق مامەڵە لەگەڵ بەغدا بكات بۆ گیڕانەوەى كەركوك وە زۆر ئاساییە گەر لەو پێناوەدا پڕۆسەى سیاسى عێڕاق پەگبخرێت تاكو كەكوك دەگەڕینرێتەوە سەر كوردستان و شووناسى كورد بەڕەسمى دانى پێدادەنرێت.....
كۆچەرى : دواى 2003 عێراق بوو لەعێڕاق لە ولاتێكى دیكاتۆریەوە بوو بە ولاتى ململانێى معادەلەى سیاسى و گەمەكان لەسەر حیسابى گەل و نەوتەكانى نێو عیڕاق ئایا ئەو ململانێیان درێژە دەكێشن؟
م. كامەران: لەوەتەى عێڕاق دروست بووە كاریگەرە دەرەكییەكان بە كاریگەرە دەرەكى و ئیقلیمیەكان هەمیشە بەهێزتر بووە لە هاوكێشە سیاسیە نێوخۆكان و فەرمانڕەوایەتى لەعێڕاق وە لەبەرامبەر كێشە نێو خۆییەكان لەبەرئەوەى لەعێڕاقدا كۆمەڵێك پێكهاتە هەیە درێژكراوەى معادەلەى سیاسى و مەزهەبى ترە كە ناتوانێت دەست بەرداریان بێت لەبەرئەوەى هەریەكە لە معادەلە سیاسیەكانى ولاتان بەرژەوەندیان لەگەڵ گروپێكى ئەتنى دایە بەرامبەر گروپێكى ئەتنى تر.
لەبەرئەوە بوونى معادەلەى سیاسى ڕاستەخۆ وایكردووە عێڕاق ببێتە جێگەى ململانێى واقیحى دەرەكى وە لەدروست بوونى دەوڵەتى عێڕاقەوە ئەو ململالانێیانە زیانێكى گەورەیان بەعێڕاق گەیاندووە.
كۆچەرى : بۆچى ئەمریكا نەیتوانیوە ئەو معادەلە سیاسیانە بپارێزێت، لات وانیە لاوازى پەیڕەوى سیاسى ئەو كەسانەى دەستەلات بەڕیوە دەبەن یاخود كەم ئەزموونى ئەو كەسانە وایكردووە عێڕاق ببێتە شوێنى ململانێ، لات وانییە كەمى ئەزموونى سەركردایەتى كوردو نەگەڕانەوە بۆ مێژوو كوردى خستە نێو ململانێكانەوەو لاوازى كرد؟
م. كامەران: مەسەلەى ئەمریكا دیارە ئەو وڵاتە بەدواى بەرژەوەندییەكانى خۆیدا دەگەڕێت بۆیە بە هیچ گروپ و لایەنێك لە عێڕاق ناتوانین بڵێن ئەوە بەتەواوەتى دۆستى ستراتیجى ئەمریكایە وە بە بەرامبەرەكەى تریشى بڵێن نەخێر، ئەمریكا ناتوانێت هیچ پێكهاتەیەك لە پێكهاتەكانى عێڕاق بكاتە دۆستى خۆى لەسەر حیسابى لایەنەكەى تر بۆیە پاراستنى ئەو لاسەنگییە بۆ ئەمریكا لە ڕوى بەرژەوەندییەوە زۆر پێویستە بەڵام لەبەرامبەردا نەبوونى بەرچاوڕونیەك لەلایەن ئەمریكاوە بەرامبەر شێوەى ئەو پێكهاتانەى لە عێڕاقدا هەن وایكردووە كە ئەمریكا نەتوانێت سیستەمێكى مامەڵەى گونجاو بگرێتە بەر بۆیە بێ بەرنامەى ئەمریكا لە عێڕاق عێڕاقى بەرەوە ئاقارێك بردووە كە هیچ بەرچاوڕونى و ڕیگەیەكى گونجاو نەبێت كە هەموو پێكهاتە جیاوازەكان سیاسەتى لەسەر پیڕەو بكەن، وە ئەو پێكهاتە جیاوازانەى عێڕاق مێژوویەكى درێژیان هەیە لە بوونى ناكۆكى لە نێوانیاندا بەتایبەتى لەمەسەلەى پێكهاتنى ئەمنى نەتەوایەتى لەسەر حیسابى نەتەوەیەكى تر.
سەبارەت بە واقیحى سەركردایەتى كورد لەدواى 2003، ئێمە بەدرێژایى دەوڵەتى عێڕاق هەمیشە ئەوە لەلاى ئێمە ڕون بووە كە مەركەز لەبغدایە پیچشوتر مەركەز لە بەغدا لاواز بووە بۆیە ئامادەبووە بەشێوەیەكى ڕیكوپێك لەگەڵ هەرێم ڕیك بكەوێت بەڵام لەگەڵ بەهێزبوونەوەى مەركەز پەشیمانبۆتەوە، باشترین بەڵگەنامە بەدرێژاى مێژووى هاوچەرخى عێڕاق كە تا ئاندازەیەكى باش توانیویەتى مافى پێكهاتەكان ڕیكبخات تاڕادەیەكى باش دەستوورى عێڕاقە، ئەم دەستورەیەى كە لە2004 دواى ڕاپرسیەك دانیپێدانرا بەلام ئەو دەستورەش وەكو هەموو بەڵگەنامەكانى پێشوتر كە لەگەڵ مەركەزدا كراوە دەكرێت پاشەكشەى پێبكرێت بۆ نمونە: ماددەى 140 لەسەرەتاوە بڕیاربوو لەماوەى ساڵێكدا جێبەجێ بكرێت دوایى درێژ كرایەوە بۆ دوو ساڵ ئێستا گەیشتۆتە ئاستى ئەو پاشەكشەیەى كە گفتوگۆ دەكرێت لەنێوان بەرپرسانى كورد و عێڕاقى لەبەغدا ئاخۆ ماددەكە مردووە یان نا ئەوە ئەوپەڕى ئاشەكشەییە لە نێو پرۆسەى سیاسى و پاەندبوون بەدەستورەوە، بەتەئكید دەبوایە سەركردایەتى كورد ئەم مێژوویەى عێراق و بزاڤى ڕزگاریخوازى كوردى خوێندبایەوە، وە ئامادە نەبووایە كە مەركەز بەهێزبێتەوە هەتاوەكو بەشێوەیەكى هاوسەنگ شوناسى كورد و هەموو نەتەوەكان یەكلایى نەكرابایەوە.
كۆچەرى : پێتوانییە هەرچەندە دەستوریش بوونى هەبوو لە عێڕاقدا بەلام پێكهاتەیەكى مەزهەبى زاڵ بووە، دەستوریش زیاتر ڕەمزیى و نەزەڕى بووە نەوەك دەستورێك كە ئیشى لەسەر بكرێت، ئایا دەستور پێوستى بە ئیتیجاهێكى بەهێز نییە بۆئەوەى ببێتە واقیح و پەیڕەو بكرێت، ئێستا دەستور هەیە بەڵام زۆر ماددە لەدەستوردا زامن نەبوون وەكو ماددەى 140 و ئەو ماددانەى پەیوەستن بەسەرۆكایەتى كۆمار، دەبوو كورد لەدەستوردا سەرۆكایەتى كۆمار یان پەرلەمانى مسۆگەر كردبا؟
م. كامەران: گومانمان لەوەدا نییە پێگەى كورد لەبەغدا ڕۆژ لەدواى ڕۆژ ڕووەو پاشەكشەیە، دوا زیان كە لەدەرئەنجامى لاوازى دەستەڵاتى كورد بەر كورد كەوت لەسەرجەم سەرژمیرَییەكان كەبەدرێژاى مێژووى هاوچەرخ لەعێڕاقدا كراوە ڕیژەى كورد دەگاتە لە%25 بەڵام ئەم جارە ژمارەى كورسیەكانى كورد كەبەپێى ئەم ئینتیغاباتە دانراوە ناگاتە 60 كورسى لە كۆى 325 كورسى لەعێڕاق بەم شێوەیە كورد لە%14 تێپەڕناكات، ئەمە یەكێكە لەهەستیارترین پاشەكەشەكانى كورد لەبەغدا، وە ڕۆژ لەدواى ڕۆژ دەستەلاتى كوردى لە پاشەكشێ دایە، بابەتى دەستور من پیچموایە دەستور ناتوانرێت بەزۆر بسەپێنرێت گەربێت بڕوایەكى ئارەزوومەندانەى لەگەڵدا نەبێت، بڕواو یەقێنى ئارەزوومەندانە كەتێیدا ڕیز لەهەموو شوناسەكان بگرێت و بەبێ جیاوازى ئەوە لە بەغدا درووست نەبووە هەتاوەكو ئەم بڕوایە دروست نەبێت ئێمە ناتوانین كێشەكان چارەسەر بكەین.
دەبێت جارێكیتر باس لە شوناسى عێڕاق بكرێتەوە بەهەموو پێكهاتەكانیەوە وەمن پێموایە ئەو دەستورە وەكو دەقێك لەهەموو دەستورو بریارەكانى تر گونجاوترو باشتر بووە بەڕیژەیەكى باش گوزراشى لە شوناسى عێڕاق كردووە بەڵام وەكو هەموو بەڵگەنامەو بڕیارەكانى تر لەگەڵ بەهێزبوونى مەركەز ئەم دەستورە واى لێدێت دەبێتە مەرەكەبى سەر كاغەز و جێبەجێناكرێت ئەوە گەورەترین پاشەكشەیە گەر بێت دەستەلاتى كوردى لەبەغدا ڕێگە بدەن دەستور هەموار بكرێت ئەوەش مەترسیەكى گەورەیە بابەتى سەرۆك كۆمارو ماددەى 140 چەندین ماددەى تر لە ژێر مەترسیدایە، بۆ پاراستى پێگەى كورد وەكو سەرۆكایەتى كۆمار یان پەرلەمان ئەوە بەجۆرێك دەبێت كە ئێمە كۆتا دابنێین بۆ پێكهاتەكان وەكو ئەوەى لە لوبناندا هەیە پۆستەكان دابەش كراوە، وە دەبێت ئەوە بەشتێكى ئاسایى دابنێین لەبەرئەوەى عێڕاق یەك پێكهاتەو نەتەوەى دیاریكراو نین بەڵكو پێكهاتەو نەتەوەى جیازاز هەیەو ئەمانەش ئەمرى واقیحن مادامێك ئەو پێكهاتنەو نەتەوانە ئەمرى واقیحن دەبێت كۆتا دانرێت بۆ بەڕیوبردنى دەوڵەتى عێڕاق سەرۆك كۆمار بۆ چ پێكهاتەیەك بێت سەرۆكى پەرلەمان بۆ چ پێكهاتەیەك بێت وە سەرۆكى حكومەت بۆ چ پێكهاتەیەك بێت وەدەبێت هەڵبژاردنیش دەبێت بۆ كۆتا بكرێت ئەوەش پێویستى بەسەرژمێریەكى ورد دەبێت بۆ دیاریكردنى قەبارەو پێكهاتەى شوناسەكان.
كۆچەرى : پێت وایە ماددەى 140 و كێشەى كەركوك چۆن چارەسەر دەكرێت، بەپێى هەموو یەڵگەنامە مێژوویەكان لەسەردەمى عوسمانیەوە تا دەگاتە ئەمڕو بەبێ گومان كەركوك شارێكى كوردییە، بۆ دەستەڵاتى كورد نەیتوانیوە بەرگرییەكى مەنتیقیانە لەكەركوك بكات و بەتەواوەتى بیگێڕیتەوە بۆ سەر كوردستان ئایا لاوازى دەستەڵاتى كورد یاخود ئەمریكا وڵاتانى تر بوونەتە لەمپەر لە گێرانەوەى كەركوك بۆسەر كوردستان؟
م. كامەران: من پێموایە لەدواى روخانى ڕژێمى ێەددام دەبوایە سەركردایەتى كورد دوو ڕیگاى گرتبایە بەر یان دەبوو یان بەهێزى مەنتیق مامەڵەى لەگەڵ ئەو دۆسیەیە بكردبایە یان بەمەنتیقى هێز تا ئێستا ڕۆشن نییە سەركردایەتى كورد پشت بەچ دەبەستێن بۆ چارەسەرى ئەو دۆسیەیە ئایا پشت بەهێز دەبەستێن كارتەكانى هێز بەكاردەهێنێت هەتا دەگاتە پەگخستنى پڕۆسەى سیاسى لە عێڕاق كە كورد ئەو توانایەى هەیە یان دەبێت هێزى منتیقى خۆى بەكارهێنابایە بەوەى دەبوو گفتوگۆیەكى جددى بكردایە لەگەڵ پێكهاتەكانى عێراق بەوەى كەدەبوو كورد ئەوەى بە پێكهاتەكانى تر وتبایە كە واقیحى سیاسیى عێڕاق پێشناكەوێن تاكو كەركوك نەگەڕیتەوە سەر كوردستان وە هەتاوەكو ئەم دۆسیەیە بە ئاكام نەگات ئەوا ئێمە هیچ هەنگاوێك ناوێین... بەڵام كورد پشتى بەهیچ یەكێك لەو دوو ڕیگایە نەبەستووە بۆیە دۆسیەى كەركوك بەهەڵپەسێردراوى ماوەتەوە دەبێت لەدواى هەڵبژاردن كورد بەجددى كار بكات وە ئەو ڕیگا تەقلیدى و كۆنانەى پێشووتر بەكار نەهێنێتەوە بۆ چارەسەرى كێشەى كەركوك بەڵكو دەبێت بەبریارى یەكلایكەرەوەو زامنى كار بكات.
كۆچەرى : لاوازى هەڵوێست لێدوانى سەركردایەتى كورد وك ئەوەى ڕازى بوونى مام. جەلال بە یاساى هەڵبژاردن كە دەركەوت ئەو یاسایە گەورەترین زەرەرى هەبوو بۆ كرد وایى تاریق هشامى ڤیتۆى بەكارهێنا كە تۆزێك ئەمەل بۆ كورد گەڕایەوە، چوون بۆ توركیا لێدوان دانێك كە كوردانى باكورى نیگەران كرد و بەرگرى یكردن لەگەڕانەوەى كاندیدەكانى بەعس ئەوان هەڵوێستى لااوازى سەركردایەتى كورد بوون یان گەمەیەكى سیاس یاخو سیاسیەكى نەزانانە؟
م. كامەران: من ناڵیم ئەوە سیاسیەتێكى نەزانانەیە، من دەڵێم شەقامى كورد وە میللەتى كوردو مێژووش ئەوەى سەلماندووە كە عێڕاق نەك لە دوو نەتەوەى سەرەكى پێكهاتووە بەڵكو عیرَاق لەدوو نیشتیمانى سەرەكى پێكهاتووە یەكیان كوردستانە ئەوەى تریش عەرەبوستانە هەر هەنگاونانێك بەپێچەوانەى ئەو ئاڕاستەیە ئەوا شەقامى كوردى توڕە دەكات وە ئەم هەنگاوە كاریگەرى زۆر خراپى دەبێت لەسەر هەست و سۆزى شەقامى كوردى لەبەرئەوەى هەر هەنگاوێك لە دژى شەقامى گشتى كوردى بنرێت ئەوا هەموو كوردو پارتە سیاسیە دەستەڵاتدارەكان و هەموو پارتەكانى تریش زەرەرمەند دەبن...وە ئەو كەسایەتیانەش زەرەردەكەن كە هەست و سۆزى میللەتى كورد بریندار دەكەن، مەسەلەى گەڕانەوەى بەعسیەكان دەبوایە پێكهاتەى شیعە بەرامبەر بە بەعسییەكان توندتر نەبوایە لە كورد بەپێچەوانەوە دەبوایە كورد كورد لە 1991 لێژنەیەكى بەناوى ڕیشەكێشكردنى بەعس پێكهێنابا زووتر لەدەستەى ڕیشەكێشكردنى عێڕاق كە لەدواى 2003 وە دروست بوو وە دەبوو ئەوەشمان كردبایە بەئەزموونێك لەبەغدا بۆ ئەوەى كەسێكى وەكو سافرالعانى و هاوبیرانى لەپەرلەمانى بەغدا نەتوانن بەئارەزووى خۆیان شانازى بە بەعسەوە بكەن چونكە شانازى كردن بەبەعسەوە ئیفتیتازكردنى میللەتى كوردە كە ئەنفال و كیمیابارنى بەرامبەر كراوە.
كۆچەرى : لە سیاسیەتدا زۆر جار گەورەكان بچوكەكان وون دەكەن بەلام گەر بچوكەكان سازش نەكەن ئەوا شەڕەكە دەبەنەوە، تۆ تاچەند لاتوایە تەواوى ڕیككەوتنامەكان لە سایكسبیكۆوە تا دەگاتە جەزائیر لەئەنجامى سازشەوە سەپێنراون، ئایا قەومیەتى كورد لاوازبووە لەسەپاندنى هیز بەسەرماندا یان ...؟
م. كامەران: پێویستە لەهەموو ئەو ولاتانەى كە زۆرینەو كەمینە هەیە ئەوە بزانن لە پێكدادان و گەمەكاندا تەنیا كەمینە زەرەرمەند نابێت بەڵكو هەموو لایەك زەرەرمەند دەبێت، عێڕاق وڵاتێكى بەپێت و گەوهەرى نەوتە گەر ئەم ولاتە ئارامى تێدابووایە ناوەوەى ڕیكبووایە ئەوا هیچ لایەنێك نەدەتوانى دەستى بخاتە نێو، عێراق بەهۆى ناكۆكى تا ئێستا نەبۆتە ولاتێكى خۆشگوزەران وەدبێت دەوڵەتان ئەوەبزانن هیچ هێزێك ناتوانێت شوناسى میللەتێك و نەتەوەیەك لەناو ببات ئەگەر كەمینەش بێت چ جاى ئەوەى بەشێكى زۆر بێت و پێكهاتەى دووەم بێت، نموونەى بەربەرەكان لە جەزائیر نموونەیەكى زیندووە كە بەفەرەنساو عەرەبیش نەتوانرا لەنێو ببرێن وەك كیان و نەتەوە.
كۆچەرى : كورد چۆن دەتوانێت پێگەى خۆى بپارێزێت یان چۆن دەتوانێت پێگەى بەهێزى بگەڕێنێتەوە بەپەرەپێدانى فكرەى قەومى و ئیسلامى یاخود بەچ ڕێگایەك؟
م. كامەران: ئایا بەئیسلام دەگەڕێتەوە یان بە فكرەى قەومى ئەم دووانە بەدیلى یەكتر نین ئەم دووانە ئیسلامى و قەومى بوون هاوشانى یەكترن كورد دەتوانێت بە فكرەى ئیسلامى و قەومى پێگەى خۆى لە بەغدا بپارێزێت.
ئێمەى كورد دەتوانین بەرگرى لە شوناسى نەتەوایەتى خۆمان بكەین لە ولاتێكدا كەناوى عێڕاقە وە هەروەها دەتوانین سنورى نیشتیمانى خۆمان بپارێزین كە باشورى كوردستانە كە بەعێرَاقەوە لكێنراوە بۆ ئەم مەبەستەش ئێمەى كورد دەتوانین پشت بە بەرنامەو فكرى ئیسلامى ببەستین كە باشترین پردى لەیەكتر گەیشتنە لەنێوان پێكهاتەكانى عێڕاقە بۆیە ئێمە پێویستمان بە هەردوو شوناسە وەكو كورد، ئومێدەوارم پێگەى ڕابوونى ئیسلامیانى كوردستان لەدواى هەڵبژاردنەوەبەهێز بێت بۆ ئەوەى بتوانن ئەم ڕۆڵە بگێڕن، هەم ڕۆڵى بەرگرى لە شوناسى باشورى كوردستان و پارچەكانى تر وەهەم بتوانن ئەمان بە پڕۆژەى ئیسلامى و هێزى مەنتیق ئەم واقیحە بگێرنەوە سەر ڕێڕەوى ئاسایى خۆى.
كۆچەرى : تۆ گەر ئەندام پەرلەمانى كورد بیت لە بەغدا چۆن مامەڵە دەكەیت و بەرگرى لەدۆزى كورد دەكەیت و مێژووى ڕاستەقینەى كورد دەكەیتە واقیح؟
م. كامەران: پێموایە دەبیت ئێمە بەو مەنتقە قسە بكەین كە میتۆدەى كە لە خیتابى سیاسى سەركردایەتى كورد دایە بەوەى كە بیەوێت لەگەڵ عێراقێكدا پێگەوە ژیان دروست بكات بەم جۆرەى ئێستا كە ڕۆژ لەدواى ڕۆژ لە پاشەكشەیە دایە پێموایە دەبێت ئەو میتۆدە بگۆڕین و بێینەوە سەر ئەو ڕایەى كە ئێمە قسە لەسەر دروستبوونى دەوڵەتێكى عیڕاقى ئارەزوومەندانە بكەین كە شوناسى كوردو هەموو پێكهاتەكانى ترى تێدا پارێزراو بێت بەجۆرێك دەبێت شوناسى نەتەوەى كورد زۆر بەرچاوانە پێگەى بۆ دابنرێت و نابێت ون بكرێت و بەكەم دابنرێت، وە دەبێت شوناس و ئینتیماى قەومى كورد بپارێزین، مەلیك فەیسەڵ بە ئاشكرا وتویەتى "كە شتێك نییە بەناوى ئینتیمابوون بۆ عێڕاق هەر پێكهاتەو ئینتیماى قەومى و شوناسى خۆى هەیە بۆیە زەحمەتە دەوڵەتێكى تۆكمە دروست بێت بەبێ رەِچاوكردنى پێكهاتەو ئینتیماى نەتەوەكان"، بۆیە من دواى 85 ساڵ دەڵێم ئەم عێڕاقە مەلیك فەیسەڵ ڕاستیكردووە ئینتیمابوونێك بەناى عێڕاقیبوون نییە بۆیە دەبێت هەموو پێكهاتەكان بەیەكسانى بەشداربن لە پێكهێنانى دەوڵەتى عێڕاق وە هیچ پێكهاتەیەك نابێت پێكهاتەكەى تر بچەوسێنێتەوە بەڵكو دەبێت هەمووان دان بەیەكتردا بنێن بەو شێوەیە عیڕاق دەبیتە دەوڵەتێكى بەهێز بۆیە دەبێت جارێكى تر گفتوگۆ لەسەر بوونى پێكهاتەكان و شوناس بكەینەوە، وە با ساڵى 2010 بكەینە وەچەرخانێكى گرنگ وەكو وەچەرخانى 1991 بۆ ئەوەى جارێكى تر عیڕاقێك دروست بكەین بەهەموو پێكهاتەكانەوە.
كۆچەرى : چۆن بەرگرى لە كەركوك و ماددەى 140 و گێڕانەوە ناوچە دابڕاوەكان دەكەیت؟
م. كامەران: ماددەى 140 و ناوچە دابڕاوەكان بەرئەنجامى ئەو پێناسە سەقەتەیە كە لەشەقامى عەرەبى بۆ پێكهاتەكانى عێڕاق هەیە، پێموایە هەتاوەكو نەگەڕینەوە سەر ئەو عێراقەى كە هەموومان شوناسمان هەیە ئەوا ماددەى 140 و چارەسەركردنى ئاڵۆز دەبێت، وە من وا بەرگرى دەكەم كە دەبێت زۆر بەجددى ئیشى لەسەر بكەین لەبەغدا وە خۆمان یەكلا بكەینەوە كە بەمەنتیقى هێز مامەڵە دەكەین هەتا كار بگاتە پەكخستنى پڕۆسەى سایى لە عێڕاق یان بەهێزى مەنتیق ئیش دەكەین كە ئەو دوو ڕیگایش سنورى خۆى بەلام ئەو مامەڵەى ئێستاى كورد نە مەنتیقى هێزە نە هێزى مەنتیقە پێناسەیەكى تەندروست بۆ ئەو شێوازە نییە زۆر سەقەت و تێكەڵە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست