کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


له‌ گه‌نجه‌ عاره‌بانه‌ سوتاوه‌كه‌ی‌ هه‌ولێره‌وه‌ بۆ محمدی‌ تونس

Friday, 21/01/2011, 12:00


تێبینی: ئه‌م بابه‌ته‌م له‌ کوردستانپۆستدا بڵاوکردۆته‌وه‌ بۆ هیچ شوێنێکی دیکه‌م نه‌ناردووه‌، تکایه‌ که‌س به‌ بێ پرس نووسینه‌کانی من له‌ ماڵپه‌ڕی خۆیدا بڵاونه‌کاته‌وه‌.

له‌ناو بازاڕی‌ شاری‌ هه‌ولێر گه‌نجێكی‌ كاسب كه‌ بژێوی‌ ژیانی‌ به‌ندبووه‌ به‌ ئیش و كاری‌ عاره‌بانه‌كه‌ی‌ دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ چه‌ندین جار له‌ لایه‌ن پۆلیستی‌ شاره‌وانیه‌وه‌ ده‌رده‌كرێت و رێگه‌ی‌ پێنادرێت شت بفرۆشێ وه‌ك ناڕه‌زاییه‌ك عاره‌بانه‌كه‌ی‌ گڕده‌دات و ده‌یسوتێنێت، ئه‌و ڕوداوه‌ش كاریگه‌ریه‌كی‌ زۆری‌ له‌سه‌ر گه‌نجانی‌ ئیشكه‌ری‌ هه‌ولێر دروست كردووه‌و داوا له‌ حكومه‌ت ده‌كه‌ن هه‌رچی‌ زووه‌ ئه‌و گه‌نجه‌ قه‌ره‌بوو بكه‌نه‌وه‌ یان مووچه‌یه‌كی‌ بۆ بڕنه‌وه‌.
ئه‌و ڕوداوه‌ی‌ هه‌ولێر هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌ تراژیدیاكه‌ی‌ تونس كه‌ گه‌نجێك به‌ناوی‌ (محمد بو عه‌زیزی‌) دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ ڕێگری‌ شت فرۆشتنی‌ لێكرا و زله‌یه‌كی‌ پۆلیسیشی‌ به‌ركه‌وت وه‌ك ناره‌زاییه‌ك و گه‌یاندنی‌ ده‌نگی‌ زوڵملێكراوان خۆی‌ سوتاند دوای‌ ئه‌و ڕوداوه‌ش شۆڕشێك به‌رپا بوو.
ئه‌وه‌ی‌ جێگه‌ی‌ نیگه‌رانیه‌ ئێمه‌ له‌ ولاتێكداین كه‌ ژێرمان هه‌مووی‌ نه‌وته‌ و ڕۆژانه‌ش به‌ هه‌زاران ته‌نكی‌ له‌سه‌ر حیسابی‌ من و خه‌ڵكی‌ هه‌ژارو ئه‌و عاره‌بانچیه‌ گه‌نجه‌ی‌ كه‌ ده‌یویست به‌بازوو و شانی‌ خۆی‌ كاسبی‌ بكات و خێزانه‌كه‌ی‌ به‌ڕیوه‌ ببات و ئاماده‌ی‌ سه‌رنه‌ویكردن نه‌بێت بۆ نان ئاودیوی‌ ئه‌ودیو و ئه‌ودیو ده‌كرێت، ئاخر چۆن گه‌نجی‌ ولاته‌كه‌م ئۆف و داخ نه‌خوا له‌ كاتێكدا 17% بودجه‌ی‌ عێراق دێته‌ كوردستان و به‌ هه‌زاران گه‌نجیشمان هه‌یه‌ ته‌مه‌نی‌ 20 ساڵه‌ به‌لام دینارێكی‌ له‌ باغه‌ڵیا نییه‌، ئه‌وه‌یه‌ كاره‌سان نیشتیمانێك پڕی‌ سامان و نه‌وتی‌ ڕه‌ش بێت گه‌نجه‌كانیشمان خولیاو ئاواته‌كانیان هه‌موو ڕۆژێك بمرێت، ئاخر چ ویژدانێك قبوڵ ده‌كات ڕووی‌ گه‌نجێك ببینێت كه‌ سه‌دان خه‌ونی‌ جوانی‌ هه‌یه‌ به‌ڵام هه‌تا ده‌مرێت خولیایه‌كی‌ نابینێت.
ڕاسته‌ گه‌نجێك له‌ تونس به‌ناوی‌ محمد له‌به‌ر نه‌بوونی‌ و هه‌ژاری‌ گڕ به‌رده‌داته‌ خۆی‌ به‌لام له‌ ولاتی‌ مندا هه‌زاران گه‌نجمان هه‌یه‌ كه‌ ڕۆژی‌ چه‌ندین جار به‌ئاخ و هه‌سره‌ته‌وه‌ ده‌مرێت و زیندو ده‌بێته‌وه‌، خۆ مردوو هه‌ر ئه‌وه‌ به‌لاشه‌ بمریت و جه‌سته‌ت گڕ بگرێت مردنی‌ له‌وه‌ ناخۆشتر ئه‌وه‌یه‌ ڕۆژی‌ چه‌ندین جار ڕوحت بمرێت. تا ئێستاش دڵ و ڕوحی‌ شه‌هیدان و كه‌سو كاری‌ ئه‌نفاله‌كانی‌ ولاتی‌ ئێمه‌ هه‌ر ده‌سوتێت و گڕده‌گرێت، نازانم بۆ ده‌بێت جێ پێی‌ پێشمه‌رگه‌كانی‌ هه‌شتاكانی‌ ماندونه‌ناسی‌ نێو شاخ و ئه‌شكه‌وته‌كان ئێستا ببێته‌ ڤێلای‌ شه‌وانی‌ پێكی‌ سور و گونده‌كانی‌ ئه‌ڵمانی‌ و فلان و فلان.
ئاخر ویژدانی‌ كام مه‌سئوله‌، كام په‌رله‌مانتاره‌، كام به‌رپرسه‌ قبوڵیه‌تی‌ خۆی‌ له‌ گونده‌كانی‌ ئه‌ڵمانی‌ و فڵان و فڵاندا ژیاندا به‌سه‌ر به‌رێت و مووچه‌كه‌ی‌ هه‌شت ملیۆ بێت و براكانی و هاونیشتیمانیه‌كه‌شی‌ نه‌توانێت ته‌نانه‌ت به‌ عاره‌بانه‌یه‌كی‌ دوو تایه‌ش كاسبی‌ بكات بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌زار دینار په‌یدا بكات، هیچ نه‌بێت كیلۆ ته‌ماته‌یه‌كی‌ پێ‌ بكرێت؟
ئه‌ی‌ هه‌ر ئێه‌ نه‌بوون دوێنێ‌ به‌ده‌نگی‌ سه‌دان هه‌ژاری‌ وه‌كو ئه‌و گه‌نجه‌ چونه‌ په‌رله‌مانه‌وه‌، هه‌ر ئێوه‌ نه‌بوون به‌ده‌نگی‌ هه‌زاران گه‌نجی‌ وا چوونه‌ په‌رله‌مانی‌ به‌غداوه‌، هه‌ر به‌ده‌نگی‌ ئه‌و هه‌ژارانه‌ نه‌بوو بودجه‌ی‌ به‌غدا بویه‌ 17%؟
ئه‌ی‌ هه‌ر ده‌نگی‌ په‌نجه‌ی‌ باوك و دایكی‌ ئه‌و گه‌نجانه‌ نه‌بوو له‌ شاخه‌كانه‌وه‌ ئێوه‌یان هێناوه‌ ناو شاره‌كانی‌ و كۆشكه‌كانی‌ په‌رله‌مان؟
ئه‌ی‌ مه‌سئول ئه‌ندام په‌رله‌مانتار و وه‌زیرو سه‌ركرده‌كان ئێوه‌ گه‌ر له‌ شاخ بوون ئامانجتان چی‌ بوو؟
بۆچی‌ خه‌باتتان ده‌كرد و بۆچی‌ ئه‌و كاته‌ كه‌ فلوسێكتان نه‌بوو به‌ڵام نیشتیمانتان لا هه‌موو شتێك بوو، توخوا به‌ویژادانه‌وه‌ جوابم بده‌نه‌وه‌ ئه‌و كاته‌ ئارامتر بوون كه‌ نانی‌ ڕه‌ق و ته‌ماته‌ی خوانی‌ سه‌ر سفره‌كانتان بوو شه‌ویش خه‌وی‌ ناو كونی‌ شاخ و ئه‌شكه‌وته‌كان بوو یان ئێستا كه‌ خه‌وتان بۆته‌ خه‌ونی‌ ناو ڤێلاكان و ناو دۆلا؟
كوا وه‌فا بۆ دایك و باوكانتان كوا وه‌فا بۆ شاخ و گه‌نج و هه‌ژاری‌ ئه‌و ولاته‌ و 180 هه‌زار ئه‌نفال و 5 هه‌زار شه‌هیدی‌ كیمیا باران و ده‌یان زیندانی‌ له‌ سێداره‌دراو؟
وه‌لا چاك بزانن گه‌ر خه‌ڵكیش له‌ ترسی‌ دیواره‌كانی‌ زیندان و نانبڕین و برسیبوون وه‌جواب نێت ئه‌وا ئیلاهی‌ ئاسمان و هه‌موو گه‌ردوونه‌كان دوا زه‌نگی‌ ئاگاداریتان بۆ لێده‌دات ئه‌و كات په‌شیمانی‌ هیچ دادی‌ نابێت و داروبه‌رد لێتان ده‌بێته‌ گڕ هه‌وه‌كو گڕه‌كه‌ی‌ محمدی‌ تونس و عاره‌بانه‌كه‌ی‌ گه‌نجه‌ هه‌ژاره‌كه‌ی‌ هه‌ولێر، بۆیه‌ تكا ده‌كه‌م وه‌كو ڕۆژانی‌ شاخ و ڕابردوو ساده‌ ببنه‌وه‌ بێنه‌وه‌ ناو شه‌قام با چاوتان هه‌ژارو گه‌نجانی‌ بێنازی‌ ئه‌و ولاته‌ ببینێت ئه‌وساكه‌ ده‌بینن ئێوه‌ چه‌ند دووربوون له‌وه‌ی‌ هه‌بوون به‌لام له‌ نیشتیمان دوور بوون.

[email protected] 07501013022

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە