کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گیراوی کورد ئیحسان فه‌تاحیان ،به‌ر له‌ سێداره‌دانی له‌ زیندانی ناوه‌نی سنه‌وه‌ نامه‌یه‌کی کراوه‌ی ئاراسته‌ی ڕای گشتی ناوخۆ و جیهان

Wednesday, 11/11/2009, 12:00


گیراوی کورد ئیحسان فه‌تاحیان ،به‌ر له‌ سێداره‌دانی له‌ زیندانی ناوه‌نی سنه‌وه‌ نامه‌یه‌کی کراوه‌ی ئاراسته‌ی ڕای گشتی ناوخۆ و جیهان کرد.

ئیحسان له‌ نامه‌که‌ی دا ئاشکرای ده‌کات له‌ دوواین دیداری دا له‌ گه‌ل دادستان له‌ ناو گرتووخانه‌ دا،ناوبراو پێی ووتوه‌:که‌ جێبه‌جیکردنی حوکمه‌که‌ی‌ نا یاسایه‌.



ئیحسان که‌ سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مرۆ له‌ زیندانی سنه‌ دا له‌ سێداره‌درا ،له‌ نامه‌که‌ی دا ده‌ڵێت:

دوایین تیشکی هه‌تاوی ئێواران ئاماژه‌ به‌و ڕێگایه‌ ده‌کات که‌ ده‌مه‌وێت بینوسم. خشه‌خشی گه‌ڵاکان له‌ ژێر هه‌نگاوه‌کانمدا ده‌ڵێن: لێگه‌ڕی با بکه‌ویته‌ خواره‌وه‌، ئه‌و کاته‌یه‌ که‌ ڕێگای ئازادی ده‌دۆزیته‌وه‌.

قه‌ت له‌ مردن نه‌ترساوم،ته‌نانه‌ت ئێستاش که‌ له‌ نزیکمه‌وه‌یه‌ و زۆر به‌ گه‌رمی هه‌ستی پێ ده‌که‌م، بۆنی ده‌که‌م و ده‌یناسمه‌وه‌،چونکه‌ ئاشنای دێرینی منه‌.له‌ شاری کرماشان ژیانم ده‌ست پێکرد، ئه‌و شوێنه‌ی که‌ به‌ گه‌وره‌یی له‌ سه‌ر زمانی هاونیشتمانیه‌کانمه‌، ئه‌و شوێنه‌ی که‌ لانکه‌ی شارستانیه‌ته‌. له‌وێدا هه‌ستم به‌ سته‌م له‌ به‌رانبه‌ر منی تاک و له‌ به‌رانبه‌ر کومه‌ڵگه‌یه‌کی مرۆڤایه‌تی.

به‌دواداچوون بۆ ئه‌و سته‌مه‌ هه‌زاران ڕێچکه‌ی به‌ بیرمدا هێنا، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ ڕه‌وشه‌که‌یان ئاسته‌نگ کردبوو، که‌ له‌ ناوه‌وه‌ ڕێگایه‌کم نه‌دۆزیه‌وه‌. سه‌ودای دۆزینه‌وه‌ی خۆم، شوناسی خۆم که‌ لێی بێبه‌ری کرابووم، منی بۆ ده‌روه‌ی سنووره‌ ده‌ستکرده‌کان ڕاکێشا و بووم به‌ پێشمه‌رگه‌‌ی کۆمه‌ڵه‌.

دوور که‌وتنه‌وه‌ له‌ شوێنی منداڵیم هه‌رچه‌ند پڕ ئازار بوو ، به‌ڵام هیچ کات نه‌بوو به‌‌ هۆکاری دابڕان له‌ شوێنی له‌ دایکبوونم.

جارێک که‌ به‌ نیه‌تی سه‌ردانی خانه‌واده‌ و بیره‌وه‌ریه‌کان گه‌ڕامه‌وه‌، دیداریان لێم تاڵ کرد، ده‌ستبه‌سه‌ر کرام و خرامه‌ ناو قه‌فه‌سه‌وه‌ . له‌ هه‌مان ده‌ستپێکدا به‌ پێشوازی مرۆڤدۆستانه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی ده‌ستبه‌سه‌ریان کردم، تێگه‌یشتم که‌ هه‌مان چاره‌نووسی تراژیکی ڕێبوارانی ئه‌م ڕێگایه‌ چاوه‌ڕوانمه‌ ، ئه‌شکه‌نجه‌، دۆسیه‌، دادگا ، سزای نادادوه‌رانه‌ و له‌ کۆتایدا مه‌رگ.

لێمگه‌ڕین با خۆمانه‌تر بڵیم: له‌ دوای ده‌ستبه‌سه‌رکردنم و پاش چه‌ند کاتژمێر میوان بوون له‌ ئیداره‌ی ئیتلاعاتی شاری کامیاران، له‌ کاتێکدا که‌له‌پچه‌ له‌ ده‌ست و چاوه‌کانم به‌سترابوون، بینینیان لێ قه‌ده‌غه‌ کردم. ئیتر گواسته‌نه‌وه‌ بۆ ئیتلاعاتی شاره‌کانی تر له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌ستی پێکرد: ژووری تاکه‌که‌سی، ئه‌شکه‌نجه‌، لێکوڵینه‌وه‌ و دواتر به‌ تۆمه‌تی هه‌وڵدان له‌ دژی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی، له‌ یه‌که‌م دادگادا حوکمی 10 ساڵ زیندان و دوور خستنه‌وه‌م به‌ سه‌ردا سه‌پێندرا.

پاشان،ناباوه‌ڕانه‌ دادگای پێداچوونه‌وه‌ی پارێزگای ،سنه‌ حوکه‌مه‌ی گۆڕی به‌ سێداره‌

پاشان له‌ ئیداره‌ی ئیتلاعاتی سنه‌ داوایان لێکردم له‌ به‌رچاو کامێرادا بۆ ته‌له‌فزیۆن ئه‌و کردوانه‌ی نه‌م کردووه‌ دانی پێدا بنێنم.

سه‌ڕه‌ڕای گوشار وئه‌شکه‌نجه‌ی زۆر،من ئاماده‌ نه‌بووم ئه‌وه‌ کاره‌ بکه‌م و ئه‌وانیش ڕاشکاوانه‌ وتیان،له‌ سێداره‌ت ده‌ده‌ین.

ئێستاکه‌ له‌ دوواین دیدارم له‌ گه‌ل دادستان له‌ ناو گرتووخانه‌،ناوبراو وتی:

که‌ جێبه‌جیکردنی ئه‌و حوکمه‌ نا یاسایه‌،به‌ڵام بو ودووه‌م جار به‌ نیازن که‌ حوکمه‌که‌ جێبه‌جێ بکه‌ن.

بێگومان ئه‌وه‌ پێداگری ده‌زگاکانی ئاسایشی و سیاسیه‌ بۆ جێبه‌جێکردنی ئه‌و حوکمه‌،ئه‌و لایه‌نانه‌ ته‌نیا له‌ ڕوانگه‌ی،بڕی مووچه‌که‌یانه‌وه‌ چاو له‌ ژیان و مردنی گیراوێکی سیاسی ده‌که‌ن.

ئه‌گه‌ر به‌ گومانی سته‌مکاران و ده‌سه‌ڵاتداران،مه‌رگی من هۆکاری سڕینه‌وه‌ی پرسی کورد و کوردستانه‌،پێویسته‌ بڵێم ئه‌و خه‌یاڵێکی به‌تاڵه‌.
نه‌ مردنی من و نه‌هه‌زارانیتر وه‌ک من،مه‌رهه‌میک نابێت بۆ ئه‌و ده‌رده‌ بێ ده‌رمانه‌ و به‌ڵکوو بلێسه‌ی ئاگره‌که‌ی خۆشتر و ،فراوانتر ده‌کات،هه‌ر مه‌رگێک ئاماژه‌یه‌ به‌ ژیانێکی دیکه‌ .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە