گۆڕان و گردەكە خەون یان ڕاستى
Tuesday, 16/06/2009, 12:00
دنیاى گۆڕان داینە مۆى دروست كردن و بونیادنانەوەى ژیانە بە فۆرم و وێنەیەكى تر , وێنا كردنەوەى شتەكانە بە پێناسەیەكى تر , بوژاندنەوەى شەقام و بازاڕە بە شێوەیەكى تر , هەستاندنەوەى هەمو ڕۆحە خەواڵوەكانە بە دەنگێكى تر , جوانكردنەوەو سەوزبونەوەى كوردستانە بە ستاتیكایەكى تر وروژاندنى هەمو ویژدانەكانە بە هاوارێكى تر , كاركردنە لە سەر شانۆ بە كۆمەڵێ شانۆ نامە و شانۆ كارو كارەكتەرە نوێ خوازو گۆڕان خوازەكانە لە سەر تەختەى شانۆیەكى تر , هێڵكارى و جوانكاریە , بانگەواز و مژدەدانە , ڕاگەیاندنە بە هاوارێكى تر , خواستى میللە ت و فەزاى ئازادى دوو هێڵى حەتمین هەمیشە بە یەك ئاراستەدا دەڕۆن ئیرادەى خەڵك زۆر زیاترە لەو زەبر و سەپاندنە كە دەسەڵات دەیەوێ بیسەپێنێ , زۆرە ملێ هەمیشە سفرە لە هاوكێشەى مرۆڤایەتیدا ,چ جاى ئەوەى دەسەڵاتى كوردى بیەوێ بە زۆر و پارە ڕاى خەڵك بكڕێ و بیگۆڕێ هیچ كات نەتوانراوە بە هێز(بیر و ڕا) خەفە بكرێ و دەم كوت بكرێ تەنانەت سەركردە بەهێزەكانى وەك (مەئمون)ویستى بیرۆكەى (خلق القران) بە زۆر بسەپێنى بیكات بە بەرنامە بە سەر هاوڵاتیاندا نەیتوانیو شكستى هێنا هەروەها لە وڵاتى میسردا دەڵەتى فاتمییەكان كە شیعە مەزهەب بوون شكستى هێنا لە بەزۆر كردنى میسریەكان هەروەها (تعریب و تبعیس و تهجیر وترحیل) لە لایەن بەعسیەكانەوە قەت نەیتوانى ئیرادەى كورد بشكێنێ و تەواوى كۆمەڵگاى كوردى بكەن بە بەعسى , لێرەوە دەتوانین بڵێین هیچكام لەو زۆر و سەپاندنانە ئەنجامى پۆزەتیڤى لێ ناكەوێتەوە سەركەوتن بە دەست ناهێنێ .
خوێنەرانى بەڕێز دەمەوێ بڵێم گردەكە خەڵوەتگا نییە تەكیە نییە مامە شێخى لێ بێت پەرستگا نییە جێگەى پەرستن و عیبادەت بێت بەڵكو ئیرادەى تاكى هاوڵاتیە بۆگۆڕان ,لەوێ كەس قائید نییە هەر كەسەو لێپرسراوە بەرامبەر ئەركى خۆى تەنها سەنتەرێكە بۆ گواستنەوەى ڕاستیەكان لەوێوە بۆ سەر شەقامى كوردى و هوشیار كردنەوەى خەڵكى لە بونى دەرچون لە پرۆسەیەكى سیستماتیكى پەیمانێكى كۆمەڵایەتى گشتى كاركردن بۆ دەسەڵاتێكى تەندروست لە هەمو ئاستەكاندا وگردەكە ئایدۆلۆژیایەكى ڕوت نییە بۆ هەڵهێنانى دكتاتۆر , مەعبەد نیە بۆ دروست بونى دەروێشەكانى دوێنى بەڵكو بەرهەمهێنانى سیستمێكى ئەقلانییە بۆ گۆڕانى قۆناغێكى میژوویى.
ئایا ئەم بیر كردنەوانە خەونن یان ڕاستى ئەم ڕاستیانە میتۆدى زانستى و ئەزمونى و پراكتیكى بەدواى خۆیاندا دەهێنن وەك هەقیقەتى بزاوتێكى كۆمەڵایەتى وەیا جەنگێكى ترە لە فۆرمیكى هێمنى درێژخایەنى تردا,...ئایا ئەمانە خەونن یان دەبێت جەخت لەسەربونیان بكرێتەوەو ببێتە واقع وە نەهێڵین هەڵەكان دوبارە ببنەوە تا خەونەكان ببنە ڕاستى .
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست