مرۆڤێك بێ نیشتمان
Friday, 04/05/2012, 12:00
هێندەى هەموو دەنكەكانى تەزبیحەكانت كە ئەكاتە سەرمایەكەت چڵپاوى ڕۆژگار پژاوە بە ڕوتدا قاچەكانت ڕِاكێشە با ئەژنۆكانت لە پیریدا پشویەك بدەن چونكە دەزانم بە گەنجى نەتتوانیوە بۆ ساتە وەختێكیش قاچەكانت ڕاكێشى و بە ئاسودەیى بتوانیت بنویت دیارە تۆش وەك پیاوانى دەسەڵات و سەرمایەدار سەرقاڵى سەرمایەكەتى كاتت نیە بچیتە ناو جێگەو ماڵو مناڵت بۆیە لەسەر ئیشەكەت ئوفیسەكەت ناتوانى كۆمپانیاكەت جێبهێڵى ڕیشت سپى و هێندەى گشت تاڵەكانى ڕەش بینى لە نێو دڵتایە و نائومێدى بەردەوام میوانى چرچ و لۆچەكانى سەر ڕوت و دەستەكانتە , تێكەڵاوى خەون و تەزبیح و چاوەڕوانى كڕیار چى لا دروست كردوە جگە لە نائومێدى و شەكەت بون چیت پێ ئەدات بێجگە لە وڕ بون و وەنەوز بَو ناو خەوێكى ناخۆش كە پڕە لە ڕاچڵەكین و وێنە ناخۆشەكانى ڕابردوو بۆ ناو تابلۆ نوێكانى وەك كوشتنى ئازادى و سەركوتكردنى مەخلوقاتى هوشیار و ڕۆشنبیر و پڕكردنەوەى زیندانەكان لێیان .
ئیدى بخەوە لاى جەلادەكانى دەسەڵات هەر ئەم جۆرە خەوانە ماون دابەشى بكەن بەسەر ژیانى كولە مەرگیانەى وەك تۆى بێناز و بێكەس دا دڵنیا بە بە هۆى ڕەفتارى نا بەرپرسیارانەى ئەمانەوە هەمومان وەك تۆ لەبەر هەتاو و سەرما و باراندا ژیان دەبەینە سەر و هەر لەسەر كارەكانیشمان كۆتاى بە ژیان دەهێنین بەبێ مێژوو بێ وڵات و بێ ناونیشان .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست