کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سزای سیاسی ...

Tuesday, 11/05/2010, 12:00


گه‌وره‌ترین كۆسپ له‌به‌رده‌م پرۆسه‌ی دیموكراسی و ده‌ستاوده‌ستی ده‌سه‌ڵات وئازادی ڕاده‌ربڕین، سزای سیاسیه‌، هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێك له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ كردوو له‌ كونی حیزبه‌وه‌ روانیه‌ ڕوداووگۆڕانكاریه‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی وئابوریه‌كان.. ئه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتێكی فاشیله‌و تاسه‌ر ئێسقانیش ڕه‌گی دكتاتۆریه‌ت له‌ناخی هه‌وادارانی خۆی داده‌كوتێ‌.. جێگای داخه‌ ده‌سه‌ڵاتی كوردی-هه‌ردووئیداره‌- له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌، هه‌مان ئه‌زموونی به‌عسیان له‌كوردستان به‌زیاده‌وه‌ ئه‌نجام داو هه‌مان حاڵه‌تی سزاوترس و دڵه‌راوكێ‌ و ڕاپۆرت نوسین و فه‌سڵ ونه‌قڵ كردن وهه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر ماڵانیان دوباره‌كرده‌وه‌.. دڵنیام ئه‌گه‌ر وه‌زعی تایبه‌تی عیراق وكوردستان نه‌بوایه‌و مه‌سه‌له‌ی بوونی ئه‌مریكاو بای دیموكراسیه‌ت و بوونی ده‌یان ڕێكخراوی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و مافی مرۆڤ نه‌بوایه‌، زۆر به‌خه‌ستتر له‌سه‌ری به‌رده‌وام ده‌بوون وئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵیان نه‌بوایه‌و به‌ده‌هۆڵی ئه‌وان هه‌ڵنه‌په‌ڕیایه‌ واوه‌ یلایان پێ‌ ده‌كردوو ته‌فروتونایان ده‌كرد .. كاره‌ساتێكی گه‌وره‌یه‌ تائێستا ئه‌م میلله‌ته‌ به‌ده‌ست سزای سیاسیه‌وه‌ ده‌ناڵێنێ‌ و، به‌به‌رده‌وامی له‌كاری ئیداری وحزبی و حكومی ڕۆژانه‌ ڕه‌نگ ده‌داته‌وه‌.. ڕۆژ نیه‌ ئه‌ندامانی حیزبه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان ڕاپۆرتیان له‌سه‌ر نه‌نوسرێ‌ و له‌به‌رڕۆشنایێ‌ ئه‌وراپۆرتانه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ نه‌كرێ‌.. له‌چ وڵاتێكی دیموكراسی كارمه‌ندو فه‌رمانبه‌ر له‌سه‌ر ده‌نگ دان لێ‌ پێچینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێ‌ وفه‌سڵ ده‌كرێ‌ ونانی ماڵ ومنداڵی ده‌بڕدرێ‌؟! له‌چ وڵاتێكی دنیای دیموكراسی حكومه‌ت به‌ ئاماژه‌و ئه‌رێ‌ ونه‌رێیه‌كانی حیزب كاره‌كانی ده‌ڕوێنێ‌ و له‌هه‌موو فه‌رمانگه‌یه‌ك به‌رپرسێكی حیزبی هه‌یه‌و ڕۆژانه‌ خه‌ریكی ڕاپۆرت نوسین و چاوسووركردنه‌وه‌و ده‌ركردنی فه‌رمانی ئیداریه‌ له‌دژی ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ حیزبی ده‌سه‌ڵات نین.. ئاخر بووه‌ فه‌رمانبه‌رانی بێ‌ لایه‌ن یان حیزبیی جگه‌ له‌دووئیداره‌كه‌ نه‌وێرن قسه‌بكه‌ن و ئه‌گه‌ر قسه‌ش بكه‌ن به‌چپه‌چپ بیكه‌ن وسه‌یری ئه‌ملاو ئه‌ولا بكه‌ن.

له‌كاتی هه‌ڵبژاردنی 7/3/2010 ده‌یان بگره‌ سه‌دان كه‌س به‌نهێنی په‌یوه‌ندیان پێوه‌كردووم و گوتویانه‌: ئێمه‌ ده‌نگ ده‌ده‌ین به‌تۆ به‌ڵام توخوا بانهێنی بێ‌ نه‌وه‌ك فه‌سل بكرێین و خۆمان وماڵ ومنداڵمان نان بڕاوبین، به‌راستی مرۆڤ كه‌ئه‌م شتانه‌ ده‌بینێ‌ و ده‌بیستێ‌ قێزی له‌ هه‌موو شتێك ده‌بێته‌وه‌.. ئاخر بۆ چاره‌نووسی میلله‌تێك له‌سه‌ر بنه‌مای حزبی دیاری بكرێت وحیزب بكرێته‌ باوك ودایك وخوشك وبراوو نان وهه‌موو شتێك، بۆچی ده‌بێ‌ له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش كه‌سانێك له‌ناوهه‌ردوو حزبی ده‌سه‌ڵاتدار هیچ ئیشیان نه‌بێ‌ جگه‌ له‌جاسوسی كردن به‌سه‌ر خه‌ڵك وڕاپۆرت به‌رزكردنه‌وه‌ بۆسه‌ره‌وه‌؟! ئه‌رێ‌ كاتی ئه‌وه‌ نه‌هاتووه‌ ئه‌م وه‌زعه‌ قۆڕه‌ بگۆڕێ‌ وخه‌ڵك به‌ئیسراحه‌ت قسه‌بكاو ترسی ڕاده‌ربڕینی نه‌مێنێ‌.. كاره‌ساته‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ هه‌مووسه‌روه‌ت و داهاتی وڵاتیش كه‌ كه‌س نازانێ‌ چه‌نده‌و به‌شێكی زۆری چی لێ‌ دێ‌؟ له‌م پێناوه‌ سه‌رف ده‌كرێ‌ وكۆمه‌ڵێ‌ قه‌ڵه‌می فاشیلیش ته‌نزیری بۆ ده‌كه‌ن و هه‌ركه‌سێكێش له‌م مه‌سه‌له‌ بدوێ‌ خائینه‌و دژی ئه‌م ئه‌زمونه‌یه‌و ده‌ستی ده‌ره‌كی ده‌هێنێته‌ ناوه‌وه‌و ده‌یه‌وێ‌ ئه‌م ئه‌زمونه‌ له‌كه‌دار بكا كه‌ به‌خوێنی شه‌هیدان هاتۆته‌ ئاراوه‌، له‌ كاتێكدا ئه‌وه‌ی سودمه‌ند نه‌بوبێ‌ له‌م وه‌زعه‌ كه‌س وكاری شه‌هیدانن..



* پەرلەمانتارى داهاتووى عێراق

  

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە