کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دیناره ئاسنەكه

Monday, 16/01/2012, 12:00


كۆتایى نه‌وه‌ده‌كان بوو،گه‌رمه‌ى گرانیه‌كه‌بوو،كاروكاسبى زۆر كه‌م بوو،بارى ئابورى خه‌ڵك له‌وپه‌رِى خراپى دابوو.. چله‌ى هاوین بوو،له‌ بازارِ ده‌گه‌رِامه‌وه‌،به‌رگه‌ى گه‌رمام نه‌گرت وبرِیارمدابه‌ پاس بگه‌رِێمه‌وه‌..سه‌یرى گیرفانم كردته‌نها یه‌ك تاكه‌ دینارى ئاسنى تێدابوو.. گوتم : هه‌ر باشه‌ پێ ى ده‌چمه‌ ماڵه‌وه‌..به‌ره‌و پاسى باداوه‌ به‌رِێكه‌وتم له‌ گه‌راجى ژیان.. خه‌ریك بوو قاچم بخه‌مه‌ سه‌ر په‌یژه‌ى پاسه‌كه‌..چاوم به‌سه‌لاح حاجى هونه‌رمه‌ند كه‌وت له‌ناو پاسه‌كه‌ دانیشتبوو، هه‌ڵوه‌سته‌یه‌كم كرد! باشه‌ ئه‌گه‌ر به‌ ملم داهات پاره‌ى ئه‌ویش بده‌م چى بكه‌م؟!خۆ من ته‌نها یه‌ك تاكه‌ دینارى ئاسنم پێ یه‌..خودایه‌ گیان فریام كه‌وه‌و له‌م مه‌ینه‌تیه‌ رِزگارم كه‌.. خوداى گه‌وره‌ به‌ هانام هات . چاك وچۆنیم له‌گه‌ڵ سه‌لاح كردوگوتم:ئه‌رێ ئه‌مه‌ پاسى باداوه‌ى سه‌ره‌وه‌یه‌ یا خواره‌وه‌؟له‌به‌ختى من دووجۆر پاسى باداوه‌ هه‌بوو ،سه‌ره‌وخواره‌وه‌..سه‌لاَح گوتى : وه‌ڵلاخواره‌وه‌یه‌.. وتم: ئۆ.. به‌ هه‌ڵه‌ هاتووم، من ده‌بێ به‌ پاسى باداوه‌ى سه‌ره‌وه‌ برِۆم.. خواحافیزیم لێ كردوو پشتم له‌ پاسه‌كه‌ كرد، له‌ كاتێكدا دڵنیابووم ئه‌و پاسه‌ به‌ره‌و لاى ماڵى من ده‌رِوا.. سه‌رتان نه‌یه‌شێنم، به‌ره‌و لاى پاسى باداوه‌ى سه‌ره‌وه‌ گوزه‌رم كرد..له‌ده‌ره‌وه‌ سه‌یرى پاسه‌كه‌م كرد.. ئۆخه‌ى! شوكر كه‌سى ناسیاوى تێدا نیه‌.. سه‌ركه‌وتم ولاى په‌نجه‌ره‌ دانیشتم و رِووى خۆم به‌ته‌واوى له‌ په‌نجه‌ره‌ كه‌كرد تا كه‌س نه‌بینم وكه‌سیش نه‌مبینێ، به‌ده‌م دوعاوخوێندنه‌وه‌ تا ناسیاوێك ده‌رنه‌كه‌وێ، ده‌نگێك وه‌ك چه‌قۆ دوعاوفوه‌كانى برِیم و گوتى: كاك ئوسامه‌ به‌خێر بێى.. ئه‌ى هاوار ئه‌مجاره‌ش تێكه‌وتم، تازه‌ ده‌ربازبوونیش نیه‌، خۆ له‌ناو پاسه‌كه‌ دانابه‌زى یا خۆت هه‌ڵناده‌ى، ئاواته‌ خوازم بمردمایه‌وئه‌وله‌حه‌زه‌م نه‌دیبا.. چارم نه‌ما، ئاورِم داوه‌ كاك ئه‌مینى براى فه‌رهاد مه‌لا ساڵحى به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى(2) ى یه‌كگرتووى هه‌ولێر بوو.. وشك بووم هه‌رچۆنێك بوو چارم نه‌ما چاك وچۆنیم لێ كردوو به‌رِه‌نگێكى ته‌واو هه‌ڵبزرِكاوه‌وه‌ رِووم وه‌رگێرِایه‌وه‌و ده‌ستم به‌ دوعا خوێندنه‌وه‌ كرده‌وه‌، خوایه‌ گیان له‌م مه‌ینه‌تیه‌ش رِزگارم كه‌ى.. له‌ نه‌گبه‌تى خۆم، من له‌پێش ئه‌و دانیشتووم و ده‌بوایه‌ من پاره‌ى ئه‌و واێڵ بكه‌م..هه‌میشه‌ش پاره‌ وه‌رگر له‌لاى پێشه‌وه‌ ده‌ست به‌ پاره‌ كۆكردنه‌وه‌ ده‌كات..نه‌مزانى چى بكه‌م؟! رِووم له‌ خوا كردوو پارِامه‌وه‌..به‌شكو خواى گه‌وره‌ ئه‌مجاره‌ش فریام كه‌وێ..نازانم دوعاكانم گیرابوون ،یان بێ گیرابوون خوداى گه‌وره‌ به‌هانام هات .. كابراى جابى له‌به‌ختى من له‌لاى دواوه‌ ده‌ستى به‌ پاره‌وه‌رگرتن كرد.. ته‌زوێك به‌ له‌شم داهات وله‌ خۆشیان خه‌ریك بوو بفرِم.. كاك ئه‌مین له‌ دواوه‌ رِوى له‌من كردو گوتى: كاك ئوسامه‌ پاره‌كه‌ت واسڵ كرا.. ئۆخه‌ى رِزگارم بوو.. ما خۆم بپچرِمه‌وه‌و نابێ نابێ بڵێم:. خودا خێرى كاك ئه‌مین بنووسێ سوێندى خوارد كه‌ ئه‌و ده‌یدا.. منیش خۆم شین ومۆر كردبوو گوایه‌ ده‌مه‌وێ پاره‌ى ئه‌ویش بده‌م.. ئاخر بڵێ: نه‌گبه‌ت ئه‌و نابێ نابێیه‌ت له‌چیه‌؟! ئه‌وه‌ بیگوتایه‌ باشه‌ تۆبیده‌؟!به‌من ناڵێ ى چیت ده‌كرد؟! هه‌ر خواى گه‌وره‌ به‌هاناى لێ قه‌وماوان دێ..لاى ماڵه‌وه‌ دابه‌زیم و خوا حافیزیم له‌ كاك ئه‌مین كردو به‌ دڵێكى پرِ له‌ ئۆخه‌ى گه‌رِامه‌وه‌ ماڵه‌وه‌..گه‌یشتمه‌ به‌ر ده‌رگا هێشتا رِه‌نگم هه‌ر په‌رِى بوو..(نیگاه‌) ى خێزانم به‌ رِه‌حمه‌ت بێ ده‌رگاى لێ كردمه‌وه‌و گوتى: بۆ ئاوا په‌شۆكاوى چى بووه‌؟! كه‌ سه‌یرم كرد ئه‌و جووته‌ نه‌عله‌كه‌ى منى له‌پێ یه‌ كه‌ به‌وه‌ ده‌رگاى لێ كردمه‌وه‌.. ده‌ستمان ئه‌وه‌نده‌ كورت بوو به‌هه‌ردووكمان جووتێ نه‌على پیاوانه‌مان هه‌بوو.. كه‌ چاوم به‌و كه‌وت به‌ جارێ به‌سه‌رهاتى خۆمم له‌بیركردوو تێرتێر له‌بۆ پێ یه‌ ناسكه‌كانى ئه‌و گریام كه‌ جوتێ نه‌عل شك نابا.. دوانزه‌ ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و رِووداوه‌ تێپه‌رِیوه‌،نه‌ سه‌لاَح حاجى پێ ى زانى و نه‌ كاكه‌مینى براى فه‌رهاد مه‌لا ساڵح، مه‌گه‌ر ئێستا بیخوێننه‌وه‌ یا یه‌كێك بۆیان بگێرِێته‌وه‌..ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا رِوویدا كه‌ ئه‌و دووحیزبه‌ ده‌سته‌لاَتداره‌ به‌ ملیۆنه‌ها دیناریان له‌كوشتن وبرِینى یه‌كدى سه‌رف ده‌كردوئاگرى براكوژیان پێ خۆش ده‌كرد.. ئێستا دواى دوازده‌ ساڵ دڵنیام هێشتا هه‌زاران خاووخێزان پاره‌ى هاتووچۆیان یا نیه‌ یا كه‌مه‌.. هه‌زاران خێزان نه‌خۆشن وپاره‌ى چاره‌سه‌ریان نیه‌،هه‌زاران گه‌نجى ئه‌م ولاَته‌ خه‌و به‌وه‌ ده‌بینێ باوه‌ش به‌ ژیانێكى تازه‌ بكا.. دنیا گۆرِاو پاره‌ زۆر بوو..داهات وه‌ك بارانى به‌هار به‌سه‌ر ئه‌م ولاِته‌ دابارى، كه‌چى خه‌ڵكى ئه‌م ولاِته‌ به‌جۆرێكى تر شه‌رِى خۆكوژى له‌گه‌ڵ ده‌كرێ چونكه‌ یه‌ك فلسى له‌م داهاته‌نادرێتى و نازانێ داهاتى ئه‌م ولاَته‌ چى به‌سه‌ر دێ .. تاكه‌ شتێك تا ئێستا ئازارم ده‌دا ئه‌وه‌یه‌:كه‌ چۆن ئه‌و دیناره‌ ئاسنه‌م هه‌ڵنه‌گرت و وه‌كو یادگاریه‌ك لام بمایه‌ته‌وه‌.. هه‌تا قه‌ت ئه‌و رۆژگارانه‌ى خۆم بیر نه‌چێ و هه‌میشه‌ چاوم له‌هه‌ژارو لێ قه‌وماوانى ئه‌م ولاَته‌ بێ..به‌لاَم ده‌زانن بۆ ئه‌و دیناره‌ ئاسنه‌م هه‌ڵنه‌گرت ؟! چونكه‌ شه‌و بۆ (كارژینى) كورِم نه‌سته‌له‌یه‌كم پێ كرِى، كه‌ ده‌بوایه‌ حه‌فته‌ى جارێك بۆى بكرِم، چونكه‌ زۆر بێ پاره‌ بووم.. ئه‌م رِووداوه‌ له‌ كاتێكدا رِوویدا كه‌ من وحاجى كاروان وشوكروڵلا شێخانى به‌ سه‌دان هه‌زار دینارى خێرخوازیمان له‌ به‌ر ده‌ست بوو كه‌ له‌رِێگاى به‌رنامه‌ى (ئاسۆى به‌یانیان)ى ده‌نگى یه‌كگرتوو-رِادیۆى هه‌ولێر خێرخوازانى هه‌ولێر ده‌یلنبه‌خشى تا بیده‌ین به‌ هه‌ژارو نه‌دارو نه‌خۆشه‌كانى شارى هه‌ولێر وده‌وروبه‌رى.. به‌لاَم شوكر بۆ خوا بۆ ته‌نها جارێك به‌ خه‌یاڵمان دا نه‌ده‌هات یه‌ك تاكه‌ دیناریش بۆ خۆمان هه‌ڵگرین..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە