یەكەمین كۆنفرانسی PJAK، مزگێنیدەری هەنگاوی مەزن لە تێكۆشانی دیمۆكراتیانەی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران
Monday, 03/05/2010, 12:00
لەرۆژی 12_ 04_2010 بە بەشداری ژمارەیەكی زۆر لە كادیرانی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (PJAK) یەكەمین كۆنفەرانسی پارتیمان ساز دا. ئەو كۆنفەرانسە لە رێبەری گەلی كورد رێبەر ئاپۆ، هەموو گەلی كورد و بەتایبەت گەلەكەمان لە رۆژهەڵاتی كوردستان و تەواوی گەلانی ئێران پیرۆزبایی دەكەین.
لەم كۆنفەرانسەدا لە سەر مژارە سیاسی و رێكخستنیەكان بە شێوەیەكی زۆر بەرفراوان تاوتوێ كرا و رێنمایی پێویست بۆ قۆناخی داهاتوو پێشكەوت.
سەرمایەی جیهانی بە سەركردایەتی ئەمریكا لە سەرتای سەدەی بیست و یەكەم هەوڵی دا تا لە چوارچێوەی سیستەمی نوێی جیهانی، خۆی بە سەر جیهان دا زاڵ بكات. هۆكاری سەرەكی دەستێوەردان لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و بەتایبەت لە عێراقیش، هەوڵدان لە پێناو سازدانی دەسەڵاتێكی وەها بوو كە سەرەرای تێپەر بوونی زیاتر لە حەوت ساڵ هەتا ئێستاش هیچ دەرەنجامێكی بەرچاوی نەبووە. ناكۆكی و پێكدادانەكان لە هەرێمەكەدا روویان لە زیاد بوون ناوە و ئاشكرا بوو كە هێزە هێژێمۆنیەكان خاوەن هێچ چەشنە پرۆژەیەكی تایبەت بۆ چارەسەری كێشەی گەلان و بەتایبەت بۆ گەلی كورد نین. لە بەرامبەر ئەوە، دەوڵەتە ستاتۆپارێزەكانی هەرێم بە سەركردایەتی ئێران، وەك رابردوو سوورن لەسەر بەردەوامی سیاسەتە سەركووتكاری و نادیمۆكراتیكەكانی خۆیان. تەنانەت هەر كام لە هێزەكانی موداخیلە و ستاتۆپارێز، لە پێناو لاواز كردنی لایەنی بەرامبەری خۆیان، هەوڵی گوڕ كردنی ئاگری شەر و پێكدادان لە هەموو وەڵاتانی هەرێم وەكوو عێراق، ئەفغانستان، پاكیستان، یەمەن، لوبنان، فەلەستین و ... دەدەن.
هێزە ناو براوەكان بۆ ئەوەی كە بتوانن سیاسەتەكانی خۆیان لە سەر هەرێم زاڵ بكەن، لە سەر ئەو وڵاتانەی كە خاوەن رۆڵ و پێگەیەكی ئیستراتیژیكن خەریكی سیاسەت و مامەڵەی جیاجیان. هەر دوو لایەن هەوڵ دەدەن كە توركیا وەك وڵاتێكی ئیستراتیژیك، بەرەو لایەن و چەمكی سیاسی خۆیان راكێشن. بە لە بەر چاو گرتنی ئەو راستیە كە خاڵی هەرە لاوازی توركیا، كێشەی كوردە، هەم ئەمریكا و هەم ئێران بەشی هەرە زۆری دیپلۆماسی خۆیان لەسەر بنەمای دژایەتی لە گەڵ بزاڤی ئازادیخوازی گەلی كورد بەرێوە دەبەن. توركیاش بە هەست پێكردن بە رۆڵ و پێگەی خۆی و پێزانینی ئەم بابەتە، هەوڵ دەدات لە هەر دوو هێز بۆ تەێفیە كردنی بزاڤی ئاپۆچێتی كەڵك وەربگرێت. ئەمریكا و ناتۆ بە هێرش كردنە سەر دام و دەزگا و كەسایەتییە سیاسی و مەدەنییە كوردەكان لە ئەورووپا و هەروەها دابین كردنی كەل و پەلی سەربازی و یارمەتی ئیستیخباراتی بۆ هێرش لە سەر بنكەكانی گەریلا، ئەو سیاسەتە پەیرەو دەكات. بەو شێوەیە دەیهەوێ كە بە كەڵك وەرگرتن لە هێزی ئیسلامیە میانەرۆكانی توركیا، هێزە ئیسلامیە رادیكاڵەكانی هەرێم پەیوەست بە خۆیەوە بكات و توركیا بكات بە هاوپەیمانێكی ئیستراتیژیكی خۆی بۆ هەنگاوەكانی تری دەستێوەردان لە رۆژهەڵاتی ناڤین و بەتایبەت لە بەرامبەر ئێران بەكاری بهێنێت. ئێرانیش بە رێگای ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی سەربازی لە گەڵ توركیا، ملیتاریزە كردنی رۆژهەڵاتی كوردستان، ئیعدام كردنی كادیران و وڵاتپارێزانی كورد هەوڵدەدات، توركیا بەرەو خۆی راكێشێت. ئێران وەك دەوڵەتێك كە لە سەر لایەن و گرووپە ئیسلامییەكانی هەرێم خاوەن كاریگەرییەكی تایبەتە، لە لایەكە دەیهەوێ پێش لە بەركاهێنانی توركیا لە لایەن ئەمریكاوە بگرێت و لە لایەكی تریشەوە بە نیشاندانی هێزی خۆی لە هەرێمەكەدا دەیهەوێ دوو دڵی لە توركیا دا ساز بكات سەبارەت بە ئەگەری سەركەوتنی هێزە هێژێمۆنەكان بە سەركردایەتی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و هێدی هێدی توركیا راكێشی بەرەی خۆی بكات.
كێشەی كورد وەك یەك لە بنەمایی ترین كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەراست كە رەهەندی جیهانی گرتووە، بە تێكۆشانی ماندوونەناسانەی رێبەر ئاپۆ، بزاڤی ئازادی خوازی و گەلەكەمان بە ئاستێك گەیشتووە كە لە هەر كات زیاتر دەرفەتی چارەسەری دیمۆكراتیانەی رەخساوە و گەلی كورد زیاتر لە هەر قۆناخێك لە ئازادی نزیكتر بۆتەوە. بزاڤی ئازادی خوازی گەلی كورد هەم بۆ چارەسەری ئاشتی خوازانەی كێشەكە ئامادەیە و نیەت پاكی خۆی لەو بوارەدا سەلماندووە و هەم لەبەرامبەر هەر چەشنە هێرشی تەێفیەكارانە لە لوتكەی ئامادەیی دایە. بە شێوەیەك كە لە ئەگەری هێرش لە سەر دەستكەوتەكان و پێداگری دەوڵەتە داگیركەرەكانی سەر كوردستان لە سەر سیاسەتی پاكتاو كاری و تەێفیە، توانای پاراستنی لە هەبوون و ناسنامەی خۆی و دامەزراندنی سیستەمی كۆنفەدەرالی دیمۆكراتیانەی هەیە.
لەو ساڵانەی دوایی دا ئاشكرا بوو كە هیچ كام لە هێزە ستاتۆ پارێزەكان و هێزە دەرەكێكان خاوەن هیچ چەشنە پرۆژەیەك بۆ چارەسەری كێشەی كورد نین. نەتەنیا هیچ هەنگاوێكیان بۆ چارەسەری كێشەی كورد نەناوەتەوە بەڵكوو لە مەرحەڵەی دوایی دا پەرەیان بە ئاستی هێرشەكانیان لە پێناو لاواز كردنی هێزە كوردەكان و بەتایبەت تەێفیە كردنی بزاڤی ئازادی خوازی گەلەكەمان داوە. دەرەنجامی هەڵبژاردنەكانی پارلەمانی عێراق، هەڵاوەسراو هێشتنەوەی كێشەی كەركووك و ناوچە دابراوەكان لە باشووری كوردستان بە باشی ئەم بابەتە دەسەلمێنێ. هەروەها شەپۆڵی بەرفراوانی گرتنی سیاسەتمەدارانی كورد لە باكووری كوردستان و ئۆپەراسیۆنی بەرفراوانی سەربازی و كۆكردنەوەی هێزی سەربازی لەسەر سنوورەكانی باشووری كوردستان بەشێكی تر لە هەمان سیاسەتی دژە كوردە كە لە باكووری كوردستان پەیرەو دەكرێت. شەپۆلی فاشیستی بەعسی لە رۆژئاوای كوردستان و سوریا، بەتایبەت قەتل عامی كوردان لە نەورۆزی ئەمساڵ ئەوە نیشان دەدات كە سوریاش لەو هاوپەیمانێدا راستەوخۆ بەشدارە.
لە رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێرانیش هێرش و ئۆپەراسیۆنی بەرفراوان، قەتلە بكەر نادیارەكان، ئاوا كردنی چەندین گرووپی دژە PJAK ، ئیعدامی بەرفراوان و بەتایبەت برینەوەی سزای لە سێدارەدان بۆ چالاكانی سیاسی و پێكهێنانی چەند لەو سێدارانە و گەلێك كردەوەی لەو شێوەیە، ئەمە بە باشی ئاشكرا دەكات كە ئێران رۆڵێكی تایبەتی لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی گەلی كورد هەیە. دەوڵەتی ئێران لە هەموو قۆناخەكانی دەسپێكردن و بەرفراوان بوونەوەی PJAK و بەتایبەت لەو قۆناخەی دوایی دا، هەوڵدانێكی بەرفراوانی لە پێناو تیرۆریزە كردنی ئەو بزاڤە و ساز كردنی هەوایەك لەسەر بنەمای گرێدراو نیشان دانی PJAK بە هێزە كانی رۆژا، بەرێوە بردووە. بەڵام PJAK بە درێژایی تێكۆشانی خۆی ئەوەی سەلماندووە كە بزاڤێكی بە تەواوی سەربەخۆیە و بە بەبنەما وەرگرتنی هێڵی پاراستنی رەوا، هەستیاری پێویستی نیشان داوە كە نەكەوێتە خزمەتی هیچ لایەنێكی تر و نەبێتە ئامێری هاوسەنگێ سیاسێكانی نێَوان دەوڵەتانی تر و لە سەر ئەو هێڵەی خۆشی پیداگری دەكات. پێداگری لەسەر ئەم هێڵە سەربەخۆیە بوو كە لە لایەن وەزارەتی خەزێنەداری ئەمریكا، PJAK خرایە لیستەی تیرۆرەوە.
ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری ئێران و هاتنە سەر كاری دووبارەی لایەنی موحافەزەكار، شەپۆلێكی بەرفراوانی نارەزایەتی گەلانی ئێرانی لە بەرامبەر رژێم لە گەڵ خۆیا هێنا و رەوا بوونی حكوومەت بە تووندی كەوتە ژێر پرسیارەوە. بۆیە رۆژانە شایەدی سیاسەتی سەركووتكارانەی رژێمین. ئەو سیاسەتانەی دەوڵەت هەم لە پێناو نیشاندانی وێنەیەكی بە هەیبەت لە دەوڵەتە و هەم مانۆرێكە لەبەرامبەر هێزە دەستێوەردەرەكان. سەرەرای زەختی نێو دەوڵەتی، پێداگری ئێران لەسەر بەردەوامی پرۆگرامە نوكلێرەكانی، بەشێكی تر لە هەمان سیاسەتە.
لە یەكەمین كۆنفرانسی PJAK هەموو ئەو بابەتانە بەشێوەیەكی زۆر وردبینانە تاوتوێی لە سەر كرا و ریبازی رووبەروو بوونەوە لە بەرامبەر ئەو كێشانە نیشاندرا. بەتایبەت پێشخستنی هێڵی دیمۆكراسی گەلان لە چوارچێوەی سیستەمی كۆنفەدرالیزمی دیمۆكراتیانە وەك سیاسەت و سیستەمێك كە PJAK لە ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان پێشەنگایەتی دەكات، پێداگری لە سەر كرا.
PJAK لەم كۆنفەرانسەدا هەموو لاوازێ رێكخستنیەكانی خۆی نرخاند و رێنمایی پێویستی لە پێناو بەرز كردنەوەی ئاستی تێكۆشانی كادیرانی خۆی پێشكێش كرد. كێشە كەسایەتی و عەقلییەتێكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بە قووڵی نرخێنرا و بۆ رەخساندنی زەمین لە پرۆسەی ئاوا كردنی كەسایەتی تێكۆشەر و ئاپۆئیست لە رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران، رەخنە و رەخنەدانی رێكخستنی لە ئاستێكی زۆر بەرز دا پێكهات. كۆنفەرانسەكەمان بە مۆراڵ و مەعنەوییاتێكی زۆر بەرز دەستی پێكرد و سەركەوتوانە بە ئەنجام بوو. لەسەر ئەو بنەمایە بڕیاری گرینگ لە پێناو بە پارتی بوون، كار و باری ئایدۆلۆژیك، سیاسی، دیپلۆماتیانە، ئێكۆلۆژیك، بەرێكخستن كردنی لاوان و ژنان و هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگا و .... وەرگیرا. شایانی باسە كە ئاستی ئامادە بوونی هەموو كادیرانی پارتیمان بۆ قۆناخی چارەنوس سازی داهاتوو زۆر بەر چاو و ئاشكرا بوو. هەر كادیرێكی PJAK لەمەو بە دوا بە بەبنەما وەرگرتنی بڕیارەكانی ئەو كۆنفەرانسە لە پێناو پێكهێنانی هەموو ئارمانجە شۆڕشگێڕییەكانی پارتی و بەرز كردنەوە و فراوان كردنی ئاستی تێكۆشان و رووحی بەرخۆدان و پێشەنگایەتی لە هەموو گۆرەپانەكاندا كار و خەبات بەرێوە دەبات. كۆنفەرانسەكەمان لە سەر بە رێكخستن كردنی تاك تاكی كۆمەڵگا و رۆشنگەری لە پێناو گەیشتن بە كۆمەڵگایەكی ئەخلاقی ـ سیاسی و پێشەنگایەتی بۆ ئازادی تەواوی گەلانی ئێران پێداگری كرد. لەو چوارچێوەیەدا تەواوی كادیران سووربوونی خۆیان لە سەر بە پارتی بوون و بەكارهێنانی هەموو هێز و توانای خۆیان لە پێناو ئارمانجەكانی PJAK نیشان دا و بە نوێ كردنەوەی پەیمان لەو پێناوەدا، سوێندیان خوارد و بەڵێنیان دا.
لە سەر ئەساسی ئەو نرخاندن و دەرەنجامانەی كە لە كۆنفەرانسی یەكەمی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان پێی گەیشتین، بۆ چارەسەری دیمۆكراتیانەی كێشەی كورد و پێشخستنی دیمۆكراسی لە ئێران، بانگ لە "دەوڵەت، هێزە كوردەكان و گەلی تێكۆشەرمان لە رۆژهەڵاتی كوردستان و گەلانی تری ئێران" دەكەین:
روو بە دەوڵەتی ئێران رادەگەیێنین كە پێویستە دەوڵەت لە نیەت پاكی PJAK بۆ چارەسەری ئاشتیانە و دیمۆكراتیانە كێشە كورد تێبگات. PJAK بزاڤێكی بەتەواوی سەربەخۆیە و بە پشت بەستن بە هێزی گەوهەری گەلی كورد خەباتی خۆی بەرێوە دەبات. نابێ دەوڵەتی ئێران كێشەی كورد وەك كارتێك لە هاوسەنگێ سیاسیەكان بە كار بهێنێـت و پێویستە ئیرادەی سیاسی، رێكخستنی، ناسنامەیی، كولتووری و مافە رەواكانی گەلی كورد و گەلانی تری ئێران بناسێت و دانی پێدابنێت و هاوكات هەنگاوی كرداری لە پێناو دیمۆكراتیزە كردنی ئێران بنێتەوە. بێ گومان، تاكە رێگای رزگار بوون لەو بەربەست و قەیرانانەی كە دەوڵەتی ئێران تووشی هاتووە، لەم بابەتانە وەدی دێـت. بۆیە پێویستە دەست لەو سیاسەتانەی هەنووكەیی خۆی بەربدات و لە بەرەری پێكهاتووی دژ بە گەلی كورد جێی نەگرێت. دەوڵەت پێویستە ئەو راستێیە تێبگات كە گەلی كورد وەك رابردوو نییە، خاوەن هێزی پاراستنی رەوا بۆ پاراستنی هەبوونی خۆیەتی و توانای بنیاد نانەوەی سیستەمی دیمۆكراتیانەی خۆی هەیە و لە هەر هەل و مەرجێكدا خاوەن ئەڵتەرناتیڤە.
بەو رێگایەوە لە هەموو ئەو كەسانەی كە بە هەر هۆكارێك لە رێزەكانی تێكۆشانی بزاڤی ئازادیخوازی گەلی كورد دابراون و یان تەسلیمی سیاسەتەكانی دەوڵەت لە پێناو بەكرێگراوی بوون و لە دژی گەل و PJAK كار دەكەن، بانگ دەكەین كە بە لێبووردن خواستن لە گەلی وەڵاتپارێزی خۆیان، بەشداری بەرەی تێكۆشانی گەل ببن.
لەم كۆنفەرانسەدا، گرینگی خەبات لە پێناو سەقامگیر كردنی یەكێتی و ژیانی هاوبەشی گەلانی ئێران دەستنیشان كرا. لەو چوار چێوەیەدا بانگ لە هەموو هێزە دیمۆكراتیك و ئازادیخوازەكانی ئێران دەكەین تا لە چوارچێوەی پلاتفۆرمێكی دیمۆكراتیك لە پێناو ئاوا كردنی سیستەمێكی یەكگرتوو بۆ چارەسەری كێشەی هەموو گەلانی ئێران و رۆژهەڵاتی ناڤین، هەنگاو بنێینەوە.
هەروەها لە كۆنفەرانسەكەماندا، لە بەرامبەر ئەو سیاسەت و پیلانە نگریسانە كە لە دژی گەلی كورد بەرێوە دەچێت، لە سەر گرینگی سازدانی بەپەلەی كۆنگرەی نەتەوەیی، پێداگری كرد. لە سەر ئەو بنەمایە بانگ لە هەموو هێزە كوردەكان دەكەین كە لە پێناو بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی هەنگاوی پێویست بنێنەوە و بواری كرداری پێ ببەخشن.
هەرەوەها بانگ لە هەموو گەلەكەمان لە رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران دەكەین كە پێویستە تەنیا و تەنیا پشت بە هێزی پاراستنی و گەوهەری خۆیان ببەستن و پێداگری لە سەر داخوازێ رەوا و دیمۆكراتیكەكانی خۆیان بكەن. چوونكوو هەم لەبەرامبەر هێزە سەركووتكارەكانی هەرێم و هەم لە بەرامبەر سیستەمی سەرمایەداری جیهانی، تاكە رێگای رزگاری گەلان لە كێشە و قەیرانەكان، تێكۆشان لە پێناو دامەزراندنی سیستەمی كۆنفەدرالیزمی دیمۆكراتیانە و دیمۆكراسی رادیكاڵی گەلانە كە نوێنەرایەتی راستەو خۆی ئیرادەی زاتی گەلان دەكات. لەو چوار چێوەدا یەكێتی نێوان تاك تاكی كەسایەتێكانی كۆمەڵگا، خاوەن گرینگییەكی تایبەتە و زەمینە خۆشكەری رێكخستنی بەرفراوانی گەلە. لە چەند ساڵی رابردوو بە فیداكاری و جانبازی و قارەمانییەتی شەهیدانی بزاڤەكەمان و بەرخۆدانی بێوێنەی هەڤاڵانی بەندكراومان، شایەدی دەسكەوتنی مێژوویی لە رۆژهەڵاتی كوردستان بووین. بەرز كردنەوەی ئەو ئاسەتە و بەرفراوان كردنەوەی تێكۆشان لە هەموو گۆرەپانەكان، لە پێناو پاراستنی نرخەكانی كۆمەڵگا و لە سەرەوەی هەموان ئەو دەسكەوتانە كە بە خوێنی شەهیدانمان وەدیهاتوون، ئەركێكی مێژووییە و پێكهێنانی ئەوە گەورەترین شەرافەت و كەرامەتە. PJAK كە لە هەموو كار و خەباتی خۆیدا، فەلسەفە و ئایدۆلۆژیای رێبەر ئاپۆ بە بنەما وەردەگرێت، ئازادی رێبەر ئاپۆ وەك ئەركی بنەمایی تێكۆشانی خۆی دەبینێت و هەر چەشنە هێرش لە بەرامبەر رێبەر ئاپۆ، هێرش لە سەر هەبوون و ناسنامەی خۆی و گەلی كورد دەزانێ و ئەو بابەتە وەك بابەتێكی دیاریكەر لە شەر و ئاشتی دەبینێت. لەو رێبازە دا، پێشەنگایەتی ژنان و جەوانان و بەشدارییان لە رێزەكانی تێكۆشانی PJAK گەرەنتی ئازادی رێبەر ئاپۆ و گەیشتن بە هەموو داخوازێ ئازادیخوازانە و دێرینەكانی گەلەكەمان لە رۆژهەڵاتی كوردستانە.
لە كۆتایی دا جارێكی تر یەكەمین كۆنفەرانسی PJAK بە هەموو گەلی ئازادیخواز و خۆراگرمان لە رۆژهەڵاتی كوردستان پیرۆز بایی دەكەین.
سڵاو و رێزی شۆڕشگێری
مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان PJAK
03
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست