دیمانە ی رۆژنامەوانی تاریق تاوگۆزی لە گەڵ موهەندس ئەحمەدی موفتی بانگ خوازی ئیسلامی
Thursday, 20/06/2013, 12:00
ئەو سەربازەی لە برتیانیا بە دەستی مرۆڤیکی ئیسلامی کوژرا وەحشەت و ترورە .
ئیشی ڕەش حەرامە وجایز نیە.
ئەومەلایەی نەتەوەی کوردی کرد بە قوربانی قۆندەرەکانی عومەری کوری خەتاب قسەی لابەلایەودورە لە ئەدەبیاتی ئیسلامی......
دیمانەیەکی رۆژنامەوانی تاریق تاوگۆزی لە گەڵ بانگخوازی ئیسلامی موهەندس مامۆستا ئەحمەدی موفتی .
پرسیار. بەڕێزمەلا ئەحمەدی موفتی ئەگەربمانەوێت لە زمانی خۆتانەوە بتانناسین جەنابتان کێن وئیشتان چیە؟ بەناوی خودا، سوپاس بۆهاتن و ماندونەبونیتان پێدەڵێم.
بە ڕاستی من مەلا نیم موهەندیسم هەندسەم خوێندوە لە بەغداد خەلیجی ساڵی هەشتاوسێم هەشتاوچواریش گەیشتمە سوید ماجستەرم لە هەندسەی میکانیکی وەرگرت لە جامیعەی چالمێستەری یۆتۆبۆری سوید و دوای ئەوەیش چواردە ساڵ ئیشمکردوە لە مەجالی هەندسە وتا ئەوکاتەش پشتم توشی کێشەنەبوە بێکارنەبووم کارم کردوە.
پرسیار..بەڕێزموهەندس ئەحمەدی موفتی چ شتێک ئێوەی هاندا یان بوە هۆکارێک بێن ولە وڵاتی فینلەند کۆروسمینار بەڕێوە ببەن؟
برایانی ئازیزی کورد منیان دەعوەت کرد ومنیش زانیم وڵاتی فینلەند کوردی خۆشەویستی زۆر لێیە بۆیە دەعوەتەکەم قەبوڵ کرد ودوایان لێکردم لە سەر بانگ خوازیش کۆرو سمینار بەڕێوە ببەم هەربۆیە ئێستاش لە ئەنجامدانی کۆرو سمینارەکانین لە شارەکانی فینلەند.
پرسیار..ئایا دینی ئیسلام دینێکی سیاسیە یان ئەوەی دینێکی کلتوری جڤاکیە ؟
ئیسلامیەتی هەمووشتێ تێدایە ،لە سویدیش حیزبی ئاینی مەسیحی هەیە کە شانبەشانی حیزبە دیموکراتەکان کار دەکەن وە بگرە یەهودیەکانیش حیزبی دینی خۆیان هەیە وەک شاسیەکان، ئیسلامیەتی لە سیاسەت بۆگەیشتن بە دەستەڵات نیە بەڵکو بۆ چەسپاندنی حوکمی عەدل و یەکسانە لە کۆمەڵگا.
پرسیار..بەرێزموهەندس ئیوە چەندە لە گەڵ ئیسلامی ڕادیکالی سیاسی هاوڕان ؟ ئایا پێتان وایە بە شێوەیەکی توندرەوی و ڕادیکاڵانە دەتوانن لە نێوکۆمەڵگادا جێکەوتوببن ؟
خودای مەزن دەڵێت هەموو مرۆڤەکان برای یەکن هەر بۆیە دەبێت وەک برایش لە گەڵ یەک هەڵسوکەوت بکەن، ئیسلامیەت دژی ئەقڵ عیلم وپێشکەوتن نیە، ئەوەی کە سەری خەڵک دەبرێت و توندو تیژی دەکات ئەمە ئیسلامیەتی نیە ،ئەو ئیسلامیەتیەی من لێیتێگەیشتوم ومن دەیناسم ڕەحمەتی بۆهەمووبەشەرێت دەوێت، خودا خۆی دەڵێت نابێت کەس بە زۆری بکرێتە دیندار، ئیسلامیەت دژی هیچ نەتەوە، رەگەزوئاینێک نیە.
پرسیار..ماوەیەک لەمەو پێش کەسێکی ئیسلامی لە بریتانیا بە ڕۆژی ڕۆشناوبە پێش چاوی خەڵک و کامێراوە بە چەقۆسەری سەربازێکی بریتانی دەبڕێت چی دەڵێن و ڕوانگەتان بۆئەم کارە چیە ؟
ئەوە ترور و ئیرهابە و هیچ پەیوەندی بە موسوڵمانیەتەوە نیە، ئەم نمونانە ڕوخساری ئیسلامیش ناشیرین دەکات، دەبێت هەمووسازیە ئیسلامیەکان ومرۆڤە دیندارەکان ئەم کردەوە ترورو وەحشەتە شەرمەزار بکەن کە دەیەوێت ئیسلامیەت لە پێش چاوی خەڵک ناشیرین بکات.
پرسیار..بەرێز موهەندس ئێوە چەندە باوەڕتان بە سیستمێکی دیموکراتیک هەیە کە لەم وڵاتانە هەیە وە ئایا پێتان وایە دەبێت ئیسلام ئەم حوکمە لە دەستی ئەم وڵاتانە بستینێت ؟
نەنە برام ئێمە نەهاتویتینە ئەم وڵاتانە بۆ ئەوەی داگیریان بکەین بەڵکووهاتوین شوێن و ڕێگامان ئەمن نەبوەو ئەوان دەرگای خۆیان بۆ ئیمە کردوەتەوەو خزمەتمان دەکەن و منداڵانمان لەمەدرەسەی خۆیان جێگا کردوەتەوە هەر بۆیە دەبێت سوپاسیشیان بکەین نەک ئەوەی ئیدعای داگیرکاری بکەین. لە وڵاتانی ئوروپای لە یاسایاندا هەموو ئاینەکان ئازادی خۆیان هەیە هەر کەس دەتوانێت بەرد پەرەست بێت یان دارپەرەست وەیان خودا پەرەست ئازادە ، ئێمە فەرزە لە سەرمان کە مادام پاسەپۆرتی ئەم وڵاتانمان لە گیرفانە دەبێت ڕێزلە یاساو قانونیان بگرین.
پرسیار..ماوەیەک بەر لە ئێستا گروپێکی دیکەی ئیسلامی کە پێدەچوئیسلامی ڕادیکاڵی سیاسی بن لە هێلسینکی سمیناریکیان پێکهێنا کە لەوێدا بە ئاشکرا هاوار دەکەن کە بە زوترین کات ئالای ئیسلام لەسەرساختمانی پەرلەمانی فینلەند دادەکوتن ئایائەمە پەیامی داگیرکاری نیە ؟
من دەڵێم ئەوە غەڵەتە چون خودا دینی بە سەر کەسدا فەرزنەکردوە، وابزانم ئەوکەسەی کە ئەو قسەیە کردوە لە وڵاتێکی دیکەش هاتبوە ئێرە دانیشتوی ئێرە نەبوە.
پرسیار..دەبیستین لە هەندێک مەلای ئیسلامی کە پیرۆز کردنی جەژنی نەتەوەی بە حەرام دەبینن ئێوە ڕوانگەتان چۆنە بۆ ئەم ڕۆژە ؟
ئێمە دو جەژنمان هەیە وەک ئیسلام ئەویش جەژنی رەمەزان و قوربانە، بەڵام رۆژی نەورۆزکە وەک رۆژیکی ئازاد بونی چەوساوەکان لە ژێر دەستی چەوسێنەرەکانە غەڵەت نابینم بەڵام ئەوە رۆژێکی ئاینی نیە وقەومیە.
پرسیار..بەرێز مامۆستا ئیوە چەندە باوەڕتان بە نەتەوەی بوون هەیە؟ ئایا خەبات کردن بۆ ئازادی گەل و نەتەوەیەک چۆندەبینن ؟
دروستە، گەلی کورد بە تایبەتی مافی خۆیەتی کە وڵاتی خۆی هەبێت میلەتی خۆی هەبێت و زمانی خۆی هەبێت.
پرسیار..بەڕێزموهەندس لە کوردستان لە پشت مونبەرەوە مەلایەکمان بینی یەک بۆخی دەیگوت هەمووکورد دەکەم بە قوربانی قۆندەرەکانی عەمەری کوری خەتاب ئایا ئەم گوتەیە ڕەوایە؟یان ئەوەی ئێوە چی دەڵێ؟
خودا دەڵێت هەموو مرۆڤەکان خاوەنی کەرامەتی خۆیانن هەربۆیە دەبێت ڕێزیش لە کەرامەتی مرۆڤەکان بگیرێت . ئەمەی کە قۆندەرەیەک دەچێتە ئاودەس وحەمام و نەتەوەیەک بکەیتە قوربانی ئەوپەڕی بێئەدەبیەوئەدەبیاتی ئیسلام نیەو قسەی لابەلایە.ئێمە پێغەمبەر نمونەمانە نەک مەڵا.
پرسیار..ئێمە دەبینین زۆربەی مرۆڤە ئیسلامیەکان لەم وڵاتانە ئیشی ڕیش دەکەن ئایا ئیشی ڕەش حەرامە یان جایز؟
ئیشی ڕەش حەرامەوهیچ جایز نیە، ئێمە هاتویتینە ئەم وڵاتانە قەول و پەیمانمان داوە پێیان کە دژی یاسایان ڕانەوەستین هەر بۆیە پاسپۆرتی ئەوانیش وەک هاوڵاتیان خۆیان لە گیرفانی ئێمەیە ئیدی ئەگەر بیت و ئەو پەیمانە بشکێت درۆمان کردوە درۆکردنیش لە ئیسلام لە زینا خرابترە.
پرسیار.. مامۆستا ئیوە ساڵانیکی زۆرە لە ئەوروپا خەریکی کاری بانگخوازین ئایا تا ئێستا لە لایەن دەوڵەتانی ئوروپای تەنگاسیان بۆ دروست کردوی یان ئەوەی ڕێگایان لە بەردەم بانگخوازیکردنی ئێوە بۆ ئیسلام گرتوە ؟
نەخێرتا ئێستاشی لەگەڵدابێت کاری بانگخوازی خۆم دەکەم وزیاتر لە ٣٥٠کەسم هێناوەتە سەردینی ئیسلام لە نێویشیاندا پۆلیس هەبوەوهیچ ڕێگیریم لێنەکراوە.
پرسیار..بەڕێزموهەندس ئەحمەدی موفتی لە کۆتای سوپاست دەکەم بۆ وڵامدانەوەی پرسیارەکانم و ئەگەر شتێک هەبێت بۆ گوتن لە کۆتای فەرموون؟
منیش سوپاسی ئێوە دەکەم وهیوام بەختەوەریتانە وخودا پشتوپەناتان بێت، من لە گەڵ چەن دۆستیکی بەڕێزدا سەردان شارەوانی شاری تورکوی وڵاتی فینلەندمان کرد و لە نزیکەوە شارەوانمان بینی، شارەوان گوتی من زۆر حەزم لە کوردان تێت وبە تیڵبونیان خۆشحاڵ دەبم. منیش گوتم ئێوە وەک فینلەندیەکان دەبێت شانازی بە سێ شتەوە بکەن یەک دیموکراسیەت لە وڵاتە دوئازادی رادەربرێن وئازادی ئاینەکان سێ نەبوونی زوڵم وستەم لەم وڵاتە چون ئەگەر ئەم سێشتەتان نەبوایە ئێوەش وەک هەر وڵاتێکی دیکتاتۆرتان لێدەهات وناوتان دەبرا. گوتی ڕاستە،
.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست