کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


خەڵكینە ئاگادار بن كاتى زەماوەند زۆر نزیكە

Tuesday, 03/03/2009, 12:00


ئەو ڕۆژەى لە ڕادێوى گەلى كوردستان یەكەم بروسكەى كاك نەوشیروانمان گوێ لێ بووكە ووتى سبەینێ زەماوەندە ئەو كاتە خۆمان حازر كردو یەكترمان بەسەر كردوە و بڕیارمان دا سبەینێ سەرچۆپى ئەو زەماوەندە بەرنەدەین تا كڵپەى ڕاپەڕین بەردەوام بێت و سەرتاپاى كوردستان لە چنگاڵى بەعس ڕزگارى بێت , لە بەعس ڕزگارمان بوو بەڵام هەرزوو ئەم زەماوەندە لە لایەن دوو بنەماڵەى خائینى كوردى بنەماڵەى تاڵەبانى و بنەماڵەى بارزانى خەڵتانى خوێن كراو بە دزى و گەندەڵى و شەڕى ناوخۆ لە بەر چاوى خۆمان و دەرەوەش ناشیرین كرا , هەر ئەو كاتەى كە كەل و پەلى ئەم ووڵاتەیان ئاو دیوى ئێراو توركیا كرد ئیتر لەو كاتەوە ئەم زەماوەندەیان لێكردین بە شین و پیرۆزیەكانى ڕاپەڕینیان ناشیرین كردو ئەتكیان كرد , هەژدە ساڵە ئەم دوو بنەماڵە خائین و كۆن و تازە جاشانە ئەوەى كردیان كردیان لە دزى و خیانەت و پەل گرتنى دوژمنانى كورد بۆ سەر هەرێم , دەساڵ شەڕى ناوخۆ , هەژدە ساڵ دزى و بە تاڵان بردنى سامانى ئەم ووڵاتە , هەژدە ساڵ كوشتنى لاوى كورد , هەژدە ساڵە ئەو زەماوەندە ى بوە هۆى ڕزگار كردنى خاكى كوردستان ئەتك ئەكرێ , بەڵام كڵپەكەى لە ناخى خەڵكدا هەر ماوە , بۆیە دوایى ئەو هەموو نەهامەتیەى ئەم دوو دەسەڵاتە و ئەم دوو بنەماڵە یە بەسەر ئێمەیان هێنا ئیتر كاتى ئەوە هاتوە جارێكى تر جاڕى زەماوەندێكى تر لێ بدرێ , بە ڕاستى ئەگەر بە زوویى زەماوەندێكى تر نەكرێ و ئەم دەسەڵاتە مافیایەى كوردى ڕیسوا نەكرێ , ئەگەر ئەم دوو بنەماڵەیە ڕیسوا نەكرێن و شار بەدەر نەكرێن ئەوا ئیتر هەموو ئەو هەوڵ و ماندوو بونەى كە دەیان ساڵە ئەم میللەتە كێشاویەتى بە هەدەر دەدرێت , ئێستا دەسەڵاتى كوردى بۆ شاردنەوەى كارە دزێوەكانى خۆى گەرەكیەتى جارێكى تر شەڕى كوردو عەرەب هەڵگیرسێنێ , نێچیرى كوڕى ئیدریسى خائین زادە كە بانگەشەى شەڕى كوردو عەرەب دەكات خەم خۆرى نیە بۆ ئەم ووڵاتە بەڵكو ئەمانە تەنها لە شەڕدا ئەتوانن گەشە بە خۆیان بدەن , بانگەشە بۆ شەڕ باگراوندێكى نەتەوەیى نیە بە قەد ئەوەى باگراوندێكى دزى و گەندەڵى هەیە , پارتى و یەكێتى لە ڕێگەى ئەم حكومەت و پەرلەمانە خەوتوەوە ئەیانەوێت شەرعیەت بدەن بە دزیەكانى خۆیان , ئەوەتا بۆ حیزبە بچوكەكان نەسریە بە پێى كورسیە بەڵام بۆ خۆیان بە پێى گیرفانە , لە دنیادا ئەوە نەبوە باوك دزى لە مناڵى خۆى , لە ماڵًى خۆى بكات بەڵام وا لە یەكێتى و پارتى بینیمان , هەر دوێنێ بوو ئەم دوو حیزبە ملیارێك و چوارسەد ملێون دۆلاریان وەرگرت و كەسیش نەیزانى چى لێ هات , ئەوەتا مانگانە پارە لە عێراق و ئەمریكا وەردەگرن بێجگە لەو بودجەیەى بە ڕەسمى وەرى دەگرن , بەڵام وەكو برا بەشى دەكەن و كەسیش نازانێ ئەم هەموو پارەیە ئەچێتە گیرفانى كێوە .بۆیە ئیتر لەوە زیاتر قبوڵ ناكرێ , كاتى ئەوە هاتوە جاڕى زەماوەندێكى تر لێ بدرێ , ئەگەر ئەمە نەكەین ئەوەى ماویشە بە هەدەر ئەڕوات , هەموو میللەتێك بۆ ڕزگار بوون لە حاكمى زاڵًم پێویستى بە شۆڕشە , ئێمەش ئەبێت شۆڕشەكەمان بەردەوام بێت تا لەوە زیاتر نەبینە مەخسەرەى كاكە و مامە , نەبینە مەخسەرەى نۆكەرەكانى چوار دەوریان , دەى كوڕان و كچانى كورد خۆتان ئامادە بكەن زەماوەند زۆر نزیكە , زۆر نزیكە لەم دەسەڵاتەمافیایە میللەت ڕزگارى بێت , سبەینێ زەماوەندە زەماوەندە ..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە