ئەوەى 31ى ئاب بە خیانەت بزانێ زمانى ئەبڕین
Saturday, 04/09/2010, 12:00
هەمووتان ئەزانن ئەم قسەیەى سەرەوە هى پارتى و بنەماڵەى بارزانیە , چونكە لاى ئەوان خیانەتەكانیش سەروەرى نیشتمانین و سەروەرى بنەماڵە خائینەكەن , بۆیە كەسێك بۆى نیە ئەم تاوانە ئابڕوو بەرانەیە بە خیانەت بزانێ بەڵكو ئەبێت بڵێن دەستتان خۆش ئەى نەوەكانى بارزانى , ئەى قارەمانەكانى پارتى سەد شەڵڵا ڕۆژێك زووتر ئەم داستانە پڕ سەروەریەتان تۆمار بكردایە , چونكە لەم ووڵاتەدا چێژ لە خیانەتدایە , دەستتان خۆش , ئەبێت ئەمە بڵێین و ئەمەش بنوسین , ئەگەر ئەمەشتان نەنوسى ئەوا هیچ مەڵێن بۆشتان بكرێ ئەو ڕۆژە بیكەن بە پشوى ڕۆژنامەكەتان یان داواى لێ بوردن بكەن كە ئەو ژمارەیە دەرناكەن , ڕۆژنامەى دەستور كە لە سلێمانى دەردەچێت , پارتى بە هى یەكێتى دەزانێ , بۆیە هەر ووشەیەك لێرە بنوسرێ ئەوا هى یەكێتیە و هەرچیش لاى ئەو لا بنوسرێ هى پارتیە , ئەم ڕۆژنامەیە وەكو لە وێنەكەدا دیارە لە یادى ئەو خیانەتە گەورەیەدا لە سەر پەڕەى یەكەمى تەنها ئەوەى نوسیبوو ((31ى ئاب خیانەتێكى لە بیر نەكراو)) كەچى هەرزوو پارتى ناڕەزایەتى دایە یەكێتى و پێیان ووتبون ئەوەى 31ى ئاب بە خیانەت بزانێ زمانى ئەبڕین , ئەمە دێڕێكى ئەو نامەى ناڕەزایەتیەیە كە پارتى بۆ یەكێتى ناردبوو , یەكێتیش هەرزوو خاجاڵەت نامەیەكى لە زمانى ووتە بێژە علوجەكەیەوە بڵاو كردەوە و ئەوەى دەستورى بە گێرە شێوێنى و كولاندنەوەى برینەكان حساب كردوو لەبەر دەم پارتیدا خەجاڵەتى خۆیان ڕاگەیاند و ووتیان ئێمەش هاوڕاتانین ئەوەى 31ى ئاب بە خیانەت بزانێ زمانى دەقرتێنین و ئەوە گێرە شێوێن و تێكدەرە , ئەوە دەستى دەرەكى لە پشتە و دوژمنانى كورد هانى دەدەن , ئەوەتا بە هۆى یەكێتى و پارتیەوە خەریكە لەم ووڵاتەدا باوى ووشەى ئازاد نامێنێ , ئەو هەرێمەى كە بانگەشەى دیموكراسى و ڕاى ئازادى تیا دەكرێ و خەریكە ئەكرێتە نمونە بۆ هەموو دنیا , دەنگە ئازادەكان كپ دەكرێن و خۆیان واتەنى زمانە درێژەكان دەبڕن , دوێنێ سۆران سەردەشت و شێخ ستار بونە قوربانى ئازادى ووتن و ڕاستى ووتن , ئەمڕۆش لە ڕێگاى ئەو دادگا كارتۆنیەوە كە هى دەسەڵاتە شكات لە ڕۆژنامەى ڕۆژنامە و هاوڵاتى و ئاوێنە دەكرێت و قورسترین بڕە پارەیان لێ داوا دەكەن و هەڕەشەى كوشتن لە ستافى گۆڤارى لڤین دەكەن و وا جارێكى تریش پارتى داواى داخستنى ڕۆژنامەى دەستوریش ئەكات , خوایە ئەم ئازادى و دیموكراسى و ڕادەربڕینەى ئازادەى دەسەڵات پایەدار بكەیت , خۆش ئازادى , خۆش دیموكراسى , بە خوابابە ئەوەیە دیموكراسى , ئەبێ سبەینێ چى تر ڕوو بدات , ئاوا بڕوات بە فەرمانێكى سەرۆكایەتى هەرێم مانگى ئاب نابێت 31ى تیا بمێنێ , وەووشەى خیانەتیش لە فەرهەنگى كوریدا نابێت بمێنێ , هەروەها ئەبێت لە جیاتى مانگە زایینیەكان مانگى كوردى بە كاربێت بۆ ئەوەى ئیتر كەس باسى مانگى ئاب نەكات , یان ئەوەتا ئەبێت ئەوەى نوسەرە سوێند بخوات جارێكى هەڵەى وا نەكەن 31ى ئاب بە خیانەت بناسێنن , بۆیان ئەكرێت , چۆن لە فەرهەنگى كوریدا ئاشبەتاڵ نەما و كرا بە نسكۆ , ئاواش خیانەتمان لێ دەكەن بە سەروەرى , چۆن خائینەكانمان لێ كرا بە تێكۆشەرو كوڕى بنەماڵەكان , ئاواش لە دەستیان دێت 31ى ئاب لە نەهێڵن , ئەمە ئاسانە ئەوەتا بورهان حەمە خانى كوڕە شەهیدى ئەنفال بە قسەى ئەنفال چییەك خراوەتە زیندانەوە , ئەوەتا تاڵەبانى داوا لە خێزانەكەى سەدام دەكات بێنە كوردستان و لێرە ئیقامەیان بدەنێ , بۆ ئەمە ئەكرێ , بۆ ئەوە ناكرێ , زمان بڕەكان لە سەر حوكمن , هەموو شتێك دەبێت , لاى دەسەڵات هیچ شتێك خیانەت نیە , تەنها ئەوە خیانەتە باسیان بكەیت , لە دەرگاكانیان بدەیت , چى ئەكەیت بیكە , بەس توخنى بنەماڵەكان مەكەوە ,
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست