کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سوپاسنامەیەك لە قاسم ئاغاوە بۆ سەرۆك بارزانى

Thursday, 07/10/2010, 12:00




جەنابى سەرۆك بارزانى , ئەمەوێت لەناخى دڵمەوە سوپاسى بێ پایانتان بكەم لە سەر ئەو پیشوازییە گەرمەى جەنابتان و پارتیمان لە ئێمەتان كرد , بەتایبەت پێشوازى تایبەتى جەنابتان لە ئێمە دڵسۆزى ئێوەى بۆ ئێمە سەلماند بەڕاستى ئەو ماوەیەى میوانى جەنابتان بووم هەستم بە پشوویەكى خۆش كرد , بۆیە بەناوى یەك بەیەكى خانەوادەكەمەوە سوپاستان ئەكەم ,
جەنابى سەرۆك ,ئەو كاتانەى من وەكو تێكۆشەرێك لە ڕیزەكانى ئەفواجى بەرگرى نیشتمانى خەباتم بۆ عێراقى مەزن دەكرد لە ژێر ئاڵاكەى سەرۆك سەدامدا هەموو كاتێك بۆ بەرگرى لە عێراقى مەزن سڵم لە هیچ نەكردۆتەوە ,بۆیە بێ سڵەمینەوە هەموو ئە و تاوانبارانەم بە سزاى خۆیان گەیاندوە كە ناوى خۆیان نابوو پێشمەرگە و دژى عێراقى مەزن بوون , دەیان كەسم لەو تاوانبارانە بە سزاى خۆیان گەیاند و عێراقم لەو تاوانبارانە پاك كردەوە , دیارە ئەو كاتەش هەر پشتم بە تۆ قایم بوو , چونكە بەردەوام ئێوە هەر لە زەمانى باوكى كورد مستەفا بارزانیەوە خزمەتكارێكى دڵسۆزى ئەم عێراقە بوون , بەتایبەت سەرۆك سەدام هەموو جارێك ئەیووت مەسعود كوڕى مەلا مستەفایە و خیانەت بە عێراق ناكات , لە داستانە قارەمانیەكەى 31ى ئابدا كە یەكێكە لە سەروەریەكانى بنەماڵە تێكۆشەرەكەتان ئەمەتان سەلماند , كە ئێوە ڕۆڵەى بە وەفاى عێراق و سەرۆك سەدام بوون , دەمێكە عەوداڵى ئەوەبووم بێمەوە كوردستان و پیاسەیەكى ئێوارانە لە و هەولێرەى بكەم , دواى ئەوەى دڵنیا بووم هەموو ئەو تێكۆشەرانەى كە سەردەمانێك دلسۆزى عێراق بوون ,ژیانیان پارێزراوە لاى جەنابتان بۆیە منیش وویستم بێمەوە و لێرە لە ژێر ئاڵا كەى پارتیدا خزمەتێك بكەم , بەڵام بەداخەوە نەمزانى كەس و كارى ئەوانەى دوێنێ خیانەتیان لە عێراقى مەزن كرد ناهێڵن ئاسوودە بم, بە هاندانى هەندێك كەس شكاتیان لێ كردم و نەیان هێشت پشوویەك بدەم و لە نزیك جەنابتانەوە بم , بەڵام ئەو شەرەفەم پێ بڕا وەكو شەهید تەحسین شاوەیس وەكو كوڕى بنەماڵەكەتان حسابم بكەیت , ئاى كە جێگاى شانازى بوو سەرۆكێكى دڵسۆزى وەكو ئێوە پیشوازى لە تێكۆشەرێكى دوێنى عێراقى مەزن بكات , هەتا ئێوە بمێنن هیچ كاتێك هەست ناكەم سەدام شەهید كراوە , ئەو كاتەش زیاتر هەستم بە دڵسۆزى جەنابتان كرد كە نوێنەرى جەنابتان كاك نەوزاد هادى هاتە لام و بەناوى تۆوە پێى ووتم كە پێتان باشە لە كوردستان نەمێنم نەوەكو توشى كێشە بم , هەرچەندە ئێوە لە تواناتاندا هەبوو نەهێڵن من توشى كێشە بم بەڵام لەبەر ڕێزى جەنابتان من بە سەلامەتى كوردستانم بەجێ هێشت , سوپاس بۆ ئەو هەموو مەسرەفەى كە كردبوتان بۆم , سوپاس بۆ ئەوەى ئەو ماوەیە میوانى تۆ بووم لە تەنیشت و نزیكى خۆتەوە خانووت بۆ دابین كردم , بەڕاستى بۆنى سەرۆك سەدامم نابوو بە تۆوە , من پێشمەرگەى یەكێتى و سۆشیالیست و شیوعى و زەحمەتكێشانم كوشتوە , سەدان كەسم ئەنفال كردوە , ئەوەى بەلامەوە سەیر بوو هیچ یەكێك لەو حیزبانە نەیان وێرا هیچ بكەن , پێم سەیر بوو , دواى بۆم دەركەوت كە جەنابتان ترستان خستۆتە دڵى هەموویانەوە , بۆیە ئەوانیش لە ترسى جەنابتان نەیان وێرا هیچ بكەن ,بەڕاستى ناهەقم مەگرە ئەگەر بڵێم بۆنى سەرۆك سەدامم ناوە بە تۆوە , ئەویش هەمان كارى تۆى پیادە ئەكرد , بۆیە بە پشت گیر ى تۆ بێ باكم لەو جۆرە تاوانبارانەى كە كوڕەكانیان خیانەتیا ن لە عێراقى مەزن كردبوو , خۆشم بە سەر بەرز ئەزانم كە لە پێناوى عێراقى مەزندا ئەوەم كردوە ,
جەنابى سەرۆك دوبارەى دەكەمەوە سوپاس بۆ ئەو میواندارییە گەرمەى جەنابتان , من بە سەلامەتى لە كەس و كارى ئەو خائینانە نەجاتم بوو , سوپاسى گەرمیشم بۆ نەوزاد هادى كە زۆر هاوكارى كردم و بە سەیارەى خۆى بردمى بۆ فڕۆكە خانەى هەولێر.
براتان
قاسم ئاغاى كۆیە
تێكۆشەرێكى دێرینى عێراقى مەزن
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە