بۆمان دەركەوت نەوتى كوردستان جنۆكە ئاودیوى ئەكات
Tuesday, 27/07/2010, 12:00
خوایە گیان بە گوناح بۆمان نەنوسى , ماوەیەكى زۆرە غەیبەتى ئەو دوو حیزبە داماوە ئەكەین , ماوەیەك بە ناڕەوا ئەو دوو سەركردە پاك و بێ گەردەمان بە دزو گەندەڵ حساب دەكرد , بەڵام بە پێى لێكۆلینەوەیەكى تازە دەركەوتوە ئەو نەوتەى بە قاچاخ ئەڕوات ئەوا جنۆكەكانى كوردستان ئاودیوى ئەكەن , ئەو لێكۆڵینەوەیە سەلماندى نەپارتى و نەیەكێتى و نەحكومەتە باڵق نەبوەكەمان هیچ ئاگایان لە شتى وانیە , نەوت ئەڕوات , بە قاچاخ , ئەدزرێ , ڕۆژانە سەدان و بگرە هەزاران تانكەردێت بەبەتاڵى و لەو سەرەوە پڕ دەكرێن و ئاودیو ئەكرێ , كەچى كەسێك ئاگاى لێ نیە نەوت ئاو دیو بكرێ , تومەز ئەمە كار ى جنۆكەكانى عەلى بەردەشانى شاعیرە , ئەمریكیەكان , بەریتانیا , عێراق , ناوخۆ ,ئەڵێن نەوت ئەڕوات ,تەنانەت لێپرسراوانى ئەم ووڵاتەش هەر دەڵێن ئەڕوات , وەزیرى دزى نەوتى كوردستان ئەڵێ داهاتى ئەو نەوتە ئەچێتە سەر داهاتى گشتى و وەزارەتى دارایى ئاگاى لێ یە , وەزیرى دارایى شێخ بایز ئەڵێ شتى وانیە و فلسە سورەیەكى ئەو پارەیە لاى ئێمە نیە و ئاگاشمان لێ نیە , حكومەت ئەڵێ ئیتر ئەبێت ڕابگیرێ و نابێت قاچاخ چێتى بەنەوتەوە بكرێ , وەزیرى نەوت دز ئەڵێ ئەو نەوتە زیادەیە و نەوتى ڕەشە لەبەر ئەوەى ژینگەى كوردستان پیس نەكات با بڕوات ,سەدان بەڵگەى نوسراو و وێنەیى شەوانە بڵاو ئەكرێتەوە , سەر مەرزەكان پڕە لە تەنكەرى نەوت , شەوانە شۆفێرەكان قسەمان بۆ دەكەن , كەچى تا ئێستاش پارتى و یەكێتى ئینكارى لێ دەكەن , بەیاننامەكەى مەكتەبى سیاسى پارتى زۆر توندە و هێرش دەكات و قسە بەوانە دەڵێ كە دەڵێن پارتى نەوت ئاودیو ئەكات , ئەوەتا ووتە بێژى مەكتەب سیاسی یەكێتیش ئەویش ئینكارى لێ دەكات یەكێتى شتى وابكات ,دەى سا بەو خوایە ئەوە جنۆكەن ئەو ئیشانە ئەكەن , خەڵكینە ئێوەش تۆزێ پێ بكەنن , لەم ووڵاتەدا كە حیزب و دەسەتە مافیاكانى كوردستان كۆنترۆڵیان كردوە ,ئەوەتا زەوى داگیر دەكەن , پارووى دەممان دەفڕێنن ,لە ناوچەى زەردو سەوزا یەك شت , یەك ئیش بێ ئیمزاى حیزب ناكرێ تەنانەت ئاوو هەواكەشمان لاى حیزبەوە دێت , هەزاران دۆنم زەوى خەڵك داگیر كراوە , حیزب و كۆمپانیاكانى سەر بە حیزب داگیریان كردوە , حیزب زەوى داگیر ئەكات , ئەبێت حكومەت زەوى و پارەى بداتێ , ئەمە ئەچێ بە ئەقڵى كێدا بێجگە لە یەكێتى و پارتى ڕۆژانە سەدان تەنكەر نەوت ئاودیو بكرێ كەچى ئەو دوو پەپولەیە ئاگایان لێى نەبێت ,ئەوان ئاگایان لە هەموو شتێكە تەنانەت دوو كەس بەیەكیشەوە قسە بكەن , جاسوسەكانیان دەیگەیەنن , ئاگایان لە پەیوەندى بەینى ژن و مێرد هەیە , ئاگایان لە خشەى مارو مێرو هەیە ,ئەى خێرە وا ئێستا ئەم دوو زلە حیزبە و دوو سەركردە مافیایە تەنانەت جاشیەتیشیان كرد بۆ پارە ئاگایان لەم پاروە چەورە نەبێت , دەكەوابێ حەتمى جنۆكەیە ئەم ئیشە ئەكات, ئەگەر یەكێتى و پارتى نەبێت , ئەبێت گۆڕان یان یەگرتوو یان كۆمەڵ و زەحمەتكێشان و حسك بن ,ئەم ووڵاتە ووڵاتى حیزبە , حیزبیش دزو مافیا و حاكمیشە ,باوەڕ ناكەم كەسێكى تر , حیزبێكى تر هەبێت دزى لەم دزانە بكات , ئەگەر ئەمریكاش بیكات ئەوا بێ ئاگادارى ئەمان نایكات , كەواتە ئەمان هەر ئاگادارن ,منیش ئەزانم یەكێتى نایكات بەڵام كۆمپانیاكانى سەر بە یەكێتى ئەیكەن ,كۆمپانیاى قەیوان , لاى پارتیش هەروەها پارتى نایكات بەڵام كۆمپانیاكانى بنەماڵەى بارزانى ئەیكەن , من ئەڵێم لەوە ئەچێ ئەو تەنكەرانە لە ئێرانەوە ئاو بهێنن , ئەگینا ئەو شارە مێروولەیە لە تەنكەر چى دەكەن ,دەسا بەو خوایە مادام ئەو دوو زاتە ئاگادار نین ئەوە جنۆكەن ئەو جۆرە ئیشانە ئەكەن , بەو دوو ڕوون كردنەوەیەى پارتى ویەكێتى دڵمان پاك بوەوە بەرامبەر بە یەكێتى و پارتى هیچمان لەدڵادا نەما . بیسم اللە یەك بكەن با ئەو جنۆكانە ئەم ووڵات بەجێ بهێڵن , ناوى ئێوەشیان پیس كردوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست