بۆچى رەخنە لە سەركردەو دەسەڵاتى كوردى دەگرم؟
Sunday, 15/08/2010, 12:00
بۆچى رەخنە لە سەركردەو دەسەڵاتى كوردى دەگرم؟
كۆمەڵناس: حەمەى ئەحمەد رەسوڵ
(1)
لەوەتەى بیر دەكەمەوەو هاتوومەتە ژیانەوە، دەچەوسێمەوە، لەنێو هەژاران و هەناسەساردو بێنەواو خەیاڵپڵاوەوە خەونى زەردو سوور دەبینم.. كە منداڵ بووم خەونم بە پایسكیلێكەوە دەبینى، هەر بۆیان نەكڕیم چونكە باوكم هەژار بوو پارەى نەبوو.. كە گەورە بووم بوومە جگەرەفرۆش و لەوەشەوە فێرى جگەرەكێشان بووم هەتا هەژدە ساڵ خزمەتى كێشانم تەواو نەكردو زۆرم زەرەر نەكرد بۆم تەرك نەكرا.. بە گەورەیی پایسكیلەكەم لە پارەى پاكەت فرۆشتن بۆ كڕدرا بەڵام دواى دوو هەفتە ئاژۆتن سەیارە لێیدام و لەو رۆژەوە قینم لە سەیارەش هەستاوە.
لە منداڵییەوە هانیان دەدام خوێندن تەواو بكەم.. بەڵێ بە هەزار كوێرەوەرى كۆلیژى ئاداب، بەشی كۆمەڵناسیم تەواو كرد، بەڵام سەربازى و دواجار فیرارى نەمتوانى تاقە یەك رۆژیش دەوام بكەم و مووچەم هەبێت.. پاش شازدە ساڵ لە هەندەرانەوە بە خۆم و دوو فەرهەنگەوە گەڕامەوە نیشتیمان وامزانى هەر بە زیندوویى پەیكەرم بۆ بونیاد دەنێن، كەچی هەتا یەكێكیان لە دەزگایەك بۆ چاپكردم قیر وتى چەق.. نزیكەى سێ ساڵە ناوى خۆم لە مكتب عەمەلى سلێمانى نوسیوە، بەڵام چونكە واستە ناكەم، كەسێك پێم ناڵێت كەرت بە چەند.
(2)
ئەى سەركردە زۆرەكانى كوردستانى هەشبەسەر: هەرگیز سوودمەند نەبووم لێتان، منیش وەكو خێزانى شەهید فەرامۆشكراوم، ئەوانەى كە دوێنێ زمانى كوردیشیان نەدەزانى و دەهاتنە لامان بۆ پێداچوونەوە ئەمڕۆ بەڕێوەبەرو سەرنووسەرو سكرتێریان هەیەو، ئەوان شۆفێرى مۆنیكان.. لە ڤێلادا كۆنتڕۆڵى چەندەها سپلیتى ئاخر مۆدێل لە دەستى نەرمونۆڵیاندایە.. ئەوانەى دوێنێ هاوڕێی چاخانەمان بوون ئەمڕۆ وەڵامى سڵاومان بە لالووتێكەوە دەدەنەوە.. وەڵامى تەلەفۆنمان ئەوە هەر نەو.. چونكە ئەوان پلەى حیزبیان هەیەو لە ئاڵتوون دروستبوون و ئێمەش لە قووڕى قڕگە..
(3)
هەمووتان لەخشتە بەرى خەڵك و میللەتى خۆتانن.. هیچتان راست ناكەن.. ئێوە براى درۆن
كەستان گەرمى و ساردى ئەم زێدە تاقەت پروكێنە ناچێژن.. كەستان توانج و قسەى ناشیرینى ساحێب خانووتان نەدیووە.. ئێوە ژانى شەهیدبوون و مەرگى ناوادەى جەرگ و كەسی نزیكى خۆتان نەدیووە..
هەتیوویتان نەچەشتووە.. كوڕەكانتان زللەى مەچەك زلێكى عەرەبی باشوورى بەعسییەكانى لەسەر گۆرەوى سپى یان ریشێكى داریوشیانە نەخواردووە.. كە ئێستاكەش گوێیەكى كەڕ بێت و خواش چاكى نەكاتەوە.. ئێوە برسییەتى شەوانى زستانى نەوەدەكانتان نەبینیوە، هەڵاوى خەڵووز داگیرسانى شەوانى تارى نەوەدەكانتان نەبینیوە.. بۆیە هەست بە ژانى خێزانى ئەنفالەكان ناكەن.. هەست بە خۆڵە تۆزى كەلارو كفى و رزگارى و گەرمیان ناكەن.. هەست بە بێنەوایی و حیرمانى مناڵە هەژارە زۆرەكان ناكەن كە هاوینان پێڵاو بۆیاخ دەكەن و عەلاگە دەفرۆشن، بەدەم جگەرە كێشانەوە سیدى فیلمى ڕووت دەفرۆشن.. ئاگاتان لە هاوارى پیرەمێردەكانى بەر دەرگاى مزگەوتەكان نییە كە شقارتەى سەخیف دەفرۆشن.. یان لە شەوانى زستاندا لەسەر مقەباى لاكۆڵانان دەخەون..
(4)
ئەى سەركردە بەڕێزەكان، هیچتان مرۆڤدۆست و مناڵدۆست و ژندۆست و نەخۆشدۆست و ئەنفالكراودۆست نین.. ئێوە چاوتان بە هەژاردا هەڵنایەت، بۆیە ناتوانن یەك چركەش بە راگوزەر سەریان لێبدەن.. ئێوە بوغراى نێو تەلارو ڤێلاو كێڵگەو مێرگە سەناعییەكانن..
سەركردە بەڕێزەكان، هەمووتان بێ جیاوازى،سەركردەكانى نێودەسەڵات و نێو ئۆپۆزسیۆنیش.. هیچتان جیاوازیتان نییە... هەمووتان هەر قسە دەكەن.. قانگتان داوین بە فەلسەفەى هەرتەقەو هیچگەرا.. حەیاى درۆتان بردووە.. رووى درۆتان سپیكردەوە.. ئێوە یەكەمین دڵسۆزو دواهەمین دڵسۆزى ئەم وڵاتە نین.. بەڵكو بە پێچەوانەوە.. ئێمەیەكى نووسەرانى رەخنەگرو راستی بێژ و هەقبێژ.. ئێمەى هەوادارانى سپینۆزاو رۆسۆو دیكارت و عەلى وەردى و ماغوت و كانت و گاندى و ماندێلاو جیڤاراو شەهید قازى محەمەدو عەبدوڵا ئۆچ ئالان، زۆر لە ئێوەى سەركردەو سەرۆك و مەلیك و پادشاو میرى ئەم هەرێمە قوڕبەسەرە دڵسۆزترین... ئێمە لەگەڵ گۆرانییەكى شڤان و ماملێ و سروودێكدا دڵمان دەگرى و لەچاومانەوە فرمێسك دەكات عبوور.. ئەم نیشتمانە ئازیزو بریندارەمان لە ئێوە زیاتر خۆشدەوێت، چاومان نەبڕیووەتە خێرو بێرو نەوت و سامانەكەى، تەنیا نیگایەكى شیرینى گۆیژەو قەرات و باوەگوڕگوڕو پردى دەلالمان بەسە.. قومێ ئاوى سەرچنارو عەلى بەگ و ئەحمەد ئاواو زێی بچووكى دهۆكى جوانمان بەسە..
هەر ئەوەش وامان لێدەكات كیشوەرەكان ببڕین و پارە بۆ سەفەرى بینینەوەى نیشتمان كۆ بكەینەوە.. زۆربەمان بە مانگیش گۆشت و پۆشاكمان نەكڕیووە بۆوەى خەرجیمان بەش و تێرى سەفەرو مانەوەى زیاترى دیتنى نیگاو دیمەنى گەرم و بێوێنەى كۆڵان و شەقام و درەخت و كوڕوكاڵ و هاوڕێ دێرینەكانمان بكات.. ئێمە قەناعەتمان بە خۆڵ و تۆزەكەی نیشتمان هەیە.. بۆیە ئەمێستا لە گەڕەكە هەژارنشینەكان ژیانى كرێچێتى بەڵام سەرفرازى و سەربەرزى دەبەینەسەر.. ئێمەومانان: وانەكانى پێشەواى قازى و شەهید ئارام و گاندى و عەبدوڵا ئۆچ ئالان، فێریان كردووین كە خۆمان لە منداڵێكى بۆیاخچى و پیرەمێردێكى بنێشت فرۆشی ئەم نیشتمانە بەزیادتر نەزانین..
ئێوە یارمەتیدەرو هاوڕێی ئەوانەن كە نادڵسۆزن و وەفایان بۆ باوانى خۆشیان نەبووەو لە هێلانەى خۆیان هەڵدەگەڕێنەوە.. زۆرینەتان وەكو مرۆڤێكى هەژارو نیشتمانپەروەر هەڵسوكەوت ناكات.. ئەوانە دەپارێزن كە هەمیشە هەر خەریكى گەندەڵى و دزى و ماشینەوەو داوێن پیسین، ئەوانەى كە گوێیان مسی تیایە و چاویان كوێرەو دەمیان لە جنێو و قسەى ناشیرین زیاتر ناتوانن هەقبێژى و راستگووتن بێژن.. ئەوانەى كە چاوچنۆكن بەرامبەر ژنە شەهیدو گێچەڵى سێكسیان پێدەكەن..
ئەى سەركردە بەڕێزەكان، لەگەڵ هەمووتانمەو كەمێكى زۆر كەمتان نەبێت ئیدى كەستان لە دەرەوەى ئەم نووسینەدا نین.. هەمووتان بەشدارن لە ناخۆشی ژیان و بێتامكردنى ماناكانى ژیانى زۆرینەمان.. بۆیە رەخنەتان لێدەگرم! لە هەڵبژاردنیشدا، دەنگ بە هیچتان نادەم، چونكە زیاتر لە پێنج ساڵە دێم و دەڕۆم و چاوم لێتانە، ئەم وڵاتەى پاش نۆزدەساڵ بەڕێوەبردن قابیل بە بەراورد نییە تەنانەت لەگەڵ سوریاى بەعسیى و ئێرانى كۆنە ئیسلامى و توركى تۆرانى و راشیستیشدا.. ژیانى خەڵكانى بێگوناهى پێش راپەڕین خۆشتر بووە وەكو زۆرینەى كارمەندو مامۆستاو بەقاڵ و دەستگێڕو شۆفێرى تەكسی و پیادەى سەر شەقامەكان دەیگێڕنەوە.
(5)
بەڕێزان، باوەڕ دەكەن یان نا، ئارەزووى خۆتانە، بەڵام ئەوەى دەیبینم زاڵبوونى هزرو بیرو كردەوەى عەشوائی و عەشایرى و نەزانى و جەهالەتى و رەمەكى و سۆزدارانەى زۆرینەى توێژو چینەكانە.. زۆرینەى كچان و كوڕانى لاوانى بێدەرەتانە.. ئەفسووس لە هەموو لایەكەوە.. لە هەموو شوێن و جێگەیەكدا.. زاڵبوونى بیرى ناكۆك و یەكتر قبوڵنەكردن و ناتەبایی و خۆپەرستى و پارەپەرستى و قۆڵبڕین و بێویژدانى و رق و كینەو بێرَێزى، بەركەماڵە لە هەموو جومگەكانى كۆمەڵگادا.. كێشمەكێشى دژو دژوارە لە نێوان تاكەكان و چینەكان و ژن و پیاوو پیرو گەنج و منداڵ و مێردمنداڵ و گەورەو بچووكەكانى نێًو خێزان و گەڕەك و بازاڕو قوتابخانەو داییرەو لە سەنتەرو رێكخراوە حیزبى ئەهلى و نیمچە ئازادەكاندا....چونكە ئەوانە ڕەنگدانەوەى سیاسەتى حیزبەكانەو راستەوخۆ رەنگدەداتەوە لە كۆمەڵگادا.
(6)
ئەوەى دواى نۆزدە ساڵ لە بوارى ئینسانى و مرۆڤایەتییەوە، بەهۆى سیاسەت و فیكرو بەرنامەو رەفتارى ئێوەى دەسەڵاتەوە هاتووەتە ئاراوە: مەخابنە بۆ مێژوو.. بۆ حورمەتى مرۆڤــــ، بۆ نیشتمان.. جێی مەترسییە بۆ ئەم ئەزموونە ناسك و هەستیارەو لەم كاتە پڕ لە مەترسییەدا.. جێی داخە كە نەوەیەك هاتوەتە مەیدانەوە یەكتر قبووڵناكەن و ڕێز لە بیرو بۆچوونى یەكتر ناگرن دیالۆگ لە ئارادانییە، خۆشەویستى و ئینتیما بۆ نیشتمان ڕوو لە كزییە ڕێز بۆ یەكتر لە پووكانەوەدایە.. ڕق زاڵە بەسەر خۆشەویستى و ڕێزگرتنا.. ڕێزو خۆشەویستى و تەقدیر بۆ موڵكدارێتى تەنها بۆ خودى شەخسییە و بۆ موڵكدارێتى گشى و هەمووان قەڵاچۆكراوە.
لەم كۆمەڵگا هەشبەسەرەمانداو ئەوا بۆ نۆزدە ساڵە، لەژێر سایەى حوكمى ئێوەدا: پارە لە مرۆڤــــ پایەدارترە.. هەڵپەكردن بۆ قۆڵى یەكتر بڕین.. لە سپێدەوە تاكو نیوەشەو لە برەودایە..
(7)
بەڕێزانى سەركردە: لە ئاكامى بەڕێوەبردنێكى چەواشەدا، لە ئەنجامى لێنەپرسینەوەدا لە گەندەڵ و دزو درۆزن و شرواڵ پیس و....تاد. لە ئاكامى نەبوونى شەفافییەت و ناعەدالەتى كۆمەڵایەتى لە دابەشكردنى سامان و بودجەى زۆرى ئەم وڵاتەدا: واقیعێك و ژیانێك دەستەبەر بووە بۆ تاكى كورد (لە مناڵییەوە بۆ پیرەكانى) كە ماناو تام و خەون خولیاى مرۆڤــ و ژیانى چەواشەو بێسەروبەرەیە.. مناڵیش هەستدەكات دواى كڵاوى بابردوو كەوتووە.. لە سەرابدا دەژى.. لە كۆڵانى شەویدا چراى تیا نییە.. لە ڕێگاوباندا هاوڕێ و هاوبیرى نییە.. هەموو وا هەستدەكەن لەنێو كەشتییەكدان كاپتنەكەى سەرخۆشەو عەقڵى لەدەستداوە.. لاوو گەنجەكانى ئەم نیشتمانە مەنفایە لە تووڕەیی و نامۆییدا، لەگەڵ سێبەرى خۆشیدا بەشەڕ دێت.. نامۆیە بە خۆى و دەستگیران و نیشتمانەكەى لە هەموو شتێك تۆراوە.. دڵى بە هیچ شتێك خۆشنابێت خەون و خولیاى نەماوە.. ئینتیماى بۆ نیشتمانەكەى لە كوێوە بێنێ چونكە سوودمەند نییەو پەراوێزكراو خۆى دەبینێتەوە.. منداڵەكانیشى هەروان (بەتایبەت هەژاران) بەشمەینەت و بێنەوان .. بێ پارك و سەیرانگاى نێو گەڕەكەكانن.. بێ یاریگاو باخچەى ساوایانى خۆڕایی و بێبەرامبەرن.. ئەوانیش سوودمەند نین..ئەوانیش دڵیان خۆش نییە.. ژنان: دایكان و كچان، هاوسەران، عاشقەكانیش خۆیان بە پەراوێزكراوو هاووڵاتى پلە دوو یان سێ دەبیننەوە.. پیرەكان لەبەر دەرگاى مزگەوت و لاكۆڵانان شقارتە و تەسبیح و گوڵبەڕۆژە دەفرۆشن.. بێ مووچەو ڕێزلێنانن.. بێ بزەو خەندەى راستەقینەن.. ئەمانەو چەندان توێژو چینى ئەم كۆمەڵگایەمان لە هیلاكى و ماندووێتیدا ژیانى ناهەموار بەسەر دەبەن..
(8)
ئێوەى سەركردە، هەرگیزاو هەرگیز، واز لە توندوتیژى و دیماگۆگى و حیزبایەتى و خزم خزمێنەو واستەو حیزب حزیبێنە ناهێنن.. واز لە لایەنگرى و بەرژەوەندى بۆ لایەنێك ناهێنن.. ئێوە ناتوانن ببنە بەرپرسی خزمەتكارو خزمەتگوزار پێشكەشكار.. تازە ئێوە لە بورجى عاجێوەو لە جامى رەشەوە تەماشاى ئێمەى میللەتى قالۆنچەو مێروو دەكەن.. ئێوە ناتوانن ببنە دڵسۆز بۆ ئاڵاو خاك و سنوورو شاخ و دەشت و ئاوو هەواى ئەم زێدە شیرینەمان كە پێش ڕاپەرینى خەڵكى كوردستان بە هەزاران ساڵ زیندانى ژێردەستەبوو..
ئەو نیشتمانەى كە تینووى ئازادى و ئاخاوتن و خەون بیین بوو.. زێدى سیخناخ بوو لە سێدارەو ژوورى جەلاددە پێست ڕەشەكان.. هەرگیز ئەوەتان لەبیر نییە كە كورسی بۆ كەس نامێنێتەوە تاهەتایە.. ئەوەى نەمرەو بێكۆتایە ناوى شۆڕشگێڕە مەزنەكانى وەكو شێخ شەعیدى پیران و قازى محەمەد و گاندى و جیڤارا و هەزاران ناوى پرشنگدارى دیكەیە لە مێژووى مرۆڤایەتیدا كە هەرگیز بیر ناچنەوەو میللەتانى سەر ڕووى زەوى شانازیان پێوە دەكەن....نەوەك سەدامى دیكتاتۆر و مرۆڤكوژ....
ئێوە هەرگیز ناتوانن قەڵەم بەدەستانى زەمەنى براكوژى خانەنشین بكەن و پارەو پوولی خەڵكانیان بەسەردا نەبەخشنەوە.. ناتوانن تاوانبارەكان و دزەكان بدەن بە دادگا، ئێوە ناتوانن واز لە زەوى داگیركردن و بە هەدەردانى سامانى نەتەوەیی بێنن.. ناتوانن یەكسانى نێوان هەژارو دەوڵەمەند، ژن و پیاو، بەرپرس و هاووڵانى پیادە بكەن و عەدالەتى كۆمەڵایەتى بچەسپێنن.. هەرگیز ناتوانن بێكارى نێو لاوان و تازە دەرچووان لەناوبەرن و واز لە پرۆپاگەندەو دیعایەكردن بێنن.. واز ناهێنن لە گفت و پەیمانى درۆ، ئەوەتا منداڵەكانیشمان فێرى درۆ بوون..
(9)
ئێوە هەمووتان وەكو یەك وان، ئەڵێى كۆپی كراون، ناتوانن ئاشتیخواز و مرۆڤدۆست بن.. یەكترتان قبووڵ بێت.. ناتوانن وا بیر بكەنەوە كە نیشتمان لە هەمووتان گەورەتر بێت.. ناشتوانن بە یاساى سەروەر بیچەسپێنن كە مافى مرۆڤى ئەم كوردستانە بپارێزن و بە دەستوور كەرامەت و هەق و سامان و ژیان مردنى بپارێزن، جووداخواز و پەرت پەرتكارى مرۆڤى كورد نەبن.. برا لە برا نەكەن.. بە هێمنى و بە عەقڵەوە میتۆد و پرۆگرامى زانستى دابڕێژن بۆ ئەوەى ببنە قوتابخانە بۆ ئێمەى جاهیل و نەخوێندەوارو خێڵەكى و پیاوسالار.. ناتوانن واز لە فەرهەنگى تۆڵەسەندنەوە بێنن ..واز لە نوومایشكردنى هێزو دەسەڵات بێنن بەسەر میللەت و هاوونیشتمانى ماندووەوە.. واز لە قومارى كەللەڕەقى خەیاڵى بردنەوەو سەركەوتن بێنن..
هەمووتان لەیەك دەچن، لە دیكتاتۆر دەچن، لە سەدامى دیكتاتۆر دەچن.. هەموو شتێك بۆ بردنەوە و سەركەوتن بەكار دەهێنن.. ناتوانن واز لە كبریاو خۆپەرستى بێنن و نیكرانى زاتى خۆتان بكەن.. ئامانجتان ئەوە نییە كە دوو منداڵ بە هێمنى گەورە ببن.. كچ و كوڕێك كە یەكتریان قبووڵ بێت و جیاوازى یەكتر نەبینن و بۆ چەوساندنەوەى یەكتر بەكاریان دەهێنن.. ئێوە هەرگیزاو هەرگیز ناتوانن رۆحییەتى برایانەو ئاشتیخوازانەى گاندى و ماندێلا و دەلاى لاما زیندوو بكەنەوە..رۆژى سەدانجار رۆحى مەلا مستەفاو ئیبراهیم ئەحمەد لە گۆڕەكەشدا تووشى لەرزەو داچڵەكان دەكەن...
لەبەر ئەو هۆیانەو سەدان هەزار هۆكاى دیكە كە بۆم نانووسرێنەوە، رەخنەتان لێدەگرم.. باوەڕم بە هیچتان نەماوە.. هەمووتان هەر قسەى زلتان لایەو مێشكى سەرمان چوو، شەڕمان بۆ دێننە كوونى ژوورەوەو ئاسوودەییمان لێ زەوت دەكەن.. یەك فلسى سوورتان لێوەرناگرم و منەتم بە كەستان نییەو چاوم لە كورسی و پلەوپایەى كەستان نییە.. كەسیشتان لە خۆم بە گەورەتر لە نیشتمانى هەتیوم نازانم.
(10)
بژى كوردستان.. بژى مرۆڤ و مرۆڤدۆستى.. بژى مرۆڤى ئازادو سەربەخۆو ناحیزبى.. بژى هەژارانى كوردستان.. بژى گشت كرێچییەكان.. بژى گشت پیادەو بێكارو نامۆو هەتیو و كوڕە شەهیدو ئەنفالكراوەكانى سەر شەقامە خوارو خێچەكانمان.. بژى هیوا بۆ دوارۆژێك كە كۆمەڵگای كوردى حاكمێكى عادل و مرۆڤدۆست و هەژاردۆست حوكمى دیموكراسییانەى تیادا دەكات و دادگاكانى زۆر سەروەرن و دزو گەندەڵ و داوێن پیس و زاڵم لە سێدارە دەدەن.. بژى كودستانى گەورەى ئازاد.
تێبینى: پاش ئەوەى چەندان وتارم لە سایت و رۆژنامە ئازادو ئۆپۆزسیۆنەكاندا بڵاوكردەوە، زۆر كەس بە ئیمەیل و تەلەفۆن، دەستخۆشیان لێكردم و هەندێكیان سڵاوەكەیان سارد بوو، زۆریشیان رەخنەى ئەوەیان لێئەگرتم كە بۆچى ئەوەندە توندم بەرامبەر دەسەڵات و رەخنەیان لێئەگرم و ستایشیان ناكەم؟ بۆیە بەم وتارەو بە دیدى كۆمەڵناسانەوە، بێلایەنانەو دوور لە تەشهیرو پلارو توانج، شرۆڤەیان بۆ ئەكەم و وەڵامیان ئەدەمەوە.
*كۆمەڵناس
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست