قوتابخانەماڵى دووەمى قوتابیە ؟ یان بەندینخانەیە؟
Saturday, 24/07/2010, 12:00
زۆرجار گوێبیستى ئەو ووتەیە دەبین كەدەڵێن : قوتابخانە ماڵى دووەمى قوتابیە ، بەڵام ئایا تائێستا كەسێك بۆسەلماندنى راستى ئەو ووتەیە هیچ توێژینەوەیەكى راست و دروستى كردووە كەقوتابیان فاكتەرى سەرەكى نێو ئەوتوێژینەوەیە بن تا بۆمان دەربكەوێت كەئایا قوتابخانە ماڵى دووەمى قوتابییە یان نا ؟ زۆر بەداخەوە لەم هەرێمەى ئێمە خەڵكانێك هەن بەئارەزووى خۆیان لێكدانەوە بۆهەندێ شت دەكەن و پێناسە و مانایان بۆدادەنێن كەدەگمەنیان نەبێت ئەگەرنا ئەوانیتر هەموویان دوورن لەراستى ، من لێرەدا بەپێویستم زانى هەڵوەستە لەسەر ئەو ووتەیە بكەم و تاكو بگەمە بنج و بنەوانى راستیم بۆدەربكەوێت تاكو بزانم ئایا بەكردار راستە قوتابخانە ماڵى دووەمى قوتابیانە ؟ ساڵى رابردووى خوێندن لەگەڵ ئەم پشووى هاوینەى ئەمساڵ خەریكى توێژینەوەیەك بووم بۆگەیشتن بەراستى و دروستى ئەو ووتەیە كەلەم توێژینەوەیەمدا زیاتر لە540قوتابى تێیدا بەشداربوون و تێیدا قوتابى خودى خۆى كارەكتەرى سەرەكى نێو ئەوتوێژینەوەیەم بوون نەك دایك و باوكى قوتابى یان كەسانێك كەرابردووى قوتابخانەى خۆیان بیرچۆتەوە و بەخەیاڵ دەڵێن قوتابخانە ماڵى دووەمى قوتابیە !!! لەوتوێژینەوەیەم ئەوقوتابیانەى بەشدارییان تێداكرد هەر لەقۆناغى یەكەمى بنەرەتى تا قۆناغى 12ى ئامادەیى بوون ، هەریەكەیان بەجۆرێك باسیان لەقوتابخانە و كۆسپ و تەگەرەو ناخۆشیەكانى كرد ، بۆئەوەى زانیارى ئەوتوێژینەوە روون بێت هەندێك لەووتەى قوتابیانى بەشداربووى نێو توێژینەوەكەتانم بۆدەخەمەرووتاكو ئاشنابن كەئەوقوتابیانە چۆن باسیان لەقوتابخانە كردووە ، یەكێك لەقوتابیەكان كەپۆلى سێیەمى بنەرەتى بوو ووتى : هەموو رۆژێك لێدانێك بەدەستى دایكم دەخۆم ئینجا دێم بۆقوتابخانە چونكە زۆر رقم لەقوتابخانەیە چونكە كەلەدەرگاى قوتابخانە چوومە ژورەوە تاكۆتایى دەوام ناتوانم بێمە دەرەوە و وەك ئەوە وایە سجن بكرێین ، یەكێكیتر كەپۆلى 8ى بنەرەتیە ووتى ، قوتابخانە سوودێكى گەورەى هەیە بەڵام ئەوقسەیە راست نیە كەدەڵین قوتابخانە ماڵى دووەمى قوتابیە چونكە ئەوە هەشت ساڵە هەر لەسەر رەحلەى دارى سارد و سڕ و رەق و تەق دادەنیشم و تووشى پشت ئێشان بووم ، یەكێكیتر لەوقوتابیانە كەپۆلى 12ى بنەرەتیە ووتى : وێراى زۆرى گرنگى قوتابخانە بەڵام قوتابخانە لاى من وەكو بیابان وایە چونكە ئەوە سێ ساڵە لەقوتابخانەیەكم جگە لەگۆرەپانێكى گەورەى خۆڵاوى 1دارودرەخت و گوڵ و گوڵزارێك بەدى ناكەى تادڵمان پێى خۆش بێت ، قوتابیەكیتر كەلەپۆلى یەكەمى بنەرەتى بوو ووتى : رقم لەقوتابخانەیە چونكە كەتینوومان دەبێت مامۆستا ناهێلێت بچین ئاوى بخۆین و هەموو كات دەڵێت هەردوو دەستتان بەسینگتانەوە بنێن و یەك قسەش نەكەن ئەگەرنا لێتان دەدەم منیش زۆر دەترسێم !!! قوتابیەكیتر كەپۆلى 10ى بنەرەتى بوو ووتى : من قوتابخانە بەماڵى دووەمى خۆم دەزانم چونكە قوتابخانەكادەمان لەلایەن كۆریەكانەوە دروستكراوە زۆر خۆشە ، قوتابیەكیتر كەپۆلى 2ى بنەرەتى بوو وتى مامۆستاكەمان زۆر بەدنگى بەرز دەڵێت بێدەنگ بن منیش زۆر دەترسێم و زۆرجاریش لەترسى ئەومامۆستایە ناچمە پۆلەوە ، یەكێكیتر لەوقوتابیانە كەپۆلى 6ى بنەرەتیە ووتى حەزم لەقوتابخانەیە بەڵام قوتابخانەكەمان دەرگاكانى شكاوە و شوشەى پەنجەرەكانیشى شكاوە زۆر جاریش رەحلە نیە لەسەرى دابنیشین ، قوتابیەكیتر كەلەپۆلى 1ى بنەرەتى بوو ووتى :- كتێبەكانمان زۆر گەورەو قورسن ئەوهەموو كتێبەم بۆهەڵناگیرێ و ئەگەر ساڵێكیتریش كتێبەكانمان ئەوها قورس و گەورەبێت ئەوا وازلەقوتابخانە دێنم !!! وێڕاى ئەوەى چەندین بۆچونى جۆراوجۆرمان باسكرد و سەدان ووتە و بۆچوونى تر هەبوون كەمایەى باسكردنە بەڵام ناكرێت لەوراپۆرتە ئاماژەى پێبكەین ، بەڵام وێراى سوود و گرنگى بێپایانى قوتابخانەكان و پەروەردەو فێركردن و رۆڵى بەرزى مامۆستایان لەئەنجامدا بۆمان دەركەوت كەئەو ووتەیە رەنگە لە1%ى راست بێت چونكە بیناى قوتابخانەكانمان و سیستەمى پەروەردە و فێركردنمان گونجاو نیە و ساڵانە توێژینەوەى بۆناكرێت ، لەكاتى گۆرینى سیستەمى پەروەردە پرس و را بەكام قوتابى كراوە ؟ لەكاتى ئێستا كەئەم سیستەمە نوێیەى دەخوێندرێت كام سەرپەرشتیار هاتووە پرسیارى لەقوتابیەك كردووە سەبارەت بەوسیستەمە نوێیەو راى وەربگرێت ؟ وێراى سەدان رەخنە و نارەزایى قوتابیان لەوسیستەمە نوێیە كام پەرتووك و برگەى پەرتووكەكان هەڵپەسێردران یان لەسیستەم لابرا ؟ مەگەر دەگمەن نەبێت كام بیناى خوێندنمان بۆخوێندن گونجاوە ؟ مواسەفاتى قوتابخانەكانمان بریتیە لە (بینایەكى كۆن و گۆرەپانێكى بێ دارودرەخت و خۆڵ و تۆزاوى و دیوارێكى بەرز كەوەكو دیوارى بەندینخانەكان وایە و لەدەرەوەش هەموو بەمانشێتى ناشیرینى جۆراوجۆر نوسراوە و پیسكراوە و دەرگاى شكاو وپەنجەرەى بێ شوشە و رەحلەى دارى ساردوسر و رەق و تەق و سەبورەى رەشى ناشیرین و پۆلەكەش یەكپارچە داپۆشراوە بەتۆزى تەباشیر و منداڵ بێزى نایەت بچێتە ئاودەستەكان و پیسى فرۆشگاى قوتابخانەكانیش هەرباس ناكرێت !!! نەبوونى سیستەمى سارد و گەرمى لەقوتابخانەكان تەنها لەزستاناندا چەند سۆبەیەكى كۆن كەنەوتەكەشى چاوى ئینسان بەرگەى ناگرێت ، زۆربەى قوتابخانەكان تائێستا كارەباشیان نیە و بەشیش و ئاسن زەنگ لێدەدەن ، كام قوتابخانە هەیە سیستەمى ئاگر كوژاندنەوەى تێدابێت ؟ یان كام قوتابخانە هەیە سیستەمى هەوا گۆركێى لەپۆلەكان هەبێت ؟) ئەم كەموكورى و مواسەفاتانەى قوتابخانەكان كەئاماژەمان پێكرد و دەیان و سەدان كەموكورى تر لەبیناكانى خوێندن و كەموكورییەكانى سیستەمەكە و ئاستى زانیارى و هەڵسوكەوتیان لەگەڵ قوتابیان وایكردووە قوتابخانە لەبرى ئەوەى ماڵى دووەمى قوتابى بێت بۆتە بەندینخانە ، پێویستە ئەوەش لەبیرنەكەین و ئاماژەى پێبكەین قوتابخانە بۆهەندێك دایك و باوك ماڵى دوومە بۆمنداڵەكانیان چونكە هەندێك دایك و باوك هەیە منداڵى زۆرەو خواخوایەتى لەكۆڵى ببنەوە بۆیە ئەوەندەى خۆشە كەمنالەكەى لەقوتابخانەیە ، هەندێك دایك و باوكیش هەن دەڵێن ئەگەر منداڵەكەمان فێرى هیچیش نەبێت خۆ چەند سەعاتێك لەكۆڵمان دەبێتەوە !!! بۆیە پێویستە وەزارەتى پەروەردە هەڵوەستەیەكى جددى بكات و چاوێك بەهەموو كون و كەلەبەرەكانى پەروەردە وخوێندن داخشێنتەوە چونكە ئەوبینایانەى كەبۆخوێندنگا ئێستا لەسەدەى بیست و یەك لەكوردستان دروست دەكرێت هیچ مواسەفاتێكى نێودەوڵەتى تێدانیە و لەهەر ووڵاتێكى تر بێت لەبرى دروستكردنیان ئەوبینایانە تێكدەدەرێن .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست