درزە نوێیەكەى نێوان یەكێتى و پارتى ، ئاسۆیەكى ئومێدبەخش بۆ میللەت
Monday, 01/10/2012, 12:00
لەسەردەمى شاخ زۆربەى هێزەكوردییەكانى هەرێمى كوردستان هاوسەنگەر و هاوخەبات بوون و شان بەشانى یەكتر دژى دوژمنانى میللەتى كورد خەباتیان دەكرد بەڵام كاتێك هاتنەوە شار و دەستیان كرد بەخەباتى شار گۆمەكەیان لێڵ كرد چونكە پلە و پۆست و پارە هاتە ناو هاوكێشەكان و دۆخەكە لەبەرژەوەندى میللەتەوە گۆڕا بۆ بەرژەوەندى سیاسیى و حیزبى و تاكەكەسى و بەشێك لە لایەنەكان لە هاوسەنگەرییەوە كەوتنە دژە سەنگەرى یەكتر و پۆست و پلە و پایە كەوتە سەر هەموو بەرژەوەندییەكانى میللەت و فیفتى بە فیفتى داهێنانێكى نوێى بەشێك لە لایەنە سیاسیە كوردییەكان بوو بۆ سەردەمى شار و پیادەیانكرد ، دواى هەڵبژاردن و پێكهێنانى پەرلەمان و حكومەت و گاگۆڵەكردنى سیستەمى حوكمڕانى هەرێم بەرژەوەندییە حیزبى و سیاسیەكان قوڵتربونەوە و تا كار گەیشتە ململانێى توندو شەڕى ناوخۆ و دابەشكردنى هەرێم بۆ دوو ناوچەى سەوز و زەرد و پێكهێنانى دوو حكومەتى زەرد و سەوز و دەستگرتن بەسەر كایە گرنگەكانى وەك ئابوورى و كارگێڕى لە پێناو بەرژەوەندى حیزبى و لەو ماوەیەشدا میللەت بەقۆناغێكى سەختدا تێپەڕى و جگە لەگەمارۆى ئابوورى سەر عێراق گەمارۆى ناوخۆى ئابوورى هەرێمە دوو ڕەنگەكەشى هاتەسەر و زۆرێك لەدانیشتوانى هەرێم بۆ دابینكردنى قووتى رۆژانەیان خانە و لانەكانیان فرۆشت ، دواتر بەمیانگیرى ئەمەریكا رێككەوتننامەى ئاشتى مۆركرا و وردە وردە دۆخەكە بەرەو ئاسایى بوونەوە هەنگاوى نا ، بەلام تائێستا ئاسەوارەكانى شەرى ناوخۆ و ململانێ ناوخۆكان وەكو پەڵەیەكە بەئاسمانى هەرێمى كوردستان و یەخە و بەرۆكى تاكەكانى هەرێمى بەرنەداوە باشترین بەڵگەش ئەوەیە لەم ماوەیەدا یەكێتى كە هاوپەیمانێتى ستراتیژى لەگەڵ دۆستە زەردەكەى هەیە لەدەڤەرى بادینان زیڕەى لێ هەڵساوە لەبەرامبەر بێبەشكردنى كادیرەكانیان لەپلەو پۆستەكانى دەڤەرەكە و سەبرى ئەیوبى كۆتایى پێهات و لەو پێناوەشدا داوایكرد پێداچوونەوە بەڕێككەوتننامەى ستراتیژى بكرێت و بەشدارییان پێبكرێت لەوناوچەیەدا و ئەگەرى ئۆپۆزیسیۆن بوونیشیان لەدەڤەرەكەدا لەبەردەم خۆیان لەناوچەى بادینان واڵاكردووە، ئێستا لاى هەمووانیش ڕوون و ئاشكرایە ڕێككەوتننامەى ستراتیژى جگە لەسوود و دابەشكردنى پلە و پۆست و سەرمایەى ئەم هەرێمە لە نێوان هەردوو حیزبە باڵادەستەكەى هەرێم هیچ سوودێكیترى نەبووە و ناشبێت و لەئێستاشدا هاوكێشەى هەرێم بەجۆرێك گۆڕاوە كە هەموو هێزەكان بەدواى هاوپەیمانى نوێ و دروستكردنى سەنگ و قورسایى و بەرەو هاوكێشەى نوێدا دەگەڕێن ، زۆرجاران كاربەدەستانى یەكێتى و پارتى دەڵێن ڕێككەوتننامەى ستراتیژى لەبەرژەوەندى میللەتى كوردە و كۆتایى هێنا بەشەڕى ناوخۆ ، ئەم قسەیە تاڕادەیەك دەتوانم بڵێم ڕاستە كەواتە دەتوانین بڵێین لەلاى ئەم دوو حیزبە بەرژەوەندى میللەتى كورد لەم هەرێمە لەدابەشكردنى داهات و پلە و پۆستەكاندایە لەنێوان یەكێتى و پارتى ، ئەگەر رێككەوتننامەى ستراتیژى كۆتایى بەشەڕى ناوخۆ هێنابێت و لەدواى ئەم رێككەوتننامەیە كەس نەكوژرابێت خۆ بەڕوونى هەستى پێدەكەین ئەم رێككەوتننامەیە بووەتە هۆى كوشتنى دیموكراسى و ئازادى و تاڕاددەیەكیش ڕادەربڕین و خۆپیشاندان و گردبونەوەى جەماوەرى و دواى بیست ساڵیش لەحوكمڕانى خۆماڵى ئەزموونەكە نەكەوتۆتە سەرپێى و بەلار و لەوێرى هەنگا و دەنێت بەشێك لەچاودێرانى سیاسیش دەڵێن ئەزموونى هەرێم لەسایەى حوكمڕانى ئەم دوو حیزبە بووەتە كەسێكى مەنگۆل و ئەستەمە بتوانێت بێتە سەر شنگ و تاقەت و ببێتە ئەزموونێكى تەندروست ، ماوەیەكە لەنێو هەردوو حیزبى بەشدار لەو ڕێككەوتننامەیە دەنگى ناڕەزایى و گلەیى و ڕەخنە ئاڕاستەى ڕێككەوتننامەكە دەكرێت بەتایبەت لەلایەن یەكێتى كە لەئێستادا خۆى بەیوسفى نێو دوازدە برا دەزانێت و بەتەواوەتى هەست بەمافخوراوى دەكات و چیتر ناتوانێت بەرگەى پاوانخوازى دەسەڵات بگرێت لەلایەن هاوپەیمانەكەیەوە بۆیە لەدوایین كۆبونەوەى سەركردەكانى یەكێتى بەسەرۆكایەتى تاڵەبانى بەئاشكرا لەبەلاغى كۆتایى داواى پێداچوونەوە بەڕێككەوتننامەى ستراتیژى كرا و داوایانكرد سیستەمى هەرێم لەسەرۆكایەتیەوە بكرێتە پەرلەمانى و دەستووریش بگەڕێتەوە پەرلەمان بۆ ئەوەى سازانى نیشتیمانى لەسەربكرێت ، بەشێكى ئەم داوایانەش بەلاى پارتیەوە تاڕادەیەك هێڵى سوورە بەتایبەتى گۆڕینى سیستەمى سەرۆكایەتى بۆ پەرلەمانى و گەڕانەوەى دەستوور بۆ پەرلەمان و كۆبونەوەى ڕاستەوخۆى نێوان گۆڕان لەگەڵ یەكێتى و هاوهەڵوێستى نیشاندان لەنێوانیان درزێكى نوێى خستە نێو پارتى و یەكێتى و چاوەڕواندەكرێت تا هەڵبژاردنى پەرلەمان و پارێزگاكانى هەرێم هاوكێشە و هاوپەیمانێتى نوێ بێتەكایەوە كە بیەوێت و هەوڵبدات كۆتایى بەدۆخى چەقبەستووى سیاسیى هەرێم بهێنێت بەم پێیەش دەكرێت میللەت چاوەڕوانى ئاسۆیەكى نوێ بێت لەبەرژەوەندى تاكە تاكەى دانیشتووانى ئەم هەرێمە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست