دۆستى و پۆستى
Wednesday, 18/08/2010, 12:00
ئاشكرایە زیاتر لەپێنج مانگ بەسەرهەلبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق تێپەریكردووە بەڵام بەهۆى ململانێ توندەكانى نێوان قەوارەكان و خودى كەسایەتیەكانیش لەنێو قەوارەكان نەتوانراوە پۆستە بالاكان یەكلایى بكرێتەوە و حكومەت پێك بهێنرێت كەئەمەش بۆتە مایەى نیگەرانى هەموو تاكێكى عێراق تا ئەورادەیەى واى لێهاتوە كەپەشیمان بین لەودەنگەى كەداومانە لەوهەلبژاردنە ، جێگاى نیگەرانیە چەند كەسێك بۆ وەرگرتنى پۆستێكى بالا و بەرژەوەندى حزبى و شەخشى كەشێكى ناتەندروستیان بۆعێراق و گەلەكەى خولقاندووە كەبۆتە مایەى بێزارى توورەیى هەمووان و كەشێكى نائارامیشى بۆئاسایشى عێراق دروستكردووە ، كەشێكى نەویستراو و ناشارستانى باڵى بەسەرعێراق و گەلەكەى دا هاتووە كەبووەتە هۆى ئەوەى دانیشتوانى عێراق پشتگوێ بخرێن لەزۆربەى خزمەتگوزاریەكان پشتگوێ بخرێن بەهۆى ناكۆكى كەسایەتى و لیستەكان لەسەر پۆستە شەخسى و باڵاكان ، ئێستا و لەوبارودۆخەى عێراق زۆربەى كەسایەتى و لیست و قەوارەكان پشتیان لەیەكتركردووە و جگە لەكورد هیچ یەكێك لەلیستەكانى تر نیە لێدوانى جیاجیاى تێدا نەبێت و یەكترى تۆمەتبار نەكەن ، لیستەكانى چاویان لەپۆستە بالاكانە و تاكەكەسى نێولیستەكانیش ركابەرى یەكترن و هەركەسە بۆخۆى هەول دەدات بۆوەرگرتنى پۆستى بالا ، بەلام ئەمجارەیان جیاوازتر لەجاران و لەهەلبژاردنەكانى پێشوو بەدەستهێنانى دۆستایەتى و پالپشتى بۆتە شتێكى ئەستەم تەنانەت ئەوانەى پێشووتر لەساحەكە پالپشتیەكى باش و بەرچاویان هەبوو بەلام ئێستا كەس روویان تێناكات و پشتیان تێكراوە بۆیە هاوكێشەكان گۆرانكارى سەرلەبەرى بەبەرداهاتووە و شیكاركردنەكان ئەستەم بووە و بەئاسانى شیكارناكرێت و تەنها بەكەس و لیستێكیش هاوكێشەكان شیكارناكرێت بەلكو ئەمجارە پێویستى بەهەموو لایەنەكانە بۆشیكاركردنى هاوكێشەسیاسیەكە تاكو دەرەنجامێكى وابەدەستەوە بدات هەموو لایەك پێى رازى بن و كاریگەرى لەسەر داهاتوو و بارى ئاسایش نەبێت و هیچ ژمارەیەكیش پەراوێزنەخرێت ، ئەگەر لەرابردوودا نەتەوەگەرى و مەزهەب گەرایەتى رۆڵى بینیبێت لەهاوكێشەسیاسیەكان بەلام ئەمجارەیان بەرژەوەندى دەورى تەواو دەبینێت ، بۆیە لەئێستادا نەتەوەگەرایەتى و مەزهەب گەرایەتى وەلانراوە و ئەجێنداى سیاسى بۆتە سەنگى مەحەك ، هەرلیست و كەسێك بدوێنى و داواى پالپشتى لێبكەى لیستێكت لەئەجێنداى خۆى و حزبەكەى پێشكەش دەكات و ئەگەر تۆ بەو ئەجێندایە رازى بیت و گەرەنتى بدەیتێ ئەوا پالپشتى بۆخۆت مسۆگەر دەكەى ، بۆیە لەئێستادا دەبینین كوردیش لایەنى سۆزدارى وەلاناوە و ئەجێندایەكى تایبەت و نوێى هەیە كەدەتوانین بڵێین ئەجێنداى ئەمجارەى كورد هێڵى سورە و بەبێ رازیبون لەسەرئەم ئەجێندایە و بگرە بەبێ گرەنتى ئەمجارەیان زەحمەتە كورد بەئاسانى پالپشتى لەهیچ كەس و قەوارەیەك بكات ، هەروەكو بینیمان چەند رۆژێك لەمەوبەر ئیئتلافى لیستە كوردستانیەكان گەرایەوە بەغدا و كارنامەى خۆى پێشكەشى سەرجەم كەسایەتى و قەوارەسیاسیەكان كردوو لەزارى هەندێك لەكەسایەتى نێو ئەو ئیئتلافە هەركەس و قەوارە و لیستێك رەزامەندى لەسەر زۆرینەى خالەكانى نێو ئەوكارنامەیە پیشانبدات ئەوا ئیئتلافى لیستە كوردستانیەكان پالپشتى و هاوپەیمانێتى لەگەڵ ئەودا دەكەن ، بۆیە لەئێستادا دۆستایەتیەكان باویان نەماوە و چاوەروان دەكرێت دۆستایەتیەكان سەرلەبەرى گۆرانكارى بەسەردابێت ، رەنگە ئەوانەى دوێنێ دۆستى یەكتربوون ئەمجارەیان ببنە دوژمنى یەكتر وەرەنگە بەپێچەوانەشەوەبێت ، بۆیە ئەمجارە دۆستایەتى لەسەربنەماى پۆستایەتییە ، پالپشتى كێ بكەیت بۆپۆست ئەوا ئەودەبێتە دۆست ، بۆیە وا بۆكورد باشترە تاناكۆكیەكانى نێو لیستە عەرەبى و شیعەكان یەكلایى دەبێتەوە پالپشتى و هاوپەیمانێتى خۆى بۆهیچ كەسێك رانەگەیەنێت .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست