لەبرى گوللەوەنان بەدوژمن ، گوللە بەئاوارەكانەوە دەنرێت !!!
Saturday, 19/06/2010, 12:00
رۆژ بەرۆژ لەم هەرێمە پر مەینەتیەى ئێمە شتى عەجایب و سەیروسەمەرەى زیاتر دەبینین ، وەكو لاى هەمووان روون و ئاشكرایە چەندساڵێكە هەردوو دەوڵەتى بەناو دراوسێ توركیا و ئێران بەهەموو جۆرەكانى تۆپ و تەقەمەنى ناوچە گوندنشینەكانى ئەم هەرێمەى ئێمە تۆپباران و كاول دەكەن بەڵام لەلایەن بەرپرسانى كوردەوە جگە لەدەركردنى بەیاننامە تائێستا هیچ هەنگاوێكیتر نەنراوە كەئەمەش جێگاى هەلوەستە و تێرامانە ، دوێنى سەیر و سەمەرەیەكیترمان بینى كەلەهیچ شوێنێكى ئەم جیهانە شتى ئەوها رووینەداوە !!! ئاوارە لێقەوماوەكانى سەرسنور لەبرى ئەوەى حكومەتى هەرێم بچێت بەوپەرى فەخرەوە كەئەركى سەرشانى حكومەتە بچێت بەهاناى ئەو ئاوارە ولێقەوماوانە و خزمەت و كۆمەكیان پێشكەش بكات بەپێچەوانەوە ئاوارە لێقەوماوەكان دێن داواى یارمەتى دەكەن !!! لەبرى حكومەتى هەرێم حكومەتى هەرێم تەداخول لەوكێشەیە دەكات و بەبرێك پارە بریاردرا یارمەتى ئەو ئاوارانە بدرێت بەڵام یارمەتیدانێكى بێبەرنامە و بێ پلان ، سەیرە لەم هەرێمەى ئێمە كەسێك نیە لەبوارى دارایى و دابەشكردنى كەمێك پارە شارەزابێت ! یان نازانرێت تائێستا چەند خانەوادە ئاوارەو دەربەدەربوونە؟ ئەوبرە پارەیەى حكومەتى عێراق بۆئاوارەكانى سەرینوور تەرخانیكرد نەتوانرا بەشێوەیەكى یەكسان دابەش بكرێت كەئەمەش جێگاى نیگەرانى هەمووانە ، لەبرى دڵخۆشكردنى ئاوارەكانى سەرسنوور بەدابەشكردنى ئەوبرە یارمەتیەى حكومەتى عێراق بەداخەوە توندوتیژى و دڵتەنگى لێكەوتەوە و هیچ بەرپرسێكیش تائێستا رونكردنەوەى لەبارەى ئەو توندو تیژیەوە نەداوە ، وەكو بینیمان دوێنێ كۆمەلێك خانەوادەى ئاوارەو دەربەدەر لەرانیە- سەنگەسەر خۆپیشاندانیان كرد لەبەرامبەر ئەوەى كە یارمەتى حكومەتى عێراقیان پێنەدرابوو بەبیانووى ئەوەى كە ئەو برە پارەیە بەشى هەموو خانەوادەكانى نەكردووە ، بەڵام بەداخەوە توندوتیژى لێكەوتەوە و ئاسایش تەقەى بەسەر هاوڵاتیانكرد و چەند هاووڵایەكى لێكەوتەوە ، بەداخەوە ئەو تەقانەى لەوئاوارانە كرا دەبوایە لەودوژمنانە بكرێت كەئەو ئاوارانەى ئاوارەكردووە نەك لەو بەدبەخت و لێقەوماوانە ، بەرپرسانى ئەو ناوچەیەش بیانو بۆئەو ئاسایشە دەهێننەوە كەتەقەى لەهاوڵاتیان كردووە و دەڵێن خۆپیشاندەران هێرشیان كردۆتە سەر كارمەندەكەى ئاسایش و ئاسایشەكەش بۆبەرگریكردن لەخۆى تەقەى كردووە ، لێرە پێویستە لەوبەرپرسە بەرێزانە بپرسین ئەى ئەو هەموو هێرشەى دەكرێتە سەر ئەوهەموو خانەوادە كوردانەى سەرسنوور لەلایەن توركیا و ئێرانەوە بۆبەرگریكردن لەهاوڵاتیە كوردانە بۆ وەڵامیان نادرێتەوە ؟ ئەگەر خۆپیشاندەران هێرشیان كردبێتە سەر یەك كارمەندى ئاسایش ئەوا ئێران و توركیا دەمێكە هێرش دەكەنە سەرهەموو ئاسایشى هەرێم و سنورەكانیان بەزاندووە و بێرێزیان كردووە بەرامبەر سەرجەم دامەزراوە موئەسەسیەكانى ئەم هەرێمە و تائێستاش جگە لەبەیاننامە هیچ وەڵامێكیان نەدراوەتەوە بۆبەرگریكردن لەوهاونیشتمانیانەمان ، لەمرۆ بەدواوە پێویستە حكومەتى هەرێمى كوردستان كەبەرهەمى خوێنى شەهیدانە و مەرجەعیەتى هاوڵاتیانى ئەم هەرێمەیە هەنگاوى جددى بنێت بۆراگرتنى ئەو تۆپبارانانە و پاراستنى گیانى هاوڵاتیانى كوردستان .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست