کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ڕەوشى پەروەردە و سایتەكەى وەزارەتى پەروەردە

Saturday, 15/10/2011, 12:00


ئەگەر چاوێك بە رەوشى بوارى پەروەردە و فێركردنى ووڵاتانى جیهاندا بخشێنین دەبینین وەزارەتى پەروەردەى ووڵاتان سەرچاوەى سەرەكى پێشكەوتنى ئەو ووڵاتانەن كەلەئێستادا پێشڕەون لەجیهاندا و جێگا پەنجەیان دیارە لەپێشەوەبردنى جیهان و هۆكارێكن بۆ خۆشگوەرانى و پێشكەوتنى جیهان بەگشتى و ووڵاتانى خۆیان بەتایبەتى ، لەسەرەتادا نابێت ئەوە لەیادبكەین كە ئەگەر هاتوو و لەهەر شوێنێك و لەهەر پێگەوپایەیەكدا كەسى شیاو لەشوێنى شیاو دانەنرا ئەوا دەبێت چاوەڕێى ماڵوێرانى و دواكەتوویى بكەین بەتایبەتى لەبوارى پەروەردە و فێركردن ، ئەم دیاردەیە لەهەرێمى كوردستان بەئاشكرا دەبینرێت كە زۆرێك لەپێگە و پایەكانى پەروەردە و فێركردنى ئەم هەرێمە لەدەستى كەسانێكە كەهیچ لەپەروەردە و فێركردن نازانن و پێوەرى حزبایەتى و خزمایەتى و خێڵایەتى لەسەرەكیترین پێوەرەكانە بۆ دانانیان لەوپێگە گرنگانە ، شەرمە لەم هەرێمەى ئێمە لەبرى ئەوەى پێگە گرنگ و دامەزراوە گرنگەكانى پەروەردە و فێركردن ئاراستەى حزبەكان بكەن و بیانخەنە سەر ڕێچكەى ڕاستڕەوى بەپێچەوانەوەیە كە حزبەكان ئاراستەى پێگەكانى پەروەردە و فێركردن دەكەن و بەئارەزوو و بەرژەوەندى حزب جووڵەیان پێدەكەن ، لەهەرێمێكى سێ پارێزگاییدا بە دوو زمان وانە دەخوێندرێت لەناوەندەكانى خوێندن و تائێستا بەهۆى ململانێى سیاسیى و حیزبى و دڵڕاگرتنى دوو حزبى حوكمڕان لەنوسراوە فەرمییەكانى وەزارەتى پەروەردە بەتەنیشت یەكترەوە هەردوو ووشەكانى قوتابى و خوێندكار و قوتابخانە و خوێندنگا دەنوسرێن!!! هەتا ئێستاش بەڕێوەبەر و یاریدەدەرى قوتابخانەكان لەسەر بنەماى حزبیى دادەنرێن و هیچ پێوەرێكیترى پەروەردەیى لەبەرچاوناگیرێت ، مامۆستایانى وەزارەتى پەروەردە ئەوانەى سەر بەهەردوو حزبیى حوكمڕان نینە دەبێت تا ئەو ڕۆژەى خانەنشین دەبن هەر وەكو مامۆستایەكى سادە بمێننەوە و بێبەشكراون لەبوونیان بەبەرێوەبەر و یاریدەدەرى قوتابخانەكان ، سەرەڕاى پڕوپاگەندەكان بەدابینكردنى تەواوى كەل و پەل و پەرتووك بۆ ساڵى نوێى خوێندن بەڵام سەدان قوتابخانە بەدەست كەمى پەرتووك و خراپى بیناى قوتابخانە و كەمى مامۆستا و نەبوونى مامۆستاى پسپۆر دەناڵێنن ، بەبەرچاوى منەوە بەڕێوەبەرى قوتابخانەیەك بەنوسراوێك داواى لەبەرێوەبەرى پەروەردەكەى كرد كە سەبورەى نووسینى بۆ دابین بكات ، بەڵام بەرێوەبەرى پەروەردەكە بەشێوازێكى زۆر ناپەروەردەییانە وەڵامى بەڕێوەبەرى قوتابخانەكەى دایەوە ، وەزارەتى پەروەردە بە ئارەزووى خۆى سەرەتاى دەستپێكردنى دەوامى ساڵى نوێى خوێندنى هێنایە پێش و لەكۆتایى ساڵیش چەند ڕۆژێكیترى دەوامى درێژكردۆتەوە و گوزەرانى مامۆستایانیش هەروەكو خۆیەتى و كەسیش خەمیان لێناخوات و هیچ پرسێًكیشیان لەپرسە گرنگ و ستراتیژییەكانى پەروەردە پێناكرێت ، تا ئاستى بژێو و گوزەرانى مامۆستایان بەرزنەكرێتەوە ئەستەمە وەزارەتى پەروەردە بەدرێژكردنەوەى دەوامى قوتابخانەكان بتوانێت ئاستى زانستى لەناوەندەكانى خوێندن بەرزبكاتەوە ، لەگەڵ ئەوپەڕى ڕێزم بۆ سەرجەم برایانى پۆلیس كە ئاسایشى هەرێم دەپارێزن ، بەڵام مووچەى پۆلیسێكى تازەدامەزراو بەبێ هەبوونى بروانامە مووچەكەى دەگاتە نزیكەى 900هەزار دینار كە ڕەنگە ئەو پۆلیسەش لەهەفتەیەكدا چەند رۆژێك دەوام بكات بەڵام مامۆستا بە12تا14ساڵ خوێندن و بەوەستان و وتنەوەى 5تا6وانە لەرۆژێكدا مووچەكەى ناگاتە 500هەزار دینار ، تائێستا لەم هەرێمەى ئێمە نە حكومەت نە وەزارەتى پەروەردە نە یەكێتى مامۆستایان ئاوڕێكى جددییان لەتوێژى مامۆستایان نەداوەتەوە و گویًَیان بۆ داواكارییەكانیان نەگرتووە و كێشەكانى ئەو توێژە گرنگەیان چارەسەر نەكردووە ، تا ئێستا جۆرێك لەسیستەمى سەربازى لەناوەندەكانى خوێندن پەیرەودەكرێت بە وەستاندنى قوتابیان لەگۆرەپانى قوتابخانەو پشوودەن و وریابن و بەڕیزى یەك لەدواى یەك چوونە پۆل و چاودێرییەكى ناتەندروستى سەرپەرشتیاران بەسەر مامۆستایانەوە ، پێویستە هەڵوەستەیەكیش بكەین لەسەر سایتەئەلیكترۆنییەكەى وەزارەتى پەروەردە كەلەنزمترین ئاستدایە و شەرمە وەزارەتى پەروەردە بە100هەزار مامۆستا و 1ملیۆن و 500قوتابى و هەزاران سەرپەرشتیار و پسپۆر و شارەزا و راوێژكار و بەرێوەبەرى گشتى سایتەكەى سەرچاوەى پەروەردەوفێركردن و زانیارى نەبێت بۆ هەموو تاكەكانى ئەم هەرێمە ، خۆتان ئەوشایەتیەم بۆبدەن و ئەرك بكێشن تەماشایەكى سایتى وەزارەتى پەروەردە بكەن و بزانن دیزاین و زانیارى و هەواڵەكانى چ سوودێكیان هەیە بۆ پەروەردە و فێركردن؟ هەواڵ و زانیارییە بەردەوام و گەرم و ساردەكانى بریتییە لەسەردان و پێشوازییەكانى وەزیرى پەروەردە!!!!ساڵنامەى خوێندن دەیان ڕۆژە گۆڕاوە بەڵام لەسایتى وەزارەتى پەروەردە هەر ساڵنامە كۆنەكە هەیە!!!ئەى كێ تەماشاى ئەو ئیمەیلانە دەكات كەبۆسایتى وەزارەتى پەروەردە ڕەوانەدەكرێت و وەڵامیان دەداتەوە؟ بێگومان كەس!!!من تائێستا دەیان ئیمەیل لەشێوەى پرسیار و پێشنیار و رەخنە بۆسایتى وەزارەتى پەروەردە ڕەوانەكردووە تائێستا بەیەك ووشەش وەڵامم نەدراوەتەوە!!!ئایا ناكرێت وەزارەتى پەروەردە لە100هەزار مامۆستاى وەزارەتەكەى 10مامۆستاى كاراوكارامە و شارەزا و بڕێك پارە بۆ ئەم سایتە تەرخان بكات و ببێتە پێگەیەكى كەم و ێنە و ببێتە سەرچاوەى زانست و زانیارى مامۆستایان و تاكەكانى ئەم هەرێمە ؟بەڵێ ئاسانە و دەكرێت و بەڵام بۆناكرێت جێگەى پرسیارە؟ لەبرى ئەوەى مامۆستایەك بەعەریزەیەكى پڕ گلەیى و بەنوسراوێكى پڕ لەڕەخنە و دەیان پێشنیار و بڕینى ڕێگایەكى دوور بێتە بەردەمى وەزارەتى پەروەردە و دوو كاتژمێریش لەپرسگە دابنیشێت و كەسێكیش بەپێى پێویست وەڵامى نەداتەوە باشترە لەڕێگەى سایتێكى كاراوكاریگەرى وەزارەتى پەروەردە ئەم شتانە بگەیەنێت ، لەبرى ئەوەى بۆ بریارە لەناكاو و درەنگ وەختەكان و ئاگادارى و رێنماییەكانى وەزارەتى پەروەردە سەیرى سایتى وەزارەتى پەروەردە بكەم هەمووجارێك دەبێت لەسایتەكانیتر بەدواى ئەم زانیاریانەدا بگەرێم ، بۆ ئەوەى رەوشى پەروەردەى هەرێم لەو تەنگەژەیەى كەئێستا تیایدایە ڕزگارى بێت دەبێت دوور لەدەستوەردانى حیزبى و خزمایەتى و خێڵایەتى وەزارەتى پەروەردە بەرێوەبەرایەتى توێژینەوە و پێداچوونەوە دابمەزرێنێت و كەسانى زۆرزۆرشارەزا لەبوارى پەروەردە و فێركردن لەوبەرێوەبەرایەتییەدا كاربكەن و پێشنیار و سكاڵا و بیروبۆچونى هەموو قوتابى و مامۆستا و نووسەران و رەخنەگران و شارەزایان و خەمخۆرانى بوارى پەروەردە وەربگرن و بەووردى كارى لەسەربكەن نەك بخرێنە سەللەى زبڵەوە!!

داواكاریشم لەجەنابى وەزیرى پەروەردە هەڵمەتێكى چڕوپڕ ئەنجامبدات بۆبەسەركردنەوەى سەرجەم قوتابخانەكان لەگوندو قەزاوناحیە و گەرەكە میللیەكان و لەنزیكەوەش گوێ لەخەمى مامۆستایان و قوتابیان بگرێت و هەڵمەتێكى پەروەردەیى بۆپێدانى ڕێزوسوپاس و خەڵات بەمامۆستایانى دڵسۆز و ماندوو و خەمخۆر و ئاگاداكردنەوە و سزادانى مامۆستایانى كەمتەرخەم لەبوارى پەروەردە و فێركردن چونكە هەرمامۆستایەك كەمتەرخەم بێت گەورەترین خیانەت بەرامبەر پرۆسەى پێشكەوتنى ئەم وڵاتە و ئایندەى هەرێم دەكات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست




کۆمێنت بنووسە