کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


جەنابى سەرۆك گەندەڵى هەروا بەسادەیى چارەسەردەكرێت؟!

Saturday, 12/02/2011, 12:00


ماوەیەكە لەم كوردستانە باس هەرباسى گەندەڵیە و گەندەڵى چۆتە ناوناخى هەموودەزگاكان و مێشكى هەموومانى داگیركردووە و بێزارى هاووڵاتیانیش لەسەر گەندەڵى گەیشتۆتە سەرئێسقان بەجۆرێك كەمایەى نیگەرانیە و كەشێكى نەویستراوى لەكوردستان هێناوەتە كایەوە بەتایبەت لەڕوانگەى ئەوەى كەهەمووان دان دەنێن بەگەندەڵى و ڕۆژانە لەمیدیا و رۆژنامەكان بەڵگەى حاشا هەڵنەگر دەخرێتە روو بەڵام هیچ ئیرادەیەك نیە بۆچارەسەركردنى و هیچ هەنگاوێكیش نەنراوە و هاووڵاتیان بەنیگەرانیەوە لەم بارودۆخە دەڕوانن كەسیماى حوكمرانى هەرێمى كوردستانیشى ناشیرین كردووە ، كوردستان لەسایەى حوكمرانى خۆى پێنج كابینەى بەرێكردووە و ئێستاش لەنیوەى كابینەى شەشەمین و ئاسۆیەكى روونیش بەدى ناكرێت بۆخۆشگوزەرانى خەڵك ، ووشەى گەندەڵى ئەوەندە دووبارەدەكرێتەوە رۆژانە وەكو ئاووهەواى لێهاتووە بۆهەموولایەكمان و زۆرێك لەبەرپرسانى حزبى و حكومیش دەیان جار بەم ووشەیە نیگەران بوونە ، ئاخر گەندەڵى چیە؟ پێناسەكەى چیە؟ ئەوشتانە كامانەن كەدەچنەچوارچێوەى گەندەڵیەوە؟ ئایائەوپێوەرەنێودەوڵەتیانەى كەهەیە بۆپێوانى گەندەڵى قبوڵ دەكرێت لێرەش هەرئەم پێوەرانە بەكاربهێنرێت؟یان دەبێت لێرەش پێوەرى گەندەڵى بەئارەزووى گەندەڵچى و گەندەڵكاران دابڕێژرێت؟ گەندەڵی بەجۆرێك كەماوەى بیست ساڵە شۆڕبۆتەوە نێوجومگەكانى ئەم حوكمرانیەى كوردستان ئایاڕەوایە هەروابەسادەیى تەماشاى بكرێت و بچووك بكرێتەوە و زۆریش بەسانایى باسى لێوەبكرێت!!! گەندەڵى بەردەوامە و ژیانى هاووڵاتیانى هەرێمى كوردستانى سەخت كردووە تاكار گەیشتە ئەورادەیەى لەهەڵبژاردنى رابردوو چەندحزبێك بۆخۆپاراستن لەونارەزاییانەى كەهاوولاتیان هەیانە لەسەرگەندەڵى چوونە بەرەى ئۆپۆزسیۆنەوە ، لایەنەئۆپۆزسیۆنەكانیش بەبەردەوامى لەمیدیاكانیانەوە ووشەى گەندەڵ و گەندەڵى دووبارە و سەدبارەدەكەنەوە و هەموو رۆژێك باسى دەكەن ، پرسیاریش لێرەدا ئەوەیە ئایا كەسێك و لایەنێك هەیە بەرنامەیەكى دارێژراوى هەبێت بۆچارەسەركردنى ریشەیى گەندەڵى؟ ئایاگەندەڵى هەروابەسادەیى چارەسەردەكرێت؟ ئایائەگەر كەسێكى گەندەڵ لەشوێنێك لابدرێت گرەنتى هەیە بۆئەوەى كەئەوكەسەى دێتەشوێنى وەكو ئەو گەندەڵ نەبێت؟ بێگومان هیچ گەرەنتیەك نیە چونكە دواى تێپەربوونى پێنج كابینەو گۆرینى دەیان وەزیروبەرپرس گەندەڵى لەجیاتى ئەوەى كەمبێتەوە روو لەزیادبوونە ، ماوەیەكە هەنگاو و بەیاننامە و ووتار وراپۆرتەكان دەربارەى گەندەلًَى چڕبونەتەوە و تەشەنەیان كردووە بەجۆرێك شەقامى كوردى نیگەران و تووڕەكردووە و كەشێكى تەم و مژ لەكوردستان دروست بووە و چەند رۆژێكیش بوو ئاووهەواى كوردستان بۆنى بارووتى لێدەهات !!! كارگەیشتە ئەورادەیەى داواكرا حكومەت و پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە ، دواى ئەم كەشەى لەچەند رۆژى رابردوو هاتەكایەوە سەرۆكى هەرێم بروسكەیەكى بەپەلەى كرد بۆسەرجەم لایەنە سیاسیەكانى كوردستان و بەزووترین كات لەگەڵیان كۆبۆوە و باس لەبارودۆخى نوێى هەرێمى كوردستان كراو بیروبۆچونەكان ئاڵوگۆركران و بەیاننامەیەكیان بۆ ڕاى گشتى بلاوكردەوە كەتێیدا هەموولایەنەكان بەدەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە دانیان نا بەوەى كەگەندەڵى هەیە و دەبێت چارەسەربكرێت ، بەڵام ئایادەكرێت گەندەڵى هەروا بەئاسانى و بەبێ پلانێكى جددى و تۆكمە بۆچارەسەركردنى باسى لێوەبكرێت ؟گەندەڵى لەكوردستان زۆرلەوەگەورەترە كەباسى لێوەكراوە و باسى لێوەدەكرێت داواش دەكرێت بەڵگە بخرێتە ڕوو بۆنیشاندانى گەندەڵیەكان ، رۆژانەش دەیان و سەدان حالەتى حاشاهەڵنەگر و بەڵگەنەویست بەرچاو دەكەون ، لەرابردوو بینیمان ئەندام پەرلەمانێكى سەربەحزبى حوكمران سەردانى دادگاى كردوو نیازى وابوو سكاڵا لەدژى وەزیرى وەرزش و لاوانى كابینەى پێنجەم تۆماربكات ئایا ئەمە بەڵگە نیە؟ بەبەڵگەوە دەزگاكان باسیان لەوەكرد كەعمرفتاح جێگرى سەرۆكى حكومەت لەكابینەى پێنجەم 17ملیۆن دۆلارى پرۆژەى كارەباى بردووە و فەرمانى دەستگیركردنیشى بۆدەرچوو ئایا ئەمە بەڵگەنیە؟تەواونەكردنى نەخۆشخانەى 400قەرەوێلەیى دواى تەرخانكردنى چەندین ملیۆن دۆلار و تێپەربوونى نزیكەى9ساڵ بەسەربەروارى دەست پێكردنى ئەمەش بەڵگەنیە؟ دامەزراندن نیە بۆهاوولاتیان و رۆژانەش كەسانى حزبى بەتەزكیەى حزبى دادەمەزرێن ئەمە بەڵگەنیە؟ هاوولاتى داماو لەسایەى ئەم ملیۆنەهادۆنمەزەوییەى كوردستان 100مەترزەوى نەبێت بیكاتەخانوو و بەرپرسانى حزبى وحكومیش سەدان دۆنم زەوییان داگیركردووە و كردویان بەڤێللا ئەمەشیان گەندەڵى و بەڵگەنیە؟ دروستكردنى شەقامەكان بەبێ ئاوەرۆ و تێكچوونیان دواى یەك مانگ ئەمەش گەندەڵى و بەڵگەنیە ؟ هاووڵاتى 7بۆ8كاتژمێر كارەباى نیشتمانى هەیە و بەرپرسانى حزبى و حكومى كارەباى بەردەوامیان هەیە ئەمەش بەڵگەوگەندەڵى نیە؟ كۆكردنەوەى ئەم هەمووسەروەت و سامانە لەلایەن ئەوبەرپرسانەوە ئەگەر گەندەڵى و بەڵگەیەكى حاشاهەڵنەگرنەبێت ئەى پێم بڵێن چ ناوێكى ترى لێدەنێن؟ چارەسەرنەكردنى كارەبا دواى بیست ساڵ ئەى ئەمەیان ناوى چى لێ بنێین ؟من نازانم چ شتێك گەندەڵیە!!!ئێوەبیڵێن بزانم چى گەندەڵیە؟ وابزانم هەڵەمكردووە ئەمانە هیچیان گەندەڵى نین!!!بەدڵنیاییەوە ئەمانە هەمووى گەندەڵى زەق و دیارن و بەكارهێنانى ئۆتۆمبیلى میرى لەدواى دەوامى فەرمى و وەرگرتنى قوتابیان لەزانكۆكان بەقبول خاێ و مووچەى بن دیوار و دانانى بەرێوەبەر و یاریدەدەرى قوتابخانەكان لەسەربنەماى حزبى و تەخشان و پەخشانكردنى زەوى بەسەر كەسانى دەست رۆیشتوو و گرفتى خزمەتگوزارى و واستەو واستەكارى فەرمانگە حكومیەكان و پێدانى بوودجەى هاوولاتیان بەمیدیاكانى حزب و خانەنشینكردنى ئەندامانى مەكتەب سیساسى و سەركردایەتى حزب بەپلەى وەزیر و چى و چى و چى ئەمانەهەموویان گەندەڵى و بەڵگەى حاشاهەڵنەگرن و ئاسۆى روونیش بەدى ناكرێت بۆچارەسەركردنیان ،داواى پرۆژە و دیاریكردنى حالەتەكانى گەندەڵى لەحزبەسیاسیەكان كراوە بۆچارەسەرى گەندەڵى ، ئەى بۆداواى پرۆژە بۆچارەسەركردنى گەندەڵى لەرۆشنبیران و رەخنەگران و رۆژنامەنووسان و مامۆستایانى زانكۆ و پارێزەران و خاوەن ئەزموونەكانى ئەم هەرێمەناكرێت ؟ بێگومان جەنابى سەرۆكى هەرێم بۆچارەسەركردنى دیاردەى گەندەڵى لەكوردستان دەبێت چەندهەنگاوێك بنرێت كەبریتین لەمانە (1/ دروستكردنى ئەنجومەنى باڵاى سیاسى كوردستان كەسەركردەى هەمووحزبەكان تێیدا ئەندام بن و هەمووسەرى مانگێك كۆببنەوە و بارودۆخى هەرێم تاوتوێ بكەن و پلانى مانگى داهاتوو دابرێژن. 2/دروستكردنى ئەنجومەنى سەرپەرشتیكردنى داهاتى هەرێمى كوردستان بەبەشدارى كاراى سەرجەم لایەنەكانى كوردستان بۆئەوەى بزانرێت داهاتى ئەم هەرێمە ساڵانە چەندە و چۆن دێت و چۆن دەروات .3/ دامەزراندنى ئەنجومەنى راوێژكارى پێشخستنى كوردستان كەپێكبێت لەكەسانى سەربەخۆ و شارەزا و شایستە بۆراوێژپێكردن و دانانى پلانى راستەقینە و پێویست بۆكوردستان .4/دروستكردنى دەزگاى دژەگەندەڵى كەهەموولایەنەكانى كوردستان تێیدا بەشداربن و كەسێكى سەربەخۆ سەرۆكایەتى بكات و ئەم دەزگایەپێناسەى گەندەڵى بكات و رێوشوێنى بەرەنگاربونەوەى گەندەڵى دابرێژێت و لەماوەیەى دیاریكراو گەندەڵى لەهەرێم بنربكات .5/دامودەزگاكانى هەرێم بەدامەزراوەیى بكرێت و هەركەسێكى حزبیش لەهەرپلەوئاستێكدابێت لەحالەتى دەستخستنە ناوكاروبارى حكومیەوە توندترین لێپێچینەوەى دەرحەق بكرێت . 6/كەناڵێكى ئاسمانى بەناوى كەناڵى دژى گەندەڵى بكرێتەوە و سەرجەم گەندەڵكاران و گەندەڵیەكانیان تێیدا بۆهاوولاتیان بخرێتەروو بۆئەوەى هیچ كەس لەمەودوا جورئەتى ئەوەنەكات گەندەڵى ئەنجامبدات ،7/ هەركەسێك گەندەڵى لەسەرئیسپات بوو جگە لەوەى لەپۆستەحكومیەكەى فەسڵبكرێت لەحزبیش دەربكرێت.8/داواكارى گشتى كارا بكرێت و دەسەڵاتێكى تەواوى بدرێتى بۆمامەلەكردن بەرامبەر گەندەڵكاران .9/زیندانێكى تایبەت بەگەندەڵكاران دابمەزرێت .10/ دامەزراوەیەكى فەرمى بكرێتەوە و بەڵگەكانى خەڵك وەربگرێت و سكالاى هاولاتیان وەربگرێت لەسەرگەندەڵى و هەرهاوولاتیەكیش گەندەڵیەكى ئاشكراكرد گەورەترین پاداشتى پێبدرێت.11/چیتر لایەنەسیاسیەكانى كوردستان بەمشێوەى ئێستا كەهەیە پشتگوێ نەخرێن .12/كەسانى كارا و كارامە و خاوەن بروانامە لەپلەوپایە حكومیەكان دابنرێن.13/دەرگاواڵابكرێت بۆكەسانى لێهاتووى بێلایەن بۆخزمەتكردن و سوود لێوەرگرتنیان بۆخزمەتكردنى كوردستان.14/دیاردەى تەزكیەى حزبى كۆتایى پێبهێنرێت بۆدامەزراندن لەفەرمانگەحكومیەكان و هەلى یەكسان بۆهەمووهاوولاتیەكى كوردستان برەخسێنرێت.15/لەئێستادا %98ى بەرێوەبەر و یاریدەدەر ى قوتابخانەكان لەسەربنەماى حزبى دانراون لابدرێن و لەمەودوا لەقوتابخانەكان لەنێومامۆستایان ئەم پۆستانەبەهەڵبژاردن پربكرێنەوە و هەردووساڵ جارێك بەرێوەبەرو یاریدەدەرەكان هەڵبژاردنیان بۆبكرێتەوە.16/دەرگاى هەموو دامودەزگاكانى حكومەت بۆهاوولاتیان بخرێتەسەرپشت و هاوولاتیان بەئاسانى بگەنە بەرپرسان بۆگەیاندنى گلەیى و داواكانیان.17/هەمووگەندەڵكارەكان بەبێ جیاوازى حزبى و پلەوپایەیان راپێچى دادگابكرێن و دادگایی كردنەكەیان راستەوخۆ بۆهاوولاتیان بگوازرێتەوە.18/هەركەسێكیش گەندەڵى لەسەرئیسپات بوو هەرچیەكى هەیە دەستى بەسەردابگیرێت و ببێتەوە موڵكى حكومەت. ئەگەر ئەم هەنگاوانە لەئاییندەیەكى نزیك دا نەگیرێنەبەر و هەنگاویان بۆنەنرێت و پلانى تۆكمەی بۆدانەرێژرێت ئەوا ئاسۆى چارەسەركردنى گەندەڵى روون نابێت و هاوولاتیان لەم هەنگاوەى ئەمجارەش بێ ئومێد دەبن .

سەمیرشێخ مەموندى

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست




کۆمێنت بنووسە