کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


كار بۆكەس ؟ یاخود كەس بۆكار؟

Wednesday, 08/12/2010, 12:00


لەم سەردەمى پێشكەوتن و عەلمانیەتەى ئەمرۆدا ئەگەر گوزەرێك بەنێو ووڵاتان دا بكەین بەتایبەتى وولاتانى ئەوروپى بەشێكیش لەوولاتانى ئاسیایى و ئەمریكى دەبینین لەزۆرێك لەبوارەكاندا كەسى شیاو ئەركى لەئەستۆگرتووە و بەباشترین شێوە كارەكان بەرێوەدەبات و لەهەموو بۆشاییەكى ئیداریشدا پەنا دەبەنە بەرسیستەمى دۆزینەوەى كەس بۆكار كەشیاو و لێهاتوو و تەكنۆكرات بێت نەك پێچەوانەى ئەوەى كەلەوولاتى ئێمە بینراوە و بەبەردەوامیش دەبینرێت كەكار بۆكەسەكان دەبینرێتەوە !!!نەك وەكو وولاتانى پێشكەوتوو كەسى كاراو كارامەو لێهاتوو بۆكارەكان بدۆزینەوە و كاریان پێ بسپێرین ، ئەگەر گوزەرێك بەنێو سیستەمى ئیدارى دام و دەزگاكانى حكومەتى هەتى هەرێم دا بكەین دیاردەى زۆر سەیروسەمەرە دەبینین ئەویش بەهۆى ئەوەى كەحكومەت و حزب بەردەوام كاریان بۆخەلك دۆزیوەتەوە كەئەمە هۆكارێكە بۆئەوەى سیستەمى حوكمرانى كوردستان لێوان لێوبێت لەرۆتینیات كەئەمەش بۆتەهۆى دواكەوتنى كۆمەلگەى كوردى ، ئەگەر گوزەرێك بەنێو وەزارەتى پەروەردە بكەین و تەماشاى قوتابخانەوخوێندنگەكان بكەین سەیروسەمەرەیەك بەدى دەكەین كەلەهیچ وولاتێك نابینرێت و نابیسترێت ئەویش زۆرى پاسەوان و كارگوزارەكانە لەوناوەندانە ، لەوەسەیرتر چى هەیە كەقوتابخانەیەكى شەش پۆلى (10) كارگوزارى هەبێت و قوتابخانەكەش وەكو زبلخانە وابێت و هیچ یەكێك لەوكارگوزارانە بەتەواوەتى دەوام نەكەن ؟ ئەى لەوەسەیرتر هەیە كەهاورێیەكم لەیەكێك لەدێیەكانى دەوروبەرى هەولێر مامۆستایە ووتى ئێمە لەقوتابخانەكەمان تەنها سێ مامۆستاین لەكاتێكدا بیست كارگوزارمان هەیە!!!هەریەكێك لەوكارگوزارانە لەلایەن حزبى دەسەلاتەوە دامەزراون باشتر وایە بڵێین كاریان بۆدۆزراوەتەوە و بونەتە مشەخۆر و هیچ سودێكیشیان بۆكۆمەلگە نیە تەنها سوودیان بۆحزبى دەسەلات هەیە ئەویش بۆئەوەى هەریەك لەوكارگوزارانە لەكاتى هەلبژاردنەكان دەنگ بەحزبى دەسەلات بدەن ، كاتێكیش قوتابخانەیەكى تازە دەكرێتەوە پەروەردە جورئەتى ئەوەى نیە كارگوزارێك لەقوتابخانەیەك بگوازێتەوە كەزیاتر لە10 كارگوزارى هەیە بۆئەوقوتابخانە تازەیە و داوا لەحكومەت دەكرێت كارگوزاریان بۆدابمەزێنرێت ، هەرلەومیانەشەوە پێویستە گوزەرێك بەنێو مزگەوتەكاندا بكەین كەسەر بەوەزارەتى ئەوقافە ئەم دیاردەیە لەوێش زۆر بەجوانى بەدی دەكرێت و لەهەر مزگەوتێك دەیان كارگوزارو قورئانخوێن هەیە كەدەوامیش ناكەن و تەنها مووچە وەردەگرن و قورئان خوێنەكانیش لەهەفتەیەكدا تەنها نیوكاتژمێر قورئان دەخوێنێت لەرۆژى هەینى كەواتە هەر قورئانخوێنێكى مزگەوتەكان لەمانگێكدا تەنها دوو كاتژمێر دەوامدەكەن و مووچەى تەواویش وەردەگرن و بەحەلالیشى دەزانن ، ئەم دوو وەزارەتە هەربۆنمونەیە ئەگەرنا هەموو وەزارەتەكان نمونەى ئەم دوو وەزارەتەیان زۆرە و لەهەر فەرمانگەیەك لەهەر ژوورێكیى فەرمانگەكانیش كەتەنها جێگاى دوو كەس دەبێتەوە لەكاتێكدا پێنج فەرمانبەرى لێیە كەزۆربەى زۆریان هیچ كارێكیان نیە و بوونەتە هۆكارى زیاتر بۆرۆتینیات ، دۆزینەوەى كار بۆكەسەكان بەردەوامە و بەنموونە لەئێستا سەدان دەرچووى بەشى كۆمپیوتەرمان هەیە كەدانەمەزراون لەبەرئەوەى واستە و تەزكیەى حزبیان نیە بەلام خەلكانێك هەن كەبروانامەى سەرەتاییان هەیە و هیچیش لەكۆمپیوتەرنازانێت بەلام لەفەرمانگەیەك دایانمەزراندووە لەسەر ئەساسى حزبایەتى و خێڵایەتى و خزمایەتى وەكو فەرمانبەرى كۆمپیوتەر و لەرۆژێكدا ناتوانێت دوو نوسراوى فەرمى بنووسێت لەكاتێكدا لەبەردەرگاكەى سەدان هاوولاتى وەستاون بۆراییكردنى كارەكەیان و بۆئەوەى ئەوفەرمانبەرە دەست و پەنجە ناسكە نوسراوێكیان بۆبكات ، بۆیە پێویستە لەمەودوا حكومەتى هەرێمى كوردستان بەجددى ئاور لەومەسەلەیە بداتەوە و دیاردەى دۆزینەوەى كار بۆكەسەكان بەتایبەت كەسانى حزبى كۆتایى پێبێت و حكومەت لەسەربنەماى لێهاتوویى و پسپۆرى كەس بۆكارەكانى دام و دەزگاكانى حكومەت بدۆزێتە بۆئەوەى بەرەو سیستەمێكى پێشكەوتووى ئیدارى هەنگاوبنێین و هاوولاتیانیش لەرۆتینیاتى دام و دەزگا حكومیەكان رزگاریان بێت .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست




کۆمێنت بنووسە