کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


جارێكیتر دەرچوانى ئامادەیى تووشى گرفتى وەرنەگرتن دەبنەوە!!!

Thursday, 08/07/2010, 12:00




نەهامەتى و كۆسپ و تەگەرەكان بەرۆكى هاووڵاتیانى ئەم هەرێمە بەرنادەن ، كۆسپ و تەگەرەكان لەهەموو لایەكەوە هێرش دێنن بۆیە هەندێكجار مرۆڤ ناچاردەبێت چۆك دابدات و بەرگەى ئەم هەموو كۆسپ و ئێش و ئازارە نەگرێت ئەوجا یان سەرهەڵدەگرێت یانیش تووشى شۆك دەبێت و لەكاروانى پێشكەوتنى ژیان دوادەكەوێت ، زۆرجار گرفت دێتە بەردەم ئەم حكومەتەى خۆمان بەڵام تەنها ئەوكات چارەسەرێكى روكەشى بۆدەكات و چەند رۆژێك دواى ئەوكێشەیە بیرى دەچێتەوە كە چ گرفتێكى هەبووە تاكو پلان و چارەسەرێكى ماوە درێژى بۆدابرێژێت ئەوەى جێگاى داخە ، نەبوونى پلانى ماوە درێژ یەكێكە لەو دیاردە مەترسیدارانەى كەدەمێكە بەرۆكى ئەم حكومەتى گرتووە و بوەتە هۆى بەهەدەردانى ملیۆنەها دۆلار و دینار و ئەم هەرێمەى لەزۆر بواردا تووشى دواكەوتن كردووە ، زۆرجار دەبینین ئەمرۆ شەقامێك قیرتاو دەكرێت بەڵام دواى تەنها هەفتەیەك دێن ئەم شەقامە هەڵدەوەشێننەوە و دەڵێن ئاوەرۆى بۆدەكەین!!! ئاخر هەمووكەس دەزانێت شەقام بێ ئاوەرۆنابێت بەڵام بۆكەس گوێ بەومەسەلەنادات و سەدان جار ئەم دیاردەیە دووبارەدەبێتەوە و سامانى ئەم میللەتە بەهەدەر دەدرێت ، ئەمە نمونەیەكى زۆرسادەى ئەم كوردستانە ئازیزەیە ئەگەر بێتو باس لەنمونەكان بكەین سەدان و هەزارەها نمونەى لەم جۆرە هەیە و هەموو ئەمانەش بەهۆى نەبوونى پلانى ماوەدرێژە ، ئەوەى لێرەدا دەمەوێ ئاماژەى پێبكەم دووبارە سەرهەڵدانەوەى كێشەى وەرنەگرتنى بەشێكى زۆرى قوتابى و خوێندكارانى دەرچووى ئامادەیی یە لەساڵى نوێى خوێندندا بەهۆى ئەوەى كەجێگا نیە بۆئەوەى ئەم هەموو قوتابیەى دەرچووى ئامادەیى لەزانكۆ و پەیمانگاكان وەربگیرێن ، بەراستى پێویستە هەلوەستەى جددى لەومەسەلەیە بكرێت و ئەوانەى لەوپرسەش كەمتەرخەمن سزابدرێن ، دووساڵ لەمەوبەر بینیمان 35 هەزار قوتابى لەئامادەیى خوێندنیان تەواوكرد بەڵام بەهەموو هێزێكەوە توانرا تەنها 25 هەزار قوتابیان لەزانكۆ و پەیمانگاكان وەربگیرێن و 10هەزار قوتابیشیان رەوانەى ماڵەوە كرانەوە و هەندێكیان تووشى گرفتى دەروونى بوون و هەندێكیشیان تووشى شۆك بوون ، زۆر زەحمەتە دواى دوانزە ساڵ لەماندووبون و هەوڵ و تێكۆشان و سەرفكردنى پارەیەكى خەیاڵى لەماوەى دوانزە ساڵى خوێندن ئەوجا رەوانەى ماڵەوە بكرێیتەوە ، ئەم گرفتە دووساڵ لەمەوبەر روویدا بەڵام ئێستا دەبینین دووساڵ بەسەر ئەم گرفتەدا تێپەربووە بەڵام بەرپرسانى ئەم بوارە هەمان لێدوان دەدەن كەدووساڵ لەمەوبەر لەكاتى سەرهەڵدانى ئەم گرفتەى كەباسى دەكەین دابوویان !! سەیرە دواى تێپەربوونى دووساڵ بەسەر ئەم گرفتە زانكۆ و پەیمانگاكانمان شوێنى وەرگرتنى قوتابیان لەكورتى داوە سەرەراى سەرفكردنى پارەیەكى زۆر بۆچارەسەركردنى ئەم كێشەیە ، دووساڵ لەمەوبەر زانكۆ و پەیمانگاكانى كوردستان لەتوانیاندا بوو 25 هەزار قوتابى وەربگرن بەڵام بەپێى لێدوانى بەرپرسانى ئەم بوارە و دواى تێپەربونى دووساڵ و وێراى كردنەوەى چەندین بەشى نوێ لەكۆلیژو پەیمانگاكان و فراوانكردن و نوێكردنەوەى كۆلیژ و پەیمانگاكان بەڵام لێدوانەكان ئاماژە بەوەدەكەن كەساڵى نوێى خوێندنى 2010-2011 تواناى وەرگرتنى قوتابیان لەزانكۆ و پەیمانگاكانى كوردستان تەنها 20هەزار قوتابیە كەئەمەش جێگاى هەلوەستە لەسەركردنە لەلایەن بەرپرسانەوە ، بەپێى ئامارەكان ئەمساڵ نزیكەى 80هەزار قوتابى بەشدارییان لەتاقیكردنەوەكانى قۆناغى 12ى ئامادەیى كردووە ، گریمان لەو80هەزار قوتابییە تەنها 50% یان لێدەربچن ئەوا دەكاتە 40 هەزار قوتابى ، كەواتە لەساڵى نوێى خوێندن بەلایەنى كەمەوە 40 هەزار دەرچووى قۆناغى دوانزەى ئامادەیمان دەبێت بۆئەوەى لەزانكۆ و پەیمانگاكان وەربگیرێن بەڵام هەرلەئێستاوە بەرپرسانى وەرگرتنى قوتابیان لەزانكۆ و پەیمانگاكان لێدوانى ئەوەیان داوە كەدەڵێن : بۆساڵى نوێى خوێندن زانكۆ و پەیمانگاكانمان تواناى وەرگرتنى تەنها 20هەزار قوتابیان هەیە !!! كەواتە ئەمجارەیان لەجیاتى ئەوەى سیناریۆى دووساڵ لەمەوبەر دووبارەبێتەوە و 10هەزار قوتابى رەوانەى ماڵەوەبكرێنەوە ئەوا دەبێت ئەمجارەیان 20 هەزار قوتابى رەوانەى ماڵەوە بكرێنەوە و هەرلەئێستاوە دەبێت حكومەت حسابى ئەوەبكات كەئەو 20 هەزار قوتابیە بۆنارەزایى دەربرین لەبەرامبەر وەرنەگرتنیان دەرژێنە سەرشەقامەكان ، بەڵام پێَویستە حكومەت ئەوە بزانێت كەدرێژەدان بەوگرفتە و چارەسەرنەكردنى دەبێتە هۆى دواكەوتنى كوردستان و واى لێدێت هاووڵاتى وازلەخوێندن بێنێت و رێژەى نەخوێندەوارى بەرزبێتەوە ، بۆیە پێویستە لەسەرحكومەت هەرلەئێستاوە بەبێ دواكەوتن و كەمتەرخەمى هەنگاوى جددى و بەپەلە بگرێتە بەر بۆئەوەى جارێكیتر حكومەت دووچارى ئەوەنەبێتەوە لەبەر نەبوونى شوێن لەزانكۆ و پەیمانگاكان قوتابیان رەوانەى ماڵەوە بكاتەوە .


 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست




کۆمێنت بنووسە