پێشمەرگە لەنێوان فرۆشتنى چەك و دابینكردنى بژێوى
Tuesday, 21/01/2014, 12:00
پێشمەرگە ئەو هێزەی هەرێمى كوردستانە كە لەئاستى ناخۆیى و دەرەكى ناسراوە و لەمێژووى كوردایەتى داكۆكیان لەخاك و نیشتیمان كردووە و سەدان شەهید و قوربانیانداوە تا ئەو دۆخەى ئەمرۆى هەرێم هاتۆتەكایەوە ، هەرچەندە تائێستاش هێزەكانى پێشمەرگەى كوردستان یەكنەخراونەتەوە و بەنیشتیمانى نەكراون و ئەوەندەى لەژێر كاریگەرى ئەم حیزب و ئەم بەرپرسن نیو ئەوەندە لەژێر كۆنترۆڵى دەمەزراوەیەكى فەرمى و نیشتیمانى نین هەرئەمەش بووەتە ترس و دڵەڕاوكێ لاى تاكەكانى ئەم هەرێمە بەهۆى ئەوەى لەرابردوو دوو هێزى باڵادەستى هەرێم لەپێناو مانەوەى خۆیان پێشمەرگەیان لەشەڕى ناوخۆ و ململانێى یەكترى بەكارهێناوە و سەدانیان لێ بەكوشتن دان ، ئەوەى لەئێستادا بووەتە مایەى نیگەرانى كە لەگەڵ خەبات و ناو و مێژووى پێشمەرگە ناگونجێت و وتە بریقەدارە بێ بەڵێنەكانى بەرپرسان بێ واتا دەهێڵێتەوە بژێوى ژیانى هێزەكانى پێشمەرگەیە كە بووەتە هۆى بێزارى لاى زۆربەى ئەندامانى هێزەكانى پێشمەرگە ، لەگەڵ ئەوەى پێشمەرگە كەمترین مووچەى پێدەدرێت و هیچ مانگێكیش لەوادەى خۆیان مووچەكەیان پێنادرێت بەوهۆیەوە دووچارى بارێكى دەروونى خراپ هاتوون و كێشەى كۆمەڵایەتى و ئابورى بەردەوام یەخەى گرتوون و كەسیش بەهانایانەوە ناچێت و ئەو دەردەیان تیمار ناكات ، چاودێرێكى سیاسى دەڵێت پێشمەرگە تەزویرى پێدەكرێت و ئاراستە دەكرێت كە لەهەلبژاردن دەنگ بەملاو بەولا بدەن و لەنیوەشەودا پۆستەرى لایەنەكانیان پێ لێدەكەنەوە هێرشیان پێدەكرێتە سەر بارەگاى فڵانە حیزب مووچەكەشیان لەوادەى خۆیان پێنادەن ، ئەوەى لەچەند رۆژى رابردووش هاونیشتیمانیان بینیان لەخراپى دۆخى ژیانى هێزەكانى پێشمەرگە دیمەنى تراژیدیاى بێ وێنە بوو كە نەدەبوو لەسایەى حوكمرانى خۆماڵى دەسەڵاتى كوردى و بوونى داهاتێكى زۆر و زەوەند و فرۆشتنى سەدان تانكەر نەوتى رۆژانەى هەرێم حاڵ و گوزەران و بژێوى پێشمەرگە بەم دۆخە ترسناكە بگات تا كار گەیشتە ئەوەى چەند پێشمەرگەیەك بەهۆى وەرنەگرتنى مووچە و خراپى بژێوى ژیانیان چەكەكانیان فرۆشتەوە بۆ دابینكردنى قووتى رۆژانەى خانەوادەكانیان و دانەوەى قەرز و قیست و كرێى خانوو ، چەند حاڵەتێكى فرۆشتنەوەى چەكەكانیان خەریك بوو ببێتە دیاردە لەناو هێزەكانى پێشمەرگە بەڵام هەر زوو وەزارەتى پێشمەرگە هاتە دەنگ و بریاریدا هەر پێشمەرگەیەك چەكەكەى بفرۆشێتەوە سزا بدرێت و لەریزەكانى پێشمەرگە دەربكرێت ، رۆژنامەنوسێكێش دەڵێت لەبەرامبەر سزادانى پێشمەرگە لەسەر فرۆشتنەوەى چەك ، پێویستە سزاى ئەو كەسانەش بدرێت كە بونەتە هۆى خراپى دۆخى ژیانى پێشمەرگە و ناشیرینكردن و بەحیزبیكردنى پێشمەرگە ، هەرچەندە بەغدا چەندینجار داوایكردووە پێشمەرگە بخرێتە سەر وەزارەتى بەرگرى تا موچە و دەرماڵەكانیان هاوشێوەى كارمەندانى وەزارەتى بەرگرى بكرێت بەڵام بەرپرسانى هەرێم لەگەڵ بەغدا لەسەر زۆرى ژمارەى هێزەكانى پێشمەرگە ناگەنە رێككەوتن كە ژمارەیان نزیكەى 200هەزار پێشمەرگەیە و زۆرینەیان سەر بەیەكێتى و پارتین ، تائێستاش كێشەكانى پێشمەرگە و خراپى دۆخى ئابورى ژیانیان بەمشێوەیەى ئێستا ماوەتەوە و هیچ لایەك ئاوڕیان لێناداتەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست