سەیركردنى خۆپیشاندانى قوتابیان لەگۆشەنیگاى سیاسەت و حزبەوە!!!
Saturday, 29/01/2011, 12:00
دواى ئەو تەنگەژەیەیەى لەدواى گۆرینى سیستەمى پەروەردە لەكوردستان پرۆسەى خوێندن و فێركردنى گرتەوە و دۆخێكى ناجێگیر و نالەبارى كردە بەرۆكى مامۆستایان وقوتابیان ، بەڵام رۆژ دواى رۆژ تەنگەژەكان زیاتر دەبن و هەر رۆژەى هەزاران قوتابى قوتابخانەجیاوازەكانى كوردستان دەرژێنەسەرشەقامەكان و دروشمى جۆراوجۆرى دژ بەم سیستەمە نوێیە دەڵێنەوە ، دیارترین دروشمیان ئەوەیە كەدەڵێن (سیستەممان سویدیە ، ژیانمان ئەفریقیە!!!) لەهەموو گرفتەكانیش گرفت تر ئەوەیە كەگوێ لەوداخوازى و نارەزایەتیانە ناگیرێت !!لەكاتێكدا قوتابیان كارەكتەرى سەرەكى پراكتیزەكردنى ئەم سیستەمەن و پێیان هەزم ناكرێت و داواى هەمواركردن و گۆرانكارى دەكەن كەمافێكى رەواى خۆیانە و دەبێت بەرپرسانى پەروەردەیى ناچاربن مل كەچ بكەن بۆداخوازیەكانى قوتابیان ، ئافەرین بۆئەو وەزارەت و راوێژكارانەى كەلەباشترین و ناسكترین كاتى ساڵى خوێندن كەمانگى(1 و 2)ە ناوەندەكانى خوێندن بەقوتابیان چۆڵدەكەن و دەیانهێننە سەرشەقامەكان و پرۆسەى خوێندن پەكدەخەن ، لەگەڵ ئەوەى داهاتووى ئاستى زانستى قوتابیانى ئەم هەرێمە ناڕوون و لێڵە بەڵام تائێستاش وەزارەتى پەروەردە ئامادەنیە گوێ لەكەس بگرێت جگەلەچەندكەسێكى بەناوراوێژكار و شارەزا ، دەبێت هەموولایەكیش درك بەوەبكەین كەهیچ كەس هێندەى مامۆستایانى بەرێز ناتوانن ئەوسیستەمە هەلبسەنگێنێت و لایەنە باش و خراپەكانى دیارى بكات بەلام بەداخەوە ئەوەى گوێى لێنەگیرێت مامۆستایانى بەرێزە ، لەهەموو ئەمانە سەیرتر ئەوەیە چەندكەسانێك هەن لەگۆشەنیگاى حزبى و سیساسەتەوە دەرواننە ئەو هەموو خۆپیشاندان و نارەزایەتیانەى قوتابیان كەرۆژانە لەشارو شارۆچكە جیاجیاكانى كوردستان بەرێوەچن !!! رۆژانە گوێبیستى ئەوە دەبین كەهەندێك كەس دەڵێن ئەو خۆپیشاندانانە دەستى سیاسى لەپشتەوەیە و كەسانێك هەن دەست لەپشتى قوتابیان دەدەن و هانیان دەدەن بۆئەوەى برژێنە سەرشەقامەكان و نارەزایى دەرببرن دژى سیستەمى نوێ و بریارەكانى !!!بەداخەوە ئەوانەى دەڵێن خۆپیشاندانى قوتابیان دەستى لەپشتەوەیە ئەوانە ئاستى رۆشنبیریان لاوازە و ناكرێت بەگۆشەنیگاى حزبیەوە بروانینە سیستەمى پەروەردە چونكە سیستەمى پەروەردە و فێركردن تەنهاپەیوەست نیە بەچەندكەسانێكى كوردستان و چەندلایەنێكى سیاسى بەڵكو پەیوەستە بەهەموو تاكێكى ئەم كوردستانە و ئایندەى ئەم كوردستانەى پێوە پەیوەستە ، ئەوە تەنها منداڵى حزبەئۆپۆزسیۆنەكان نیە لەناوەندەكانى خوێندنن بەڵكو هەموو حزبەكانى ئەم كوردستانە منداڵەكانیان لەناوەندەكانى خوێندنن و ئەم سیستەمە نوێیە و كەموكورییەكانى پەیوەندى راستەوخۆى هەیە لەسەرژیان و داهاتووى هەموومان و بەچارەسەرنەكردنى ئاستەنگ و كەموكورییەكانى سیستەمى پەروەردە و فێركردن لەكوردستان دەتوانین بڵێین لەداهاتوودا ئاستى زانستى لەكوردستان دەكەوێتە ژێر قۆناغێكى مەترسیدار بەجۆرێك كەناتوانێت خزمەت بەهیچ كەس بكات ، زۆر سەیرە حكومەتى هەرێم و سەرۆكایەتى هەرێم تائێستا تەداخولیان لەم كێشەیە نەكردووە و بەدواداچونیان لەوگرفت و كەموكورییانەى كەبەرۆكى سیستەمى پەروەردەى كوردستانى گرتووە نەكردووە ،سەدان ملیار دینار سەرفكراوە لەم سیستەمەى كەوەكو شەكر و برنج لەدەرەوە هاوردەكراوە و كەسیسش نازانێت ئەم سیستەمە چەندى ماوە ئیكسپایەربێت!!!و ئایندەیەكى ناروونى لێ بەدى دەكرێت ، بۆیە دەبێت هەموومان بەچاوێكى برایانە و رۆشنیرى و پەروەردەییانە لەیەكترى بروانین و بەزووترین كات قوتابیان ومامۆستایان و سەرپەرشتیارانى شارەزاو راوێژكارانى كارامە و وەزارەتى پەروەردە و وەزارەتى پلاندانان و سەرۆكى حكومەت و سەرۆكایەتى هەرێم و پەرلەمانى كوردستان كۆنگرەیەكى پەروەردەیى ئەنجامبدەن و وتووێژى چروپڕ ئەنجام بدەن و بیروراكان ئاڵوگۆربكرێن و لەسەربنەمایەكى زانستى چارەسەرى ئەم كێشانە بكرێت و دەبێت راوێژكارانى پەروەردەییش واز لەوپێداگریە بێنن كەدەڵێن ئەم سیستەمە سەركەوتووە و گوێش لەهیچ كەس ناگرن ، چونكە هیچ شتێك بەتاكرەوى و بەزۆرسەپاندن رێچكەى خۆى ناگرێت و سەرناگرێت .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست