ساڵانەهەڵسەنگاندنى مامۆستایان چۆن ئەنجامدەدرێ ؟
Sunday, 04/07/2010, 12:00
سیستەمى پەروەردە و فێركردنى كۆن لەكوردستان بەهەموو كون و كەلەبەر و سەرجەم فاكتەر و كارەكتەرەكانى گلەیى و گازاندەیەكى زۆرى ئاراستەدەكرا تا كار گەیشتە ئەورادەیەى لەكابینەى پێنجەم بریارى گۆرینى سیستەمى پەروەردە و فێركردن لەهەرێمى كوردستان درا و كەوتە بوارى جێبەجێكردنەوە و هەندێك لەقۆناغەكانى خوێندن سیستەمەكەى گۆردرا و هەندێكیشیان ئێستا واخەریكن دەیگۆرن ، بەڵام ئەم سیستەمەنوێیەش رەخنەیەكى زۆرى بەدواى خۆیدا هێناوە و شارەزایانى نێو ئەوبوارە زۆربەیان بەسیستەمێكى نەگونجاوى دادەنێن بۆكوردستان
بەتایبەت بەشێكى زۆر لەمامۆستایان ، ئەوەى گرنگە و دەمەوێ هەڵوەستەى لەسەربكەم هەڵسەنگاندنى ساڵانەى مامۆستایانە لەلایەن سەرپەرشتیارانەوە كەلەسیستەمى كۆن و لەسیستەمى نوێش هەمان ئەو پێوەرە كۆن و پاشكەوت و تەقلیدیەیە كەمامۆستایانى پێ هەڵدەسەنگێندرێت كەسەرجەم مامۆستایان لەوجۆرە هەڵسەنگادنە بێزارن و بەپێویستى دەزانن لەگەڵ گۆرینى سستەمى پەروەردە و فێركردن ئەو شێوە هەڵسەنگاندنەى مامۆستایانیش بگۆردرێت و شێوەیەكى مۆدێرن بەكار بهێنرێت بەڵام بەداخەوە ئەو شێوە هەڵسەنگاندنە تائێستاش بەردەوامە ، پێویستە هەڵوەستە لەسەر ئەوباسە بكەین و بۆهەمووان روون بێتەوە كەساڵانە چۆن ئەوهەڵسەنگاندنە بەرێوەدەچێت : هەرمامۆستایەك كەپسپۆرە لەوبابەتەى كەدەیڵێتەوە سەرپەرشتیارێكى تایبەت بەوپسپۆریەى خۆى دەیڵێتەوە سەرپەرشتى دەكات و هەڵسەنگادنى ساڵانەى بۆدەكات ، سەرپەرشتیارى پسپۆرى لەساڵێكدا سێ جار سەردانى مامۆستا دەكان لەقوتابخانەكەى ، جارى یەكەم كەلەسەرەتاى ساڵى نوێى خوێندنە سەرپەرشتیارى پسپۆر سەردانى مامۆستادەكات لەقوتابخانەكەى تەنها بۆیەكترناسین و پێدانى هەندێك رێنماییە بەمامۆستا ، جارى دووەم و جارى سێیەم سەرپەرشتیار بەئارەزووى خۆى ئەوكاتەى كەپێى گونجاوبێت سەردانى مامۆستادەكاتەوە جارى دووەم و سێیەم سەرپەرشتیار بۆماوەى دە خولەك سەردانى مامۆستا دەكات لەپۆلەكەیدا و چۆنێتى وانە وتنەوە و هەڵسوكەوتى مامۆستاكە لاى خۆى یاداشت دەكات و دواتر نمرەى هەڵسەنگادنى بۆدادەنێت كەئەمەش وەكو جۆرە یانسیبێكە بۆمامۆستایان چونكە رەنگە مامۆستایەك زۆرجددى بێت بەڵام لەورۆژەى كەسەرپەرشتیارى بەرێز دەچێتە وانەكەى ئەومامۆستا بەرێزە ئەو رۆژە گرفتێك یان كارێكى هەبوبێت نەتوانێت ئەداى وانەكەى بەتەواوەتى بكات و رەنجى ئەوساڵەى بەهەدەر دەروات چونكە ناكرێت ماندوبونى ساڵێك لە 10 خولەكدا هەڵسەنگانى بۆبكرێت ، جێگاى ئاماژە پێدانە هەڵسەنگادنى مامۆستا لەسەر 100 نمرەیە لەو100نمرەیەش 25 نمرە لەلایەن بەرێوەبەرى قوتابخانەكان بۆمامۆستایانى بەرێز دادەنرێت و ئەوەكەیتر لەلایەن سەرپەرشتیارانەوە دادەنرێت كەئەمەش جێگاى نیگەرانى و رەخنەى زۆربەى مامۆستایانە چونكە بەرێوەبەرى قوتابخانەكان بەئارەزووى خۆیان و لەسەر بنەماى برادەرایەتى و حزبایەتى و خزمایەتى ئەو 25 نمرەیە دەدەنە مامۆستا نەك لەسەرئەوبنەما زانستیەى كەدانراوە ، زۆرجار مامۆستا هەیە لەسەر25 نمرەكەى بەرێوەبەر شایانى 10نمرەش نیە كەچى بەرێوەبەرەكان 24نمرە دەدەنە ئەومامۆستایانەى كەخۆیان دەیانەوێت و بەپێچەوانەشەوە مامۆستا هەیە شایانى ئەوەیە 25 ى لە25 پێبدرێت بەڵام لەبەرئەوەى بەرێوەبەر كەیفى بەومامۆستایە نایەت نمرەیەكى زۆر كەمى پێدەدات كەئەمەش دەبێتە هۆى نایەكسانیەكى گەورەو دەبێتەهۆى ساردبونەوەى ئەومامۆستا بەرێزانەى كەزرۆجددین ، ئەوەى كەدەمێنێتەوە (75) نمرەى هەڵسەنگادنە كەلەلایەن سەرپەرشتیارى پسپۆریەوە ئەو نمرەیە دادەنرێت ئەمەش بەهەمان شێوەى بەرێوەبەرەكان گەندەڵى و نایەكسانیەكى زۆرى تێداد ەكرێت سەرپەرشتیارانیش یان بەئارەزووى خۆیان ئەونمرەیە دادانێن یاخود هەڵەى زۆر ئەنجامدەدەن كەساڵانە مامۆستایانى بەرێز بەئاشكرا هەستى پێدەكەن و نارەزایى خۆیان دەردەبرن ، مامۆستایەكى هاورێم چەند رۆژێك لەمەوبەر پەیوەندى پێوەكردم ووتى : دەبوایە لەهەڵسەنگادن (90)بێنم كەچى كاتێك فۆرمى هەڵسەنگاندنم وەرگرتۆتەوە (70) م هێناوە !! ئاماژەشى بەوە كرد ووتى راستەوخۆ پەیوەندیم بەسەرپەرشتیارەوە كردووە نارەزایى خۆمم ئاراستەكردووە ، ووتى : سەرپەرشتیاریش ووتوویەتى : هیچ نیە ساڵێكى تر بۆت تەعویزدەكەمەوە !!!ئەمەیە شێوازى هەڵسەنگاندنى مامۆستایانى بەرێز ، بەبۆچوونى تایبەتى خۆم مامۆستایانى بەرێز ئەگەر ویژدانى خۆیان هەڵسەنگادن بۆخۆیان نەكەن هیچ شێوازێكى تر سوود و كەڵكى نیە ، ساڵانى رابردوو ئەگەر مامۆستاى بەرێز نمرەیەكى باشى لەهەڵسەنگاندن بهێنایە ئەوا رێزوسوپاسیان ئاراستەدەكردوو چەند مانگێك سەرمووچەكەى دەهاتە پێش دواتر ئەمەشیان نەهێشت بۆیە مامۆستایان ئێستا گرنگى بەوباسە نادەن چونكە دەزانن ئەگەر لەئەنجامى هەڵسەنگاندنیان نمرەى باش وەدەست بێنن یان نمرەى لاواز ئەوا هیچ لەمەسەلەكە ناگۆرێت ، بۆیە لێرەوە داوا لەوەزارەتى پەروەردە و یەكەى سەرشتیاران دەكەم كەوا ئەوجۆرە سیستەمەى هەڵسەنگاندنى مامۆستایان لەرەگەوە بگۆرن و كۆتای بەوشێوازە دواكەوتو و كلاسیكە بهێنن ، شێوازێكى نوێ بهێننە ئاراوە كەمامۆستایانى پێ هان بدرێت و شێوازى پاداشت سزاى تێدابێت و بەئاسانیش گەندەڵى و نایەكسانى تێدانەكرێت .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست