سەرۆكى هەرێم ، ناڕوونى لەدید و گوتارەكانى
Thursday, 17/03/2011, 12:00
ماوەیەك لەمەوبەر باسى گەندەڵى لەسیستەمى حوكمرانى و كایەكانى ئەم سیستەمە سیاسیەى كوردستان پەرەى سەند و بووە سەردێرى هەواڵى هەموو دەزگا بینرا و بیستراو خوێنراوەكانى كوردستان ، بۆیە سەرۆكى هەرێم لەگەڵ حزبە كوردستانیەكان كۆبۆوە و ئەوەى پێڕاگەیاندن كەپرۆژە پێشكەش بكەن سەبارەت بەدەست نیشانكردنى گەندەڵى و شێوازەكانى چارەسەركردنى ، تائێرە هەنگاوێكى خوازراو و قبوڵكراوە و جێگاى دەستخۆشیە ، بەڵام ئەوەى جێگاى هەڵوەستە لەسەركردنە ئەم هەنگاوە جددیەى سەرۆكى هەرێم دەبینین ئێستا خاوبۆتەوە و دید و ووتارەكانى بەرێزى جۆرێك لەناروونى پێوەدیارە ، سەرۆكى هەرێم دواى ئەوەى لەگەڵ حزبە كوردستانیەكان كۆبۆوە و داواى لێكردن پرۆژەى چاكسازى ئامادەبكەن تاكو بەرێزیان لەدەرەوەى وولات دەگەرێتەوە ، دواى ئەوەى سەرۆكى هەرێم سەفەرى كرد بۆچەند وولاتێكى ئەوروپى و لەمیانەى ئەم سەفەرەشیدا لەلایەن ناتۆوە خەڵاتێكى پێبەخشرا ، دەبوایە ئەم خەڵاتە زیاتر سەرۆكى هەرێمى هان بدایە بۆسووربون و زیاتر پێداگرى لەسەرمەسەلەى چاكسازى بەبەشدارى سەرجەم حزب و لایەنە سیاسیەكانى كوردستان ، بەڵام بەداخەوە بینیمان سەرۆكى هەرێم لەدواى ئەوەى سەفەریكرد دۆخێكى ناجێگیر باڵى بەسەرهەرێمدا كێشا و پێویستى بەوەهەبوو هەمووان چالاكتربكات و زیاتر پێداگربن لەسەرهەماهەنگى خێرا لەسەرمەسەلەى چاكسازى و بنەبڕكردنى گەندەڵى ، ئەوەى جێگاى تێبینیە دەبینین سەرۆكى هەرێم لەدواى گەڕانەوەى لەكۆمەڵێك وولات بۆكوردستان تائێستا كۆمەڵێك ووتارى پێشكەشكردووە بەڵام ووتار و دیدەكانى سەرۆكى هەرێم ناڕوونە و جێگاى نیگەرانیە ، سەرۆكى هەرێم لەكاتى گەڕانەوەى بۆكوردستان لەیەكەم ووتارى ووتى : بەزووترین كات لەگەڵ هەموولایەنەكان كۆدەبینەوە بۆچارەسەركردنى ئەم دۆخەى هەرێم بەڵام هەرچەند رۆژێكى كەمى خایاند جگەلەوەى ئەوكۆبونەوە نەكرا لەگەڵ لایەنەسیاسیەكانى كوردستان لەلایەن سەرۆكى هەرێم بەڵام سەرۆكى هەرێم لەساڵیادى راپەرینى هەولێر ووتارێكى ترى پێشكەش كرد تیایدا تیشكى خستە سەربارودۆخى هەرێم و خۆپیشاندانەكانى كوردستان بەتایبەت سلێمانى و تێیدا ئەوەى ووت كەلایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان سوارى مەوجى خۆپیشاندانەكان بوونە بەمەبەستى مەرامى سیاسى و بەدیهێنانى ئەجێنداى سیاسى خۆیان ، لێرەدا لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانى نیگەران كرد ، چونكە ئەو ووتەیە هێندەى سیماى ئەوەى پێوەدیاربوو كەبەرێزیان وەكو سەرۆكى پارتى ئەوقسەى كردبێت نیوئەوەندە سیماى ئەوەى پێوەدیارنەبوو كەووتەى سەرۆكى هەرێم بێت چونكە سەرۆكى هەرێم دەبێت بەچاوێكى یەكسان تەماشاى هەموو لایەنە سیاسیەكانى كوردستان بكات بەحزبەكانى حوكمران و ئۆپۆزسیۆنیشەوە ، لەلایەكى دیكەوە بەرێز سەرۆكى هەرێم ئەوەى دركاند كەباشترین چارەسەر ئەوەیە هەڵبژاردنى پێشوەختە بكرێت و هەموو لایەكیش بگەرێینەوە بۆڕاى گشتى و بۆبریارى میللەت ، بەڵام دواتر ئەوپێشنیارەى بەرێزیشیان كاڵبونەوەى بەخۆیەوە بینى و باسى نەما ، وێراى ووتەجیاواز و جۆربەجۆرەكانى سەرۆكى هەرێم بەڵام هاوولاتیانى ئەم هەرێمە هێشتا چاوەروانى ئەوەن كەسەرۆكى هەرێم وەك چۆن هەموو لایەنەناكۆكەكانى عێراقى لەسەریەك مێز كۆكردەوە و تارادەیەكیش گرفتەكانى پێكهێنانى حكومەتى عێراقى بەبنبەست گەیاند ئەوهاش سەرجەم لایەنەكانى كوردستان لەسەریەك مێزكۆبكاتەوە و نەخشەى رێگا بێننە كایەوە بۆدەرچوونى هەرێم لەم دۆخەى ئێستا تێى كەوتووە ، دۆخى ئێستاى هەرێمیش سستى و خاو و خلیسكى هەڵناگرێت بۆیە پێویستە سەرۆكى هەرێم هەموو ناكۆكیەسیاسیەكان وەلاوەبنێت و بەزووترین كات بانگهێشتى سەرجەم لایەنەكانى هەرێم بكات بەبێ جیاوازى و بەبێ كەنارخستنى هیچ لایەنێك بۆئەوەى هەروەك چۆن هەمووان دەستیان هەبووە لەبەدەستهێنانى ئەم دەست كەوتوو سەروەریانەى هەرێم هەر بەمشێوەیەش باهەمووان دەستیان هەبێت لەپاراستنى و دەربازبوونى هەرێم لەم دۆخەى ئێستا و كۆتایى بێت بەو دڵەراوكێیەى كەلەلاى هاوولاتیان دروست بووە ،لەهەمووش گرنگتر دەبێت بەرپرسانى ئەم هەرێمە حساب بۆئەوە بكەن كەچاوى وولاتانى دراوسێ و نێودەوڵەتیمان لەسەرە و بەنیگەرانیەوە لەودۆخەى هەرێم دەروانن كەئارامترین شوێنى خۆرهەڵاتى ناوەراست بوو ، لەسەرووى ئەمانەشەوە دەیان كونسوڵگەرى و كۆمپانیاى بیانى وەبەرهێنەر لەم هەرێمە هەن و بوونەتە بەشێك لەدابینكردنى هەلى كار بۆتاكەكانى ئەم كوردستانە و بونەتە سەرچاوەى بژێوى سەدان خانەوادەى هەرێمى كوردستان و ئەوانیش وەكو هەموو تاكەكانى كوردستان زۆر نیگەرانن لەدۆخى نائارامى كوردستان و بەسستى كارەكانیان جێبەجێدەكەن و دوودڵن لەكارەكانیان ، بۆیە من داواكارم لەجەنابى سەرۆكى هەرێم و سەرجەم لایەنەسیاسیەكان واز لەوەبێنن كەكێ دەستى لەپشت ئەم خۆپیشاندانەوە هەیە و كێ سوارى مەوجەكە بووە ، بابەهەموولایەك هەوڵى جددى و خێراو راستگۆیانە بدەین بۆئەوەى هەرچى زووە رزگارمان بێت لەودۆخەى ئێستا كەهەموومانى نیگەران كردووە و كاریگەرى راستەوخۆى كردۆتە سەربارى دەروونى تاكەكان و كاریگەرى كردۆتە سەر كایە جیاجیاكانى بازار و بەشێكى زۆر لەجومگەكانى بازار و ئابوورى و هەندێك جموجۆڵى بازرگانى پەكى كەوتووە و هەندێكیشیان سست بووە، باهەموولایەك دەست لەناو دەست و پێكەوە وەكو قەڵغانى راستەقینەى پۆڵاینى پاراستنى كوردستان و ئەزموونەكەى سوارى مەوجێك بین كەمەوجى چاكسازى و دژ بەگەندەڵى بێت و هەموومان بەیەكەوە لەناوكەشتى نەجات بگەینە كەنارى ئارامى كوردستان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست