باهەموومان لەسەریەك سفرە كۆببینەوە
Monday, 07/02/2011, 12:00
ئەگەر لاپەرەكانى مێژووى كورد و كوردستان هەڵبدەینەوە دەبینین پڕە لەناسۆرى ناخۆشى و نەهامەتى و دیمەنى تراژیدیا و تاڵیەك دەدەنە خوێنەر و بەرەو هەناسەیەكى قوڵمان دەبات ، لەبەرامبەر ئەمانەشدا دەبینین مێژووى كوردایەتى و لاپەرەكانى پڕە لەخەبات و دەست كەوتوو سەروەرى ،لەپەراوێزى ئەمانەشدا لەكە و پەڵەمان هەیە و لەمێژووشدا تۆماركراوە كەهەموومان لەو لەكەوپەڵانە پەشیمانین و نامانەوێت جارێكیتر دووبارەببنەوە ،بەردەوام میللەتى كورد خەباتیكردووە لەپێناو ئازادى و دیموكراسى و دروستكردنى قەوارەیەكى سەربەخۆ بۆخۆبەرێوەبردن و لەوپێناوەشدا هەزاران رۆڵەى ئەم خاك و خەڵكە خۆیان بەختكرد ،لەم سۆنگەیەوە بەشێك لەئاواتەكانمان هاتۆتەدى و دەستكەوتیشمان هەیە كەوەكو سەروەرى شانازییان پێوەبكەین و تارادەیەكیش مەترسى دەرەكیمان لەسەر كەمبۆتەوە ، كورد لەئێستادا خۆى حوكمرانى خۆى دەكات و سەرۆكایەتى هەرێم و حكومەت و پەرلەمانیشمان هەیە و دەیان زانكۆ و پەیمانگاشمان هەیە و سیستەمێكى ئەمنى تۆكمەشمان هەیە لەسایەى فەزڵى خوا ،بەشێكى گرنگیشین لەحوكمرانى دەوڵەتى عێراقى و بودجەیەكى باشیشمان لەحكومەتى ناوەندیەوە بۆدێت و گومرگەكانى هەرێمیش داهاتێكى بێ وێنەیان هەیە و وەزارەتەكانیش داهاتێكى باشیان هەیە، لەسەرئاستى نێوخۆیى و هەرێمى و لەسەرئاستى نێودەوڵەتیش شانازى بەپێشكەوتنەكانى هەرێمى كوردستانەوە دەكرێت ، بەڵام ئەوەى جێگاى نیگەرانیە دانیشتوانى ئەم هەرێمە ماوەى نزیكەى بیست ساڵە لەسایەى حوكمرانى حكومەتى خۆمان بەدەست كۆمەڵێك گرقتى درێژخایەن دەناڵێنێت و ساڵ دواى ساڵ و دواى تێپەراندنى شەش كابینە و وێراى پێدانى هەزاران بەڵێن بەهاووڵاتیان كەچى كێشە و گرفت و داخوازییەكانى هاووڵاتیان هەرجێبەجێنەكراوە و بەردەوامە ، گرفتەكانى هاووڵاتیان لەژمارنایەن و رۆژ دواى رۆژیش زیاتر دەبن و تەشەنەدەكەن و بەبێ هیوایشەوە لەهەنگاوەكانى چاكسازى و بەرەنگاربونەوەى گەندەڵى و جێبەجێكردنى داواكانى هاووڵاتیان و دادى كۆمەڵایەتى و یاساسەروەرى و جیاكردنەوەى حزب لەحكومەت دەروانرێت و ئاسۆیەكى هیوابەخش نیە و هاوولاتیانیش سەبرى ئەیوبیان گرت و هەرئاواتیان نەهاتەدى ، تەماشاى كوچەیەكى ئەم كوردستانە دەكەین ئاو نیە و لەلایەكى تر ئاوەرۆ نیە و لەولاوەش كارەباى نیشتمانى سەرەدیقانێ لەگەڵ هاوولاتیان دەكات و لەنیوەى شەودا نوكە لێدەدات و شەقامەكانمان باى مانگێكە تێكدەچێت و نەوتیش بەشى زستانەكەمان ناكات و بەشەئازووقەش هەرباسى ناكرێت و داو و دەرمانیش لەنەخۆشخانەكانى حكومى وەكوپێویست نیە و دەبێت سەرلەئێوارەكان ئۆغربكەین بەرەوشەقامى پزیشكان و دەرمانخانەئەهلیەكان كەپارەمان هەربۆئەوانە ،گرانى كەل و پەل و پێداویستیەكان و دەست نەكەوتنى خانوێك بۆكرێ مەگەر 1000دۆلار بدەین بەكرێیەكەى چونكە خانووى كرێ لەمرۆدا بەس بۆكۆمپانیاكانە، سلفەى عقارى نادرێتە زەوى 100مەترى !!!لەكاتێكدا تەنها ئەوانەى زەوى 100 مەتریان هەیە پێویستیان بەسولفەى عەقارى هەیە و ناهێڵدرێت هەژاران زەوییەكانیان بكەن بەدووپارچەى 100مەتر یان 125 مەترى و داوا لەهاوولاتیان دەكرێت خانوو لەیەكەكانى وەبەرهێنەران بكڕن كەنرخیان لە5دەفتەر دۆلار بەسەرەوەیە !!!هەژار ئەگەر 5دەفتەر دۆلارى هەبێت بۆهەژارە؟ زەوى پێدان بەمامۆستایان و فەرمانبەران و كرێنشینان و هەژاران وەستاوە و كەسانى حزبى و دەست رۆیشتوو بەردەوام زەوى وەردەگرن ، گەنجەكانمان تواناى ئەوەیان نیە پرۆسەى هاوسەرگیرى ئەنجامبدەن و كچەكانیش قەیرەبوون و لەبەرگرانى و زۆرى داخوازیەكانیان كەس ناچێتەداوایان ، خانەنشینانمان مووچەكەیان باى دووجارى چوونە لاى پزیشكە!!!هەزاران رۆڵەى ئەم هەرێمە بەهۆى نەخۆشیەوە لەسەرجێگا دەناڵێنن و تواناى ئەوەیان نیە سەردانى پزیشكێكى ناوخۆیى بكەن و منداڵى بەرپرسەكانیش بۆسەرئێشەیەك دەبردرێنە دەرەوەى وولات ، هاوولاتى كارەباى نیشتمانى چەندكاتژمێرێكە و كارەباى بەرپرسانى حزبى و حكومى وەكویابان وایە یەك چركەش ناكوژێتەوە ، هاوولاتى ئەم هەرێمە بەدەست رۆتینیات و گەندەڵى و واستەكارى و بەرتیلى دام و دەزگاكان دیقى كردووە ، منداڵى هەژاران سێ سێ لەسەریەك رەحلە دادەنیشن لەقوتابخانە و منداڵى بەرپرسەكان لەقوتابخانە نمونەیى و ئەهلى و نێودەوڵەتیەكان دەخوێنن ، منداڵى هەژار لەهیچ كۆلیژ و پەیمانگایەك وەرناگیرێت و منداڵى بەرپرسانیش لەكۆلیژەئەهلیەكان و كۆلیژەكانى دەرەوەى وولات خوێندنیان تەواودەكەن ،منداڵەهەژارێك هەزار دەرگا دەكات لەكوچەیەكى دامودەزگاكانى ئەم حكومەتە دانامەزرێت كەسانى دەست رۆیشتوو و نزیك لەحزبەكان بەتەزكیەى حزبى دادەمەزرێن بەچاونوقانێك كارەكانیان بۆجێبەجێ دەبێت ، گوندەكانمان چۆڵبون و لەبرى ماست و هێلكەى خۆماڵى ئێستا ماست و هێلكەى توركى بۆتە خواردنمان ،كەسانى بێ بروانامەى حزبى دادەمەزرێن و كەسانى كارامە و خاوەن بروانامە ى بێ واستە لەشەقامەكان دەخولێنەوە و كەسێك نیە دایانمەزرێنێت ، مۆنیكا و وەنەوشە بۆبەرپرس و منداڵەكانیان و تۆزوخۆڵەكەشیان بۆهەژاران ، خۆزگەبەرپرسەكانى ئەم هەرێمە تەنها یەك شەو بەدیار كەناڵەنێوخۆییەكانى خۆمان دادەنیشتن ئەوسا دەیانزانى بەشێكى زۆرى هاووڵاتیانى هەژارى ئەم كوردستانە چۆن گوزەر دەكەن ؟تەنانەت خانەوادەى واهەیە ناتوانێت كرێى مۆلیدە بدات، بیست ساڵە دەلێن گەندەڵى هەیە و كەسیش نكوڵى لێناكات بەڵام تائێستا كێ لەسەرگەندەڵى دادگایى كراوە؟ كێ لەسەرگەندەڵى فەسڵكراوە و خراوەتە بەندینخانە؟ گەندەڵى ئەم هەرێمەى بۆگەن كردووە و حكومەتەكى لەكەداركردووە ئاخر ئەوحزبانە كەخەباتى شاخ و شاریان هەیە كەى رەواى حەقە رێگە بەكەسانێكى نابەرپرس دەدەن لەپەناى حزبەكانى ئەوانەوە گەندەڵى بكەن و حزبەكانیان لەكەداربكەن ؟ ماوەیەكە نارەزایەتیەكانى هاووڵاتیان پەرەى سەندوە هەر رۆژەى چینێك دەرژێتە سەرشەقامەكان و داواى ماف و پێداویستیەكانیان دەكەن بەلام بەداخەوە وەلامیان نادرێتەوە!!!ئاخر ئەگەر حكومەت وەلامى پەرلەمان و پەرلەمانتاران نەداتەوە چۆن وەلامى هاوولاتى سادە دەداتەوە!!!تائەمرۆش توندترین ململانێ لەنێوان لیستەكانى ئۆپۆزسیۆن و لیستى دەسەلات هەیە لەنێوپەرلەمانى كوردستان و بەردەوام پرۆژەى یەكتر رەتدەكەنەوە و دەنگى پێنادەن و لەم نێوانەشدا هاوولاتى هەژار زۆرترین زەرەرى بەركەوتوە، دەبێت لەمەودوا ئۆپۆزسیۆن و دەسەلات بەچاوى بەرژەوەندى هاولاتیان لەپرۆژەكانى یەكتربروانن و بەپێى بەرژەوەندى خەلكى ئەم كوردستانە دەنگ بۆپرۆژەكانى یەكترى بدەن ، ئاخر كەگەنج و لاو بربرەى پشتى ئەم هەرێمەبن بۆئاوریان لێنادەنەوە؟ دەڵێن كار بۆگەنج كراوە!!!كام گەنج ؟ چیان بۆكراوە ؟ بۆچەندگەنج كراوە؟بۆدەبێت هاوڵاتى ئاسایى و فەرمانبەر و مامۆستا كەمووچەكەیان 300تا400هەزاربێت بە20ساڵ نەتوانێت زەوییەكى 100مەترى بكرێت و هەربەرپرسێكیش مەزرەعەكەى بەدەیان دۆنم بێت و چەندین ڤێللاى تێدابێت؟ئەمەیە دادوەرى كۆمەلایەتى؟بەرپرسان لەكاخن و هاولاتیانیش لەكوخن، لایەنەئۆپۆزسیۆنەكان بەیاننامەدەردەكەن و داواى چاكسازى و جێبەجێكردنى داواى هاولاتیان دەكەن و داواى چاكسازى دەكەن ئەمەیان لەشوێنى خۆى بەڵام ناكرێت و بۆئەزمونى ئەم هەرێمە جوان نیە لەرێگەى راگەیاندنەكانەوە وەلامى یەكترى بدەینەوە و تۆمەتى رەواونارەوا بدەینە پاڵ یەكترولاپەرەكانى یەكترى هەڵبدەینەوە، زۆریش بەداخەوە تائێستاش كەسانێك هەن كەدەهۆڵ و زورنا لێدەدەن بۆئەوەى شەرى ناوخۆ دووبارەببێتەوە ، پێویستە ئەوكەسانە بدرێنەدادگا و لێپێچینەوەیان لەگەڵ بكرێت،ئێمە كەسەرۆكایەتى هەرێممان هەیە و لەرابردووش ئەنجومەنى بالاى پارتەسیاسیەكان هەبوو كەبەداخەوە رۆڵێكى ئەوتۆى نەبوو و كارا نەبوو و بەبێ هۆكارى نادیار هەڵوەشایەوە ، بۆیە پێویستە بەزووترین كات سەرۆكایەتى هەرێم هەموولایەنەسیاسیەكانى كوردستان بەبێ جیاوازى لەسەرمێزى گفتوگۆ كۆبكاتەوە و دوایین رووداو و پێشهاتەكانى هەرێم و گیروگرفتەكانى هەرێم و گەندەڵى و داواكاریەكانى هاوولاتیان بخرێنە بەرباس و گفتووگۆى جددى لەبارەوە بكرێت بەرنامە و پلانى تۆكمە و خێراى بۆدابرێژن و بەزووترین كات حكومەت و پەرلەمان جێبەجێى بكەن چونكە دۆخى كوردستان و گوزەرانى هاوولاتیان لەمەزیاترهەلناگرێت و هاوولاتیان داواى رەوایان هەیە و پێویستیشە بەزوترین كات ئەنجومەنى بالاى كوردستان پێكبهێنرێت و سەرجەم سەركردەى حزب و لایەنەسیساسیەكانى كوردستان تێیدا بەشداربن و ئەندام بن تێیدا و هەموومانگێك كۆببنەوە و بارودۆخى كوردستان هەڵبسەنگێنن و چارەسەرى خێراى بۆدابنێن چونكە بەدڵنیاییەوە ئەوەى بەزمانى گفتوگۆ و دیالۆگ و لێك تێگەیشتن چارەدەكرێت بەزمانى زبر و توندوتیژى چارەناكرێت و كەسیش لەپشێوى بارودۆخى كوردستان قازانج ناكات و هەموولایەكیش داواكانمان بۆخزمەتكردنى هاولاتیانى ئەم هەرێمە و پێشكەوتنى كوردستانە ،هیچ تاكێكى ئەم كوردستانەش لەهیچ حزب و لایەنێك قبول ناكات جارێكیتر شەرى ناوخۆ هەڵبگیرسێننەوەو رۆڵەى ئەم هەرێمە بەكوشت بدەن ،دەبێت حكومەت كەتاڵێكى تایبەت بكاتەوە و سەرۆكى حكومەت هەفتانە ووتارپێشكەش بكات و بەڵێنى پرۆژەى تازە بەخەڵك بدات و دەبێت لەگەڵ خەڵكیش راستگۆبن و بەشەفافى بەخەلك بڵێن ئەوەتان بۆدەكەین و ناشتوانین ئەمانە جێبەجێبكەین،شەقامى كوردى ئەم داواكاریانەى هەیە:
1/نەمانى دیاردەى تەزكیەى حزبى.
2/ دادوەرى كۆمەلایەتى.
3/یاساسەروەرى بۆهەمووان بەبێ جیاوازى.
4/زیادكردنى مووچەبەجۆرێك لەگەڵ بژێوى ئەمرۆدا بگونجێت.
5/سولفەى عەقار بدرێتەهەمووكەسێك بەبێ رەچاوكردنى رووبەرى زەویەكە و سەنەدى تاپۆ.
.6/خەلك بتوانێت زەوى 250مەترى دابەشى 2 بكات چونكە هاولاتى تواناى ئەوەى نیە 250مەترزەوى بكرێت و بیكات بەخانوو.
7/زەوى بدرێتە هەمووتاكێكى ئەم كوردستانە كەموستەحەق بێت بەبێ رەچاوكردنى خزمایەتى و خێلایەتى و حزبایەتى.
8/فەرمانبەران بتوانن پێشینە لەبانك رابكێشن و لەموچەكانیان بگێردرێتەوە
.9/ئازادى رادەربرین بەرفراوانتربكرێت
.10/چیتر حزب دەست لەكاروبارى حكومەت وەرنەدات چونكە بەداخەوە تائەوساتەش لەرێگەى لق و مەلبەندەكانەوە خەلك دادەمەزرێنن.
11/خەلك داوادەكات بەزووترین كات كێشەى ئاو و كارەبا چارەسەربكرێت.
12/خەلك داوا دەكات رۆتینیات و گەندەلى و واستەكارى لەنێودامودەزگاكانى حكومەت كۆتایى پێبێت، لەكۆتایشدا هاوولاتیانى هەرێم داواكارن هەرچى زووە ئەم تەمەى باڵى بەسەر هەرێمدا كێشاوە برەوێتەوە و داواكانى هاوولاتیانیش جێبەجێ بكرێت بەزووترین كات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست