لەپەراوێزى پرۆژە دوایین راپۆرتى لیژنەچاكسازییەكەى سەرۆكى هەرێم - بەشى یەكەم
Tuesday, 13/03/2012, 12:00
لەگەڵ ئەوەى لەدوایین راپۆرتى خۆیدا لیژنە چاكسازییەكەى سەرۆكى هەرێم دانى بەزۆرینەى ئەو گەندەڵیانە داناوە كەرۆژانە لێرە و لەوێ لەسەرجەم هۆیەكانى راگەیاندن باس و خواسى لێوەكراوە و دەكرێت ، بەڵام ئەمە ماناى ئەوەنیە كەلەدواى ئەم راپۆرتە و بۆلەمەودواش كوردستان دەبێتە شامى شەریف و سەرجەم بەرپرسە گەندەڵكارەكان ملیان بەپەتى سێدارەوە دەكرێت و دەكرێنە پەندى زەمانە و بۆلەمەودوا دەبنە عیبرەت بۆسەرجەم بەرپرسەكانى ترى ئەم هەرێمە بۆئەوەى چیتر جورئەتى ئەوەنەكەن وەكوتاڵانچى و مشەخۆر لەسەر داهاتى گشتى ئەم هەرێمە خۆیانى دەوڵەند بكەن و راست و چەپى لێبخۆن ، لەگەڵ ئەوەى دوایین راپۆرتى لیژنەى چاكسازى سەرۆكى هەرێم سەرەتایەكى دڵخۆشكەرە لەداكۆكیكردنى نەبونى گەندەڵیەوە بۆ داننان بەگەندەڵى لەسەرجەم جومگەكانى حكومەت لەلایەن دامەزراوە فەرمیەكانى ئەم هەرێمە بەڵام دوایین راپۆرت پڕاوپڕە لەخۆدزینەوە و كەموكوڕى و ناڕوونى و شاردنەوەى زانیارى لەڕاى گشتى ئەم هەرێمە و ڕەنگە ئەم لیژنەیە پێى وابێت ئیتر خەڵكى هەرێم دواى ئەم راپۆرتە نازانستى و ناشەفاف و ناپیشەییە ئیتر ئۆخەى لێدەكات و بەئیسراحەت لێى دەخەوێت ، خودى خۆم وەكوتاكێكى ئەم هەرێمە پرسیار و رەخنەى جددیم لەوراپۆرتە ناشەفاف و پڕ كەموكوڕییە هەیە و ئاراستەى راى گشتى و سەرۆكى هەرێم و لیژنە چاكسازیەكەیى و پەرلەمانى كوردستان و داواكارى گشتى دەكەم ، سەرەتای رەخنەكەم بەوەدەست پێدەكەم كەسەرۆكى هەرێم لەئادارى ساڵى رابردوو داواى لەخەلكى هەرێم كرد كەتەنها سێ مانگ مۆڵەتیان پێبدەن بۆئەوەى چاكسازى ریشەیى ئەنجامبدەن بەڵام دواى نزیكەى ساڵێك جگە لەدانپێدانان بەگەندەڵى و دەست خستنە سەربرینەكان و ئاماژەكردن بەچەند چارەسەرێكى بەناو چارەسەر و چەند ئاڵوگۆڕێك هیچیتر بەدى ناكرێت ، پرسیارى جددى لەوەدایە ئایا ئەگەر ئەم هەموو گەندەڵى و كەموكوڕیە هەیە ئەى بۆ فراكسیۆنى كوردستانى كەفراكسیۆنى حیزبەكەى سەرۆكى هەرێم و حیزبە هاوپەیمانەكەیەتى بەچەپڵەرێزان لەپەرلەمانى كوردستان متمانەى دایەوە بە سەرۆكى حكومەت و وەزیرەكانى ئەم حكومەتە كەمتەرخەمە؟ سەیرە بۆبابەتێكى گرنگى وەكو چاكسازى لیژنەكە لیژنەیەكى كاتیە و پێشبینى دەكرێت لەماوەیەكى نزیكدا بپوكێتەوە لەكاتێكدا دەبێت ئەو لیژنەیە وەكو دامەزراوەیەكى سەربەخۆ بەشێوەیەكى فەرمى بەدامەزراوەیى بكرێت و تاهەتایە بەردەوام بێت لەكارەكانى و دەبێت خەڵكیش بزانێت ئەوانەى لەولیژنەیە كاردەكەن كێن؟ جێگایان لەكوێیە؟ ئیمەیل و ژمارەتەلەفۆنەكان و سندوقى سكاڵا و گەیاندنى زانیارى لەلایەن هاوڵاتیانەوە بەو لیژنەیە چیە و لەكوێیە؟ دەكرێت بپرسم ئەگەر ئەم لیژنەیە بەجددى كار بۆچاكسازى دەكات بۆ لەرێگاى دەزگاكانى راگەیاندنەوە داوایان لەرۆژنامەنووسان و رۆشنبیران و هاووڵاتیان نەكرد كەزانیاریان پێبدەن لەسەر هەر دۆسیەیەكى گەندەڵى كەزانیاریان هەیە لەبارەیەوە؟ بۆئەم لیژنەیە تەنها دەیانەوێت كار لەسەر ئەو دۆسیەیانە بكەن كەتەنها خۆیان مەبەستیتیان؟ئەى بۆ كار لەسەر ئەو هەزاران دۆسیەیە ناكەن كەرۆژنامەنووس و رۆشنبیران و هاووڵاتیانى ئەم هەرێمە دەیخەنە روو؟ راپۆرتەكە تەنها ئاماژە بەبەدواداچون دەكان بۆپرسى چاكسازى ، ئەى ڕێگا چارەى خێرا و جددى بۆئەم پرسە كامەیە؟لیژنەى چاكسازى تەنها لەودۆسیانەى كۆڵیوەتەوە كەلەلایەن سەرۆكى هەرێمەوە ئاراستەى كراوە لەكاتێكدا گومان لەوەدانیە ئەم لیژنەیە خۆیان پەى بەسەدان دۆسیەى گەندەڵى دەبەن بەڵام لەبەرئەوەى لەلایەن سەرۆكى هەرێمەوە گڵۆپى سەوزیان بۆهەڵنەكراوە بۆیان بڤەیە دەستى بۆببەن!!! لیژنەكە لە174 دۆسیەى گەندەڵى كۆڵیوەتەوە لەكاتێكدا بەبێ یەك و دوو و دەكرێت بڵێین هەزاران دۆسیەى گەندەڵى لەم هەرێمەدا هەیە و سەدان و هەزاران بەرپرسى نابەپرس لەدۆسیەى گەندەڵى تێوەگلاون و تائێستاش كەس پێى نەوتوون لەپشتى چاوتان دوو برۆیە!! بۆئەم لیژنەیە لەسەرۆكى هەرێم ناپرسێت بۆ سەرۆكى شارەوانیەكان و بەرێوەبەرى ناحیەكان و قائیمقامەكان و بەرپرسە جۆراوجۆرەكانى ترى ئەم هەرێمە ئەم هەموو پارە و پول و زەوى مەزرەعە و ڤێلا و قەێر و قێورەیان لەكوێ هێناوە؟ ئەم هەموو بازرگانە چۆن دروست بوون و سەرمایەكانیان لەكوێ دەست كەوتووە؟راپۆرتى لیژنەكە ئاماژەى بەوەكردووە كە110كەیس بەئەنجام گەیشتوون ، ئایا بۆبۆخەڵكى و بۆراى گشتى روون نەكراوەتەوە ئەو 110كەیسە چیە و چۆن گەندەڵى تێداكراوە و ئەوانەى گەندەڵیەكەیان كردووە كێن و چ سزایەك دراون؟ ئایا دەكرێت بەرپرسێك بەبەهاى سەدان ملیۆن دۆلار گەندەڵى ئەنجامدابێت تەنها لەكارەكەى دووربخرێتەوە یان لەفەرمانگەیەك بگوازرێتەوە بۆفەرمانگەیەكیتر ، لیژنەكە 95 بەرپرسى بەكەمتەرخەم دەستنیشان كردووە ، پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئەو 95 بەپرسە كێن ؟ بۆناوەكانیان نەخراوەتە روو؟ چ رێكارێكى یاساییان بەرامبەر گیراوەتەبەر؟ كام بەرپرس لەم 95 بەرپرسە زیندانى كراوە ؟ یان دەست بەسەر ماڵ و موڵكەكەیداگیراوە؟ لیژنەكە ئاماژە بەوەدەكات كەلەبوارى تەندروستى دەرمانێكى زۆرى ئێكسپایەر و كوالێتى نزم هاوردەى هەرێم كراوە ، ئەى بۆ روون نەكراوەتەوە كێن ئەوانەى كەئەو دەرمانانەیان هاورەكردووە؟ بەكام ڕێگا هاوردەیان كردووە ؟ چ رێكارێكى یاساییان بەرامبەرداكراوە؟هەزاران دەرمانخانەى نایاسایى لەهەرێمدا هەیە بۆئەم لیژنەیە و سەرۆكایەتى هەرێم دایان ناخات؟ ئایا چارەسەرى گەندەڵیەكانى بوارى تەندروستى تەنها بەوەدەكرێت كەبەرێوەبەرى چەندنەخۆشخانەیەك بگۆڕدرێن و بەرپرسانى كوالێتى و كۆنترۆلى جۆرى بگۆردێن؟لەبارەى كوالێتى و كۆنترۆلى دەرمان لیژنەكە ئاماژەى بەوەكردووە كەتوانا ناوخۆییەكان لەوبوارەدا لەئاستى بەرێوەبردنى ئەم بوارەدا نین!!! ئەى بۆپرسیارناكرێت ئەو سەدان راویژكار شارەزایە كاریان چیە كەلەسەر قووتى ئەم هەرێمە دامەزراون و لەئاستى شارەزا و راوێژكاردانین؟ لەبوارى موساتەحە راپرۆتى لیژنەكە نوسیویەتى:زۆربەى موساتەحەكان بەشێوەى راستەوخۆ و بێ زیادكرنى ئاشكرا دراون و هەندێكیشیان تەملیك كراون ، ئەى بۆ ئاماژەى بەوەنەكردووە كێن ئەوانەى ئەم كارەیان كردووە و چ رێكارێكى یاسایان بەرامبەردا كراوە و دەست بەسەر موڵك و ماڵى كام لەم بەپرسانەدا گیراوە كەئەم كارەیان كردووە و دەست بەسەر كام پرۆژەى لەم شێوەیەدا گیراوە؟ راپۆرتى لیژنەكە تەنها باسى گرتنەبەرى رێكارى یاسایى بەرامبەر پرۆژە موساتەحەكانى ناوشارەكان دەكات ، ئەى بۆباسى لەگەندەڵیەكانى موساتەحە و داگیركردن و تاڵانكردنى زەوییەكانى قەزاو ناحیەكان نەكراوە؟ لیژنەكە باس لەكوكورى بوارى وەزیفى دەكات من بەبەڵگەوە دەیسەلمێنم لەفەرمانگەیەكى حكومى لەناحیەیەكى دەوروبەرى هەولێر نزیكەى 80 كارمەندى فەرمى هەیە و هیچ كارێكیشیان نیە دەفەرموو وەرن بابەڵگەكە بخەمەروو و كارى لەسەربكەن ، تائێستاش بەرێوەبەر و یاریدەدەرى قوتابخانەكان لەلایەن رێكخراو و كۆمیتەكانى حزبەوە دادەنرێن بەڵام ئەم لیژنەیە بۆدەرمانیش باسی لەم بابەتە نەكردووە و خۆى لەقەرە نەداوە ، لەكاتێكدا ئەمە پێچەوانەى یاساى وەزارەتى پەروەردەیە ... كۆتایى بەشى یەكەم
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست