کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سەرۆكى هەرێم لەبرى نێوماڵى عەرەب باشترە نێوماڵى كورد رێكبخەیتەوە!!!

Sunday, 24/04/2011, 12:00






گەلى كورد و سەركردایەتیە سیاسیەكەى زۆریان بۆبراعەرەبەكان كرد و هەموو كات خەریكى ئەوەبوونە نێوماڵى عەرەبەكانى عێراق رێكبخەنەوە بەتایبەتى لەدواى رووخانى رژێمى بەعس لەساڵى 2003 ەوە ،دەبێت ئێمە بپرسین لەبەرامبەر ئەم هەموو هەوڵ و كۆششەى سەركردایەتى كورد بۆرێكخستنەوەى نێوماڵى عەرەبەكانى عێراق چ سوودێكمان بینیوە و لەبەرامبەر ئەم خەمخۆرییەى ئێمەدا ئەوان چییان بۆگەلى كورد و دۆزە رەوایەكەى و گەراندنەوەى ناوچەداگیركراوەكان كردووە؟نەك ئەوعەرەبانەى عێراق هیچیان نەكردووە بۆئەوەى كورد بگاتە ئاواتى خۆى و ناوچەداگیركراوەكانى بۆبگەرێندرێتەوە بەڵكو بەپێچەوانەوە دژایەتى زۆرتوندیشمان دەكەن كاتێك باسى ناوچە داگیركراوەكانى كوردستان دەكەین بۆئەوەى بگەرێتەوە سەرهەرێمى كوردستان، عەرەبەكان كاتێك لەهەولێر كۆدەبنەوە خۆیان دەكەن بەفریشتە و خۆیان دەكەن بەعەساى سیحرى بۆگەیشتنى گەلى كورد بەئاواتەكانى بەڵام هەموومان دەزانین ئەوسیناریۆیانەى عەرەبەكان هەرئەوەندەیە تالەسنوورى قوشتەپەوە ڕەت دەبن بۆناوچەكانى خۆیانەوە و رێك راستەوخۆ لێدوانە دووڕوەكانیان پێچەوانەدەبێتەوە بۆ ڕووە راستەقینەناشیرینەكەى خۆى كەتائێستا كورد و سەركردایەتیەكەى هەڵوەستەیان لەسەر ئەم مەسەلەیە نەكردووە ، عەرەبەكان لەچى دۆستمان بوونە و هاوكارمان بوونە؟ لەچارەسەركردنى ماددەى140؟لەچارەسەركردنى كێشەى بودجەكەهەمووساڵێك بۆمان دروست دەكەن؟لەچارەسەركردنى كێشەى هێزى پێشمەرگە؟لەچارەسەركردنى گرێبەستەنەوتیەكانى هەرێم ؟ لەچارەسەركردنى كێشەى نێوان لیستى برایەتى و حەدبا؟ لەچارەسەركردنى هێرشكردنە سەرخێزانەكوردەكان لەناوچەداگیركراوەكان؟لەچارەسەركردنى تۆپبارانكردنى ناوچەسنورییەكانمان لەلایەن هەردوو ووڵاتى ئێران و توركیاى بەناودراوسێمان؟ بەدڵنیاییەوە نەك هەردۆستمان نەبوونە بۆچارەسەركردنى ئەوكێشانە بەڵكو تاسەرئێسقان هەوڵدەدەن ئەوكێشانە بەردەوام بێت بۆئەوەى گەلى كورد ئۆخەى نەكات و بۆساتێكیش نەحەسێتەوە ، ئێمە ئەگەر نێوماڵى خۆمان رێك نەخەین و دەست لەناودەست نەبین بۆئەوەى چارەسەرى كێشەكانى خۆمان بكەین بەدڵنیاییەوەى هیچ كەسێك نیە یارمەتیمان بدات بۆئەومەسەلەیە ، ماوەیەك لەمەوبەر سەرۆكى هەرێم هەموولایەنەعەرەبەكانى لەهەولێرلەسەریەك مێز كۆكردەوە بۆچارەسەركردنى كێشەكانى نێوانیان و چاوەروانیش دەكرێت لەچەند رۆژى داهاتووشدا جارێكیتر سەرۆكى هەرێم مالیكى و عەللاوى بەیەكەوە كۆبكاتەوە بۆئەوەى كێشەكانى نێوانیان چارەسەربكات ، من دەڵێم جەنابى سەرۆكى ئەوەندەى خەریكى رێكخستنى نێوماڵى عەرەبەكانە باشترە خەریكى رێكخستنەوەى نێوماڵى كوردبێت ،جەنابى سەرۆكى هەرێم لەبەرامبەر رێكخستنەوەى نێوماڵى عەرەبەكان ئاگاى لەرێكخستنەوەى نێوماڵى كورد نەماوە كەئەمەش جێگاى داخە ، لەئێستا كەپشێویەكى نەویستراو و ناشیرین بەرۆكى ئەم هەرێمەى ئێمەى گرتووە كەپێشتر پێى دەگوترا هەرێمەئارامەكەى رۆژهەڵاتى ناوەراست !!!بەڵام بەداخەوە تائەم چركەساتەش سەرۆكى هەرێم نەیتوانیوە هەموولایەنەكانى كوردستان لەسەریەك مێزكۆبكاتەوە بۆچارەسەركردنى ئەم كەشە نائارامەى كەزیاتر لەدوومانگە هەرێمى كوردستانى گرتۆتەوە و دەیان شەهید و قوربانى لێكەوتۆتەوە ، جێگاى پرسیارە كەرۆژانە بەبەرچاوى سەرۆكى هەرێم تاكى ئەم هەرێمە و رۆڵەى كورد بەدەستى كورد بریندار دەكرێت و شەهید دەكرێت و دەرفێندرێت و لێى دەدرێت و بزردەكرێت بەڵام سەرۆكى هەرێم بێدەنگە!!!سەرۆكى هەرێم زۆرجار دەڵێت من بۆئەوە بوومەتە سەرۆكى هەرێم بۆئەوەى نەهێڵم شەرى براكوژى دووبارەبێتەوە!!!من لەجەنابى سەرۆك دەپرسم ئەورەوشەى سلێمانى ئەگەر ناوى شەڕى براكوژى نەبێت ئەى ناوى چییە؟ كورد بەدەستى كوردناكوژرێت؟ خوێنى رۆڵەى كورد بەدەستى رۆڵەى كورد نارژێت؟ كوا وەڵامى بەرێزتان بۆئەم دیاردە قێزەونانە؟ كوا تەداخولى راستەوخۆ بۆكۆتایى هێنان بەم دیاردەى كەلەئێستادا سومعەى هەرێمە ئارامەكەى خۆرهەڵاتى ناوەراستى لەكەداركردووە !!!بۆبەرێزتان داوادەكەن عەرەبەكان یەكترقبوڵ بكەن ئەى بۆداواناكەى لایەنەكوردییەكان یەكترى قبوڵ بكەن؟ داواكردنى یەكترقبولكردن تەنها بەبەیاننامەیەكى سەرۆكایەتى هەرێم نابێت بەڵكو دەبێت جەنابتان راستەوخۆ تەداخول لەچارەسەركردنى ئەم رەوشە ترسناكەى هەرێم بكەن و راستەوخۆ و بەبێ بەفیرۆدانى كات هەموولایەنەكانى كوردستان بەسەرۆكایەتى راستەوخۆى بەرێزتان لەسەریەك مێزكۆبكەنەوە و هیچ لایەكیش بەچاوى دوژمن سەیرى لایەنێكى ترنەكات و هیچ لایەنێكیش خۆى لەلایەنێكى تر بەگەورەترو موقەدەستر نەزانێت بۆئەوەى بەزووترین كات چارەسەرى ئەم دۆخەى هەرێم بكرێت تاوەكو لەوە زیاتر پەرەى نەسەندوە،من پرسیار لەسەرۆكى هەرێم دەكەم لەبەرچى تاك لایەنە ئەنجومەنى باڵاى پارتەسیاسیەكانت هەڵوەشاندەوە؟ئەگەر ئەم ئەنجومەنە بەردەوان بوایە و هەموو مانگێك لەوادەى خۆى كۆبونەوەى بكردبایە و راى لایەنەكانى كوردستان وەرگیرابایە و كارى جددى لەسەربكرابایە ئەوا بەدڵنیاییەوە دۆخى هەرێم بەمرۆ نەدەگەیشت چونكە بەدڵنیاییەوە لایەنەسیاسیەكانى كوردستان هەست بە ئیهمالكردن و فەرامۆشكردن دەكەن بەرامبەر سەرۆكى هەرێم ، هەموو لایەنەسیاسیەكانى كوردستان رۆڵەى ئەم هەرێمەن و داخوازییەكانیشیان بۆرۆڵەكانى ئەم هەرێمەیە و لەبەرژەوەندى ئەزمونى ئەم هەرێمەیە بۆیەدەبێت بەزووترین سەرۆكى هەرێم چەندكارێك ئەنجامبدات كەئەمانەن :- 1/فەرمانكرد بەبردنەدەرەوەى سەرجەم هێزەسەربازیەكان لەناو شاروشارۆچكەكانى هەرێم....2/فەرمانكرد بە هەڵگرتنى گەمارۆى سەربازى لەسەر بارەگاكانى حزبەئۆپۆزسیۆنەكان ......3/ فەرمانكرد بە ئازادكردنى سەرجەم ئەوكەسانەى لەسەرخۆپیشاندان دەستگیركراون.....4/ فەرمانكرد بە راگرتنى ئەوقەتلوعام و رەشبگیریەى یەكێتى لەسلێمانى دەستى پێكردوە چونكە سومعەى هەرێمیان لەكەداركردووە ....5/ بانگەوازى ئاشتەوایى لەنێولایەنەسیاسیەكانى هەرێم .....6/كۆكردنەوەى لایەنەسیاسیەكانى هەرێم لەسەریەك مێز بۆچارەسەركردنى گرفتەكان و جێبەجێكردنى داخوازى شەقام نەك بۆپیشاندان لەتەلەفزیۆن و خواردن و خواردنەوەى شتى خۆش ....7/ فەرمانكردن بە دروستكردنى حكومەتێكى نوێ كەوەزیرەكانى كەسانى پسپۆر و چالاك بن ....8/راسپاردنى لایەنى پەیوندەیدار بەدروستكردنى دادگایەكى سەربەخۆ و دادگایى كردنى هەموو ئەوبەرپرسانەى لەدۆسیەى گەندەڵى تێوەگلاون و ئەوكەسانەشى دەستیان بەخوێنى كورد سووربووە .....9/ دروستكردنەوەى ئەنجومەنى باڵاى پارتەسیاسیەكانى هەرێم بەڵام لەجاران چالاكتربێت و یاساى بۆدانرێت و سەنگى هەمووان لەبەرچاوبگیرێت .....10/دروستكردنى ئەنجومەنێك كەلەنوێنەرى هەموولایەنەكان پێكبێت بۆچاودێریكردنى داهاتى هەرێم وچۆنیەتى سەرفكردنى .....11/كۆتایى بەناعەدالەتى و گەندەڵى و بەفیرۆدانى سامانى هەرێم بهێنرێت .

بۆبەرژەوەندى ئەزموونى گەلەكەمان و دەست پێشخەرى بۆپاراستنى ئەم ئەزموونە پێویستە سەرۆكى هەرێم قۆڵى لێ هەڵبماڵێت و سەرجەم لایەنەكانیش یارمەتى بدەن بۆچارەسەركردنى ئەم دۆخە و كۆتایى بهێندرێت بەنشیرینكردنى یەكترى لەرێگەى دەزگاكانى راگەیاندن كەلەكۆتایى تەنها بەزەرەرى كورد و ئەزموونەكەى دەشكێتەوە.


 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست




کۆمێنت بنووسە