رەوشى پەروەردەى هەرێم لەقەیراندایە!!!
Tuesday, 24/05/2011, 12:00
ساڵى 2007 لەهەولێرى پایتەخت كۆنگرەى پەروەدەیى سازكراو تیایدا سەدان پسپۆر و شارەزاى بوارى پەروەردە بەشدارییان لەم كۆنگرەیەدا كرد و گۆڕینى سیستەمى پەروەردە و خوێندن لەهەرێمى كوردستان بەدواى خۆیدا هێنا ، بەڵام ئەوەى جێگا نیگەرانیە دواى تێپەربوونى نزیكەى چوار ساڵ بەسەركۆنگرە و گۆڕینى سیستەمەكە بەڵام تائێستاش ئەم سیستەمە كەكەس نازانێت هى كێیە و لەكوێ هێنراوە!!!خوێ و لیمۆندوزى و بیبەر و بەهاراتى پێوەدەكرێت بۆئەوەى هەزم بكرێت بەڵام بەداخەوە لەبەرئەوەى ژینگەى پێویستى بۆنارەخسێنرێت تائێستا ئاسۆى ئەم سیستەمە روون نیە و ئەگەر سیستەمى پەروەردە و فێركردنیش بەم شێوەیە بروات ئاسۆى كوردستان بەرەوهەڵدێر دەروات و لەداهاتوودا تووشى تەنگەژەیەكى گەورەى پەروەردەیى دەبینەوە كەئەستەم دەبێت بەئاسانى كۆنترۆڵ بكرێت ، ئەگەر گوزەرێك بەنێو پرۆسەى پەروەردەوفێركردنى ئەم هەرێمەدا بكەین بۆمان دەردەكەوێت كەچى دەگوزەرێت ، لەزۆربەى ووڵاتانى جیهان گرنگترین هۆكارى فێركردن باخچەى ساوایانە بەڵام لەكوردستان ئەوەى بیرى لێنەكرێتەوە باخچەى ساوایانە مەگەر تەنها لەچەند گەرەكێكى راقى ناوەندى شارەكان نەبێت ئەویش لەبەرخاترى منداڵەدەوڵەمەندەكانە و لەهەركوچە و كۆڵانێكى نێوگەرەكە دەوڵەمەندەكانیش دەبینین دەیان باخچەى ساوایانى تایبەت كراوەتەوە كەبەهەموو شت بچێت بەژینگەى باخچەى ساوایان ناچێت و منداڵى هەژارانیش لەبرى چوونە باخچەى ساوایان دەبێت لەسەر زبڵخانەكان یارى بكەن و كامە دەستەواژەى ناشیرینە فێرى ببن و پاش چەند ساڵێكیش بەرهەمى ئەم ژینگە پیسە و ئەم دەستەواژە ناشیرینانە بەدیارى بۆمامۆستایان دێتەقوتابخانەكان!!ئاخر لەكوێى دونیا منداڵ دووكاتژمێر لەقوتابخانەیە و شەش كاتژمێر لەكۆڵانە!ئەگەر هەنگاوێكى تر بچینەپێشەوەو باس لەقوتابخانە بنەرەتیەكان بكەین هەرجۆرێكە لەكارەسات!!!سەیروسەمەرەكانى قوتابخانە بنەرەتیەكان بریتیە لەسێ دەوامى و دانیشتنى سێ تا چوار منداڵ لەسەر یەك رەحلەى رەق و شكاو كەبەس شایەنى ئەوە نیە مرۆڤ لەسەرى دابنیشێت و بیناى قوتابخانەكانیش زۆربەیان لەبەندینخانەى ووڵاتە زۆردواكەوتووەكان نەبێت لەهیچ ناچێت !!! ئاخر تائێستاش سەدان قوتابخانەهەیە لەناو خانووى قوڕدان بەتایبەت لەگوندەكان !!!ئاخر منداڵانى بەش مەینەتى گوندەكان بۆدەبێت لەسەدەى بیست و یەك و لەسایەى بودجە زەبەلاحە تەخشان و پەخشان پێكراوەكەى ئەم هەرێمە بەمجۆرە رەوشى خوێندنیان بگوزەرێنن؟نووسینى سەدان دەستەواژەى ناشیرین لەسەردیوارى قوتابخانەكان یەكێكى ترە لەسەیروسەمەرەكانى پرۆسەى پەروەردە و فێركردنى ئەم هەرێمە!!ئاخر باجەنابى وەزیر وەڵامى ئەوەم بداتەوە كام بیناى قوتابخانە چ كۆنەكان چ ئەوانەى كەتازە دروست دەكرێن هاوتایە لەگەڵ تایبەتمەندییە نێودەوڵەتیەكان؟لەسایەى سیستەمى نوێ لەقوتابخانە بنەرەتیەكان بەسەدان قوتابیمان بۆبەرهەم هاتووە كەدەرچووى چوار تا شەشەمى بنەرەتین نازانن ناوى خۆیان بنووسن!!!مامۆستایەكى هاورێم بۆى گێرامەوە و ووتى:- كاتێك بۆردى نمرەى قوتابیەكانم دایە بەرێوەبەر دوازدە قوتابیم كەوتبو بەڵام لەكاتى دانەوەى نمرەكان بینیم هیچ قوتابیەك لەوانەكەى من نەكەوتووە سەیرم پێهات بەبەرێوەبەرم ووت هۆكارى ئەمە چییە؟بەرێوەبەر ووتى هەمووقوتابیەكانمان ناجحكردوون بۆئەوەى رێژەى دەرچوونى قوتابیانمان زیاتر بێت لەرێژەى دەرچووانى قوتابیانى قوتابخانەى(-------) ئەى سڵاو لەعەقڵى ئەم بەرێوەبەرە و لەوكەسەى ئەوبەرێوەبەرەى داناوە ، ئەگەریش باس لەقوتابخانە ئامادەییەكان بكەین ئەوە هەردیمەنێكى سەیروسەمەرەیە لەشوێنى خۆى كەمامۆستایان بێزارن بەرامبەرئەوەى رێزیان لێناگیرێت لەلایەن قوتابیانەوە و ناویرن خۆیان لەیەك قوتابیش توورەبكەن ،دەكرێت باس لەهەڵە و كەموكورییەكانى نێو پەرتووكەكانى سیستەمى نوێش بكەین كەدواى چوارساڵ تائێستاش بەسەدان هەڵە و كەموكورى جۆراوجۆر لەنێوپەرتووكەكان بەدى دەكرێت كەجێگاى پێكەنینە!!!ئەى كوا ئەوهەزاران سەرپەرشتیار و شارەزا و راوێژكارانەى بودجەى وەزارەتى پەروەردە هەڵدەڵوشن و هیچ بەرهەمێكیشیان نیە؟ نەبوونى كورسى پێویست بۆدانیشتنى قوتابیان و گەیشستنى پەرتووكەكان بەدوومانگ لەدواى دەست پێكردنى دەوام و نەگەیشتنى هەندێك پەرتووك هەتا دواى تەواوبونى دەوام و گەیشتنى هەندێك پەرتووك بەكەموكورتى هەندێكى ترن لەسەمەرەكانى پەروەردە و سیستەمى نوێ ، ئەگەریش باس لەدیاردەیەكى ناشیرینیش بكەین كەدەستى خستۆتە بینەقاقاى پەروەردە و هیچ كەسێكیش ناتوانێت رێگەى لێبگرێت ئەویش دیاردەى حزبایەتیە لەناوەندەكانى خوێندن و پەروەردەكان!!!لەئێستادا لەزۆربەى پەروەردەكان حزب دەسەڵاتداراترە لەبەرێوەبەرى پەروەردە و حزب بەئارەزووى خۆى مامۆستایان دەهێنێت و دەبات و بەرێوەبەرى پەروەردەش واجبە لەسەرى جێبەجێى بكات ئەگەرنا حزب لایدەبات و كەسێكیتر لەشوێنى ئەودادەنێت ، بەڵگە لەبەردەستدایە لەیەكێك لەپەروەردەكانى سنورى پارێزگاى هەولێر لەرێكخراوى مامۆستایانى سەربەحزب فەرمانى گواستنەوەى مامۆستایان و دانان و لابردنى بەرێوەبەر و یاریدەدەر دەردەچێت و بۆبەیانیەكەى لەپەروەردە جێبەجێدەكرێت ئەمەیە قەیرانى راستەقینەى پەروەردە!!!دانانى بەرێوەبەر و یاریدەدەرى قوتابخانەكانى لەلایەن حزبەوە یەكێكیترە لەداهێنانەكانى حزب و لەپەكخستنى پرۆسەى پەروەردەوفێركردن ، تەحەددا دەكەم ئەگەر یەك بەرێوەبەر و یاریدەدەر هەبێت لەقوتابخانەكان ئەگەر حزبى نەبێت و بەفەرمانى راستەوخۆى رێكخراوەكانى مامۆستایان دانەنرابێت مەگەر لەگوندە دوورەدەستەكان نەبێت ، دانانى سەدان و ئەو هەزارەها بەرێوەبەر و یاریدەدەرە حزبیانە گەورەترین كێشەى بۆپەروەردە دروستكردووە لەبەرئەوەوى هیچ لەپەروەردە نازانن و نازانن رەفتار لەگەڵ مامۆستایان وفەرمانبەران و قوتابیان بكەن رۆژانە سەدان دەمەقاڵێ لەنێوناوەندەكانى خوێندن دروست دەبێت و مامۆستایان لەسایەى ئەم بەرێوەبەر و یاریدەدەرە حزبیانە لەژێرپاڵەپەستۆى دەروونى وانەكانیان بەسەردەبەن و وەزارەتى پەروەردەش دەیەوێت نەوەیەكى تەندروست بەرهەم بێت و سیستەمى نوێ سەركەوتووبێت !!!مەگەر بەخەون ئەم ئاواتەى پەروەردە بێتەدى بەبێ گۆرانكارى ریشەیى، لەهەمووى سەیرتر ئەوەیە كۆبونەوەى حزبى لەناوەندەكانى خوێندن بەئاشكرادەكرێت و ئابوونەوەى حزبى سەرى مانگان لەلایەن بەرێوەبەرى قوتابخانەكان لەمووچەى مامۆستایان دەگێردرێتەوە و لەم چەند رۆژەى رابردووش بەرێوەبەرى قوتابخانەكان بەنهێنى داوایان لەمامۆستایان كردووە كەپسوولەى خۆراك و ناسنامەى بارى شارستانى بێنن حزب ئیشى پێیەتى!!!كوا وەزیرى پەروەردە لەكوێیە!!!ئەى یەكێتى مامۆستایان!!!ئەى سەرۆكى حكومەت!!!ئەى سەرۆكى هەرێم!!!ئەى لیژنەى پەروەردە و خوێندنى باڵاى پەرلەمان!!!ئەگەریش گوزەرێك بەنێو ژیانى مامۆستایان بكەین كەداینەمۆى ئەم پرۆسەیەن و بەبێ رۆڵى كاریگەرى ئەوان هیچ ئاسۆیەكى روون بەدى ناكرێت لەپرۆسەى پەروەردە و فێركردن ، لەم هەرێمەى خۆمان لەسایەى بودجەى زەبەلاح ئەوەى بیرى لێنەكرێتەوە گوزەرانى مامۆستایانە و بەووتەیەك مامۆستایانیان هەڵخەڵەتاندووە كەدەڵێن مامۆستایان سەرى بەرزییان بۆمووچە نەوى نەكردووە!!!ئەم ووتەیە بۆكاتێك بوو كەئەم هەرێمە لەتەنگەژەى شەرى ناوخۆدابوو و مامۆستایانیش هەستیان بەبەرپرسیاریەتى كرد ناوەندەكانی خوێندنیان چۆڵ نەكرد بەڵام ئێستا رەوش ئارامە و بودجەش زەبەلاحە بۆیەدەكرێت بەزووترین كات بیر لەگوزەرانى مامۆستایان بكرێتەوە و بەباشترین شێوە خزمەتیان بكرێت و مووچەیان بەرزبكرێتەوە یەكەى نیشتەجێبونیان بۆدابین بكرێت بۆئەوەى مامۆستایان لەبرى ئەوەى لەدواى دەوام كارێكى تر بكات ئەوا لەرێگاى كتێب و ئینتەرنێتەوە زیاتر ئاستى زانستى و رۆشنبیرى خۆى بەرزبكاتەوە،هەرمامۆستایانن منداڵان و نەوەكانى ئەم هەرێمە پێدەگەیەنن و سەركردە و وەزیرو ئەندام پەرلەمان و بەرپرسەكان لەژێر دەستى مامۆستایان گەیشتونەتە ئەمرۆ بەڵام بەداخەوە تائێستا بیر لەژیان و گوزەرانى مامۆستایان نەكراوەتەوە ، دەبێت حكومەت و پەروەردەش ئەوەبزانن تائاورى جددى لەژیان و گوزەرانى مامۆستایان نەدرێتەوە رەوشى پەروەردە هەر بەمشێوەدواكەوتووە دەبێت ،رەنگە حكومەت بڵێت لەتواناماندا نیە گوزەرانى مامۆستایان باش بكەین!!!ئەگەر حكومەت وابڵێت منیش لەحكومەت دەپرسم ئەى بۆلەتواناتاندایە 1ملیار و500ملیۆن دینار بۆلیژنەى ئۆلۆمپى عێراقى دابین بكەن؟كەلەدوورونزیكەوە پەیوەندییان بەئێمەوەنیە!!!ئەى حكومەت بۆلەتواناتداهەیە سەدان ملیاردینار بەناوى بەخشینەوە بۆتەخشان و پەخشانكردنەوە دابین بكەى كەخۆتان دڵنیان لەوەى ئەمانە سەرچاوەى سەرەكى گەندەڵى و بەتاڵانبردنى بودجەن!!!عەجایباتى زۆرلەبودجەهەیە كەبەهەریەكێكیان دەتوانرێت گوزەرانى هەموو فەرمانبەرانى هەرێم چاك بكرێت نەك تەنها مامۆستایان بەڵام ناكرێت لێرەدا باس لەهەموو كون و كەلەبەرەكانى بودجە بكەین، لەهەمووى سەیروسەمەرەتر ئەوەیە تائێستا دووحزبەحوكمرانەكە لەسەر دەستەواژە پەروەردەییەكانیش رێك نەكەوتوون كەكارەساتە حزب دەست بخاتە پەروەردە وە ، لەنوسراوەكان دەبینین دەستەواژەى هەردووە حزبى حوكمران لەتەنیشت یەك دەنوسرێت(قوتابى/خوێندكار ، قوتابخانە/خوێندنگە) ئاى لەوكارەساتە!!!بۆئەوەى رەوشى پەروەردە و فێركردنى ئەم هەرێمە لەم قەیرانەى كەئێستا تێى كەووتوە رزگارى بێت دەبێت حكومەت و وەزارەتى پەروەردە ئەم هەنگاوانەى خوارەوە بنێت بەزووترین كات ئەگەر نا دەبێت مامۆستایان بەهەستكردن بەبەرپرسیارێتى دەبێت برژێنە سەرشەقامەكان و حكومەت و وەزارەتى پەروەردە ناچاربكەن ئەم هەنگاوانە بنێت بەزووترین كات كەئەمانەن : 1/ دروستكردنى سەدان بیناى خوێندنى پیشكەوتوو لەهەموو كوچە وكۆڵانێكى ئەم هەرێمەبەتایبەتى لەلادێكان.2/دامەزراندنى هەزاران مامۆستاى پێویست.3/دامەزراندنى سەدان توێژەرو دەرونناس لەناوەندەكانى خوێدن.4/دروستكردنى سەدان بیناى باخچەى ساوایان .5/دابینكردنى ژوورێك لەسەرجەم قوتابخانەكان بۆئەومامۆستایانەى كەتازە منداڵیان بووە بۆئەوەى لەمەودوا ئەوهەزارەها مامۆستایە بەناوى مۆڵەتى دایكایەتیەوە بۆماوەى ساڵێك ناوەندەكانى خوێندن چۆڵنەكەن.6/دابینكردنى سەرجەم كەل و پەلى قوتابخانەكان.7/دروستكردنى دەیان چاپخانەى مۆدێرن بۆئەوەى چیتر پەرتووك لەدەرەوەى كوردستان چاپ نەكرێت و رزگارمان بێت لەدەست كەمى پەرتووك.8/خانەنشینكردنى سەرجەم ئەوسەرپەرشتیارانەى لەسەربنەماى خزمایەتى و حزبایەتى لەسالانى رابردوو دانراون و دانانى كەسانى شیاو لەجێگایان.9/لادانى زۆربەى زۆرى بەرێوەبەر و یاریدەدەرى قوتابخانەكان كەزۆرینەیان لەلایەن حزبەوە دانراون و هیچ لەئیدارەوپەروەردە نازانن و دانانى بەرێوەبەر و یاریدەدەرى شیاو لەجێگایان لەسەربنەماى لێهاتوویى و بەهەڵبژاردن لەنێوخودى مامۆستایانى قوتابخانەكان.10/دابینكردنى دەرمالەى پیشەیى بۆمامۆستایان و باشتركردنى مووچەیان و دابینكردنى شوێنى نیشتەجێبوون.11/رێكخستنى دەرمالەى جوگرافى لەسەربنەمایەكى زانستى.12/پاداشتكردنى مامۆستایانى ماندوو و سزادانى مامۆستایانى كەمتەرخەم .13/قەدەغەكردنى دیادرەى حزبایەتى لەناوەندەكانى خوێندن بەهەمووشێوەیەك.14/دانانى ێندوقى رەخنەوپێشنیار لەسەرجەم قوتابخانەكان و سەرپەرشتیكردنیان لەلایەن لیژنەیەكى باوەرپێكراو و بێلایەن بۆكردنەوە و بەدواداچونیان.15/دابەشكردنى هەزاران فۆرم بەسەرمامۆستایان بۆهەڵسەنگاندنى بەریوەبەر و یاریدەدەرى قوتابخانەكان لەلایەن مامۆستایانەوە.16/نەهێشتنى ئەوهەڵسەنگادنە رۆتینیەى مامۆستایان كەهەیە جگە لەبەهەدەردانى پارە هیچ دەرەنجامێكى ترى نیە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست