کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


سیستەمى پەرەوردەى كوردستان لەنێو زەلكاوى كێشەكان مەلەدەكات!!!

Sunday, 16/01/2011, 12:00




ئەگەر سەرنج بدەینە ئەوگۆرانكارییانەى لەكابینەى پێنجەمى حكومەتى هەرێمى كوردستان بەسەر سیستەمى پەروەردە لەكوردستان دا هێنرا سیستەمى پەروەردەى لەم هەرێمە تووشى گێژاوێك كردووە كەدەرچوون تێیدا زۆر ئەستەم بووە و رۆژ دواى رۆژ كێشەى زیاتر سەرهەڵدەدات و كێشەكان لەحالەت دەبنە دیاردە ، ئەگەر هەر مامۆستا و سەرپەرشتیار و قوتابى و دایك و باوكێكى قوتابیان و نووسەران و رۆشنبیرانى ئەم هەرێمە بدوێنین بێگومان ئەم سیستەمە نوێیە بەگەورەترین هەڵە دەزانن لەلایەن وەزارەتى پەروەردەوە بەجۆرێك سیستەمى سویدییان هێناوە بۆئەم كۆمەڵگایە كەتائێستاش زۆرینەى قوتابخانەكانى ئەم هەرێمە دوو دەوامى یا سێ دەوامى تێدادەكرێت و سەدان قوتابخانەش لەبیناى كرێ و خانووى قوردان لەسەدەى بیست و یەك و لەژێر سایەى ئەو بودجە زەبەلاحەى ئەم هەرێمە هەیەتى ، كۆمەڵێك سەرپەرشتیارى دەست رۆیشتوو و كۆمەڵێك كەس بەناوى راوێژكار لەوەزارەتى پەروەردە ئەم بارودۆخەیان هێنایەكایەوە بەجۆرێك كەئێستا تووشى مەوقیفێكى زۆر ناخۆش بوونە و ناتوانن خۆیان لەوهەموو كێشەیە دەربازبكەن و لەجیاتى چارەسەرى كێشەكانى ئەم سیستەمە رۆژبەرۆژ كەلێنێكى ترى گەورەى تێدەكەوێت بەجۆرێك وەزارەت و راوێژەكان لەبرى چارەسەرى كێشەكان بەردەوام خەریكى گرفت دروست كردنن و هیچ پلانێكیشیان نیە بۆئەم هەموو گرفتانە بۆئەوەى چارەسەرى بنەرەتى بۆبكەن ، نزیكەى سێ هەفتەیە دەوامى فەرمى قوتابخانەكان دەستى پێكردۆتەوە لەدواى پشووى وەرزى یەكەم كەچى تائێستا پەرتووكى وەرزى دووەم نەگەیشتۆتە قوتابخانەكان تەنانەت چەند كەسانێكى نێو پەروەردە دەڵێن پەرتووك نەگەیشتۆتە نێو كۆگاكانیش ، ئاخر ئەگەر كێشەكان رۆژ بەرۆژ روو لەزیادبوون بێت ئەى بۆكەس ناپرسێت وەزارەتى پەروەردە ئەم هەموو راوێژكارەى بۆچیییە؟ لەئێستادا وەزارەتى پەروەردە پێویستى بەدروستكردنى 2000 بینایەى تازەى خوێندن هەیە و حكومەتیش بریاریداوە سالانە 100 بیناى خوێندن دروست بكات ، كەواتەئەم 2000 قوتابخانەیە بەبیست ساڵى دیكە بۆوەزارەتى پەروەردە دروست دەكرێت و تائەو بیست ساڵەش پێویستمان بە2000 بیناى تریش دەبێت كەواتە كێشەكان قەت چارەسەرنابێت ، وەزارەتى پەروەردە ساڵى رابردوو خەریكى نۆژەنكردنەوەى قوتابخانەكان بوو بەڵام بەداخەوە ئەوەى من بەدواداچوونم بۆكردبێت ئەم قوتابخانانە تەنها دیوارى حەوشەى پێشەوەیان بۆیاغ كراوە و ژوورەكان و هۆڵەكان وەكو بەندینخانە وان و لەهەموو شت بچن لەقوتابخانە ناچن ، ئەى ئەگەر وەزارەتى پەروەردە نەتوانێت ئەم كێشانە چارەسەربكات ئەم هەموو سەرپەرشتیارانە بۆچین ؟ بۆخانەنشین ناكرێن و رەوانەى مالەوە ناكرێنەوە ؟ كوا داهێنان و كاریگەری و پێشكەوتنەكانى سەرپەرشتیاران بۆسیستەمى پەروەردە ؟ سەرپەرشتیاران جگە لەبەفیرۆدان و هەڵ ڵوشینى پارە چى تریان كردووە ؟ سەرەراى ئەو كەمە دەوامەى سەرپەرشتیاران دەیكەن و ئەو مووچە زۆرەى وەریدەگرن كەچى مانگانە سەدان هەزار دیناریان بۆسەرف دەكرێت بەناوى كرێى رێگاى ئەوقوتابخانانەى كەسەردانیان دەكەن لەكاتێكدا سەردانى نیوەى ئەوقوتابخانانە ناكەن كەبۆیان دیاریكراوە و هیچ كەسیش تائێستا لێپیچینەویان لەگەل ناكات ، مامۆستایانیش وێڕاى ئەوەى كەسێك نییە ئاوڕیان لێبداتەوە و هیچ ئیمتیازاتێكیان پێنادرێت و كەمترین مووچەیان هەیە بەتایبەت ئەوانەى تازە دادەمەزرێن بەمووچەى بنەرەتى 260 تا290 هەزار دینار و چاوەرێى ئەوەشیان لێدەكەین ئەم سیستەمەمان بۆسەربخەن !!! سەرەراى ئەوەش مامۆستایان بەئەركى سەرشانى خۆیان هەلساون بەلام بەداخەوە تاسەرئێسقان بێَزارن لەوسیستەمە و هەندێك مامۆستایان تائێستاش هەزمى ئەم سیستەمەیان نەكردووە ، ئاخر ئەگەر مامۆستا لەدواى دەوامى خۆى لەبرى ئەوەى زیاتر گرنگى بەبوارەكەى خۆى بدات و خەریكى خوێندنەوە بێت ئەوا خەریكى كارێكى ترە بۆئەوەى بژێوێك بۆماڵ و منداڵ و كرێى خانووەكەى دابین بكات و داواى ئەوەشیان لێدەكەین داهێنانمان بۆبكەن و سیستەمى نوێ سەربخەن !!!!چەندكەسێكیش بەناوى شارەزا لەوەزارەتى پەروەردە ناوەناوە بریارێك دەردەكەن و سەدان قوتابى بەهۆیەوە دەهێننە سەرشەقام !!! سالى رابردوو ئەژماركردنى بەشێك لەنمرەى پۆلى 10 و 11 ى ئامادەیى بۆقۆناغى 12 ى ئامادەیى نارەزاییەكى زۆرى لێكەوتەوە و قوتابیان رژانە سەرشەقام و پەروەردەى گشتى سلێمانیان هێلكەباران كرد و بەهۆى خۆپیشاندانەكان بریارەكەیان راگرت بەلام چەند رۆژێكە ئەم بریارە ئەكتیڤ كراوەتەوە و بەپێى هەندێك سەرچاوەش رێژەكە زیاتر كراوە بۆیە لەم چەند رۆژەى داهاتوو چاوەرێى رژانە سەرشەقامى قوتابیان دەكرێت !!!مندالانى دەولەمەندەكان لەقوتابخانە نمونەییەكان و مندالانى بەرپرسەكانیش لەقوتاخانە ئەهلى نێودەوڵەتییەكان و مندالانى هەژاریش لەخانووى قوڕ و بیناى بێ دەرگاو پەنجەرەى بێ شووشە و بێ سۆپا و بێ مامۆستا و بێ پەرتووك سیستەمى خوێندن دەگوزەرێنن !!! بەرێز وەزیرى پەروەردە تائێستا سەردانى كام قوتابخانەى كردووە لەقەزاو ناحییەكان تاببینێت كەچۆن 60 قوتابى لەپۆلێكدا دادەنیشێت و قوتابخانەكانیش سەدان كەموكورییان هەیە ؟ئایا جەنابى وەزیر ئاگادارە تائێستا زۆربەى زۆرى قوتابخانەكان پەرتووكى وەرزى دووەمیان بەدەست نەگەیشتووە ؟یان ئەم كێشەیەش وەكو سەدان كێشەكانى تر كەبەرۆكى وەزارەتى پەروەردەى گرتووە لەلایەن راوێژكار و شارەزایەكان لەجەنابى وەزیر شاردراوەتەوە ؟بۆیە پێویستە حكومەتى هەرێم بەزووترین كات لیژنەیەكى تۆكمە لەلایەن وەزارەتى پەروەردە و وەزارەتى پلاندانان و پسپۆران و شارەزایان و قەلەم بەدەستانى بوارى پەروەردە پێكبهێنێت و چارەسەرى ئەوسەدان كێشەیەى سیستەمى پەروەردەى هەرێم بكات ئەگەرنا ئاییندەى ئەم كوردستانە لەرووى پێشكەوتن و زانست و زانیارى دەكەوێتە بەردەم مەترسییەكى گەورە كەبەجۆرێك كۆنترۆلكردنى ئەستەم دەبێت.


 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست




کۆمێنت بنووسە