کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


رەوشى پەروەردە بەم شێوەیە نابێت!!!

Sunday, 17/10/2010, 12:00



ئەگەر گوزەرێك بەنێو رەوشى پەروەردە و فێركردن دابكەین من خودى خۆم شەرم دامدەگرێت و پێى خەفەتبارم ، سەیر لەوەدایە كابینە دواى كابینە و ساڵ لەدواى ساڵ كێشەكانى پرۆسەى پەروەردەو فێركردن روو لەزیادبونە و كەسێكیش نیە بەجددى خەمى لێبخوات ، لەووڵاتان كام بودجەى زەبەلاحە بۆپەروەردە دابین دەكرێت و باشترین مووچە دەدرێتە مامۆستایان چونكە ئەو ووڵاتانە دەزانن پێشكەوتن و سەروەرى و خۆشگوزەرانى ووڵات لەپێشكەوتنى پرۆسەى پەروەردە و فێركردن سەرچاوە دەگرێت بەڵام بەداخەوە لەكوردستان لەگەڵ ئەوەى نزیكەى 100هەزار مامۆستا هەیە و زیاتر لەملیۆنێك و 300هەزار قوتابى هەیە بەڵام كەمترین بودجە بۆوەزارەتى پەروەردە تەرخان دەكرێت ساڵانە لەلایەن حكومەتەوە كەئەمەش خۆى لەخۆیدا جێگاى پرسیارە !!! من ئەگەر وەزیرى پەروەردەبم پێداگرى دەكەم لەسەرئەوەى كەدەبێت حكومەت هەموو داخوازییەكانى وەزارەتى پەروەردە دابین بكات بەپێچەوانە ئەگەر بۆمنەكرا ئەوا دەست لەكاردەكێشمەوە، سیستەمى نوێى خوێندنیان هێنا پرس بەكام مامۆستاى قوتابخانەكان كرا جگە لەهەندێك سەرپەرشتیارى دەست رۆیشتوو؟ سیستەمى نوێ سەدان كەموكورى لەگەڵ خۆى هێنا هەرلەقورسى هەندێك لەپەرتووكەكان هەم لەرووى قەبارەوە هەم لەرووى ناوەرۆكەوە ، قوتابى داماوى پۆلى یەكەمى بنەرەتى كاتێك جانتاكەى دەكاتە پشت بەزەییت پێدا دێتەوە كەلەبەرقورسى كێشى پەرتوكەكان ناتوانێت لەرێگادا بروات ، لەگەڵ ئەوەى سەدان چاپخانە لەكوردستان هەن و وەزارەتى پەروەردەش چەند چاپخانەیەكى خۆى هەیە ئەى بۆچى پرسیارناكرێت و بڵێن بۆچى پەرتووك لەدەرەوەى ووڵات چاپ دەكرێت و تەنها بۆگواستنەوەى سەدان هەزار دۆلار بەفیرۆ دەدرێت و ئەو سەرمایە زەبەلاحەش بۆدەرەوە دەچێت ؟ بۆچى وەزارەتى پەروەردە چەند چاپخانەیەكى پێشكەوتوو ناهێنێتە هەرێم و ساڵانە پەرتووكەكانى پێ چاپ بكات ؟ لەگەڵ ئەوەى كەزیاتر لەمانگێكە دەوامى فەرمى قوتابخانەكان دەستى پێكردووە بۆچى تائێستا ژمارەیەكى ئێجگار زۆر لەقوتابخانەكان زۆرێك لەپەرتووكى بابەتەكانیان بەدەست نەگەیشتووە ؟ بۆچى تائێستا زۆرێك لەقوتابخانەكان بەتایبەت لەلادێكان لەخانووى قوڕ و كرێدان و بینایەى حكومیان نیە ؟ بۆچى تائێستا زۆرێك لەگەرەكە تازەكانى كوردستان بەدەست نەبوونى قوتابخانەوە دەناڵێنن ؟ بۆچى تائێستاش بەرێوەبەر و یاریدەدەرى قوتابخانەكان لەسەربنەماى خزمایەتى و حزبایەتى دادەنرێن نەك لەسەربنەماى شارەزایى و لێهاتووى ؟ بۆچى بیناى قوتابخانەكان لەشێوەى بەندینخانەن ؟ بۆچى قوتابى حەزبەخوێندن ناكات ؟ بۆچى مامۆستایان لەپیشەكەیان بێزارن ؟ بۆچى ئاستى زانستى قوتابیان روو لەدابەزینە بەراى زۆربەى مامۆستایان ؟ بۆچى رۆژانە كێشەى قوتابى و قوتابخانەكان بونەتە سەردێرى هەواڵى تەلەفزیۆن و رادیۆكان و بوەتە مانشێتى لاپەرەى یەكەمى رۆژنامە و گۆڤارەكان ؟ بۆچى دەگوترێت مامۆستایان لەئاستى پێویست دانین ؟ ئاشكرایە توانا و زانیارى مامۆستایان یەكسانە بەبژێوى ژیانیان كەتائێستاش زۆربەى مامۆستایان لەژیانێكى ناهەموار ژیان بەسەر دەبەن ، بۆچى زیادكردنى مووچەى مامۆستایانى عێراق مامۆستایانى هەرێمى كوردستان ناگرێتەوە ؟چەندین بیناى خوێندن دروست كراون بەلام تائێستا وەزارەتى پەروەردە نەیتوانیوە كەل و پەلیان بۆدابین بكات ، لەیەكێك لەوبینا تازانەى بۆخوێندن دروستكراون مامۆستا لەئیدارە لەسەر رەحلە دادەنیشێت لەبەر نەبونى كورسى و قەنەفە هەر ئەو قوتابخانە تازەیە بەرێوەبەرەكەى لەدەیان قوتابخانە گەراوە رەحلەى كۆن و شكاوى كۆكردۆتەوە و چاكى كردونەتەوە و بۆچاى لێنانیش سۆبایەكیان لەقوتابخانەیەكیتر بەئەمانەت وەرگرتوە لەگەڵ جلیكانێك نەوت بەقەرز ، قوتابخانە هەیە دەیان مامۆستاى زیادە و قوتابخانەش هەیە ناڵەى دێت لەبەركەمى مامۆستا ، رۆژێك لەم رۆژانە بەرێز جەنابى وەزیرى پەروەردە لەیەكێك لەكەنالەكانى راگەیاندن ووتى پێویستمان بە2000 بیناى خوێندن هەیە و لەبەرنامەشدایە سالانە 100قوتابخانە دروست بكرێت !!!ئایا ئەگەر سالانە 100قوتابخانە دروست بكرێت بەچەند ساڵیتر دەتوانین ببینە خاوەن 2000 بیناى ترى خوێندن ؟ !!! بێگومان كەواتە 20ساڵیترمان پێویستە بۆئەوەى ئەم 2000قوتابخانەیە دروست بكرێت كەئەم هاوكێشەیەش جێگاى سەرسورمانە ، بۆكۆتایى هێنان بەقەیرانەكانى نێو بوارى پەروەردە و فێركردن پێویستە ئەم هەنگاوانە بگیرێنەبەر لەلایەن وەزارەتى پەروەردە وە :- 1/ دروستكردنى زۆرترین بیناى خوێندن .....2/ بەرزكردنەوەى تواناى مامۆستایان هەم لەرووى كردنەوەى خولى جۆراوجۆر هەم لەرووى باشتركردنى مووچە و ئیمتیازاتەكانیان چونكە بەدڵنیاییەوە ئەگەر حكومەت و وەزارەتى پەروەردە بیانەوێت سیستەمى نوێى خوێندن سەركەوتوو بێت ئەوا سەرەتا دەبێت بیر لەباشتركردنى ژیان و گوزەرانى مامۆستایان بكاتەوە .....3/ چاپكردنى تەواوى پەرتوكەكان لەوەرزى هاوین و گەیاندنیان بۆقوتابخانەكان بەرلەدەستپێكردنى دەوامى قوتابیان ..... 4/ گۆرینى زۆربەى بەرێوەبەر و یاریدەدەرى قوتابخانەكان و دانانى كەسانى شارەزاو لێهاتوو لەشوێنیان ، وەپێویستە چوارساڵ جارێك بەرێوەبەرى قوتابخانەكان بگۆردرێن و بەهەڵبژاردن لەنێوان مامۆستایانى قوتابخانەكان بەرێوەبەرێكیتر دابنرێت .....5/ دابینكردنى كەل و پەلى تەواوى خوێندن بۆقوتابخانەكان....6/ گۆرینى زۆربەى سەرپەرشتیارەكان بەتایبەت ئەوانەى بەواستە و واستەكارى بونەتە سەرپەرشتیار و هیچ زانیاریەكیان نیە و هیچ سودێكیشیان بۆپرۆسەى پەروەردەو فێركردن نیە .....7/ دانانى میلاكاتى تەواو بۆقوتابخانەكان و رێكخستنى ژمارەى مامۆستایان لەقوتابخانەكان ...... چاودێریكردنى چۆنیەتى سەرفكردنى ئەو داهاتانەى لەئەنجامى بەكرێدانى فرۆشگاى قوتابخانەكان دەكەوێتە دەست بەرێوەبەرى قوتابخانەكان .... 8/خەلاتكردنى ئەو مامۆستایانەى كەبەراستى خەمخۆر و ماندوون بۆپرۆسەى پەروەردە و فێركردن و جیاكردنەوەى مامۆستایانى جددى و ناجددى لەیەكتر ....... 9/ خەلاتكردنى باشترین قوتابى قوتابخانەكان لەكۆتایى سالەكانى خوێندن بۆزیاتر هاندانى قوتابیان لەسەرخوێندن و كێبركێ ....10/ كردنەوەى خولى پێشبركێ بۆمامۆستایان و تاقیكردنەوەى ئاستى زانستیان ...... سەرەراى هەموو ئەمانە پێویستە وەزارەتى پەروەردە پێداچونەوەى جددى بكات بۆهەموو كێشە و كەموكورى خالە لاوازەكانى سیستەمى نوێ و دانانى پلانى ستراتیژى درێژخایەن بۆچارەكردنى هەمووكێشەكان.


 



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست




کۆمێنت بنووسە