وەزارەتى پەروەردە Stop !!!
Tuesday, 25/01/2011, 12:00
لەچەندساڵى رابردوو و لەكابینەى پێنجەمى حكومەتى هەرێم و لەئەنجامى بەستنى كۆنگرەیەكى پەروەردەیى لەساڵى 2007 لەشارى هەولێر بریارى ئەوەدرا كەسیستەمى پەروەدەى كوردستان بگۆردرێت ، هەر دوا بەدواى كۆنگرە دەستكرا بەگۆرینى سیستەمى پەروەردە و بەڕاى زۆرێك لەشارەزایانى بوارى پەروەردە بەرلەوەى پلانێكى تۆكمە لەلایەن وەزارەتى پەروەردەوە دابرێژرێت دەستكرا بەگۆرینى سیستەمى پەروەردە و هەزارو یەك كەموكورى بەدواى خۆى هێنا هەرلەبەرئەوەى لەسەرەتادا پلانێكى تۆكمەنەبوو بۆیە ئێستا دەبینین رۆژانە كەموكورییەكانى ئەم سیستەمە بەدیاردەكەوێت و هەر رۆژەى لایەكى لێدەبێتەوە ، وەكو هەموومان ئەوەدەزانین دوارۆژى پێشكەوتنى كوردستان و پێگەیاندنى رۆڵەوكادیرى كاراو كارامە بۆئەم خاكە پەیوەستە بەپلان ڕێژییەكى تۆكمە لەبوارى پەروەردە و فێركردن و دابینكردنى بودجەى زیاتر لەقەبارەى پێویست زیاتر بۆخزمەتى پەروەردە ، هەرلەبەرئەوەى گۆرینى سیستەمى پەروەردە بەهەڵە دەستى پێكرد تائێستاش رۆژانە هەڵەى نوێ بەدیاردەكەوێت و بەئاسانیش ناتوانرێت كۆنترۆڵ بكرێت ، رەنگە كەسانێك هەبێت لەوەزارەتى پەروەردە نیگەران بن لەوەى من كەدەیڵێم گۆرینى سیستەمى پەروەردەى كوردستان بێ پلان بووە!!! ئەى باشە من دەپرسم ئەگەر پلان هەبوو ئەى ئەم هەموو كەم و كوڕییە چییە كەرۆژبەرۆژ لەم سیستەمە نوێیە بەدیاردەكەوێت ؟ خۆمان دەزانین بەرلەوەى ژێرخان بۆهەرشتێك دابرێژین دەبێت سەرخانى بۆئامادەبكەین بەلام دەبینین تائێستا لەزۆرێك لەگوندو لادێكان قوتابخانەكان لەناو خانووى قوڕى هاوولاتیاندان و زۆربەى زۆرى بیناى قوتابخانەكانیش هیچ تایبەتمەندییەكى قوتابخانەى سەردەمى و سەدەى بیست و یەكەمى تێدانییە و زۆرینەى قوتابخانەكانیش دوو دەوامى و سێ دەوامى تێدا دەكرێت لەكاتێكدا لەزۆربەى وولاتان لەبیناى خوێندن تەنها یەك دەوامى تێدا دەكرێت و وەزارەتیش داواى 2000 بیناى خوێندن دەكات!!!كەڕەنگە بۆسالى 2030حكومەتى هەرێم ئەو رێژە بینایە دروست بكات ، بۆیە نامومكینە سیستەمى نوێى پەروەردە بەم شێوەیە رێچكەى خۆى وەربگرێت و بەشێوەیەكى ئاسایى گوزەربكات ،جێگاى پرسیارە لەگەڵ بوونى دەیان شارەزا لەوەزارەتى پەروەردە و لەگەڵ بوونى سەدان سەرپەرشتیار كەزۆرینەیان لەسەربنەماى خزمایەتى و خێلایەتى و حزبایەتى كراون بەسەرپەرشتیار شتێكى وا لەوبوارە نازانن ، كوا داهێنانى شارەزایان و سەرپەرشتیاران بۆسیستەمى پەروەردە ؟ سەرپەرشتیاران مەگەر بەشێكى كەمیان نەبێت ئەگەرنا كەدەچنە قوتابخانەكان جگەلەخواردنى چایەیەك و دووقسەى پێكەنیناوى هیچى تریان لێ بەدى ناكرێت ، بۆیەدەبێت پاكسازى لەنێوسەرپەرشتیاران بكرێت و زۆربەیان خانەنشین بكرێن و لەجێگایان كەسانى شارەزا و لێهاتوو بكرێنە سەرپەرشتیار بۆئەوەى خزمەتێك بەخاك و خامە و بەنەوەونەتەوە بگەیەنن ، چاپكردنى پەرتووك لەلوبنان و وولاتانى دەرەوە و درەنگ گەیشتنى بۆدەست قوتابیان چ مانایەكى هەیە؟ ئایا وەزارەتى پەروەردە ناتوانێت چەند چاپخانەیەكى پێشكەوتوو بكڕن و خۆیان ئەم پەرتووكانە لەكوردستان چاپ بكەن ؟ یاخود ئەم هەموو چاپخانەیە لەكوردستان هەیە بەهەموویانەوە ناتوانن پەرتووكى وەزارەتى پەروەردە چاپ بكەن ؟ یاخود لەپەناى ئەم پەرتووك چاپكردنە لەدەرەوە چەندكەسانێك سوودى ماددییان دەستدەكەوێت و چەندرۆژێكیش پیاسەى وولاتان دەكەن!!!ئەى لەگواستنەوەى ئەم ملیۆنان پەرتووكە بۆكوردستان چەندپارە بەفیرۆدەچێت!!!ئایانەدەكرا بەرلەوەى سیستەمى پەروەردە بگۆردرێت بیرلەوەبكرابایەوەكە گوزەرانى مامۆستایان چاكبكەن بۆئەوەى مامۆستایان بەشێوەیەكى ئەكتیڤ پێشوازییان لەم سیستەمە بكردایەو هەموو هەوڵێكیان بخستایەگەڕبۆسەركەوتنى ئەم سیستەمە ؟یان ئەوەى هەربیرى لێنەكرێتەوە گوزەرانى مامۆستایانە؟!!!مەحالە سیستەمى نوێ سەربكەوێ بەبێ چاككردنى گوزەرانى مامۆستایان و گوێگرتن لەمامۆستایان لەكەموكورییەكانى ئەم سیستەمە و گوێگرتن لەقوتابیان ، ئایا من دەپرسم كەمامۆستا و قوتابى دوو كارەكتەرى سەرەكى پراكتیزەكردنى ئەم سیستەمەبن بۆگوێیان لێناگیرێت و پرس و راوێژیان پێناكرێت؟ من هەمو لایەك لەوەدلنیادەكەمەوە كەئەوەندەى مامۆستایانى بەرێز لەكەموكورییەكانى ئەم سیستەمە دەزانن سەرپەرشتیاران و شارەزایانى وەزارەتى پەروەردە نایزانن بۆیە دەبێت بەجددى راوێژ بەمامۆستایانى بەرێزبكرێت ، زۆر سەیرە رۆژانە سەدان قوتابى دێنە سەرشەقام و هاواردەكەن دەلێن ئەم سیستەمە هەلەیە و كەموكورى تێدایە بەلام چەندكەسانێك كەبەپەنجەى دەست دەژمێردرێن لەناو ئۆتۆمبیلە ئاخر مۆدێلەكان و لەگەل وەرگرتنى موچەى زەبەلاح و وەرگرتنى دەیان ئیفاد لەمانگێكدا لەوەزارەتى پەروەردە دەلێن ئەم سیستەمە زۆرباشە و سەركەوتووە !!!ئایا هەرخۆتان ناڵێن قسەى زۆرینە تەواوە و هەرقسەى زۆرینە سەنگى مەحەكە و تەنها ڕاى زۆرینە كاری پێدەكرێت؟ یان ئەم ووتەتان بۆهەمووپرسەكان نییە و بانێكە و دوو هەوا؟ بەرپرسێكى وەزارەتى پەروەردە دەڵێت كەسێك راپرسى لەسەرئەم سیستەمە نوێیە كردووە و 6000هەزار قۆرمى دابەشكردووە و لەئەنجامدا دەركەوتووە كە%70بەشداربوانى ئەم راپرسیە بەباشە دەنگیان بۆئەم سیستەمە داوە، من دەپرسم كێن ئەوانەى بەشدارییان لەم راپرسیەكردووە؟ كێیە ئەوكەسەى ئەم راپرسیەى كردووە و چى لەرەوشى پەروەردە دەزانێت؟ ئایاپرسیارەكانى ئەم راپرسیەچیبوون؟ كێ پرسیارەكانى ئەم راپرسیەى دانابوو؟ دەپرسم ئایادەكرێت لەگەڵ بوونى 1ملیۆن و 400هەزار قوتابى و 110هەزارمامۆستا پشت ببەسترێ بەراپرسیەكى نازانستى و 6000كەسى؟ بەدلنیاییەوە ناكرێت پشت بەم راپرسیە ببەسترێت و پینەو كەموكوریەكانى سیستەمى نوێى پێ پەردەپۆش بكرێت لەپەناى ئەم راپرسیەوە خۆڵ بكرێتە چاوى خەلك و حكومەتیش هەڵبخەڵەتێندرێت،ئەگەر بەراپرسیەكى 6000كەسى وەزارەت بڵێت سیستەمى نوێ سەركەوتووە ئەى بۆدان نانێن بەودەیان هەزار قوتابیەنارازییەى كەرۆژانە دەرژێنەسەرشەقامەكان و سەدان مامۆستاش هاواردەكەن دەلێن سیستەمى نوێ كەموكورى هەیە ؟یان ئەمەشیان بانێكەو دووهەوا؟ بۆیەپێویستە وەزارەتى پەروەردە ناوەرۆكى ئەم راپرسیە بۆشارەزایان ئاشكرابكات و وەزارەتیش راپرسیەكى زانستى ئەنجامبدات نەك لێرەولەوێ كەسانێك كەهیچ لەراپرسى نازانن و شارەزاییان لەسیستەمى پەروەردە نیە راپرسى بكەن ،لەگەڵ ئەم هەموو كەموكوریەش بینیمان پەرتووكەكانى وەرزى دووەم بۆبەشێك لەقوتابخانەكان لەم یەك دوو رۆژەى رابردوو گەیشتۆتە دەست قوتابیان لەگەڵ تێپەربوونى نزیكەى مانگێك لەدەوامى وەرزى دووەمى خوێندن !!! ئەى بۆپرسیارناكرێت بەهۆى سیستەمى نوێى پەروەردەوە بۆ زۆربەى زۆرى قوتابیانى چوارەمى بنەرەتى نازانن ناوى خۆیان بنوسن و نازانن بنوسن و بخوێننەوە؟لەسیستەمى پێشووش قوتابى لەپۆلى یەكەمى سەرەتایى بەتەواوى فێرى خوێندن و نوسین دەبوو ، ئەگەر قوتابى لەپۆلى یەكەمى بنەرەتى تاپۆلى سێیەمى بنەرەتى فێرى خوێندن و نوسین نەبێت ئەستەمە بتوانرێت لەپۆلى چوارەمى بنەرەتى فێرببێت ، بۆیە تا رەوشى پەروەردە لەم هەرێمەدا بەئاقارێكى ترسناك هەنگاوى نەناوە و بۆئەوەى چیتر قوتابیان پۆل پۆل نەرژێنە سەرشەقامەكان پێویستە سەرۆكى هەرێم و سەرۆكى حكومەت و هەموو شارەزایانى بوارى پەروەردە بێنە سەرخەت و تەداخولى جددى لەم بارودۆخەى پەروەردە بكەن كەئێستا تێى كەوتووە ، بۆئەوەى دۆخەكە لەوەزیاتر ئاڵۆزنەبێت و وەزارەتى پەروەردەش باچیتر لەودیوى دیوارە بەرزەكان و لەبەرهەواى سپلیتەكانەوە بریارنەدەن و باگوێ لەمامۆستایان و قوتابى بگیرێت پێداچونەوەى خێرا بەم سیستەمە بكرێت و لەخەوش و تەگەكەرەوكەموكورییەكان پاك بكرێتەوە بۆئەوەى هەموومان سوود لەوسیستەمە وەربگرین و بتوانین خزمەت بەنەوەونەتەوەو خاك و خەلك بگەیەنین.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست