کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


وەزیرى خوێندنى باڵا چاكسازى بەگوفتارە ؟ یان كردار ؟

Thursday, 24/03/2011, 12:00


لاى هەمووان روون و ئاشكرایە سەرۆكى كابینەى شەشەم بەو ووتەیە ناسراوە كەدەڵێت (كردار شەرتە) بەڵام دەبێت ئەوە بۆ ئەو ووتەیەى سەرۆكى كابینەى شەشەم زیادبكەم راستە كردار شەرتە بەڵام كردارى باش ، چونكە كردارى خراپ و گەندەڵ شەرت نیە بۆحوكمرانى و كردەوەى قێزەونە، بۆیە واباشە لەمەودوا سەرۆكى حكومەت بڵێت (كردارى باش شەرتە) ، ئەوەى من دەمەوێت تیشكى بخەمە سەر ئەو رەوشەى ئەمدواییە بوو كەبەسەر وەزارەتى خوێندنى باڵا گوزەرى كرد ، لەپێكهاتەى كابینەى شەشەم پرۆفیسۆر دلاوەر كرا بەوەزیرى خوێندنى باڵا و لەسەرەتا گوڕوتینێكى زۆرى پێوەدیاربوو و هەموو لایەك ئومێدى ئەوەیان لێدەكرد كەگوڕێك بهێنێتەوە بەبەر گیانى زانكۆكانى كوردستان و ئاستى زانستیان بەرزبكاتەوە و كوالێتیان بگەیەنێتە ئاستى ستاندارى جیهانى و چەندهەنگاوێكیشى نا لەوبارەوەیەو لەسنورى زانكۆى سلێمانى و كۆیە چەندراگرێكى گۆڕى ، بەڵام وەكو زۆربەى سەركردەكانمان دانیان ناوە بەوەى كەگەندەڵى بەرۆكى سیستەمى حوكمرانى هەرێمى گرتووە و رۆچووە بەنێو قورگى دام و دەزگاكان و زۆرینەى دام و دەزگاكانى ئیفلیج كردووە و ناهێڵێت بەسەرپێ بكەون و لەسەرپێى خۆیان رابوەستن ، ئەوەى لەهەموویان زیاتر جێگاى نیگەرانیە كەگەندەڵى و رێگری و دەست خستنە نێوكارەكانى وەزارەتى خوێندنى باڵایە كەجومگە و كۆڵەكە و بنچینەى پێشكەوتنى كوردستانە و هەموو لایەكمانى نیگەران كرد ، دكتۆر دلاوەر زۆر قسەیكرد بەڵام بەداخەوە كردارەكانى لەئاستى ئەم هەموو قسانەى نەبوو كەبەردەوام لەدەزگاكانى راگەیاندن باسى دەكرد و تیشكى دەخستنەسەرى ، ئەوەى لەنێوبەشێك لەزانكۆ ئەهلیەكانى كوردستان دەگوزەرێت لەسۆماڵ و ئەریتیریا شتى وانابینرێت !!! بەشێك لەزانكۆ ئەهلیەكانى كوردستان هیچ بنەمایەكى زانستیان نیە و تەنها بروانامە دەفرۆشن و گیرفانى ئەم میللەتە تاڵان دەكەن و كەسیش ناتوانێت بڵێت لەپشتى چاوتان دوو برۆیە چونكە گومانى ئەوەیان لێدەكرێت كەدەستى بەرپرسانى ئەم هەرێمەیان لەپشت بێت و بەشێكى ئەم زانكۆیانەشیان كڕی بێت وەكو لەزۆرێك لەبوارەكانى ئەم هەرێمە بەشیان هەیە و شەریكن، ماوەیەك لەمەوبەر وەزیرى خوێندنى باڵا لیژنەیەكى پێكهێنا بۆبەدواداچوونى زانكۆ ئەهلیەكان و وەكو خۆى رایگەیاند كەلەبەشێك لەوزانكۆئەهلیانە كەشێكى وا دەگوزەرێت كەجێگاى قبوڵ نیە !!!ناوبراو مۆڵەتێكى دیاریكراوى دایە ئەوزانكۆیانە بۆئەوەى كەموكورییەكانیان چارەسەربكەن بەڵام بەداخەوە بەووتەى هەندێك لەوقوتابیانەى كەلەوزانكۆیانە دەخوێنن دەڵێن رەوشى زانست لەوزانكۆیانە هەروەكو پێشترەو هیچ گۆرانكارییەك رووى نەداوە كەخۆى لەخۆیدا كارەكانى وەزیرى خوێندنى باڵا دەكەوێتە ژێر پرسیار و گومانەوە ، ماوەیەكیش لەمەوبەر بینیمان وەزارەتى خوێندنى باڵا ئەوەى راگەیاند كەزانكۆى شاهانەى بەریتانى ئەهلى كەلەهەولێرە و بۆهەرساڵێكى خوێندن پارەیەكى خەیاڵى لەگیرفانى گەنجى ئەم كوردستانە بەتاڵان دەبات هیچ پەیوەندییەكى بەزانكۆى شاهانەى بەریتانیاوە نییە و ئەوەشیان راگەیاند كەدەبێت ئەوزانكۆیە ناوەكەى یگۆرێت !!!زۆرسەیرە ئەگەر زانكۆیەك تەزویر و ساختەبێت دەبێت دابخرێت ؟ یان تەنها ناوەكەى بگۆرێت ؟ لەهەمووى سەیرتر ئەوەیە بینیمان لەماوەى رابردوو بەبێ ئاگادارى وەزیر و وەزارەتى خوێندنى باڵاو سەرۆكى حكومەت خوێندن لەزانكۆى سەلاحەدین و زانكۆى هەولێرى پزیشكى وەستێنرا و ئەم كارەش هەموو دام و دەزگاكانى ئەم هەرێمەى خستە ژێر پرسیارەوە هەرلەسەرۆكى حكومەت و سەرۆكى هەرێم و وەزارەتى خوێندنى باڵا و پەرلەمان بەتایبەت لایەنەئۆپۆزسیۆنەكان چونكە بەلایەنى كەمەوە دەبوایە وەزیرى خوێندنى باڵایان بانگهێشتى پەرلەمان بكردبایە ، تائێستا هیچ لایەنێك روونكردنەوەى تەواو و باوەرپێكراوى نەداوە لەسەرئەم حالەتەى كەروویدا و زانكۆى سەلاحەدین بەرووى هەزاران قوتابى داخرا و قوتابیان رەوانەى مالەوە كران و یونسێفیش لەم حالەتە ئاگاداركرایەوە !!!ئەگەر سەرۆكى حكومەت خۆى بەكەسێكى تەكنۆكرات دەزانێت ئەم حالەتە بەس بوو بۆئەوەى دەست لەكاربكێشێتەوە ، ئەمە حالەتێكى بێ وێنە بو لەهەموو دونیا چونكە سەرۆكى حكومەتیش وەڵامى بۆئەم حالەتە پێنەبوو ، زۆرێك لەدەزگا راگەیاندنەكان ئاماژە بۆئەوەدەكەن كەیەكێتى قوتابیانى كوردستان كەرێكخراوێكى قوتابیانى سەربەپارتى دیموكراتى كوردستانە ئەم كارەى ئەنجامداوە و دەوامى لەزانكۆى سەلاحەدین راگرتووە بەڵام یەكێتى قوتابیان چەندین جار ئەو دەنگۆیانەى رەتكردۆتەوە و بێبەرى خۆیان رادەگەیەنن ، بەڵام ئەم كردارە هەر لەمەتەڵێكى سەیروسەمەرەى بێ وەڵام دەچێت چونكە سەرۆكى زانكۆى سەلاحەدین و وەزیرى خوێندنى باڵاو سەرۆكى پەرلەمان و سەرۆكى حكومەت وەڵامیان پێنەبوو و نەیانزانى كێ زانكۆى داخستووە !!!دەیان جاریش داواى ئەوە لەوەزیرى خوێندنى باڵاكرا كەدەست لەكاربكێشێتەوە بەڵام ناوبراو بەچەند بیانوێك كەجێگاى قبوڵ كردن نیە و باوەرپێكراونین بۆمانەوە لەپۆستەكەى و دەست گرتن بەكورسیەكەیەوە كەماوەیەك لەمەوبەر لەدیمانەیەكى لەگەل یەكێك لەرۆژنامە كوردییەكان سازى دابوو باسى لێوەكردبوو خۆى پەراندۆتەوە لەوهەموو گومان و پرسیارانەى لەسەركار و دەسەڵاتى دروست بووە ، بەڵام ئەوەى گرنگ و پێویستە دەبێت قوتابیانى زانكۆى سەلاحەدین ئەوانەى تامەزرۆى خوێندن و زانستن سكاڵاى یاسایى لەسەروەزیرى خوێندنى باڵا تۆماربكەن لەسەر بەفیرۆچوونى ئەوماوەیەى دەوامیان كەبێگومان كاریگەرییەكى زۆرى هەبوو لەسەر دابەزینى ئاستى زانستى قوتابیان و دەبێت هەزاران واژوو كۆبكەنەوە بۆدەست لەكاركێشانەوەى وەزیرى خوێندنى باڵا چونكە وەزیر خۆى دەست لەكارناكێشسێتەوە بەڵكو دەبێت ناچاربكرێت ، دەبێت هەموو لیستەكانى نێو پەرلەمانیش بەتایبەت لیژنەى پەروەردە و خوێندنى باڵا سووربن لەسەرلێپێچینەوە لەگەڵ وەزیرى خوێندنى باڵاو بەسزاگەیاندنى ئەوانەى دەوامى زانكۆى سەلاحەدینیان راگرت ، بۆیە من رووى پرسیارم ئاراستەى وەزیرى خوێندنى باڵا دەكەم و دەڵێم چاكسازى بەمشێوەیەیە ؟ كردار شەرتە یان بەس گوفتارەكانى جەنابت لەدەزگاكانى راگەیاندن ؟ بۆیە لەوساتە وەختەى كەدەوامى زانكۆى سەلاحەدین راگیرا هیچ ئومێدێك بەكارە چاكسازییەكانى جەنابى وەزیر نەما و كارامەیى خۆى خستە ژێر پرسیارەوە ، وەبەوەى كەدەستى لەكارنەكێشایەوە و سوربونى خۆى راگەیادن بۆمانەوەى لەپۆستەكەى زیاتر خۆى خستە ژێر گومان و پرسیارەوە ، لەكۆتاییدا دەڵێم كردارى باش شەرتە نەك گوفتار.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست




کۆمێنت بنووسە