کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نه‌وتی هه‌رێم ئه‌و كێكه‌ی هه‌مووان ده‌یخۆن میلله‌ت نه‌بێت

Tuesday, 03/06/2014, 12:00







نه‌وتی هه‌رێم ئه‌و كێكه‌ی هه‌مووان چاویان له‌سه‌ره‌

نه‌وتی هه‌رێم ئه‌و كێكه‌ی هه‌مووان ده‌یخۆن میلله‌ت نه‌بێت

دوای شكستی گفتووگۆ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی نێوان هه‌رێم و ناوه‌ند له‌سه‌ر پرسی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێم بۆ ده‌ره‌وه‌ دواجار هه‌رێمی كوردستان سه‌بری ئه‌یوبی له‌ده‌ستدا و له‌رێگه‌ی به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیا و به‌بێ‌ ره‌زامه‌ندی به‌غدا نه‌وتی هه‌نارده‌ی بازاره‌كانی جیهان كرد ، ئه‌م هه‌نگاوه‌ش هێنده‌ی تر گۆمه‌كه‌ی شڵه‌قاند و هه‌وری ناكۆكیه‌كانی نێوان هه‌رێم و ناوه‌ندی له‌سه‌ر كێشه‌ی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی هێنده‌یتر ڕه‌شكرد ، ئه‌و هه‌وره‌ ڕه‌شه‌ی له‌ئه‌نجامی ناكۆكیه‌كانی نێوان هه‌رێم و ناوه‌ند له‌سه‌ر پرسی نه‌وت ئاسمانی عێراقی ته‌نیوه‌ كورد چاوی له‌وه‌یه‌ له‌ژێر ئه‌و هه‌وره‌ ره‌شه‌ ئیتر ئاسۆیه‌كی نوێ‌ بۆ خۆشگوزه‌رانی هه‌رێم هه‌ڵبێت و به‌غداش ترسی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ئه‌و هه‌وره‌ ره‌شه‌ زریانێكی مه‌ترسیدار دروست بكات ، فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێم له‌رێگه‌ی توركیاوه‌ كاردانه‌وه‌ی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی به‌دوای خۆیدا هێنا ، به‌جۆرێك به‌شێك له‌لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی ناوخۆی هه‌رێم پشتگیری هه‌نارده‌كردن و فرۆشتنه‌كه‌ ده‌كه‌ن به‌شێكی دیكه‌ش به‌مه‌رجی شه‌فافی له‌بڕی داهاتی نه‌وته‌كه‌ ئاماده‌ن پشتیوانی لێبكه‌ن ، هه‌رچی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكایه‌ رۆژێك دوای فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێم بۆ بازاره‌كانی جیهان رایگه‌یاند ئه‌وان دژی فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێمن به‌بێ‌ رێكه‌وتن له‌گه‌ل به‌غدا ئه‌مه‌ش ناره‌زایی هه‌رێمی لێكه‌وته‌وه‌ و به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم له‌وه‌ڵامی لێدوانه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا وتی ڕێزمان هه‌یه‌ بۆ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، به‌ڵام بڕیاری كورد به‌ ده‌ستی كورده‌ و هیوادارین ئه‌مه‌ریكا له‌ هاوكێشه‌ سیاسییه‌كان تێبگات و خۆیان نه‌خه‌نه‌ ناو ململانێكانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، هه‌روه‌ها لایه‌نگریی هیچ لایه‌نێك نه‌كه‌ن و ئه‌گه‌ر بێ‌ده‌نگی هه‌ڵبژێرن و لایه‌نگریی نه‌كه‌ن پێمان باشتره‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ده‌یكه‌ین له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لی كوردستان و خه‌ڵكی كوردستانه‌ و، ئێمه‌ نابێت سه‌یری ئه‌وه‌ بكه‌ین كه‌ كێ‌ پێمان بڵێت ڕاست و كێ‌ پێمان بڵێ‌ هه‌ڵه‌ت كردووه‌." له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌هه‌نارده‌كردن و فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێم تێده‌گات ، لای خۆیه‌وه‌ نوری مالیكی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێمی به‌ نیمچه‌ دزی ناوبرد و وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراقیش له‌ ژووری بازرگانی پاریس سكاڵای یاسایی له‌سه‌ر توركیا و كۆمپانیای بۆكتاشی بواری نه‌وت تۆماركرد حكومه‌تی هه‌رێمیش له‌ گرنگی و به‌های ئه‌و سكاڵایانه‌ كه‌مده‌كاته‌وه‌ ، لای خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی كاربه‌رێكه‌ری هه‌رێم له‌ 28ی مانگی پێنج له‌به‌رده‌م ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستان ووتی به‌پشت به‌ستن به‌مادده‌ی 6ی یاسای ژماره‌ی پێنجی سالی 2013 كه‌ له‌په‌رله‌مانی كوردستان بریاری له‌سه‌ردراوه‌ ده‌ستمانكردووه‌ به‌فرۆشتنی نه‌وت ، به‌پێی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی كه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ بواری فرۆشتنی نه‌وتدا كردویه‌تی پاره‌ی 83٪ی ئه‌و نه‌وته‌ بۆ حكومه‌تی ناوه‌ندی ده‌ڕوات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێشتا عێراق به‌ هه‌نارده‌كردنی ئه‌و نه‌وته‌ رازی نییه‌، په‌رله‌مانتارێكی كوردیش له‌ به‌غدا ده‌ڵێت ‌عێراق توركیا به‌ درێژكراوه‌ی خه‌لافه‌تی عوسمانی ده‌زانێت بۆیه‌ له‌ دژی ئه‌و پڕۆسه‌یه‌یه‌‌.

له‌و نه‌وته‌ی هه‌رێم ده‌یفرۆشێ ته‌نیا 17% بۆ هه‌رێمی كوردستانه‌و باقی پاره‌كه‌ی دیكه‌ 5%ی بۆ قه‌ره‌بووی كوه‌یت و ته‌واوی پاره‌كه‌ی دیكه‌ بۆ عێراق ده‌ڕوات، له‌گه‌ڵ پێدانی بڕه‌ پاره‌یه‌كی كه‌م به‌ وڵاتی توركیا، كه‌ به‌پێی زانیاریه‌كان 1% ده‌بێت.

سه‌باره‌ت به‌ تۆماركردنی سكاڵاكه‌ی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عیراق له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، عاسم جیهاد وته‌بێژی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق روونی كرده‌وه‌ كه‌ سكاڵاكه‌، سكاڵایه‌كی ناوخۆییه‌ نه‌ك ده‌ره‌كی، به‌ڵام ئه‌و سكاڵایه‌ی دژبه‌ وه‌زاره‌تی وزه‌ی توركیا تۆماركراوه‌، سكاڵایه‌كی ده‌ره‌كییه‌ و عیراق پێی وایه‌ ئه‌نقه‌ره‌ ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه‌ی پێشێلكردووه‌ كه‌ ساڵی 20 10 له‌گه‌ڵ به‌غدا ئیمزای كردووه‌.

لای خۆیه‌وه‌ وه‌زیری وزه‌ و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كانی توركیا رایده‌گه‌یه‌نێت، فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان به‌پێی ده‌ستووری عیراقه‌ و داهاته‌كه‌شی بۆ هه‌رێمی كوردستان و به‌غدایه‌.

یڵدز ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: له‌كاتی سه‌ردانی وه‌زیری نه‌وتی عیراق بۆ توركیا باس له‌وه‌ كراوه‌ كه‌ رۆژانه‌ 100 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی هه‌رێم ده‌توانرێ بنێردرێته‌ ده‌ره‌وه‌.

وه‌زیری وزه‌ی توركیا وتی: "ئێمه‌ له‌گه‌ڵ برا عیراقییه‌كانمان كۆده‌بینه‌وه‌، من له‌و بڕوایه‌دانیم كه‌ قۆناغه‌كه‌ به‌ره‌و خراپتر بچێت، نه‌وته‌كه‌ نه‌وتی عیراقه‌، داهاته‌كه‌ش كه‌ له‌ناو هاڵك بانكدا كۆده‌كرێته‌وه‌، وه‌ك هه‌رێم ئاماژه‌ی پێ كردووه‌ به‌شێوه‌یه‌كی دادوه‌رانه‌ دابه‌ش ده‌كرێت".

روونیكرده‌وه‌: به‌پێی ده‌ستووری عیراق ئه‌م نه‌وته‌ له‌سه‌دا 83ی بۆ ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی ناوه‌ندی ده‌بێت 17 ش بۆ ناوچه‌كانی هه‌رێم ده‌بێت.

یه‌ده‌گی نه‌وتی هه‌رێم پێداویستی دوو سه‌د ساڵی توركیا دابین ده‌كا. هه‌روه‌ها نه‌وتی كوردستان ده‌توانێ هه‌موو پێداویستییه‌كانی جیهان بۆ ماوه‌ی ساڵ و نیوێك دابین بكا.

چاڵه‌ نه‌وته‌كانی ته‌ق ته‌ق، تاڤگه‌، خورمه‌ڵه‌، شێخان و چه‌ندین ناوچه‌ی دیكه‌، رۆژانه‌ زیاتر له‌ ٥٤ هه‌زار ته‌ن نه‌وتیان لێوه‌ هه‌ڵده‌گۆزرێ. چاوه‌ڕوان ده‌كرێ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رێژه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی خۆی تا ساڵی ٢٠١٥ بگه‌یه‌نێته‌ ١٣٦.٥ هه‌زار ته‌ن له‌ رۆژێكدا. تا ساڵی ٢٠١٩ ئه‌و رێژه‌یه‌ ده‌گه‌یه‌نرێته‌ ٢٧٣ هه‌زار ته‌ن له‌ رۆژێكدا.

پسپۆڕانی‌ بواره‌كه‌ له‌و باوه‌ڕه‌دان ته‌نیا رێگای له‌بار و گونجاو بۆ گه‌یاندنی ئه‌و نه‌وته‌ بۆ جیهان، توركیایه‌، توركیا بۆ هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی عیراق و كوردستان له‌ڕێی بۆری نه‌وتبه‌ری كه‌ركوك- جه‌یهان بۆ ئه‌وروپا و به‌هۆی هه‌ڵكه‌وته‌ی جیۆستراتیژییه‌وه‌ بۆ عیراق و كوردستان زۆر گرنگه‌.

ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقیش له‌كوتله‌ی هاوپه‌یمانی كوردستانی ده‌ڵێت به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌رابردوو په‌یوه‌ندیه‌كانی هه‌رێم و توركیا به‌ چه‌ندین وێستگه‌ی به‌رز و نزمدا رۆیشتووه‌ بۆیه‌ ناكرێت هه‌رێم متمانه‌ی ته‌واو بخاته‌ سه‌ر پشتگیری تاهه‌تایی توركیا بۆ ناردنه‌وه‌ ده‌ره‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم و چاودێرێكی بواری وزه‌ش ده‌ڵێت ته‌نها كه‌مترین ته‌نازولی توركیا بۆ به‌غدا له‌سه‌رپرسی نه‌وتی هه‌رێم ، كوردستان تووشی گه‌وره‌ترین قه‌یرانی دارایی ده‌كاته‌وه‌ ، هه‌رێم به‌پشت به‌ستن به‌مادده‌كانی 112 و 115 ی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق به‌مافی خۆی ده‌زانیێت نه‌وت بفرۆشێت و هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ی بكات ، له‌ئێستادا یه‌كه‌مین ئامانجی هه‌رێم له‌ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ و فرۆشتنی نه‌وت چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی دارایی ناوخۆیی هه‌رێم و دابینكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانه‌ كه‌ بۆ هه‌ر مانگێك بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم 850 ملیار دینار كه‌ ده‌كاته‌ نزیكه‌ی 700 ملیۆن دۆلارپێویسته‌ به‌وپێیه‌ش بێت ئه‌گه‌ر هه‌رێم رۆژانه‌ 23هه‌زار و 333 به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ بكات و سه‌رجه‌م داهاته‌كه‌شی بۆ هه‌رێم بێت ئه‌وا ته‌نها ده‌توانێت به‌ داهاتی نه‌وته‌كه‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بدات.سه‌ره‌رای تۆماركردنی سكاڵاكانی حكومه‌تی ناوه‌ندی له‌سه‌ر هه‌رێم و توركیا به‌ڵام هێشتا هه‌رێم ئاماده‌یی خۆی ده‌ربریوه‌ بۆ دانوستاندن له‌گه‌ل ناوه‌ند بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی نه‌وت به‌ڵام تائێستا به‌غدا به‌فه‌رمی وه‌لامی ئه‌و ده‌ست پێشخه‌ریه‌ی هه‌رێمی نه‌داوه‌ته‌وه‌.

راپۆرت: سه‌میر شێخ مه‌موندی





نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست




کۆمێنت بنووسە