کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


كاتێك گوله‌ وه‌ڵامی‌ قه‌ڵه‌م ده‌داته‌وه‌ !!!

Sunday, 24/04/2011, 12:00






گولله‌ و قه‌ڵه‌م دوو مادده‌ن به‌درێژایی‌ بوون له‌سه‌ده‌كانی‌ رابردوودا به‌كارهاتوون، به‌ڵام له‌هه‌رتاكێكی‌ سه‌ر رووی‌ ئه‌م زه‌مینه‌ بپرسی‌ گولله‌ و قه‌ڵه‌م كامه‌یان خزمه‌تی‌ ئه‌م بونه‌وه‌ره‌و پێشكه‌وتنی‌ ئه‌م جێهانه‌ی‌ كردووه‌؟ به‌دڵنیاییه‌وه‌ وه‌ڵامه‌كه‌ی‌
"پێنووس"ه‌.

پێنووس ئه‌و مادده‌ پڕ سوود و قازانجه‌ی‌ بونه‌وه‌ره‌ كه‌زۆرترین خزمه‌تی‌ به‌ژیانی‌ مرۆڤایه‌تی‌ گه‌یاندووه‌، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا، گولله‌ زۆرترین نه‌هامه‌تی‌ و به‌دبه‌ختی‌ و فرمێسك و مه‌رگ و بۆنی‌ بارووتی‌ پێشكه‌شی‌ مرۆڤ و مرۆڤایه‌تی‌ كردووه‌.

رۆشنبیران و قه‌ڵه‌م به‌ده‌سته‌ به‌ویژدانه‌كان سه‌رمه‌شقی‌ گه‌یاندنی‌ راستی‌ و نه‌هامه‌تی‌ مرۆڤه‌كانن و به‌رده‌وام له‌به‌ره‌ی‌ گه‌ل و میلله‌تن و خه‌باتیان نه‌براوه‌و به‌رده‌وامه‌ بۆ دابینكردنی‌ ئازادی‌ و دیموكراسی‌ و خۆشگوزه‌رانی‌ بۆ مرۆڤه‌كان رۆژنامه‌نوسانن بۆ داكۆكیكردن له‌مرۆڤ و مرۆڤایه‌تی‌ و دابینكردنی‌ ژیانێكی‌ ئاسووده‌ بۆ هه‌مووان گیانی‌ خۆیان خستۆته‌ سه‌رده‌ست و به‌هیچ ترس و تۆقاندنێك سڵ ناكه‌نه‌وه‌، هه‌موو لایه‌كیش ده‌بینین له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وخه‌باته‌ی‌ رۆژنامه‌نوسان ده‌یكه‌ن سه‌دان ده‌ستدرێژی‌ و سووكایه‌تی‌ ده‌كرێته‌ سه‌ر رۆژنامه‌نوسان و هیچ هێڵێكی‌ سوریش بۆ ئه‌و پێشێلكاریانه‌ی‌ سه‌ر رۆژنامه‌نوسان دانه‌نراوه‌، رۆژنامه‌نوس تاكه‌ هۆكاری‌ داكۆكیكردن له‌خۆی‌ و هاووڵاتیان قه‌ڵه‌مه‌كه‌یه‌تی‌، به‌ڵام مخابن كاتێك ده‌بینین گولله‌ وه‌ڵامی‌ قه‌ڵه‌م ده‌داته‌وه‌ كۆمه‌ڵگه‌ و هاووڵاتیان ده‌هه‌ژێنێت و ترس و تۆقاندن بڵاوده‌كاته‌وه‌و باری‌ ئه‌منی‌ هه‌رێم به‌ره‌و هه‌ڵدێرده‌بات و مه‌رگ ده‌كاته‌ دیاری‌ بۆ رۆژنامه‌نوسان.

شه‌هیدكردنی‌ سۆرانی‌ مامه‌حه‌مه‌، له‌رابردوو و شه‌هیدكردنی‌ سه‌رده‌شت عوسمان، له‌ئێستادا دوو زه‌نگی‌ زۆر مه‌ترسیدارن بۆ سه‌ر ژیانی‌ رۆژنامه‌نوسان و پاشه‌كشه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌رووی‌ پێشكه‌وتن و ئازادی‌ و دیموكراسی‌ و كشانه‌وه‌ی‌ هه‌نگاوی‌ ئازادی‌ و رۆژنامه‌گه‌رییه‌ له‌م هه‌رێمه‌ ئازیزه‌ماندا، شه‌هیدكردنی‌ ئه‌م دوو لاوه‌ رۆژنامه‌نوسه‌، به‌هه‌ر هۆیه‌ك و له‌په‌نا هه‌ر هۆیه‌ك بێت دووكاری‌ تیرۆرستی‌ قێزه‌ونن و مرۆڤایه‌تی‌ نه‌فره‌تیان لێده‌كات، له‌سه‌دان راپۆرت و ریپۆرتاژی‌ بینراو و بیستراو و نوسراو و سه‌دان كۆر و سیمینیاری‌ بواری‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌ ده‌ستدرێژیه‌كانی‌ سه‌ر ژیانی‌ رۆژنامه‌نوسان خراوه‌ته‌ روو، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ تاكو ئێستا به‌جددی‌ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ وه‌رنه‌گیراوه‌ و پلان و چاره‌سه‌ری‌ بۆ دانه‌نراوه‌ و خۆی‌ له‌خۆیدا بۆ ده‌سه‌ڵاتی‌ كوردی‌ جێگای‌ پرسیار و تێرامان و هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ركردنه‌، چ ویژدانێك به‌په‌سه‌ندی‌ ده‌زانێت گولله‌ وه‌ڵامی‌ قه‌له‌م بداته‌وه‌؟ ئه‌گه‌ر كه‌سێك ویژدانی‌ هه‌بێت به‌قه‌ڵه‌م وه‌ڵامی‌ قه‌ڵه‌م ده‌داته‌وه‌ نه‌ك به‌گولله‌، شه‌هیدكردنی‌ رۆژنامه‌نوس "سه‌رده‌شت عوسمان" پێش ئه‌وه‌ی‌ نه‌هامه‌تی‌ و ناخۆشی‌ بێت بۆ خانه‌واده‌كه‌ی‌ نه‌هامه‌تی‌ و ده‌ستدرێژكردنه‌ بۆ سه‌ر هه‌موو هاووڵاتیانی‌ هه‌رێم و ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی‌ و ده‌ستدرێژكردنه‌ بۆ سه‌ر هه‌موو رۆژنامه‌نووسان و رۆژنامه‌گه‌ری‌، شه‌هیدكردنی‌ سه‌رده‌شت عوسمان، دۆخی‌ ئه‌منی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ نه‌ویستراو و نه‌فره‌ت لێكراو شێواند و ترس و دله‌راوكێ‌ ی‌ لای‌ هه‌موو رۆژنامه‌نوسان و هاووڵاتیان دروستكردووه‌ و هێمایه‌كی‌ پرسیاریشی‌ له‌سه‌ر ئه‌و قسه‌یه‌ی‌ ده‌زگاكانی‌ ئه‌منی‌ دانا كه‌به‌رده‌وام ده‌ڵێن :- بارودۆخی‌ ئه‌منی‌ كوردستان له‌وپه‌ری‌ باشی‌ و ئۆقره‌یی‌ دایه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر حكومه‌ت و ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و له‌سه‌رووی‌ هه‌مووشیانه‌وه‌ به‌رێز سه‌رۆكی‌ هه‌رێم، به‌زووترین كات و زۆر به‌جددی‌ و زۆر به‌ووردی‌ به‌دواداچوون له‌شه‌هیدركردنی‌ سه‌رده‌شت عوسمان، بكه‌ن و بكوژان به‌سزای‌ خۆیان بگه‌یه‌نن بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌زووترین كات بارودۆخی‌ ئه‌منی‌ هه‌رێم و ئۆقره‌یی‌ و ئاسوده‌یی‌ خه‌ڵك بگه‌رێته‌وه‌ ئاستی‌ خۆی‌، وه‌گرنگیشه‌ ئه‌مجاره‌یان سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نوسان هه‌لوێستێكی‌ بێ‌ وێنه‌ی‌ هه‌بێت و له‌مه‌ودوا هێڵێكی‌ سوور بۆ ئه‌م ده‌ستدرێژیه‌ قێزه‌ونانه‌ی‌ سه‌ر رۆژنامه‌نوسان دابنرێت، ئه‌وانه‌ی‌ په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر گولله‌ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ قه‌ڵه‌م، به‌دڵنیاییه‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ر قه‌ڵه‌م و رۆژنامه‌ی‌ ئازاددا دۆراون.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست




کۆمێنت بنووسە