سەرۆكى حكومەت مانەوەت لەپۆستەكەت بێهودەیە چونكە چاكسازى لەكوردستان مەحاڵە!!!
Friday, 04/03/2011, 12:00
دواى ئەوەى كابینەى شەشەمى حكومەتى هەرێم بەسەرۆكایەتى د.بەرهەم پێكهێنرا چاوەروانى ئاسۆیەكى روونى لێدەكرا ، بەڵام دواى تێپەربوونى ساڵێك بەسەرتەمەنى كابینەى شەشەم نەك ئەوئاسۆروونەى چاوەرواندەكرا نەهاتەدى بەڵكو ئاسۆیەكە لێڵ تربوو، سەرۆكایەتیكردنى حكومەتێكى بەناویەك ئیدارە و لەبەشێكى سیما و ناوەرۆك دووئیدارە كارێكى زەحمەت و قورسە بەتایبەتى لەلایەن د.بەرهەم چونكە د.بەرهەم حزبەكەى تەنها لەسنورى پارێزگاى سلێمانى دەسەلاتداربوو و زۆرینەى خەڵكەكەى هەوادارى حزبەكەی بوون و پێشتر پاڵپشتیان دەكرد بەڵام دواى دروستبوونى بزووتنەوەى گۆڕان حزبەكەى د.بەرهەم لەسلێمانى هێزێكى جەماوەرى ئەوتۆى نەما و دەتوانین بڵێین لەسلێمانیش حزبەكەى بێ پەناگە و بێ خانە و لانە مایەوە و مەوداى دەسەڵاتەكەى سەرۆكى كابینەى شەشەم زۆركورت بۆوە كەبەبێ سەربەرزكردن لەبەرپێمانەوە مەوداى دەسەڵاتى د.بەرهەم بەدى دەكرێت ، سەرۆكایەتیكردنى كابینەیەك لەكوردستان كەمەوداى دەسەلاتەكەى ئەوەندە نەبێت و سێ لایەنى ئۆپۆزسیۆنیش هەبێت چاودێرێكى كارابن بەسەركار و هەنگاوەكانى حكومەتەوە خۆى لەخۆیدا هەنگاوەكانى كاینەى شەشەم قورستردەكات، گومانیش لەوەدانیە و هیچ كەسیش ناتوانێت ئینكارى لەوەبكات كەدیاردەى دووئیدارەیى بەردەوامە و حزب دەستى خستۆتە قورگى حكومەت و ئەستەمە حزب بهێڵێت حكومەت بەئارەزووى خۆى یەك هەنگاوبنێت دیارترین دەست وەردانى حزبیش لەساڵى رابردوو بینیمان خەڵك بەلیست لەرێگەى لق و مەڵبەندەكانەوە دامەزران !!!زەقكردنەوەى هەندێك شت و شاردنەوەى هەزاران شتى تر لەپاى چى ؟لەزانكۆى سلێمانى سێ ئەندام پەرلەمان كەنوێنەرى خەڵكن چووبونە نێوزانكۆ بەهەموودەزگاكانى هەردووحزبى حوكمران دونیایان لێ خراكردن و قیامەتیان هەڵساند!!!لەكاتێكدا رێكخراوى حزبى لەهەولێر دەوامى دەیان كۆلێژ و پەیمانگاى راگرتووە و كەسیش ناتوانێت فززەى لەدەم بێتە دەرەوە و سەرۆكى زانكۆش لەكاتێكدا كەقسەى ناڕوات لاى ئەوكەسانەى دەوامیان راگرتووە بەڵام دەبینین هەرەشەى ئەوە لەقوتابیانى بەدبەخت دەكات كەلەكۆتایى ساڵیش بێت دەوامى زیادیان پێدەكاتەوە!!!وەزیرى خوێندنى باڵا جەنابت كەبەردەوام باسى چاكسازى دەكەى دەفەرموو ئەمرۆ دواى عەسر سەرێك لەكۆلێژ و پەیمانگاكانى هەولێربدە نەك هەر دەوامى قوتابیان نیە بەڵكو دەرگاى كۆلێژوپەیمانگاكانیش داخراوە !!!ئەمە ناوى چى لێدەنێى؟ئەمەیە جیاكردنەوەى دەستى حزب لەحكومەت جەنابى سەرۆكى حكومەت ؟ ئەستەمە بتوانرێت دەستى حزب لەحكومەت جیابكرێتەوە و شتێكى نامومكینە ، بوونى رێكخراوى سەربەپارتى دیموكراتى لەسنورى هەولێرودهۆك رێكخراوى سەربەیەكێتى لەسنورى سلێمانى لەناوحەرەمى زانكۆ و پەیمانگاكان ئەى ئەمەش دەستوەردانى حزب نیە لەكاروبارى حكومەت؟ پێدانى هەزاران دۆنم زەوى بەكەسانى سەرمایەدارى بێگانە و خۆماڵى بەناوى دروستكردنى یەكەى نیشتەجێبوون بۆهەژاران كەجگە لەخوێن مژینى ئەم میللەتەو تاڵانكردنى سەرمایە و زەوى ئەم كوردستانە هیچ ئاسۆیەكى ترى نیە و خەڵكى ئەم كوردستانەش یەك مەتر زەوى نیە بەتایبەت فەرمانبەران كەبەردەوامن لەخزمەتكردنى ئەم خاك و خەڵكە ئەى ئەگەر ئەمەش گەندەڵیەكى حاشاهەڵنەگرنەبێت كەخۆتان ناوتان لێناوە وەبەرهێنان ناوى چى لێبنێین!!!داگیركردنى دەیان دۆنم زەوى لەلایەن كەسانى حزبى و حكومى و دروستكردنى ڤێللا تێیاندا لەسایەى چاكسازى خوێندنەوەى چى بۆدەكرێت و چۆن پێناسەدەكرێت ؟ گاڵتەكردن بەخانەوادەى هەژارى ئەم كوردستانە بەپێدانى 75هەزار دینار كەناكاتە پارەى بەنزینى یەك رۆژى ئۆتۆمبێلێكى ئێوە ئەى ئەگەر ئەمە سوكایەتیكردن نەبێت بەخانەوادەى هەژارى داماوى ئەم كوردستانە ئەى چیە؟خانەنشینكردنى دەیان كەسى حزبى لەسەرقووت و ماڵى ئەم میللەتە و بەمووچەى وەزیر و بەرێوەبەرى گشتى ئەمەشیان چاكسازیە!!!هەروەكو باسیش دەكرێت خودى بەرێزتان لەسەر رێگاى كەسنەزان ڤێللایەكتان كریوە بە630دەفتەردۆلار و خەڵكى هەژاریش كولانەیەك نیە تێیدا بژیت ئەمەیە دادپەروەرى كۆمەلایەتى!!!باس لەشەفافیەتى بودجەدەكرێت لەكابینەى بەرێزت لەكاتێكدا دەیان بەڵگە لەبەردەستدان كەلەبودجەى ساڵى رابردوو پارە بۆدەیان پرۆژە تەرخانكراوە و تائێستاش جێبەجێنەكراون و كەسیش نازانێت پارەكانى ئەم پرۆژە جێبەجێنەكراوانە بۆكوێ چوون، ئەمەیە شەفافیەت !!!شەفافیەت ئەوەنیە بەرێزت رەقەمەكانى بودجە بۆخەڵك بخوێنیتەوە چونكە خەڵك خۆى خوێندەوارى هەیە بەڵكو خەڵك دەیەوێت پێى بڵێیت ئەوبودجە زەبەلاحە چۆن بەدوو شەقامى سەقەتى بێ ئاوەرۆ و دووبیناى قوتابخانە كەلەبەندینخانە نەبێت لەهیچى تر ناچێت چۆن تەواوبوو؟بۆساڵێك گوێمان لەوەنەبوو بڵێن ئەوەندە پارەیە هى بودجەى ساڵى رابردووە ماوەتەوە!!!بوونى دووئاسایش تائێستاش یەكێكەلەسیماكانى دووئیدارەیى، دەرچوونى تەندەرى دروستكردنى600خانوو بۆشەهیدان بۆبەڵێندەرێكى یەكێتى لەسنوورى دیانا و رێگرى كردن لەدروستكردنى ئەمەش رێگرى و دووئیدارەیى نیە!سەدان رێكخراوى بەناو كۆمەڵگەى مەدەنى كەزۆربەیان سەربەدووحزبى حوكمرانن و بودجەى ئەم هەرێمە هەڵدەڵوشن و هیچ بەرهەمێكیشیان نیە و سەدان دەزگاى راگەیاندنى سەربەدووحزبى حوكمران كەئەوانیش بەشدارن لەهەڵ لوشینى بودجەى هەرێم و ئەستەمە بتوانن چاكسازى بكەن ئەگەر ئەمانە كۆتاییان پینەهێنرێت و بەدڵنیاییەوە هیچ كەس ناتوانێت كۆتایى بەمانە بێنێت بەڵكو بەرگێكى یاساییان لەبەردەكەن و لەسیماى گەندەڵى دەیان شارنەوە!!!جەنابى سەرۆكى حكومەت لەسنورى هەولێر و دهۆك و دڵنیاشم لەسنورى سلێمانیش هەروایە ئەستەمە كەسێك بتوانێت ببێتە بەرێوەبەریاخود یاریدەدەرى قوتابخانە ئەگەر حزبى نەبێت و تاسەرئێسقان ملكەچى فەرمانەكانى حزب نەبێت ئایا جەنابت دەتوانێت ئەم سیستەمە كۆنكرێتى و گەندەڵە تێك بشكێنى و كەسانى شایستە و كارامە بكەیت بەبەرێوەبەرى سەرجەم دام و دەزگاكان ؟ من لەبرى بەرێزت وەڵام دەدەمەوە و دەڵێم دلنیابە ناتوانیت ، پێدانى 15ملیۆن دینار بەدووكەس كەهەریەكەیان نیوپارچە زەوى هەیە وەكو پێشینەى خانوبەرە كەبەشى یەك ژوور نەبێت بەشى هیچ ناكات و سوكایەتیەكى ئاشكرایە بەتاكەكانى ئەم هەرێمەوە دەكرێت و وەكو ئەوە وایە خێر و ێەدەقە بدەنە هاوولاتیانى ئەم هەرێمە ، ئەو2ملێۆن و نیوەى كەئێوە چەند رۆژێكە بەشان و باڵى داهەڵدەڵێن كەوەك ئەوە وایە كەركوكتان خستبێتەوە سەرهەرێم كەبریاروایە وەكو پێشینەى هاوسەرگیرى بیدەنە گەنجەداماوەكانى ئەمە هەرێمە ئەگەر بیدەنە كوڕى بەرپرسێك دڵنیام بەشەق ئەم پارەیە فرێدەدات و باى یەك تاقم قەنەفەى ئێوەناكات ، بەرێزت دەتەوێت چاكسازى لەسیستەمێك بكەى كەلەبەرامبەر داخوازى بەگوللە وەڵامى خەڵك دەداتەوە!!!جەنابت تائێستا توانیوتە یاخود دەزانیت كەبێسەرو شوێنەكانى شەرى ناوخۆ چارەنوسیان بەچى گەیشتوە و دایكەچاوپرفرمێسكەكانى ئەم نیشتمانە ئاسوودەبكەیت، كابینەى جەنابت و جەنابت بەو ووتەیە ناوبانگتان دەركردووە كەدەڵێت كردار شەرتە !!! ئایا دەتوانیت پێمان بڵێى كام كردار ؟ كردارى ئەوەى لەكابینەى پێنجەم 18كاتژمێر كارەباى نیشتمانى هەبوو ئێستا 10 كاتژمێر كارەباى نیشتمانى هەیە ؟ ئەوكردارە شەرتە كەجەنابت بەزۆر كەسێكت وەك پارێزگار سەپاند بەسەر ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى ؟ئەوكردارە شەرتە كەكەسانێكى زۆرى حزبەكەت تێكەڵى حكومەت كرد و زۆریانیشت بەپلەى جۆراوجۆر خانەنشین كرد؟ ئەوكردارە شەرتە كەبەگوللە وەلامى خۆپیشاندەرانى ئەم هەرێمە بدرێتەوە ؟ ئەوكردارەشەرتە كەئێوە كەس نەزانێت مووچەكانتان چەندە و فەرمانبەرى داماویش مووچەكەى بەشى كرێى خانوونەكات؟ ئەوكردارە شەرتە كەسیستەمى رۆتینیات و بەرێكردنى كاروبارى هاوولاتیان لەدام و دەزگاكانى حكومەت لەسیستەمى لیبیا و فلیپین و سۆماڵ دەچێت؟ ئەوكردارەشەرتە كەنەوت بەشێوەى قاچاغ ئاودیوبكرێت و خانەوادەى ئەم هەرێمەش لەساڵێكدا دووبەرمیل نەوتى پێبدرێت ؟ئەوكردارەشەرتە كەتائێستاش 3 قوتابى لەسەریەك رەحلە دادەنیشێت لەقوتابخانەكان ؟ ئەوكردارە شەرتە كەرۆژانە دەیان ئۆتۆمبێل بەنێوكوچەوكۆلانەكانى ئەم كوردستانەدا دەخولێنەوە كەرەقەمیان نیە و جامیان رەشە و ئوتومبێلى حكومى سەرپێچى دەكەن و كەسیش ناتوانێت لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بكات ؟یاخود ئەوكردارە شەرتە كەلەبرى ئەوەى گەندەڵەكانى نەخۆشخانەچوارسەدقەرەوێلەییەكەى سلێمانى راپێچى دادگابكەیت بودجەى ترت بۆتەرخانكرد؟ من تێناگەم كام كردارشەرتە!!! لەكابینەكەى جەنابت كەئیدیعاى چاكسازى بۆدەكەن توانیوتانە یەك كەسى گەندەڵ بدەنەدادگا و یەك تاقەكەس لەپۆستەكەى دووربخەنەوە!!!من دڵنیام نەك سەرۆكایەتى یەك كابینەبكەیت بەڵكو سەرۆكایەتى سێ كابینەى یەك لەدواى یەك بكەیت نەك ناتوانیت چاكسازى بكەیت بەڵكو كەموكورى و گەندەڵیەكان زیاتریش دەبن ، بۆیە هەرچى زووە من بەباشى دەزانم باشترە دەست لەكاربكێشیەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست