كەركوكیش بەدەردى موسڵ مەبەن !!!
Wednesday, 31/03/2010, 12:00
لەدواى پرۆسەى ئازادى عێراق و بەتایبەت لەدواى ئەوەى هەڵبژاردنەكان لەعێراق هاتنەكایەوە بەتایبەت لەشارى موسڵ بینیمان كورد پێگەیەكى باش و بەرچاوى لەدام و دەزگاحكومیەكانى ئەوشارە وەرگرت كەجێگاى فەخر و پێداهەڵدان بوو بۆگەلى كورد بەتایبەت جێگرى پارێزگارى موسڵ ، بەڵام زۆر بەداخەوە ئەم فەخرو شانازیە بەخۆكردنە زۆرى نەخایاند ئەویش بەهۆى سیاسەتە هەڵەكانى هەردوو حیزبى دەسەڵاتدارى كوردى كەلەموسڵ بەرامبەر پێكهاتەكانى ئەوشارە پەیرەویان دەكرد و نەیانتوانى هەموو پێكهاتەكانى ئەو شارە سەرنج راكێش بكەن بۆدەسەڵاتدارانى كورد لەوشارە ، كورد لەدواى پرۆسەى ئازادى عێراق لەشوێنە ناكۆكى لەسەرەكان بەتایبەتى لەشارى كەركوك و موسڵ بەهۆى نەبونى پلانێكى بەرنامە بۆدارێژراوى سەرانى كورد نەیانتوانى سەركەوتنێكى بەردەوام بەدەست بێنن بەنمونە لەشارى موسڵ بینیمان تەنها چەند پۆستێك بوو كورد نەیتوانى بەپلانێكى سەركەوتو بەرگریان لێبكات و بینیمان سەرەراى ئەو هەموو دەسەڵاتەى كورد كەلەدواى پرۆسەى ئازادى لەموسڵ بەدەستى هێنا هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاكانى عێراق لەساڵى 2008 كۆتایى بەپۆستەكانى كورد هێنا لەشارى موسڵ كەجێگاى نیگەرانى هەموو تاكێكى كوردە ، لەكەركوكیش دەبینین كەزۆربەى پۆستەباڵاكانى ئەوشارە لەدەست كورد دایە لەدواى (2003) ەوە خۆشبەختانە بەهۆى ئەوەى كەكەركوك لەدەرەوەى ئەو پارێزگایانە بوو كەلەساڵى 2008 هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاكانى تێدا ئەنجامدرا ئەگەرنا رەنگ وەكو موسڵ زۆربەى پۆستەكانى ئەوشارەش لەدەست بدەین كەهەموو تاكێكى كورد دەڵێت كورد زۆرینەیە لەشارى كەركوك ، تائێستا كورد بەگشتى بەسەرجەم حیزب و لایەنە سیاسیەكانى نێو پرۆسەى سیاسى كوردستان و سەرجەم رۆشنبیران و زانا و داناكانى ئەم كوردستانە نەیانتوانیوە كۆنفراسێك سازبدەن بۆئەوەى پلانێكى گشتگیر و هەمەلایەنە و تۆكمە بۆ شوێنە ناكۆكى لەسەرەكان دابرێژن و هەوڵى بەجێگەیاندنى بۆبدەن یان باشتر وایە بڵێن دوو حیزبە دەسەڵاتدارەكەى هەرێمى كوردستان جگە لەخۆیان نایانەوێ هیچ كەس و حزب و لایەنێكى كوردى باس لەمەسەلەى كەركوك ناوچە دابراوەكان بكەن ، بەهۆى ئەوئەنجامە خراپ و چاوەروان نەكراوەى كەكورد لەهەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق ى ساڵى 2010 بەدەستى هێنا تارمایى و دڵتەنگیەك سەركردایەتى سیاسى دوو حزبە دەسەڵاتدارەكەى داگرتوە و دەبینین كورد 49% دەنگەكانى ئەوشارە ئازیزەى كوردستانى بەدەستهێناوە و سەرجەم تاكێكى كوردیش بەم ئەنجامە نارازى و دڵگرانن تەنها یەكێتى نەبێت كەتەنها بۆخۆى بەدەست كەوتێكى گەورەى دەزانێت ، چاودێرانى سیاسى كوردستان ئەو ئەنجامە بەمەترسى دەزانن و دڵە راوكێى ئەوەیان هەیە كەبەهۆى سیاسەتى هەڵەى دوو حیزبى سەرەكى كوردستان لەكەركوك لە هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاكانى عیراق كەركوكیش بەدەردى موسڵ بچێت ، بۆیە لێرەدا پێویستە سەركردایەتى كورد بەرنامە دابرێژێت بۆپلانێكى تۆكمە بۆداهاتووى كەركوك و ناوچە ناكۆكى لەسەرەكان بەڵام ئەمجارەیان تەنها یەكێتى و پارتى بەشدارى نەكەن لەوپلانە بەڵكو پێویستە هەموو حزب و لایەنەكانى كوردستان بەشدارى لەوپرسە گرنگەبكەن و پێویستە لەمەودوا لیستە ئۆپۆزسیۆنە كوردییەكان بێدەنگ نەبن لەئاست ئەو پاشەكشێیەى كورد كەلەكەركوك و ناوچە ناكۆكى لەسەرەكان تووشى هاتووە دەنگ هەڵبڕن و لەئێستاشدا كەچاوەروان دەكرێت چەند رۆژێكى داهاتوو سەرجەم لیستە براوەكانى كوردستان لەگەڵ سەرۆكى هەرێم كۆببنەوە بۆئەوەى هەڵوێستى كورد لەبەغدا یەكبخەن ، پێویستە لەو كۆبونەوە چاوەروانكراوە هەرسێ لیستە ئۆپۆزسیۆنە كوردیەكە مەرجى هاوهەڵوێستیان لەگەڵ لیستى كوردستانى ببەستنەوە بەوەى كەلەمەودوا هەموو حزب و لایەنەسیاسیەكانى كوردستان بەشدارى بكەن لەمەسەلە چارەنوسسازەكانى پەیوەست بەكورد و كوردستان و حسابێك بۆ هەموو حزب و لایەنەكان بكرێت و مۆدێلى ئەوە بەسەربچێت كەتەنها یەك دوو حزب كوردستان بەرێوەببەن ، ئەگەر لەئێستاوە لیستە ئۆپۆزسیۆنەكان و هەموو حزبە كوردییەكان لەسەر مەسەلەى ناوچە ناكۆكى لەسەرەكان بەشێوەیەكى جددى دەنگ هەڵنەبڕن ئەوا لەداهاتوو دا هەرچ شتێكى نەویستراو و نەخواستراو بەسەر كەركوك و ناوچە ناكۆكى لەسەرەكان بێت ئەوا هەموویان بەرامبەر میللەت و بەرامبەر مێژوو تووشى بەرپرسیاریەتێكى راستەقینە دەبن ، بۆیە پێویستە لەوڕۆ بەدواوە هەموومان بەدەسەڵاتى سیاسى كوردستان و بەسەرجەم حزب و لایەنەكان بڵێین كەركوك بەدەردى موسڵ مەبەن .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست