شكستى كورد لەدەستپێشخەری و داواكانى..
Monday, 27/06/2011, 12:00
وەكو لاى هەمووان روون و ئاشكرایە ئەم كابینەیەى حكومەتى ئێستاى عێراق هەر لەسەرەتاوە بەژانێكى سەخت لەدایكبوو و بینیمان ئەم حكومەتەى كەئێستا هەیە هەرلەسەرەتاوە بەزگماك بەكەمئەندامى هاتەگۆرەپانى عێراقەوە ، ئەم ژانەسەختەى لەدایكبوونى حكومەت و كەمئەندامییە زگماكیەى هەرلەسەرەتاوە ئەوەى بەشەقامى عێراقى ووت كەچاوەروانى ئاسۆیەكى تەم و مژاوى بن لەم حكومەتە و ئاسۆى روونى لێ بەدى ناكرێت ، تائەمرۆش بەهۆى ناكۆكیە كەسى و مەزهەبى و سیاسیەكان رەوشى عێراقیان بەرەوگێژاوێك بردووە كەئەستەمە كەسێك بتوانێت ئەم رەوشە و ئەم هاوكێشەیە بەجۆرێك بسازێنێت كەجێگاى كامەرانى و رازیبوونى هەموولایەك بێت ، ناكۆكیەكانى نێوان مالیكى و عەلاوى رۆژبەرۆژ زیاتر پەرەدەسێنێت و مالیكیش دەسەڵاتێكى ئەوتۆى نیە بەسەرحكومەتەكەى و ناتوانێت لێپێچینەوە لەگەڵ هیچ وەزیرێك بكات و بیانگۆرێت و بەمشێوەیەش هاووڵاتیانى عێراقى لەكەشێكى تەم ومژاوى گوزەردەكەن ، ئەگەر بەووردیش سەرنج بدەین هیچ یەكێك لەناكۆكیەكان لەپێناوى خۆشگوزەرانى تاكەكانى عێراق نیە بەڵكو سەرجەمیان ناكۆكى تاكەكەسى و حزبین و هەركەسە و دەیەوێت لەپەناى وەرگرتنى پۆستێك بۆخۆى و حزبەكەى گیرفانى پڕبكات (گیرفان پڕكە ، میللەت قڕكە) ، ئەگەریش بەووردى هەڵوەستە لەسەر سەرانى كورد بكەین هەم لەدەست پێشخەرییەكەى هەولێر و هەمیش لەو 19خاڵەى كەلەگەڵ مالیكى مۆریان كردووە چیان كردووە و دەرەنجام چى بووە؟ بێگومان هەمووان دەزانین و درك بەوەدەكەین دەست پێشخەرییەكەى سەرۆكى هەرێم كەلەهەولێر لایەنەكانى كۆكردەوە و دەست پێشخیەرییەكەى سەرۆك كۆمار هیچیان نەیانتوانى كێشەكانى عێراق كۆتایى پێبێنن و كۆتایى بەقەیرانى گۆرەپانى عێراق بێنن ، كەواتە دەتوانین بڵێین سەركردەكانى كورد لەهەردوو دەست پێشخەرى شكستیان هێناوە بۆرێككەوتنى لایەنەعێراقیەكان ، لەهەمووى گرنگتر ئەوەیە كەبپرسین كەسەركردایەتى كورد و سەرۆك كۆمار و ئەوهەموو وەزیر و بەرێوەبەرە گشتیەى كەكورد هەیەتى لەحكومەتى عێراق چییان بۆكورد كردووە بەتایبەتى ئیئتلافى فراكسیۆنەكوردستانیەكان بەسەرجەم لیستەكانى ناویەوە ؟دواى هەشت ساڵ چییان بۆماددەى 140 كردووە ؟كام بەرپرس هەیە لەسەرحسابى كورد و ماددەى 140 نەبوبێتە ملیۆننێر و ئێستا هاى لایڤ ژیان بەسەرنەبەن؟ شەرم دایگرتم چەند رۆژێك لەمەوبەر گوێم لەپەرلەمانتارێكى كوردى پەرلەمانى عێراق بوو ووتى وەزیر و بەرێوەبەرەگشتى و وەكیل وەزیرە كوردەكان لەبەغدا ناناسم!!!لەهەمووشى سەیرتر ئەوەیە كەسەرچاوەكان دەڵێن بەهۆى ناكۆكییەكانى نێوان یەكێتى و پارتى لەحكومەتى عێراقى 25 پۆستى كورد بەبەتاڵى ماونەتەوە ، دواى نزیكەى دووساڵ لەهەڵبژاردنەپەرلەمانییەكى عێراق مافى خۆمانە بپرسین كەنوێنەرانى كورد بەتایبەتى ئەوانەى كەخۆمان دەنگمان پێداون لەبەغدا چییان بۆكورد كردووە؟ یان تەنها چاوەرێى سەرى مانگن كە32ملیۆن دینارەكەیان وەربگرن ، یەكێتى و پارتى بەئارەزووى خۆیان رەفتاردەكەن لەبەغدا و لیستەكانى ترى نێوئیئتلافى فراكسیۆنەكوردستانیەكانیان پشتگوێ خستووە هەرئەم هۆیەش بوو لیستى گۆڕان لەوئیئتلافەكشایەوە و وەكو كوتلەیەكى سەربەخۆ لەپەرلەمانى عێراق مایەوە ، ئەى بۆنەپرسین لەلیستەكانى ترى نێوئەوئیتلافە جگەلەیەكێتى و پارتى و پێیان بڵێین لەكاتێكدا كەیەكێتى و پارتى كەمتەرخەمن و گوێ بەئێوەنادەن بۆبۆهاووڵاتیانى رون ناكەنەوە و لەهەموو دەزگاكانى راگەیاندن باسى بكەن ؟ ئاساییە بڵێین ئەوئیئتلافە هیچى بۆكورد نەكردوە لەپەرلەمانى عێراق و هەڵوەشانەوەى باشترە لەمانەوەى بەمشێوەیە ، لەهەمووى گرنگتر ئەوەیە كەبپرسین ئەورێككەوتننامە19خاڵیەى لەگەڵ مالیكى مۆركراوە بۆجێبەجێكردنى داواكانى كورد چى بەسەرهاتووە؟ چەند خاڵى لێ جێبەجێكراوە؟ ماددەى 140؟كێشەى پێشمەرگە؟ كێشەى موسڵ ؟ بێگومان هیچ خاڵێك لەورێككەوتننامە 19خاڵیە جێبەجێنەكراوە و كێشەكانى نێوان هەولێر و بەغداش وەكو خۆیان بەهەڵپەسێردراوى ماونەتەوە ، نوێنەرانى كورد بەتایبەتى یەكێتى و پارتى ئەوەندەى سەرقاڵى بەرژەوەندى تاكەكەسى و حزبین و خەریكى ململاێن لەگەڵ یەكترى لەسەروەرگرتنى پۆستێك زیاتر لەوەى تر بەرژەوەندییەنەتەوەییەكان و كێشەهەڵپەسێردراوەكانیان لەبیرخۆیان بردۆتەوە و دەڵێن خوا نانێكى پێداوین نەیبڕێت !!!گەر وابروات نەك بەهەشت بەڵكو بەهەشتا ساڵیتر داخوازى و كێشەكانى كورد لەگەڵ حكومەتى ناوەند كۆتایى پێنایەت ، لەهەمووبەڵگەكانیش روونتر لەسەركەمتەرخەمى نوێنەرانى كورد لەبەغدا ئەوەیە كەمالیكى ووتى داوام لەسەرانى كورد كردووە كەبێن دابنیشین بۆئەوەى رێككەوتنە19خاڵیەكە جێبەجێ بكەین و ئالیەت و میكانیزمیان بۆدابرێژین بەڵام كەس نەهاتووە.ئەگەر نوێنەرانى كورد بەمشێوەیە رەفتاربكەن دەبێت دوژمنەكانمان چى بكەن؟
سەمیرشێخ مەموندى
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست