داهاتى وەزارەتى سامانەسروشتیەكان لە فرۆشتنى بەنزینى كوردستان چەندە؟
Tuesday, 04/02/2014, 12:00
بەپێى زانیاریەكانم و ئەو خەمڵاندنانەى كردوومە وەزارەتى سامانە سروشتیەكان رۆژانە لەرێگەى پاڵێوگەكانیەوە نزیكەى شەش ملیۆن لیتر بەنزین بۆ هەر سێ پارێزگاكەى هەرێم دابین دەكات كە لەڕێگەى بەنزینخانەكانەوە بەنرخى 500 دینار بۆ هەر لیترێك دەفرۆشرێتەوە بە شۆفێران ، وەزارەتەكە لەفرۆشتنى ساڵانەى بەنزینى كوردستان كە رۆژانە بەلایەنى كەمەوە شەش ملیۆن لیتر بەنزین لە هەر سێ پارێزگاكەى هەرێم بە نرخى 500 دینار بۆ هەر لیترێك بەشۆفێران دەفرۆشێت جگە لەوەى لەساڵێكدا ئەم وەزارەتە بەملیۆنان لیتر بەنزین دەفرۆشێتە فەرمانگە حكومیەكان ، بەپێى ئەو خەمڵاندنەى بۆ فرۆشى بەنزینى كوردستان كراوە بەلایەنى كەمەوە لەرۆژێكدا نزیكەى هەشت ملیۆن لیتر بەنزینى كوردستان لەرێگەى بەنزینخانەكانەوە دەفرۆشرێتە شۆفێرانى ئاسایى و فەرمانگە حكومیەكان ، بەجۆرێك لە ساڵێكدا وەزارەتى سامانەسروشتیەكان تەنها لەناوخۆى هەرێم نزیكەى 3 ملیار لیتر بەنزینى كوردستان بەنرخى 500 دینار دەفرۆشێت ، ئەوەى جێگاى هەڵوەستە لەسەر كردنە تەنها داهاتى ساڵانەى فرۆشتنى بەنزینى كوردستان لەناوخۆى هەرێم لەسەرووى یەك ملیار دۆلارە بەڵام داهاتەكە نادیارە و جگە لەچەند كەسێك نازانرێت ئەم داهاتە زۆر و زەوەندە بۆ كوێ دەچێت و لەكوێ خەرج دەكرێت بەجۆرێك هەرێمى كوردستان بەرگەى تەنها دوو هەفتەى دواكەوتنى پشكى هەرێم لە بودجەى گشتى عێراق بۆ هەرێم ناگرێت و مووچەى فەرمانبەران دواكەوتووە و نیگەرانى فەرمانبەران و تەنگەژەى ئابورى و گرفتى كۆمەلایەتى لێكەوتۆتەوە ، شارەزایەكى ئابوریش دەڵێت ئەگەر سیاسەتى نەوتى هەرێم شەفافە ئەوا دەبێت سیاسەتى نەوتى هەرێم و داهاتەكەى بخرێتە بەر چاوى هەموو لایەك و ئەو داهاتە زۆرە بۆ خزمەتى تاكەكانى هەرێم خەرج بكرێت ، پرسیارى جددى ئەوەیە ئەگەر لەفرۆشتنى لیتر لیتر داهاتى بەنزینى كوردستان ئەوەندە بێت ئەى دەبێت داهاتى ئەو سەدان تانكەر نەوتەى رۆژانە ئاودیو دەكرێت چەند بێت ، ئەوەى بوەتە مایەى نیگەرانى هاوڵاتیان و بەردەوام وەك ویردى سەر زاریان دەیڵێنەوە ئەوەیە ئەو هەموو تانكەرە نەوتە بۆ كوێ دەچن و داهاتەكەى لەكوێیە و لەكوێ خەرج دەكرێت و بۆ ناخرێتە خزمەتى هاوڵاتیانى كوردستان ، لەئێستاشدا بەغدا هەرەشەى بڕینى بەشە بودجەى هەرێم دەكات و بەرپرسێكى هەرێمیش دەڵێت پێدەچێت ئەمجارە بەغدا هەرەشەكەى جددى بێت و بیباتە سەر ، بەشێكیش لە هاوڵاتیانى هەرێم و فەرمانبەران نیگەرانن لەسیاسەتى نەوتى هەرێم كە بوەتە هۆى دواكەوتنى موچەكانیان و حكومەتى هەرێمیش چارەسەرى دۆخەكەى بۆ ناكرێت یاخود باشتر وایە بوترێت كە نایەوێت چارەسەرى قەیرانى ئابورى هەرێم بكات كە تاكە زەرەرمەند لێى هاوڵاتیان و فەرمانبەرانن ، بە كۆبونەوە لەپێناو كۆبونەوە لەگەڵ بەغدا هاولاتیانى سەرقاڵ كردووە بەجۆرێك كە وەك ئەوەى نەبا بێت و نە باران.
خەمڵاندنەكە بەژمارە:
داهاتى بەنزین/ رۆژانە 6 ملیۆن لیتر بۆ هاوڵاتیان + 2 ملیۆن لیتر بۆ فەرمانگە حكومییەكان = 8 ملیۆن لیتر
8 ملیۆن لیتر 500 دینار = 4 ملیار دینار رۆژانە
كەواتە داهاتى ساڵێكى بەنزین/ 4 ملیار 365 رۆژ= یەك تریلیۆن و 460 ملیار دینار
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست