ئەمجارەشیان خوا رەحمى پێكردین !!!
Thursday, 04/11/2010, 12:00
ئەمن و ئاسایشى كوردستان بەشێوەیەكە كەشانازى پێوەبكەین و زۆرجاریش حكومەتى عێراق پێ لەو راستیە دەنێت و وەكو ئارامترین بەشى عێراق ناوى دەبەن ، ئەو ئارامیەى كەدانیشتوانى هەرێمى كوردستان لەسایەیدا لەژیانێكى كامەران و لەخەوێكى قوڵى پرئارامى دەژین نێعمەتێكى خواى گەورەیە لەسەرمان ، ئەوئارامیەى كوردستان لەسەرەتا نێعمەتێكى خوداى گەورەیە و لەدوایشدا بەهۆى ئەو هەوڵ و كۆشش و ماندوبون و ئێشكگریەى كارمەندانى دەزگا ئەمنیەكانەوەیە هەر لەبرایانى پۆلیس و ئاسایش كەجێگاى فەخر و شانازى ئێمەن و جێگاى دەستخۆشین و پێویستە زیاتر گرنگیان پێبدرێت و سەرجەم كەل و پەلى پێویستیان بۆدابین بكرێت و بەردەوام خولى جۆراوجۆریان بۆبكرێتەوە تالەگەڵ پێشكەوتنى سەردەم رێبكەن و دوانەكەون لەكاروانى پێشكەوتنى زانست و زانیارى تایبەت بەبوارى ئەمن و ئاسایش ، زۆرێك لەناحەزانى ئەم هەرێمە ئارامەى ئێمە هەن كەچاویان بەوكەش و هەوا ئارامەى كوردستان هەڵنایە و بەردەوام لەپیلان تاكتیكن بۆتێكدان و لەباربردنى ئەم رەوشە ، بەداخەوە لەسالانى رابردوو هەندێك جار تیرۆرستان دزەیان كردۆتە ناوهەرێم و كارى تیرۆرستیان ئەنجامداوە و هاوڵاتیانى ئێمەیان كردۆتە قوربانى ، لەرابردوو و لەئێستا و داهاتووش مەترسى لەسەر ئەورەوشەئارامەى هەرێم هەیە بۆیە دەبێت دام و دەزگا ئەمنیەكان زۆر زیاتر و ووردتر و وریاتر و بەسەلیقەتر و بەبەرنامەتر گرنگى بەكارە پیرۆزەكەیان بدەن و گوێ لەبۆچونەكانى هاولاتیان و نووسەران و رۆشنبیران بگرن لەرووى ئەم بابەتە هەستیارەوە ،وەكو بینیمان لەچەند رۆژى رابردوو تیرۆرستێك لەبازگەى گردەرەشە بەئۆتۆمبێلێكى مینرێژكراوەوە بەرلەئەنجامدانى كارە تیرۆرستیەكەى لەناوهەرێمى كوردستان كۆتایى بەژیانى هێنرا لەلایەن كارمەندانى دەزگا ئەمنیەكان كەجێگاى دەستخۆشیە ،خوداش رەحمى پێكردین لەبازگەكە ئۆتۆمبێلەكە نەتەقایەوە ، بەلام دیاردەیەك هەیە كەچەندین جاریتر ئاماژەم پێكردووە ئەویش دیاردەیەكە كەلەبازگەكانى شارەكانى هەرێم دەبینرێت ئەویش ئەوەیە كەكاتێك برایانى بازگەكان گومانیان لەئۆتۆمبیلێك هەیە لەبرى ئەوەى بۆپشكنینى ئۆتۆمبێلەكە و سەرنشینەكانى ئۆتۆمبێلەكە لابدەنە لایەك بەپێچەوانەوە لەبەردەمى سەدان ئۆتۆمبێلی تر ئەم كارە ئەنجامدەدەن و ئۆتۆمبێل و سەرنشینەكانى دەپشكنن!!! كەئەمە جگە لەوەى كاتى زۆر زیاتر و بەبێ هۆ لەهاوڵاتیان دەگرێت و رێگاى خەلكیتر دەگیرێت زۆر مەترسیداریشە لەسەرگیانى سەدان هاووڵاتى چونكە خوانەخواستە ئەگەر یەكێك لەوئۆتۆمبێلانە مینرێژكراو بێت و یاخود یەكێك لەسەرنشینەكانى بەمەبەستى خۆتەقاندنەوە هاتبێتە ئەم ناوچەیە و خوانەخواستە لەوێدا ئەوكارە ئەنجامبدات ئەوا سەدان هاووڵاتى بەهۆى هەلەى كارمەندانى ئەوبازگانە دەبنە قوربانى ، بۆیە پێویستە بۆلەمەودوا هەرئۆتۆمبێلێك كەگومانى لەسەربێت لابدرێتە شوێنێكى چۆلى ئەوبازگانەوە و بەلەسەرخۆییەوە بیان پشكنن و ئۆتۆمبیلەكانیتریش زووتر دەربازدەبن لەو قەرەبالغیەى كەلە بازگەكاندا هەیە و لەهەرحالەتى لەناكاویش مەترسیەكانى كەمتردەبێت . لەكۆتایشدا پێویستە دووبارە دەستخۆشى لەدەزگا ئەمنیەكان بكەین لەپاراستنى رەوش ئارامى هەرێم و پێویستیشە لەسەرهەموومان چاوكراوەتربین و هەماهەنگیمان هەبێت لەگەڵ برایانى پۆلیس و ئاسایش بۆزیاتر تۆكمەتركردنى رەوشى هەرێمى كوردستان .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست