گیانى هاوڵاتى ئەم هەرێمە بۆئەوەندە بێنرخە!!!
Friday, 18/06/2010, 12:00
لەهەموو دونیا بەنرخترین شت گیانى هاووڵاتیە بەهیچ نرخێك هەژمارناكرێت ، ئێمە ئەگەر سەیرى لاپەرەكانى مێژووى كورد بكەین پرە لەنەهامەتى و كیمیاباران و ئەنفالكردن و جینۆساید و لەلایەن دوژمنەكانى میللەتى كورد بەردەوام فرمێسك و تۆپ و بۆنى بارووتیان كردۆتە دیارى بۆتاكە خێر لەخۆ نە دیتووەكانى ئەم هەرێمە ، سەیرە دواى ئەم هەموو نەهامەتى و شۆرش و بەرخۆدانەى میللەتى كوردى قارەمان كەلەمێژوو دا تۆمارە بەڵام تائێستا هاووڵاتیانى ئەم هەرێمە ئۆخەیان لەخۆنەكردووە و بەردەوام دەنگ و بۆنى بارووت و تۆپ دەكرێتە دیارى لەلایەن بەناو دراوسێكانمان بۆقورگ و گیانى هاوولاتیانى كوردستان كەجێگەى نیگەرانى هەموومانەو هەموومان نەفرەت لەوكارانە دەكەین ، تائێستاش نەوەكانى ئەم هەرێمە بەتایبەت ئەوانەى لەسنورەكان نیشتەجێن خەریكى ووتنەوەى سروودى هەڵێن !دەنگى تۆپە! بۆنى بارووتە! ئاى كەسروودێكى ناخۆش و نەفرەت لێكراوە ، بەدرێژایى چەندساڵى رابردوو بەناو دراوسێكانمان بەردەوامن لەتۆپبارانكردنى گوندەكانمان لەسەرسنورەكان و چەندین هاونیشتمانى ئێمەیان شەهیدو بریندار و ئاوارە و لێقەوماو و دەربەدەر و زەرەرمەند كردووە ، سەرەراى ئەوەى سەدان جار حكومەتى هەرێم ئیدانەى ئەوتۆپبارانكردنانەى كردووە و داواى كردووە ئەو تۆپبارانكردنانە بوەستێنرێت بەڵام تائێستاش ئەوتۆپبارانكردنانە بەردەوامە و لەهەمووش سەیرتر ئەوەیە تائێستا لەلایەن سەرۆكایەتى هەرێم و پەرلەمانى كوردستان و حكومەتى هەرێمى كوردستان جگە لەدەركردنى بەیاننامە هیچ هەنگاوێكى تریان نەناوە ، رەنگەبپرسن و بلێن جگە لەبەیاننامەدەركردن چیتر هەیە تاكو دامەزراوەكانى ئەم هەرێمە پەناى بۆببەن ؟ وەڵامەكەى روونە ئەگەر سەیرى ووڵاتان بكەین وەڵامى ئەوپرسیارەتان دەستدەكەوێ ئەویش بەنمونە توركیاو ئیسرائیل وەردەگرین و بینیمان لەچەند رۆژى رابردوو توركیا كەشتیگەلى ئازادى رەوانەى كەرتى غەززە كردو لەلایەن ئیسرائیلەوە هێرشى كرایە سەر و گرژى و ئاڵۆزى لەنێوان ئەو دوو ووڵاتە هاتە ئاراوە كەرەنگە دۆخەكە بەئاسانى ئاسایى نەبێتەوە و هەریەك لەو دوو ووڵاتەش هەڵوێستیان بەرامبەر یەكتر وەرگرت و بریارى بایكۆتكردنى كەل و پەلى یەكتریان كرد لەناو ووڵاتەكانیان و پەیوەندیە دبلۆماسیەكانیان هەڵپەسارد و پیشبینیش دەكرێت هەنگاوى تریش بۆهەڵوێست وەرگرتن بنرێت و لەو لێدوانانەى بەرپرسانى توركیاش وادەخوێنرێتەوە كەرەنگە توركیا ئامانجى ئەوەى هەبێت هێرش بكاتە سەر ئیسرائیل و هەرهیچ نەبێت گەمارۆى سەر كەرتى غەززە بشكێنێت ، ئێمە دەبینین توركیا ئەو هەموو گرژى و ئاڵۆزییەى لەگەڵ ئیسرائیل لەنێوانیان هاتۆتە ئاراوە ئەویش بەهۆى ئەوەیە كەتوركیا داكۆكى لەهاووڵاتیانێك دەكات كەبەنسبەت توركیاوە بێگانەن ، بەڵام سەیر لەوەدایە گیانى تاكەكانى ئەم هەرێمە ئەوەندە بێنرخە كەتائێستاش هەنگاوى جددى هەڵنەگیراوە لەلایەن دامودەزگاكانى ئەم هەرێمە ، لەهەمووش سەیرتر ئەوەیە رۆژبەرۆژ تۆپبارانكردنەكان چرتر دەبێتەوە لەگەڵ ئەوەشدا حكومەتى هەرێم پەیوەندییەكانى لەهەموو روێكەوە لەگەڵ ئەو ووڵاتانە توندو تۆڵ تر دەكات كەئەمەش جێگەى نیگەرانیە ، ئێمە لەبرى ئەوەى بایكۆتى پەیوەندییەكانمان بكەین لەگەڵ توركیا و ئێران پەرەى پێدەدەین ، وەكو دەبینین سەدان كۆمپانیاى توركى و ئێرانى لەهەرێم كاردەكەن و ئاڵوگۆرە بازرگانیەكانمان ساڵانە دەگاتە چەند ملیار دۆلارێك دەكرێت ئەوباسە وەكو فشار بەرامبەر توركیا و ئێران بەكار بێنین و حكومەتى هەرێم لەبرى بەیاننامە كەهیچ سوودێكى نەبووە هەرەشەى ئەوەبكرێت كەئەگەر تۆپبارانەكان رانەگیرێت ئەوا كارى ئەوكۆمپانیانە هەڵبپەساردرێت و بایكۆتى پەیوەندى بازرگانی لەگەڵ توركیا و ئێران بكەین ، ئێمە هەموومان لەگەڵ ئازارى هاونیشتمانیەكانمان دەژین كەلەسەرسنورن و ترس و تۆقاندن دیارى رۆژانەیانە ، بۆیە پێویستە هەموومان وەكو تاكێكى ئەم كوردستانە فشار بخەینە سەرحكومەتى هەرێم هەنگاوەكانى چرتربكاتەوە بۆراگرتنى ئەوتۆپبارانانەو بارودۆخەكانى سنور ئاسایى بكرێتەوە ، وەبەبیروراى خۆم لەبرى ئەوەى كەئێستا سەرۆكى هەرێم و سەرۆكى حكومەت لەووڵاتاندابن و پەیوەندى دبلۆماسى پەرەپێبدەن پێویستە بەزووترین كات بگەرێنەوە هەرێمى كوردستان و كارى جددى بكەن بۆراگرتنى ئەوتۆپبارانانە و ئەوسەفەرانە بۆكاتێكى تر دوابخەن .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست