لەجەژنى جیهانى منداڵان ، منداڵانى كورد لەكوێى هاوكێشەكانن!!!
Tuesday, 31/05/2011, 12:00
1ى حوزەیرنى هەمووساڵێك جەژنى جیهانى منداڵانە و لەكوردستانیش جگەلەمنداڵى بەرپرسان هیچ منداڵێكى هەژار نازانێت ئەم جەژنە بوونى هەیە ، جەژنى منداڵانیش لەم هەرێمە وەكو باقى جەژن و بۆنەكانیتر كەیف و سەیف و خۆشیەكانى تەنها بۆمنداڵ و خانەوادەى بەرپرس و خواپێداوەكانە منداڵانى هەژارانیش زیڕەیان لێوەدێت ، لەهەرێمى كوردستان بەپێى ئەو رووماڵانەى كەلەبەردەستدان زیاتر لە12هەزار منداڵ هەیە كەلەخوار تەمەنى 15ساڵیەوەن و كاردەكەن ، لەورێژەیەشدا زۆرینەى منداڵە كاركەرەكان بەر هەولێر دەكەون ، بەپێى داتاكان لەساڵى 2007 ەوە تائێستا بەرێژەى 16% منداڵانى كاركەر كەمیكردووە ، لەهەمووى نیگەران تر ئەوەیە ئەومنداڵانەى كەلەكوردستان كاردەكەن كارەكانیان قورسە و لەتواناى خۆیان لەڕادەبەدەرە هەوڵ و كۆششەكانیش دڵخۆشكەرنین بۆخۆشگوزەرانى منداڵان و باشتركردنى ژیان و گوزەرانیان ، دونیاى منداڵانیش وەكو چین و توێژەكانیتر بەدەرنییە لەوەى كەكۆمەڵێك رێكخراوى بەناو داكۆكیكەر هەیە لەمافى منداڵان و بازرگانى بەچینى منداڵانەوە دەكەن و مانگانە بودجەلەحكومەت وەردەگرن و ئەوپارانەش دەچێتەگیرفانى چەندكەسێك كەجگە لەبەرژەوەندى تاكەكەسى خۆیان بیرلەهیچ شتێكى ترناكەنەوە ، هەمووئەوانەى كەلەسێكتەرى منداڵان ئیش دەكەن كۆكن لەسەرئەوەى كەزۆربەى ئەومنداڵانەى كەكاردەكەن بەهۆى هەژارییەوەیە ، ئەمەش حكومەتى هەرێم دەخاتە ژێر پرسیار و شەرمەزارى و دەكرێت بڵێین لەبودجەیەكى زەبەلاح حكومەت ناتوانێت 12هەزارمنداڵ بگەرێنێتەوە نێوماڵ و نێوقوتابخانەكان و ژیانیان مسۆگەربكەن، زۆر دایك و باوكیش هەن كەتائێستا بەهۆى كەمدەرامەتیەوە یاخود بەهۆى كەمى رۆشنبیریەوە منداڵەكانیان لەخوێندن دەردەهێنن و دەیان خەنە سەرشەقامەكان بۆكاركردن و لەداهاتووشدا كەسێكى لارولەوێر پێشكەشى كۆمەڵگە دەكەن كەئەستەمە بتوانرێت ئەوكەسانە راست بكرێنەوە ، وەكو هەموولایەكیشمان بینیمان لەبودجەى ئەمساڵى هەرێم بەهیچ جۆرێك باس لەچینى منداڵان نەكراو بودجەش پەسەندكرا ، هەموو لایەكیش دەڵێین منداڵان نەوەى دوارۆژن و ئەم ووڵاتە لەداهاتوودا لەسەردەستى ئەوانەوە پێش دەكەوێت بەڵام ئەم ووتەیەش وەكو تەواوى دروشمەكانى تر تەنها قسەى بریقەدارى بێكردارە ،دیارى كردنى رۆژێك بەناوى رۆژى جیهانى منداڵان بۆقومێك ئاوكردنە بەگەرووى منداڵانى تینوو بۆژیانێكى شایستە ، منداڵان كەلەهەمووچینەكانى تر بێ دەسەڵات ترن زیاتر كەوتوونەتە بەر نەهامەتى و لە رۆژى رەشی بێ كۆتایی و لەبازنەى بەتاڵ دەخولێنەوە و هەربەمشێوەیەش ماونەتەوە ، سالانەش هەر بەم بۆنەیەوە چەندین شیرینى و دیارى ئامادەدەكرێن بۆمنداڵان بەلام بۆ هەموویان نا!!!، ئەگەرلە منداڵانى هەژارانیش بپرسین 1/6 چى یە؟! زۆربەیان نازانن و ناهەقیان نییە ، لە بەرامبەریشدا زۆرێَك لە خێَزانەكان ناهەقیان نییە كە نەزانن یان ئەورۆژە لە منداڵەكانیان نەگەیەنن، لێرەدا دەبێت هەڵوەستەیەك بكەین لەسەر بوونى ئەوهەموو سەنتەر و رێكخراو و ناوەندانەى كەبانگەشە بۆداكۆكیكردن لەمافى منداڵان دەكەن بەڵام كرداریان بەدى ناكرێت ، رێكخراوى منداڵان هەیە لەترافیك لایتەكانى شار منداڵان دەست بەسەردەكەن و دەیانبەنەوە ماڵەوە و مووچەیەكى رەمزییان بۆدەبڕنەوە بەڵام دواى چەندرۆژێك ئەومنداڵانە دەگەرێنەوە سەرشەقامەكان ، لەگەڵ نزیك بونەوەى رۆژى جیهانى منداڵان و بۆئامادەكردنى راپۆرتێك لەسەر ئەویادە درەنگانى دوێنێ شەو گوزەرم كرد بەناوشەقامەكانى شارى هەولێر و بینیم لەدواى 10ى شەو دەیان منداڵ لەترافیك لایتەكان خەریكى فرۆشتنى كەلوپەلى جۆراجۆرن كەلەگەڵ بینینى ئەم دیمەنانە بەم درەنگانەى شەو جەرگى مرۆڤى بەویژدان دەبرێت و بەئازارى دەهێنێت ، چریكەى دوو كلێنس بە1هەزار و چوار شەعربەنات بە1هەزار و دووبنیشت بە250دینار ئەمانە بەهەموویان هۆنراوەیەكیان پێكدەهێنا بەم درەنگانەى شەو كەبەهەموومانیان دەووت ئەوا لەئێستادا منداڵى بەرپرسەكان لەشارى یارى و لەناوكۆشك و تەلارەكانن و ئێمەش لەترافیك لایتەكانین بۆپەیداكردنى قووتى بەیانى !!! ئەم دیمەنانە حكومەتى هەرێم دەخاتە ژێرپرسیار و شەرمەزارى دەكات لەكاتێكدا رۆژانە سەدان دیپلۆماتكار و سیاسەتمەدار و قونسولى ووڵاتان بەنێوشەقامەكانى شاردا گوزەردەكەن و ئەم دیمەنە ناشارستایانە دەبینن ، وەزارەتى كاروكاروبارى كۆمەڵایەتیش نەیتوانیوە رۆڵى خۆى ببینێت لەم پرۆسەیەدا ، رۆژانە سەدان بینا و كۆشك و تەلار دروست دەكرێن و بەرزییان دەچێت بەرەو ئاسمان لەبەرامبەردا نابینین لەساڵێكداحكومەت یەك باخچەى ساوایان دروست بكات كەببێتە خانەولانە بۆپێگەیاندنى منداڵان بەڵام رۆژانە دەیان باخچەى ساوایانى تایبەت دەكرێنەوە كەتەنها بۆمنداڵانى بەرپرسانە ، رۆژانە منداڵانى ئەم هەرێمە بەدەیان جۆر توندوتیژیان بەرامبەردەكرێت و دەشمانەوێت نەوەیەكى تەندروستمان دەست بكەوێت ، منداڵان لەماڵەوە و لەكۆڵان و لەقوتابخانە و لەكاركردنیش رووبەرووى توندوتیژى دەبنەوە و مافیان پێشێل دەكرێت ، بەپێویشتم زانى دوومنداڵ بدوێنم لەیەكێك لەترافیك لایتەكانى شارى هەولێر لەدرەنگانى شەوخەریكى فرۆشتنى شەعربەنات و كلێنس بوون ، یەكەمیان كەناوى (ئاراس احمد) بوو لەوەڵامى پرسیارەكەم كەئایا هۆى چیە بەم درەنگانەى شەو شت دەفرۆشى؟ ئاراس لەوەڵامدا ووتى :- پارەمان نیە و ئەگەر ئیش نەكەم دەمرین لەبرسان و بەشەوشت دەفرۆشین چونكە بەرۆژ دوكانەكان كراوەن خەڵك شتمان لێناكڕن بەڵام شەوان دوكانەكان داخراون خەڵك تشتمان لێدەكڕن ، لەوەڵامى ئەوپرسیارەى كەووتم : جەژنى منداڵان چیە؟ ئاراس ووتى : بەڕۆژى دەبین دواێ جێژنە دێت ، دووەمیان كەناوى (عامرمحمد) بوو ووتى : رێكخراوێك منیان بردە ماڵەوە و موچەى 100هەزاریان بۆبڕیمەوە بۆهەرمانگێك بەڵام من هەفتەى 100هەزار قازانج دەكەم ، عامر ووتیشى نازانم جێژنەى منداران چیە!! ئائەمەیە گوزەرانى منداڵانى هەژارى ئەم هەرێمە كەبەنیوەشەو لەشەقامەكان كاردەكەن بۆئەوەى لەبرسان نەمرن و ژیان بگوزەرێنن ، بۆیە هەرچى زووە دەبێت حكومەتى هەرێمى كوردستان مینحەى هەموو ئەوناوەند و رێكخراو سەنتەرانە رابگرێت كەبازرگانى بەناوى منداڵانەوە دەكەن و نان و پیاز بەناوى منداڵانەوە دەخۆن و هەرچى زووە دەبێت حكومەت خۆى راستەوخۆ پلانێكى تۆكمە و خێرا دابرێژێت بۆرووماڵكردنى گوزەرانى منداڵانى كوردستان و باشتركردن و مسۆگەركردنى ژیانیان .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست