بهناو سەرۆكى هەرێم ئەمەش گەندەڵى فەرموون ئیجرائات بكەن
Sunday, 13/03/2011, 12:00
لەسەدەى (21) و لەسەردەمى عەولەمە و ئینتەرنێت و لەسایەى ئەو بودجە زەبەلاحەى هەرێم قوتابى رەحلەى نیە لەناوەندەكانى خوێندن لەسەرى دابنیشن لەزۆربەى قوتابخانەكانى ئەم هەرێمە ، رەنگە وەزارەتى پەروەردە لەوەنیگەران بێت كەدەڵێم لەزۆربەى قوتابخانەكان !!! بەڵێ دووبارە ئەڵێم لەزۆربەى قوتابخانەكان رەحلەنیە قوتابى لەسەرى دابنیشێت ، دانیشتنى 3 قوتابى لەسەریەك رەحلە ئەمە ماناى نەبوونى رەحلەنیە؟ دانیشتن لەسەر رەحلەى كۆن و شكاو ئەمەشیان ماناى نەبوونى رەحلەنیە؟ئەم هەموو كەموكوڕى و دیاردە نەشیاو و ناشارستانى و نەویستراوانە بەتایبەت لەسیستەمى پەروەردە كەكۆڵەكەى پێگەیاندن و دانانى بەردى بناغەى بنیاتنانى كۆمەڵگا و پێشكەوتنى كوردستانە لەهەموو ڕوێكەوە ناوى چى لێبنێین و چۆن پێناسەى بكەین و چۆنیش دەسەڵات و حكومەت و بەرپرسانی پەروەردە پەردەپۆشى دەكەن؟!!رۆژانە لاپەرەكانى رۆژنامە و گۆڤارەكان و پەیجى سایتەكان و سەردێرى هەواڵەكانى میدیاكان بەكەموكورى و كێشەكانى پەروەردە دەرازێنرێتەوە و بەردەوامیشە ، بەردەوام بیانوى حكومەت و وەزارەتى پەروەردەش بۆبوونى كێشە و كەموكورییەكان كەمى بودجەیە!!!ئایا بەردەوام هێنانەوەى بیانوى نەبوونى بودجە بۆپەردەپۆشكردنى كەموكورییەكان جێگاى باوەرە لەلاى هاوولاتیان؟ نەخێر ،بێگومان تارادەیەكى باش بودجە بۆوەزارەتى پەروەردە ساڵانە دابین دەكرێت بەڵام بەداخەوەلەلایەن كەسانى نابەرپرس و ناشایستە كەهەست بەلێپرسراویەتى ناكەن بەرامبەر خاك و خەڵك بەفیرۆدەدرێت، دەیان كەسى بەناو شارەزا و پسپۆر لەدەورى وەزارەتى پەروەردە كۆكراونەتەوە و بودجەى وەزارەتى پەروەردە هەڵدەڵوشن بۆبەرژەوەندى تایبەتى خۆیان و بەردەوام لەپەناوپێچى پرۆژەكانى پەروەردە خەریكى گیرفان پركردن و خەریكى گەشت و گوزار و رابواردن و كات بەسەربردنن لەم وولات و ئەم وولات ،چاپكردنى ملیۆنەها پەرتووك لەوولاتانى دەرەوە و بەفیرۆدانى ملیۆنەها دۆلار لەگواستنەوەیان بۆكوردستان و لێنەپێچینەوە و بێدەنگبونى حكومەت و خەڵك ماناى چیە؟ لەكاتێكدا كەشێكى ناسەقامگیر باڵى بەسەرهەرێمدا كێشاوە هەمووى سەرچاوەدەگرێت لەم هەموو گەندەڵى و كەموكورتى بەهەدەردانى سامانى خەڵك و وولات كەلەكابینەكانى رابردوەوە لەلایەن بەرپرسانەوە ئەنجامدراون بەبێ ئەوەى یەك تاكە كەسیش بدرێتە دادگا و لێپێچینەوەى لەگەڵدا بكرێت !!!من نازانم داواكارى گشتى ئەم هەرێمە لەكوێیە و ئەركى چییە و تائێستا چیكردووە؟ داواكارى گشتى لەئاستى ئەم هەموو گەندەڵییەى كەرۆژانە لەمیدیاكان بەبەڵگەوە بلاودەكرێنەوە بۆبێدەنگە؟ سەرۆكى هەرێم ماوەیەك لەمەوبەر لەرێگاى میدیاكانەوە ئەوەى بەخەڵكى ئەم هەرێمە ووت كەهەركەس و لایەنێك گەندەڵى دەبینێت باپێمان بڵێت تائیجرائات بكەین ، بەراستى سەیرە ئەى ئەم هەموو گەندەڵییەى رۆژانە باس دەكرێن لەلایەن میدیاكان و رۆژنامەنوسانەوە بۆلێپێچینەوەى لێناكەن؟ تائێستا لێپێچینەوەتان لەچەند گەندەڵكار كردووە؟ چەند گەندەڵكار دراوەتە دادگا ؟ چەند گەندەڵكار لەپۆستەكەى دوورخراوەتەوە؟ چەند دینارى بەهەدەر دراوى ئەم خاك و خەڵكەتان لەگەندەڵەكان سەندۆتەوە و گەراندوتانەوە بۆخەزێنەى هەرێم ؟ نوێترین بەڵگەى گەندەڵى و حاشاهەڵنەگر ئەوەیە كەلەم چەند رۆژەى رابردوو بینیمان رۆژنامەیەكى ئەم كوردستانە هەواڵى ئەوەى بلاوكردەوە كەوەزیرى پەروەردەى كابینەى پێنجەم بەبەهاى 17 ملیۆن دینار كەل و پەلى بۆماڵى خۆى كریوە لەسەربودجەى وەزوراەتى پەروەردە كەبودجەى خەڵكە و ناكرێت بۆبەرژەوەندى تاكەكەسى و كەل و پەلى تایبەتى بەهەدەر بدرێت و خەرج بكرێت چونكە دەچێتە چوارچێوەى گەندەڵى حاشاهەڵنەگر ، ئەورۆژنامەیە بۆپشت راستكردنەوەى ئەم گەندەڵییە پەیوەندیكردووە بەوەزیرى پەروەردەى كابینەى پێنجەم و ناوبراویش دانى ناوە بەم حالەتە و لەهەمووش سەیرتر ئەوەیە ناوبراو لەبرى حاشاكردن لەوگەندەڵیە ووتویەتى نەك برى 17 ملیۆن دینار بەڵكو بگرە بەبەهاى 27 ملیۆن دینار كەلوپەلم بۆماڵى خۆم كریوە بەلام بەرەزامەندى ئەنجومەنى وەزیران !!!پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا وەزیر مووچەكەى ئەوەندە كەمە بەبودجەى خەلك و وەزارەت قەنەفە و كەل و پەل بۆماڵى خۆى دەكرێت و ئەنجومەنى وەزیرانیش لارینەبونى پێدەدات ؟ بودجەى وەزارەتى پەروەردە بەقەنەفە و مۆبیلیات دەدرێت بۆماڵى وەزیر و قوتابیانى ئەم هەرێمەش رەحلەیان نەبێت لەسەرى دابنیشن!!!ئەى من نازانم ئەگەر لێپێچینەوە لەوەنەكرێت لەچى دەكرێت!!!ئەى ئەگەر ئەم گەندەڵیە حاشاهەڵنەگرنەبێت دەبێت چى بێت و ناوى چى لێبنرێت؟ئەى ئەم هەموو دایك و باوكانەى كەرۆڵە نازدارەكانیان لەقوتابخانەكان رەحلەنیە لەسەرى دابنیشن و بودجەى وەزارەت و قووتى خەڵكیش بەمۆبیلیات دەدرێت بۆماڵى وەزیر لەبەرئەوەى وەزیر مووچەكەى كەمە!!بۆبێدەنگن!!لێرەدا دەبێت لێپێچینەوە لەخودى وەزیرى پەروەردەى كابینەى پێنجەم بكرێت و لێپێچینەوەلەوكەسەش بكرێت كەلەئەنجومەنى وەزیران موافەقەى كردووە كەوەزیر ئەوپارەیەى وەزارەت بەهەدەربدات بۆخودى خۆى و بۆجوانكردنى دیوەخانى ماڵەكەى!!!لەهەمووش سەیرتر وەزیرى پێشووى پەروەردە شتێكى ترى ئاماژەپێكردووە كەدەبێت حكومەت هەڵوەستەى جددى لەسەربكات و داواكارى گشتى بەدواداچونى لەسەربكات و سەرۆكى هەرێمیش كەداواى بەڵگە و ئاشكراكردنى گەندەڵى دەكات باخودى خۆى تەداخولى ئەم گەندەڵیەبكات كەوەزیرى پەروەردەى كابینەى پێنجەم بۆیەكێك لەرۆژنامەكوردییەكان وتویەتى :ئێوە لە27 ملیۆن دینار دەپێچنەوە كەمن بۆماڵى خۆم ێەرفم كردووە بۆدیوەخانى ماڵى خۆم بەڵكو برۆن بەدواداچون لەوپارە زۆر و خەیاڵیە بكەن كەلە لەچاپدانى پەرتووك و ئەم لاو ئەملاى وەزارەتى پەروەردە بەهەدەر رۆیشتووە و بەهەدەر دەروات !!! ئەمە خۆى لەخۆیدا باشترین بەڵگەیە بۆبوونى گەندەڵى زەق و دەبێت داواكارى گشتى لێكۆڵینەوە لەوەزیرى پەروەردەى كابینەى پێنجەم بكات و تەحقیق لەقسەكانى بكات كەبۆ رۆژنامەى هاوولاتى ئاماژەى پێكردوون سەبارەت بەبەهەدەردانى پارە و سامانى خاك و خەڵك لەوەزارەتى پەروەردە !!!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست