ڕێگه لە تاوانێكى گەورە بگرن كە پلانى بۆ دانراوە
Tuesday, 14/06/2011, 12:00
"روونكردنەوەیەك بۆ ڕاى گشتى كوردستان و جیهان"
هەموو لایەك ئاگادار دەكەینەوە، كە ئێستاو لێرە، بەدیاریكراوى لە ناوچەى ژێر دەسەڵاتى یەكێتى نیشتمانى پلانى چەند تاوانێك لە ئارادایە دژ بە ئازادیخوازانو خۆپیشاندەرانو ژمارەیەك كەسى چالاكو روناكبیرو كەسانى دیارى بزوتنەوە كۆمەڵایەتیەكەى كە لە دواى 17ى شوباتەوە سەرڕێگا خرا. لەچەند سەرچاوەیەكى باوەڕپێكراوەوە ئاگادار كراوینەتەوە كە لایەنى جێبەجێكارى ئەو پلانە، هێزێكى چەكدار، لە نزیكترین هەلدا دەستدەكات بە جێبەجێكردنى پلانەكە كە خۆى لە پەلاماردانو سوكایەتى پێكردنو فڕاندنو هێرشكردنو ترۆرى ئەو كەسانەدا دەبینێتەوە كە بەشدارى خۆپیشاندانەكانى ئەم دواییەى هەرێمیان كردووە، بەتایبەت پارێزگاى سلێمانى. بەگوێرەى ئەو سەرچاوە باوەڕپێكراوانە چەند هێزێكى چەكدار، هەرهەمان هێز كە پەلامارى خۆپیشاندەرانى دا لە 17و18و19ى مانگى 4 دا، بۆ راپەڕاندنى ئەم پلانە ئامادەكراوە، لەلایەكەوە بۆ بڵاوكردنەوەى ترسو تۆقاندنو ترۆرو بەنیازى تۆڵەسەندنەوە لە كەسە ئازادیخوازو ئاشتیخوازەكانى بزوتنەوە مەدەنیە بەدوور لە توندوتیژیەكەى رووداوەكانى دواى 17ى شوبات، لەلایەكى دیكەوە بۆ رێگەگرتن لەهەر جۆرێك هەولأو كۆشش بۆ دەستپێكردنەوەو سەرڕێگا خستنەوەى خۆپیشاندانەكانو ناڕەزایەتیەكان، بۆ رێگەگرتن لەهەر دەنگێكى ناڕازى، دەربڕینى هەر بیروبۆچوونێكى جیاواز، بگرە بۆ سەركوتكردنى ئازادىو كپكردنى دەنگى هاونیشتمانیانى ناڕازى لە سیستەمى حوكمڕانىو لەو هەلومەرجە كە باس لە نادادپەروەرىو گەندەڵىو ستەمكارى دەكات.
ئەوەى شوێنى سەرنجو تێڕامانە ئەم "پلانە شۆڕشگێڕیە" یە لەلایەن حكومەتو هێزى چەكدارى یەكێتى نیشتمانیەوە دواى ئەو راستیە دێت كە رێكخراوە نێودەوڵەتیەكانى لە چەشنى "رێكخراوى چاودێرى مافەكانى مرۆڤ"و رێكخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتىو نووسەرو رۆژنامەنووسو كەسە ئازادیخوازەكانى جیهان سەبارەت بە پێشێلكاریى مافەكانى مرۆڤ لە كوردستان بەدەنگ هاتنو ئیدانەى ئەو پێشێلكاریانەیان كرد.
ئەوەى شوێنى سەرسوڕمانە، ئەم هەوڵەى دەسەڵات دواى دەركەوتنى دیمەنى تەواوى پێشێلكاریەكان دێت، پێشێلكارى لە چەشنى كوشتنو برینداركردنو ئەشكەنجەدانو زیندانیكردنو فڕاندنى خۆپیشاندەرانو بە دەكومێنتكردنى گشت ئەو پێشێلكاریانەى دژ بە مافەكانى مرۆڤى كورد ئەنجامدران.
لەكاتێكدا دوو هێزى دەسەڵاتدار، گوایا بەنیازى چاكسازى دانیشتنو دانوستاندن لەتەك ئۆپۆزسیۆن دەكەن، بەڵام لەهەمانكاتداو بگرە لەكاتى بەڕێوەچوونى دانوستانەكاندا هێزە چەكدارەكان بەردەوامن لە بڵاوكردنەوەى ترسو تۆقاندن لە فەزاى گشتى داو چاودێریكردنى ژمارەیەك كەسایەتىو گرتنى وێنەیانو بگرە داگیركردنى ژیانى شەخسیانو هەندێكجاریش ناردنى هەڕشەو گوڕەشە لە چەشنى "گەر بیر لە خۆپیشاندان بكەیتەوە سەرت لە جەستەت جیا دەكەینەوە" یاخود "خۆت حساب بكە كە مردویت"...هتد
ئێمە دواى زانینى ئەو راستیانەو دواى ئاكاداربوونمان لە پلانى ئەو هێزە چەكداریە بۆ پەلاماردانى ئازادیخوازان، داواتان لێدەكەین كە بێدەنگ مەبنو هەرئێستا هەڵوێستى خۆتان دژ بەو پلانەو ئەو تاوانانەى كە خەریكە روو دەدەن رابگەیەنن. داواتان لێدەكەین كە دەنگى ویژدانو عەقڵتان بەرز بكەنەوە بۆ راگرتنى ئەم ترسو تۆقاندن و ترۆركردنى ئازادیە. لێرەوە ڕایدەگەیەنین كە لێپرسراوێتى ئەم جۆرە كردارانە دەكەوێتە ئەستۆى مەسعود بارزانى سەرۆكى پارتى دیموكراتى كوردستانو جەلال تاڵەبانى سكرتێرى یەكێتى نیشتمانى و د. بەرهەم ساڵح سەرۆكى حكومەتى هەرێمى كوردستان. لێرەوە ڕاى دەگەیەنین كە هەرتاوانێك دژ بە هاونیشتمانیانو كەسانى دیارى نێو خۆپیشاندانەكان ئەنجام بدرێت ئەو سێ بەڕێزەو دەستگاى ئاسایش بەرپرسیارن. لە كۆتایدا، بە پێویستى دەزانین كە هۆشدارى بدەین بە ئۆپۆزسیۆن كە بە بێ دڵنیا بوون لە كۆتایهێنان بەم یاسەتى ترس و تۆقاندن و هەوڵى ترۆرى دەنگى ئازادیخوازان ومفاوەزات لەگەڵ ئەم دەستەڵاتدارانەدا هەڵەیەكى ستراتیژیە.
دەستەیەك لە هاونیشتمانى بەشداربوو لە خۆپیشاندانەكانى كوردستان
14/6/2011
وێنەیەك بۆ:
- ڕاى گشتى كوردستان
- نەتەوە یەكگرتوەكان
- ڕێكخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى
- ڕێكخراوى چاودێرى مافەكانى مرۆڤ
- تیمى ئاوەدانكردنەوەى عێراق لە هەولێر
- وەزارەتى دەرەوەى ئەمریكا
- پەرلەمانى سوئید
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست