کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


یەكگرتووى ئیسلامى گەورەتر مەكەن...

Tuesday, 27/04/2010, 12:00


ئەگەر مامەڵەى پارتى و یەكێتى نەبوایە،خەڵكى كوردستان هەرگیز ئاشنایەتى لەگەڵ ئەو حیزبە ئیسلامیانە نەدەبوو،ئەگەر برسیەتى و نەبونى و شەڕ و كوشتار و ناعەداڵەتى پارتى و یەكێتى نەبوایە،ئیستا ئیسلامیەكانیش نەدەبونە ئەو هێزە كە هەرەشە لەهەموو تازەگەرییەك بكەن.ئەوە دەسەڵاتى سیاسى بوو لەبەر بەرژەوەندى و راگرتنى تەوازنى سیاسى هاوكارى و پشتتگیرییان كردن و چاویان لە تیرۆر و كارە تێكدەرەییەكانیان نوقاند و فەرشى سوریان بۆ راخستن و لە هەموو ئیمكانیاتێك بەهرەمەندیان كردن،هەر هەفتەى رابردوو بەهۆى فشارى حیزبە ئیسلامیەكان گۆڤارى (خەڵك)یان داخست.
قسەكردنێكى زۆرى میدیاى پارتى ئەم رۆژانە زوومەكانیان روو لە یەكگرتووى ئیسلامیە،بەڵام بە قازانجیان تەواو دەبێت و فرسەت وەردەگرن بۆكوتانەوەى هەموو بەها ئەخلاقى و مرۆڤایەتیەكانى كۆمەڵگا كە لەگەڵ بیركردنەوەى ئەوان ناكۆكە.

پێویستى بە فەلسەفە و مێژوو و لێكۆڵینەوە و بەدواداچون نیە تا لە راستیەكان تێبگەین،كاتێك كە دەسەڵاتیان رەها بوو،سەدان مرۆڤیان تەنها لەسەر ووتنى ووشەى ماف و ئازادى و یەكسانى، سەریان لەلاشە جیاكردەنەوە و مەحكومیان كردن بە مەرگ،نوسەران و رۆشنبیران نەیانتوانى لەبەر فتواى ئیسلامیەكان بۆچونەكان لەسەر قێزەوەنترین دیاردە دەرببڕن،تێزابیان كرد بە قاچى و ئەو كچانەى جلى مەدەنیان پۆشى و خەڵكیان لەدژیان هاندا،تا ئیستاش كادیران و لایەنگرانیان لە مینبەرى مزگەوتەكاندا هەرەشە دەكەن و خوێنى ئەو خەڵكانە حەڵاك دەكەن كە وەكو ئەوان بیرناكەنەوە،خراپى گوزەرانى خەڵكیان بە فرسەت زانى و پێدانى چەند كیلۆیەك ئارد و برنج و پێدانى چەند پۆلێكى وەرگیراو لە وڵاتانى ئیسلامى و كەنداویان كردە مەرجى لە چادر هەڵكێشانى كچان و مناڵان و راكێشانیان بۆ نێو حوجرەكانیان و شۆرینەوەى مێشكیان بە خورافیات،مزگەوتەكانیان كردە شوێنى سرینەوە و پلان دانان بۆ ئەو دەنگ و رەنگانەى لە خۆیان جیاوازن،بەرگریان لە بۆگەندەرترین سیستەمى پەروەردە و فێركردن كرد بۆ بەرهەم هێنانى نەوەیەكى یەخسیر و گوێرایەڵ و بێ بیركردنەوە،لە هەوڵدان بۆ هێشتنەوەى یاساو دەستورێك كە بە ئاشكرا شەرعیەت دەدا بە پلەدوویى و ژێردەستەى ئافرەتان،..هەموو ئەمانەش بە ئیجازە و لەژێر چاودێرە دەسەڵاتى سیاسى و پارتى و یەكێتى ئەنجامدران.

وێرانى وەزعیەتەكە لێرەوەیە،حیزبێكى ئیسلامى وەكو یەكگرتوو كە هەموو بەرنامە و پرۆگرامەكانیان لە ئەلفەوە تاكو یائى ناكۆكە لەگەڵ سەرەتاترین ماف و ئازادییەكانى تاك و بەهرەمەند بوون لە ژیانێكى بەختەوەر بۆ بەشەرەكان، هەمیشەكار لەسەر دورست كردنى جیاوازى و مانەوى هەژارى و برسیەتى و تیرۆر و تۆقاندن و تەقاندنەوە و مل پەڕاندن و ناكۆكى سەرگەردانى خەڵك دەدەن،كەچى ئیستا و وەكو فریادڕەس خۆیان دەناسێنن و باسى مافى و ئازادى دەكەن !!!
دابینكردنى خزمەتگوزارییەكان و فەراهەمبونى ژیانێكى نۆرماڵ بۆ تاكەكان،كۆتایهێنان بە بێكارى و نەبونى و شەڕ و ئاژاوە و ناشەفافى و دابەشكردنى سەروەت و سامان بە یەكسانى،رزگاربوون لە سەرگەردانى و پێكهێنانى دەوڵەتێكى مەدەنى بۆ خەڵكى كوردستان،دەتوانێ زۆرێك لەهێزى نەخوازراو لە گۆرەپانى كوردستان كاڵ بكاتەوە،هەر ئەمەش رێگاى كارساز نەك هێرش و پەلاماردانى ناڕەوا و دورستكردنى ژینگەى ترس و تۆقاندن.چونكە ئەم وەزعیەتە بە قازانجى ئەوان تەواو دەبێت.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە