کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


حكومه‌ته‌كه‌ی‌ به‌رهه‌م خنكێنرا كێ‌ به‌رهه‌می‌ بێ‌ به‌رهه‌م كرد؟

Tuesday, 05/01/2010, 12:00


هه‌مومان له‌دوای‌ 25-7 و شكسته‌كه‌ی‌ لیستی‌ كوردستانی‌ ڕاستر بڵێین یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان به‌ پله‌ی‌ یه‌كه‌م ئینجا پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان بۆ هه‌ڵسانه‌وه‌ له‌و شكسته‌ی‌ كه‌ هه‌رگیز له‌ خه‌ونیشیاندا به‌ خه‌یاڵیاندا نه‌هاتبوهه‌روه‌ها بۆ قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ و لێسه‌ندنه‌وه‌ی‌ ئه‌و كورسیانه‌ی‌ بون به‌ موڵكی‌ ئۆپۆزسیۆن و بێده‌نگكردنی‌ به‌ره‌ی‌ ئۆپۆزسیۆن هه‌مومان له‌چاوه‌ڕوانی‌ كارو چالاكیه‌كانی‌ كابینه‌ی‌ شه‌شه‌م بوین ئاخۆ دكتۆر به‌رهه‌م به‌ چ گه‌رموگوڕیه‌ك پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران له‌ پارتی‌ وه‌رده‌گرێته‌وه‌ و ده‌بێته‌ فریادڕه‌سی‌ یه‌كێتی‌ و له‌قه‌یرانی‌ بون به‌گۆڕان چاره‌سه‌ری‌ ده‌كات و له‌ هه‌مان كاتیشدا چۆن چاكسازی‌ و پاكسازییه‌ك له‌ كابینه‌كه‌یدا ده‌كات و ئازایانه‌ ده‌كه‌وێته‌ جیاكردنه‌وه‌ی‌ حیزب له‌حكومه‌ت و سڕینه‌وه‌ی‌ شكڵی‌ دوو ئیداره‌ی‌ به‌سه‌ر دام و ده‌زگاكاندا و سه‌ندنه‌وه‌ی‌ خاوه‌ندارێتی‌ هێزه‌كانی‌ ئاسایش و پۆلیس له‌ یه‌كێتی‌ و پارتی‌ كردنیان به‌موڵكی‌ حكومه‌ت و پێكهێنانی‌ سوپایه‌كی‌ یه‌كگرتویی‌ نیشتمانی‌ و بنبڕكردن و نه‌هێشتنی‌ گه‌نده‌ڵی‌ و بڕینی‌ موچه‌ی‌ هه‌زاران كه‌س كه‌ به‌سیاسه‌تی‌ خزمخزمێنه‌ی‌ یه‌كێتی‌ و پارتی‌ به‌ فه‌رمانبه‌ری‌ بن دیوار دامه‌زراون و بێده‌وام كردن موچه‌ وه‌رده‌گرن و له‌جیاتی‌ ئه‌وه‌ى‌ سه‌دان كه‌س دوو موچه‌ له‌دوو ئیداره‌ وه‌ربگرن دارای‌ گشتی‌ كوردستان بكرێت به‌یه‌ك و هه‌زاران ده‌رچوی‌ زانكۆ و په‌یمانگاكان له‌شوێنی‌ دوو موچه‌كان و فه‌رمانبه‌ره‌ بێده‌وامه‌كان دابمه‌زرێن.

گشت توێژه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ له‌ چاوه‌ڕوانی‌ ئه‌وه‌دابون له‌یه‌كه‌م ساتی‌ ده‌ست به‌كاربونیدا ده‌كه‌وێته‌ سه‌ردان كردنی‌ لادێ‌ و شار و شارۆچكه‌كان بۆگوێ‌ گرتن له‌خه‌ڵك و ئاگاداربون له‌ڕه‌وشی‌ ژیانیان و دوپاتكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی‌ له‌كاتی‌ بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردندا له‌لایه‌ن لیستی‌ كوردستانیه‌وه‌ به‌م خه‌ڵكه‌ ڕه‌ش و ڕوته‌ دراوه‌ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ زۆرێك له‌ كه‌سایه‌تیه‌ سیاسی‌ و ڕۆشنبیره‌كان پێشبینی‌ چاك كردنی‌ سیسته‌می‌ موچه‌یان ده‌كرد به‌ دانانی‌ یاسا و ڕێسایه‌ك بۆ بنبڕكردنی‌ ناعه‌دالێتی‌ له‌دابه‌شكردنی‌ موچه‌دا به‌تایبه‌تی‌ موچه‌ی‌ كاربه‌ده‌ستان كه‌ چه‌ند قاتی‌ موچه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ ئاساییه‌، وتمان كاك دكتۆر سه‌ره‌تا موچه‌كه‌ی‌ خۆیی‌ و دواتر سه‌رۆكی‌ هه‌رێم و بودجه‌ نادیاره‌كه‌ی‌ دوو حیزبه‌ باڵا ده‌سته‌كه‌و موچه‌ی‌ وه‌زیر و په‌رله‌مانتار و مودیر عام و وه‌زیر و په‌رله‌مانتاره‌ خانه‌نشین كراوه‌كان و .............هتد ئاشكرا ده‌كات و زۆر بوێرانه‌ بۆ ڕای‌ گشتی‌ ڕونی‌ ده‌كاته‌وه‌ ئاخۆ ساڵانه‌ له‌ سه‌دا چه‌ندی‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێم ده‌كات و دواتریش دواتریش ده‌ست ده‌خاته‌ سه‌ر جه‌رگی‌ خۆیی‌ و داوای‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ موچه‌كه‌ی‌ خۆی‌ ده‌كات و دواتریش دێته‌ سه‌رباسی‌ موچه‌ی‌ سه‌ماحه‌تی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم و هه‌مو ئه‌وانه‌ی‌ پێشتر ناومان هێنان به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا به‌رهه‌می‌ كابینه‌كه‌ی‌ كاك د.به‌رهه‌ممان نه‌بینی‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ خه‌ڵك چاوه‌ڕێی‌ ده‌كرد ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ كاك دكتۆر بێته‌ سه‌رباسی‌ بودجه‌ی‌ خاڵه‌ سنوریه‌كان و ئه‌و نه‌وته‌ی‌ به‌ قاچاغ ده‌فرۆشرێت و په‌رده‌ له‌سه‌ر ته‌خشان و په‌خشان كردنی‌ سه‌روه‌ت و سامانی‌ گشتی‌ له‌لایه‌ن پارتی‌ و یه‌كێتی‌ لاده‌بات و زه‌نگێك بۆ سه‌ركێشیه‌كانیان لێده‌دات و پێیان ده‌ڵێ‌ ئێستا سه‌ده‌ی‌ بیست و یه‌كه‌ و كورد خاوه‌نی‌ به‌ره‌ی‌ ئۆپۆزسیۆنه‌.

به‌ره‌ی‌ ئۆپۆزسیۆن له‌ پوكانه‌وه‌ و ئاوابونی‌ خۆری‌ ده‌ترسا به‌وه‌ی‌ به‌كاره‌ ناوازه‌كانی‌ كاك دكتۆر گشت شه‌هید و ئه‌نفال و بێكار و كرێ‌ نشین و زیندانی‌ سیاسی و‌ كه‌م ئه‌ندام و قوتابی‌ و خوێندكار و ئافره‌ت و ژن و گه‌نج و لاو و پیر و نان بڕاوه‌كان و ته‌نانه‌ت منداڵی‌ سه‌ربێشكه‌ش......هتد ده‌بن به‌پاڵپشت و كۆڵه‌كه‌ی‌ كابینه‌كه‌ی‌ دكتۆر به‌رهه‌م و به‌رهه‌می‌ ناوازه‌ و نه‌بڕاوه‌ی‌ خۆی‌ به‌سه‌ر گشت چین و توێژه‌كاندا ده‌به‌خشێته‌وه‌‌ بێ‌ جیاوازی‌ ئاین و بیركردنه‌وه‌ی‌ سیاسی‌، له‌ولاش به‌ره‌ی‌ ئۆپۆزسیۆن خه‌جاڵه‌ت ده‌كات و له‌به‌رده‌م سه‌ماحه‌تی‌ به‌ڕێزیان سوجده‌ی‌ شوكر بۆخوا ده‌به‌ن كه‌ خوا به‌رهه‌مێكی‌ ئاوا پڕبه‌رهه‌می‌ پێداون و مه‌جالی‌ بۆ ئه‌وان نه‌هێشتۆته‌وه‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ خۆشیان بكه‌ن چ جای‌ خه‌ڵكی‌ ناڕازی‌ و به‌ش خوراو چونكه‌ وڵات شامی‌ شه‌ریفه‌ و گورگ له‌گه‌ڵ مه‌ڕ و شێر له‌گه‌ڵ ئاسكدا ئاو ده‌خواته‌وه‌ و وته‌ی‌ ژیان بۆ بێده‌سته‌ڵاتان نیه‌ ده‌سڕدرێته‌وه‌‌ به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ هه‌مومان ده‌بیستین و ده‌بینین كه‌له‌ پایته‌خته‌ كۆنه‌كه‌ی‌ كاك د.به‌رهه‌مدا ته‌قه‌ كردن له‌ خه‌ڵك بووه‌ به‌ مێش كوشتن و كه‌سیش ده‌نگ ناكات ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا ده‌بوایه‌ ده‌ست به‌جێ‌ كاك دكتۆر داوای‌ دانیشتنی نائاسایى‌ په‌رله‌مان و پێكهێنانی‌ لیژنه‌ی‌ به‌دواداچون و چالاك كردنی‌ هێزه‌كانی‌ ناوخۆی‌ كردبا بۆ گرتن و سزادانی‌ ئه‌نجامده‌رانی‌ ئه‌م كرده‌وانه‌ ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا نیشانه‌یه‌كی‌ پرسیار لای‌ خه‌ڵك دروست بووه‌ ئاخۆ كاك دكتۆر بۆ له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا بێده‌نگی‌ نواندووه‌ ئایا ئه‌نجامده‌ران له‌خۆیانن یان كاك دكتۆر سه‌رقاڵی‌ كاری‌ ڕۆژانه‌ی‌ خۆیه‌تی‌ و ئاگای‌ له‌ كاری‌ خه‌ڵك نه‌ماوه, سه‌ره‌ڕای‌ هه‌مو ئه‌مانه‌ به‌ره‌ی‌ ئۆپۆزسیۆن له‌وه‌ ده‌ترسا كامیڕا و چاوی‌ ئۆپۆزسیۆن شوێنێك شك نه‌به‌ن له‌م وڵاته‌ گله‌یی‌ و گازنده‌ له‌حكومه‌ت بكه‌ن و ئه‌وانیش نیشانی‌ خه‌ڵكی‌ بده‌ن بۆیه‌ له‌خه‌می‌ ئه‌وه‌دابون پیشه‌ی‌ ڕۆژانه‌یان ببێت به‌ گه‌ڕان به‌دوای‌ مشكێكدا ئاخۆ له‌كوێ‌ جه‌واڵێكی‌ دڕیوه‌ و نیشانی‌ خه‌ڵكی‌ بده‌ن و بڵێن حكومه‌ت بودجه‌ی‌ بۆ كڕین و هێنانی‌‌ ده‌رمانی‌ له‌ناو بردنی‌ مشك دابین نه‌كردووه‌ ئه‌مه‌ به‌هێزترین ڕای‌ ئۆپۆزسیۆن بوو بۆ شه‌رعیه‌ت دان به‌خۆی‌ و تێكشكاندنی‌ هه‌یكه‌لی‌ حكومه‌ت كه‌ ئه‌مه‌ی‌ دووه‌میان بیركردنه‌وه‌ی‌ دوو حیزبه‌ باڵا ده‌سته‌كه‌یه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ئۆپۆزسیۆن, وتمان به‌ هاتنی‌ به‌رهه‌می‌ پڕبه‌رهه‌م حكومه‌ت و خه‌ڵك له‌ كۆیله‌ بونیان به‌ده‌ست یه‌كێتی‌ و پارتی‌ ئازاد ده‌كرێن و جاڕی‌ بیری‌ جیاواز ده‌درێت و حیزبه‌كان ده‌بنه‌ گوێڕایه‌ڵی‌ حكومه‌ت و سه‌كۆی‌ گه‌یشتنی‌ بیری‌ جیاواز بۆ ده‌سته‌ڵات ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ كشت زیندانی‌ و زیندانیان به‌ حیزبی‌ و حكومیه‌وه‌ له‌سه‌ر سه‌رتاسه‌ری‌‌ هه‌رێم ئاشكرا ده‌كرێن له‌گه‌ڵ هۆكاری‌ گرتنیان و ئه‌و جۆره‌ سزایه‌ی‌ تا ئێستا ڕوبه‌ڕویان كراوه‌ته‌وه‌.

ئه‌گه‌ر چی‌ زۆر له‌ چاودێرانی‌ سیاسی‌ و ته‌نانه‌ت هه‌موو حیزب و هێزه‌ سیاسیه‌كان به‌ پارتیه‌كانیشه‌وه‌ له‌ كاندیدكردنی‌ دكتۆر به‌رهه‌م ده‌ترسان نه‌كات جه‌ماوه‌ره‌كه‌یان به‌شی‌ حه‌فته‌یه‌ك حوكمڕانی‌ ئه‌و نه‌كات و وه‌كو په‌روانه‌ عه‌وداڵی‌ چرای‌ پڕنوری‌ به‌رهه‌می‌ ئێوه‌ بن و جه‌نابتان ببن به‌ ئه‌ندازیاری‌ بچوك كردنه‌وه‌ و تێكشكاندنی‌ حیزبه‌كان و بێده‌نگ كردنی‌ ئۆپۆزسیۆن به‌ڵام ئه‌وه‌ بینیمان له‌ كه‌ناڵه‌كانی‌ پارتیدا هێشتا باس باسی‌ كار و چالاكیه‌كانی‌ كابینه‌ی‌ پێنجه‌مه‌ و له‌ كوردسات و گه‌لی‌ كوردستانیش باس و خواسی‌ سه‌رده‌می‌ ده‌ركوتنی‌ ڕاستیه‌ تاكه‌ جێگایه‌ك كه‌لێیه‌وه‌ ده‌ربكه‌ویت كه‌ناڵه‌كانی‌ ئۆپۆزسیۆنه‌ ئه‌ویش له‌كاتی‌ ڕه‌خنه‌ گرتن له‌سستی‌ كار و چالاكیه‌كانتان و تا ئێستاش بگره‌ نه‌مان بینی‌ ئه‌سپی‌ خۆت له‌ مه‌جالی‌ سیاسی‌ و كۆمه‌ڵایه‌تیدا تاوبده‌ی‌ و كاریگه‌ری‌ حوكمڕانی‌ هه‌رێمی‌ سه‌وز و زه‌رد له‌ كابینه‌كه‌تدا بسڕیته‌وه‌.

خه‌ڵك وایده‌زانی‌ ئه‌م جاره‌ سوته‌مه‌نی‌ و كاره‌با به‌زۆر ده‌درێت به‌خه‌ڵك و هه‌موو هاوڵاتیان خاوه‌نی‌ بۆڕی‌ ڕاكێشراوی‌ سوته‌مه‌نین یان له‌ چاوه‌ڕوانی‌ ته‌واوبونی‌ پڕۆژه‌ی‌ ڕاكێشانی‌ سوته‌مه‌نیدان، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ ڕۆژانه‌ سه‌دان هاوڵاتی‌ له‌ دادگاكان سكاڵای‌ ئه‌وه‌یان لێده‌كردن كه‌ ماڵه‌كانیان پڕبووه‌ له‌ نه‌وت و له‌سوتانی‌ خۆیان و ماڵ و منداڵه‌كانیان ده‌ترسن، سه‌ره‌ڕای‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ خه‌ڵك له‌چاوه‌ڕوانی‌ ئازادكردنی‌ دادگاكان و فه‌رمانگه‌ حكومیه‌كان بوون له‌ده‌ستی‌ حیزب و ئیتر ئه‌مجاره‌ یاسا و دادگاكان له‌سه‌روی‌ هه‌موو شتێك ده‌بن و هه‌موو ئێواره‌یه‌كیش وه‌ك شانۆیه‌ك خه‌ڵك له‌به‌رده‌م كه‌ناڵه‌كاندا له‌چاوه‌ڕوانی‌ دادگایی‌ كردنی‌ ئه‌و كه‌سانه‌دا ده‌بێت كه‌ خه‌ریكی‌ به‌تاڵان بردنی‌ سامانی‌ گشتی‌ خه‌ڵك و چاندنی‌ تۆوی‌ گه‌نده‌ڵین و له‌ولاش ترافیك و مروره‌ داماوه‌كان ده‌بنه‌ سونبولی‌ سه‌ربه‌رزی‌ و مێشوله‌ش یاسا شكێنی‌ ناكات له‌ترافیكه‌كان و چاوه‌ڕێی‌ گڵۆپی‌ سه‌وز و فیكه‌ی‌ مرور ده‌كات بۆ ڕێكردن چ جای‌ ئه‌وه‌ی‌ مرور و ترافیكه‌كان بكه‌ونه‌ ژێر یاسا شكێنی‌ ئۆتۆمبێله‌ جام ڕه‌شه‌كانی‌ به‌رپرس كوڕ و كچ و برا و خوشك و خالۆزا و ئامۆزا و دۆست و جیرانه‌كانیان......هتد

هه‌موو ئه‌و‌شتانه‌ی‌ له‌سه‌ره‌وه‌ باسكران به‌شێك بون له‌وكارانه‌ی كه‌ده‌بوایه‌ د.به‌رهه‌م كردبانی‌ و لێی‌ چاوه‌ڕێ‌ ده‌كران به‌ڵام ململانێكانی‌ یه‌كێتی‌ و پارتی‌ و په‌یوه‌ست نه‌بونی‌ پارتی‌ به‌ڕێككوتننامه‌ی‌ نێوانیان و هه‌وڵدان بۆ سست كردن و له‌ناوبردن و ته‌نانه‌ت خنكاندن و له‌سێداره‌دانی‌ پێكهاته ‌و هه‌یكه‌لی‌ حوكمڕانی‌ كابینه‌ی‌ د.به‌رهه‌م, له‌ولاش هه‌ڵه‌ كوشنده‌كانی‌ مام جه‌لال له‌به‌غدا له‌سه‌ر یاسای‌ هه‌ڵبژاردن و ململانێی‌ یه‌كێتی‌ و گۆڕان و هه‌وڵدان بۆ په‌ره‌پێدان و دروست كردنی‌ جه‌نگی‌ ده‌رونی‌ و بارودۆخێكی‌ ناسه‌قامگیر دژی‌ گۆڕان هه‌موو ئه‌مانه‌ وای‌ كرد د.به‌رهه‌م ونبێت و ته‌نها وانیشان بدرێت كه‌ كه‌سی‌ شه‌رعی‌ و یه‌كه‌م له‌مه‌یدانی‌ سیاسی‌ كوردستان سه‌رۆكی‌ هه‌رێم بێت ئه‌گه‌رچی‌ به‌ڕای‌ من بۆ هه‌رێمێكی‌ ئاوا بچوك و ژێر ده‌ست و لكێندراو به‌سنوری‌ ده‌وڵه‌تێكی‌ جیاواز له‌ زمان و كه‌لتور و نه‌ته‌وه‌ بونی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم هیچ پێویستیه‌كی‌ زه‌روری‌ نیه‌ ئه‌وه‌تا هه‌مومان كراینه‌ قوربانی‌ ته‌له‌فۆنێكی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم ئه‌گه‌رچی‌ من به‌هیوای‌ ئه‌وه‌م ڕۆژێك ئه‌م ته‌له‌فۆنه‌ ببێته‌ واقیع و من داوای‌ لێبوردن له‌سه‌رۆك بكه‌م به‌ڵام شته‌كه‌ وه‌ك ڕۆژی‌ ڕون دیاره‌ و كه‌س ئاماده‌ نیه‌ ماست به‌ پشیله‌ بسپێرێت.

من نامه‌وێت ببمه‌ ده‌م ڕاست و وته‌ بێژی‌ د.به‌رهه‌م ڕه‌نگه‌ ده‌نگیشم بۆ كابینه‌ و لیسته‌كه‌ی‌ نه‌دابێت به‌ڵام هه‌موو ئه‌و كارانه‌ی‌ له‌سه‌ره‌وه‌ باسكران ئه‌گه‌ر به‌ناچاریش بوبایه‌ ده‌بوایه‌ خرابانه‌ قۆناغی‌ جێبه‌جێ‌ كردنه‌وه‌ بۆ ڕزگاربوونی‌ یه‌كێتی‌ له‌ سه‌هۆڵ به‌ندانی‌ گۆڕان و كه‌م كردنه‌وه‌ی‌ باڵا ده‌ستێتی‌ پارتی‌ به‌سه‌ر دام و ده‌زگاكانی‌ حكومه‌ت و هه‌روه‌ها بۆ نه‌هێشتنی‌ بون به‌هێزی‌ دووه‌م یان سێیه‌م بۆ ئیسلامیه‌كان و بونی‌ یه‌كێتی‌ به‌هێزی‌ چواره‌م یان كه‌متر هه‌روه‌ها بۆ دوباره‌ هه‌ڵساندنه‌وه‌ی‌ لاشه‌ی‌ یه‌كێتی‌ له‌ناو قوڕ و لیته‌ی‌ غه‌ڕق بوندا كردنه‌وه‌ی‌ ڕۆحێكی‌ نوێی‌ دیموكراتی‌ و سه‌رده‌میانه‌ به‌ به‌ریدا.

ئه‌گه‌ر چی‌ یه‌كێتی‌ و پارتی‌ به‌ڕواڵه‌ت له‌هاوپه‌یمانیه‌تێكی‌ ستراتیجیدان و گوایه‌ ئاشتی‌ و ئارامی‌ و پێكه‌وه‌ ژیان بووه‌ته‌ سونبولی‌ به‌یه‌كه‌وه‌ بونیان به‌ڵام ناچاری‌ و مانه‌وه‌ له‌ده‌سته‌ڵات به‌م كاره‌ی‌ ئێستای‌ گه‌یاندوون چونكه‌ هه‌ر له‌كاتی‌ جیابونه‌وه‌ی‌ باڵی‌ مه‌كته‌ب سیاسی‌ له‌پارتی‌ ئه‌م دوو هێزه‌ بوون به‌دوژمنی‌ سه‌رسه‌ختی‌ یه‌كتری‌ و جاڕی‌ یه‌كتر كوشتن و تواندنه‌وه‌ی‌ یه‌كتریان داوه‌ له‌ژێر ناو و شه‌ڕ و ململانێی‌ جیاجیادا له‌وانه‌ شه‌ڕێ‌‌شاخ پێش ڕاپه‌ڕین و دوای‌ ڕاپه‌ڕینی‌ گه‌لیش خۆیان كرد به‌خاوه‌نی‌ حكومه‌ت و گه‌ل و نیشتمان و ئه‌وه‌نده‌ی‌ نه‌برد كه‌وتنه‌وه‌ شه‌ڕی‌ براكوژی‌ و هێنانی‌ سوپای‌ بێگانه‌ بۆ پایته‌خت و كردنی‌ خیانه‌تی‌ مێژویی‌ هه‌مویان ده‌رئه‌نجامی‌ یه‌كتر قبوڵ نه‌كردن و خستنه‌ سه‌ریه‌كی‌ شه‌و و ڕۆژ بووه‌ له‌پێناو ئه‌وه‌ی‌ كامیان خاوه‌نی‌ پایته‌خت و زۆرینه‌ی‌ داهاتی‌ هه‌رێم و خاڵه‌ سنوریه‌كان ده‌بێت ئه‌مڕۆكه‌ش ده‌بینین له‌ترسی‌ له‌ده‌ستدانی‌ ده‌سته‌ڵات و كورسی‌ پاشایه‌تی‌ و هێشتنه‌وه‌ی‌ زۆرینه‌ی‌ داهات بۆخۆیان به‌ناچاری‌ خۆیان توشی‌ هاوپه‌یمانیه‌تێكی‌ هه‌یكه‌لی‌ و كارتۆنی‌ كردووه‌ به‌جۆرێك هیچیان سڵ‌ له‌وه‌ی‌ تریان ناكاته‌وه‌ و له‌كردنی‌ هه‌ر هاوپه‌یمانیه‌تێكی‌ له‌م جۆره‌ش هه‌میشه‌ هێزی‌ دووه‌م له‌سه‌ر حسابی‌ سازشی‌ هێزی‌ یه‌كه‌میان بارودۆخی‌ باشتری‌ بۆ ڕه‌خساوه‌ بۆ قۆرخ كردنی‌ داهات و ده‌سته‌ڵات, له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌لاپه‌ڕه‌ی‌ مێژوی‌ هه‌ردوكیان غه‌رقی‌ گه‌نده‌ڵی‌ و قۆرغ كردنی‌ سامان و ده‌سته‌ڵاتن به‌ڵام به‌ به‌راورد به‌یه‌كتری‌ هێزی‌ یه‌كه‌میان كراوه‌تر و میانڕه‌و تره‌ له‌وه‌ی‌ دووه‌میان و تاڕاده‌یه‌ك ده‌توانی‌ له‌یه‌ك كاتدا هه‌م شه‌ڕ و هه‌م ئاشتی‌ له‌گه‌ڵ بكه‌ی‌ به‌ڵام ئێستا ده‌بینین ئه‌ویشیان خه‌ریكی‌ په‌یڕه‌و كردنی‌ هه‌مان ڕێبازی‌ هێزی‌ دووه‌میانه‌ له‌پیرۆزكردنی‌ شه‌خس و قۆرخ كردنی‌ حیزب و ده‌سته‌ڵات بۆ بنه‌ماڵه‌ یاخود ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ نزیك و گوێڕایه‌ڵی‌ بنه‌ماڵه‌ن.

له‌ كۆتایدا ده‌ڵێم ئه‌گه‌ر لێم زیز نه‌بی‌ ئامۆژگاریت ده‌كه‌م به‌یانییه‌ك زوو به‌ فڕۆكه‌یه‌ك له‌ سلێمانیه‌وه‌ بڕۆره‌وه‌ بۆ به‌غدا تاشوێنه‌كه‌ت به‌عه‌ره‌بێك پڕنه‌كراوه‌ته‌وه‌ چونكه‌ له‌وێ‌ زۆر كاری‌ باشت پێده‌كرێت بۆ خه‌ڵكی‌ كوردستان و عێڕاق و له‌ده‌ست دوو ئیداره‌ی‌ و له‌ونبونی‌ كه‌سایه‌تی خۆت و‌ سیاسی‌ و كۆمه‌ڵایه‌تیت ڕزگارت ده‌بێت.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە