کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


وه‌ڵامێک بۆ هه‌ڕه‌شه‌نامه‌که‌ی مه‌سعود بارزانی

Sunday, 27/02/2011, 12:00


وه‌کو له‌ ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنی پارتی دیموکراتی کوردستاندا بڵاوکراوه‌ته‌وه‌، ئێواره‌ی 26ی شوباتی 2011 مه‌سعود بارزانی نامه‌یه‌ک، یان ڕاستتر هه‌ڕه‌شه‌نامه‌یه‌کی سه‌باره‌ت به‌ ڕووداوه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی هه‌رێمی کوردستان، له‌ ڕۆمای پایته‌ختی ئیتاڵیاوه‌، بۆ پارته‌که‌ی ناردووه‌ تا له‌ ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندندا بڵاویبکه‌نه‌وه‌.

ناوه‌ڕۆکی ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌نامه‌یه‌ ده‌یسه‌لمێنێت که‌ نه‌ خودی مه‌سعود بارزانی و نه‌ حیزبه‌که‌ی باوه‌ڕیان به‌ سه‌ره‌تاییترین پرینسیپه‌کانی دیموکراتی نییه‌ و خودی خۆی له‌ که‌سێکی دیکتاتۆر و خۆسه‌پێن به‌ولاوه‌ هیچی دیکه‌ نییه‌ و حیزبه‌که‌شی که‌ ناوی دیموکراتی به‌خۆیه‌وه‌ لکاندووه‌، فڕی به‌سه‌ر دیموکراتییه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵکو‌ حیزبێکی فاشییه‌.

بێگومان ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌نامه‌یه‌ی مه‌سعود بارزانی له‌لایه‌ن خه‌ڵکی کوردستانه‌وه‌ به‌شێوه‌ی جۆراوجۆر وه‌ڵام ده‌درێته‌وه‌، هه‌روه‌ک چۆن وه‌ڵامی یه‌ک به‌یه‌کی به‌یاننامه‌ و ڕاگه‌یه‌نراوه‌کانیان دراوه‌ته‌وه‌ و ده‌درێته‌وه‌. ته‌نانه‌ت هه‌ر ئه‌وه‌ که‌ تا ئه‌م ساته‌ خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری کوردستان به‌رده‌وامه‌ و ڕوو له‌ په‌ره‌سه‌ندنه‌، بۆ خۆی تووندترین وه‌ڵامه‌.

من وه‌ک هاوڵاتییه‌کی کوردستان و وه‌ک تاکێکی نێو خۆپیشاندانه‌کانی شاری سلێمانی ده‌توانم‌ ده‌یان وێنه‌ و فیلم و گێڕانه‌وه‌ی سه‌دان شاهیدی نێو خۆپیشاندانه‌کانی ڕۆژی 17ی شوباتی 2011 و ڕۆژانی دوایی، بکه‌مه‌ به‌ڵگه‌ و وه‌ڵامی دێڕ به‌ دێڕی ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌نامه‌یه‌ی مه‌سعود بارزانی پێبده‌مه‌وه‌ و سه‌رله‌به‌ری ناوه‌ڕۆکه‌که‌ی پووچه‌ڵ بکه‌مه‌وه‌. هه‌روه‌ها ئه‌و وێنه‌ و فیلم و گێڕانه‌وانه‌ ده‌یسه‌لمێنن که‌‌ خودی مه‌سعود بارزانی و‌ پارتی دیموکراتی کوردستان زۆر دڕندانه‌ به‌گژ خه‌ڵکی کوردستاندا ده‌چنه‌وه‌ و وه‌ڵامی ناڕه‌زاییه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان به‌ چه‌کی بی که‌ی سی ده‌ده‌نه‌وه‌ و گه‌نج و لاوی کوردستان خڵتانی خوێن ده‌که‌ن. هه‌روه‌ها بۆ ڕێگرتن له‌ خۆپیشاندان و ڕاپه‌ڕینی ناوچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان ڕۆژانه‌ سه‌دان گه‌نج و لاو ده‌گرن و ئازار و ئه‌شکه‌نجه‌یان ده‌ده‌ن، هه‌تاکو له‌و ناچانه‌ش خه‌ڵک به‌ ڕوویاندا نه‌ته‌قێته‌وه‌.

مه‌سعود بارزانی ده‌ڵێت: ته‌واوی دانیشتوانی هه‌رێمی کوردستان به‌ بێتاقه‌تیه‌کی زۆره‌وه‌ سه‌یری رووداوه‌کانی چه‌ند رۆژی رابردوو ده‌کات، که‌ بووه‌ هۆی گیان له‌ده‌ستدانی چه‌ند هاوڵاتیه‌ک. من وه‌کو خۆم گیان له‌ده‌ستدانی هه‌ر هاووڵاتیه‌ک له‌م هه‌رێمه‌ماندا به‌ تراژیدیاکی ناپه‌سه‌ند و قه‌بووڵنه‌کراو داده‌نێم.
بۆ وه‌ڵامی ئه‌م به‌شه‌ له‌ هه‌ڕه‌شه‌نامه‌که‌ ده‌ڵێم ئه‌و ڕووداوانه‌ی که‌ جه‌نابت باسی ده‌که‌یت له‌ کوێوه‌ سه‌رچاوه‌یان گرتووه‌؟ خه‌ڵک له‌ خۆڕایی هاتوونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان و به‌ڕووتاندا ته‌قیونه‌ته‌وه‌؟ ئایا ئه‌مه‌ تێگه‌یشتنی تۆیه‌ بۆ ئه‌و هه‌موو ناعه‌داله‌تی و دزی و گه‌نده‌ڵییه‌ی که‌ له‌ سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئێوه‌دا خوڵقاون؟ ئایا ئه‌و سه‌دان هاوڵاتییانه‌ی که‌ له‌به‌ر‌ده‌می لقی چواری پارته‌که‌ت و ده‌یان ‌بنکه‌ و باره‌گای ئێوه‌دا کوژران و خوێنیان ڕژا، چه‌ند که‌سێکن؟

مه‌سعود بارزانی له‌ به‌شێکی دیکه‌ی هه‌ڕه‌شه‌نامه‌که‌یدا ده‌ڵێت: ده‌مه‌وێت رای خۆم و هه‌موو ئه‌وانه‌ی که‌ کوردستانیان خۆش ده‌وێت روون بکه‌مه‌وه‌ ده‌رباره‌ی ئه‌و توندوتیژیه‌ی که‌ له‌ ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابروودا ئه‌و خۆپیشاندانه‌یان شێواند.
مه‌سعود بارزانی ده‌یه‌وێت خۆی بخاته‌ ڕیزی ئه‌وانه‌وه‌ که‌ کوردستانیان خۆش ده‌وێت. بۆ وه‌ڵامی ئه‌مه‌ش ده‌ڵێم ئه‌م هه‌موو ناعه‌داله‌تی و پێشێلکارییه‌ی مافه‌کانی مرۆڤ که‌ له‌ هه‌موو سات و چرکه‌یه‌کدا له‌م هه‌رێمی کوردستانه‌ و له‌ هه‌موو شوێنێکی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئێوه‌دا ڕووده‌دات خودی خۆت و پارته‌که‌ت لێی به‌ر‌پرسیارن. خوڵقێنه‌ری شه‌ڕی ناوخۆ، یان ئه‌وه‌ی که‌ خۆتان ناوتان نابوو شه‌ڕی براکوژیی خۆت و پارته‌که‌ت بوویت. چونکه‌ ئه‌وه‌ ئێوه‌ بوون شه‌ڕه‌که‌تان هه‌ڵگیرساند و ئێوه‌ش بوون که‌ هه‌موو هه‌وڵه‌ ئاشتیخوازییه‌کانتان به‌رپه‌رچ دایه‌وه‌ و درێژه‌تان به‌شه‌ڕ دا، تا ئه‌و کاته‌ی که‌ سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی کوردستانتان کرد به‌ گۆمی خوێن و چه‌ند هه‌زار گه‌نج و لاوی کوردستانتان به‌کوشت دا و سه‌دانتان سه‌قه‌ت و که‌نه‌فت کرد و سه‌دانیشتان بێسه‌روشوێن کرد.

ئایا ئه‌گه‌ر ئێوه‌ گه‌ل و وڵاتی خۆتان خۆش بویستایه‌، شه‌ڕی ناوخۆتان هه‌ڵده‌گیرساند؟ ده‌بابه‌کانی به‌عستان ده‌هێنایه‌ سه‌ر پایته‌ختی کوردستان؟ دژی لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانی به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستان، له‌گه‌ڵ داگیرکه‌ران ده‌ستتان تێکه‌ڵ ده‌کرد؟ ڕۆژێک پێشی پاسدار و ڕۆژێک پێشی ژه‌ندرمه‌ و ڕۆژێکی دیکه‌ پێشی له‌شکری به‌عس ده‌که‌وتن؟ یان ڕێگاتان ده‌دا به‌و هه‌موو دزی و ڕاووڕووت و گه‌نده‌ڵی و به‌ره‌ڵڵایی و ناعه‌داله‌تییه‌ که‌ ته‌نانه‌ت خودی خۆتان ناچار کراون دانی پیادا بنێن.

مه‌سعود بارزانی له‌ به‌شێکی دیکه‌ی هه‌ڕه‌شه‌نامه‌که‌یدا ده‌ڵێت: به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی لایه‌نگری سیاسی و ئایینی و شوێنی له‌دایکبوون، ته‌واوی دانیشتوانی هه‌رێمی کوردستان به‌شێوه‌یه‌کی یه‌کسان دروست کراون و له‌ به‌رامبه‌ر یاساشدا پێویسته‌ به‌و شێوه‌یه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بکرێت. وه‌کو دانیشتوانی هه‌رێمێکیی دیموکراسی، هه‌موو هاوڵاتیان مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ که‌ خۆپیشاندانی ئاشتیانه‌ ئه‌نجام بده‌ن. هه‌موو که‌س مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ کۆبوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ریی ئاشتیانه‌ ئه‌نجام بدات و پارتی سیاسی پێک بهێنێت و به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردندا بکات و هاوڵاتیانیش ده‌توانن ده‌نگ به‌و لایه‌نه‌ بده‌ن که‌ پێیان وایه‌ نوێنه‌رایه‌تیه‌کی ته‌واویان ده‌کات له‌ حکومه‌تدا.
بۆ وه‌ڵامی ئه‌م به‌شه‌ له‌ هه‌ڕه‌شه‌نامه‌که‌ت ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ که‌ بڵێم ئه‌و هه‌موو جیاوازییه‌ی که‌ له‌ سایه‌ی ئێوه‌وه‌ له‌ کاره‌ خزمه‌تگوزارییه‌کاندا ده‌کرێت، به‌ ڕۆشنی ده‌ریده‌خه‌ن که‌ ئێوه‌ جیاوازی شارێک و شارێکی دیکه‌ و ناوچه‌یه‌ک و ناوچه‌یه‌کی دیکه‌ ده‌که‌ن. وه‌ک نموونه‌یه‌ک له‌ هه‌زاران نموونه‌، به‌ ئێوه‌ ده‌ڵێم ئایا ئه‌وه‌ی له‌ بارزان و ده‌وروبه‌ری کردووتانه،‌ بۆ شوێنه‌کانی دیکه‌ی کوردستانتان کردووه‌؟ یان ئایا ئه‌و سه‌ری ڕه‌شه‌ی که‌ ئێوه‌ داگیرتان کردووه‌، ژیان و گوزه‌ران و خزمه‌تگوزارییه‌کان و ئاو و کاره‌بای وه‌کو هی شوێنه‌کانی دیکه‌ی کوردستانه‌؟

هه‌روه‌ها ده‌ڵێم له‌ سایه‌ی حوکمی ڕه‌شی ئێوه‌دا هاوڵاتیان له‌سه‌ر کرده‌وه‌ی ئه‌وتۆ ده‌برێنه‌ دادگاکان و ده‌گیرێن و ئازار و ئه‌شکه‌نجه‌ ده‌درێن، که‌ له‌ حاڵێکدا ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌وانی پێ تاوانبار ده‌کرێت، له‌ هه‌موو چرکه‌یه‌کدا و له‌ هه‌موو شوێنێکی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئێوه‌دا، له‌لایه‌ن خودی خۆت و ئه‌ندامانی حیزبه‌که‌ت و ئه‌ندامانی حیزبه‌ کۆیله‌کانی ژێر ده‌ستتانه‌وه‌، ئه‌نجام ده‌درێت، که‌چی نه‌ ده‌برێنه‌ دادگا و نه‌ ده‌شخرێنه‌ زیندانه‌وه‌. ئا ئه‌مه‌یه‌ ئه‌و یه‌کسانی و دادپه‌روه‌رییه‌ی که‌ تۆ باسی ده‌که‌یت؟

هه‌روه‌ها ده‌مه‌وێت لێت بپرسم ئایا له‌ سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆسه‌پێنی تۆدا، له‌و شوێنانه‌ی کوردستان که‌ به‌ زه‌بروزه‌نگ خۆتان به‌سه‌ردا سه‌پاندووه‌، که‌مترین ڕاده‌ی ئازادی بیروڕا و کۆبوونه‌وه‌ و ڕێکخراو سازکردن هه‌یه‌؟ ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ ئه‌ی ئه‌و هه‌موو و ترس و تۆقاندنه‌، ئه‌و هه‌موو پێشێلکارییه‌ی مافه‌کانی مرۆڤ چییه‌ که‌ هه‌موو لایه‌ک، به‌تایبه‌ت ڕێکخراوه‌ مرۆڤدۆسته‌کانی جیهان به‌رده‌وام باسی ده‌که‌ن و ناوتانیان له‌ لیسته‌ ڕه‌شه‌کانی خۆیاندا نووسیوه‌. ئایا جیا له‌ کاسه‌لێس و مرۆڤکوژه‌کانی خۆتان، هاوڵاتی هه‌یه‌ ده‌یان جار دوچاری لێپرسینه‌وه‌ و ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌ و ناڕه‌حه‌تیی نه‌کرابێت؟

مه‌سعود بارزانی له‌ به‌شێکی دیکه‌ی هه‌ڕه‌شه‌نامه‌که‌یدا ده‌ڵێت: ناکرێت ئه‌و پرۆسانه‌ له‌ رێی توندوتیژی و هه‌وڵی نابه‌رپرسانی که‌مینه‌یه‌که‌وه‌ ئاوه‌ژوو بکرێنه‌وه‌ .... پێویسته‌ هه‌موومان پێکه‌وه‌ وه‌کو کۆمه‌ڵگه هاوده‌نگ بین و دژی کرده‌وه‌ی که‌مینه‌یه‌کی رادیکاڵ بین. ئه‌وانه‌ی که‌ هێرش ده‌که‌نه‌ سه‌ر خۆپێشانده‌رانی ئارام هیچ شوێنێکیان له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا نییه‌. ئه‌وانه‌ی که‌ ده‌یانه‌وێت که‌ناڵه‌ میدیاییه‌کان بسوتێنن یان هێرش بکه‌نه‌ سه‌ر هاوڵاتیان که‌ تێڕوانینێکی جیاوازیان هه‌یه‌ یان موڵک و باره‌گای حزبێک بڕوخێنن یان پۆلیسێک بکوژن له‌ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ئازاد و دیموکراتدا جێیان نابێته‌وه‌ که‌ له‌ لایه‌ن یاساوه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برێت.
منیش ده‌ڵێم ئه‌وه‌ کێیه‌ که‌ تووندوتیژیی به‌کارده‌هێنێت؟ خه‌ڵکی خۆپیشانده‌ره‌ یان ئێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارن؟ کێ‌‌ بنکه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانی له‌ هه‌ولێری پایته‌ختی پڕ له‌ ئاسایش و ئارامی و دهۆک و شه‌قڵاوه‌ و سۆران سووتاند؟ کێیه‌ که‌ هه‌ڵده‌کۆتێته‌ سه‌ر بنکه‌ و شوێنی ڕێکخراوه‌ مرۆڤدۆست و مه‌ده‌نییه‌کان؟

خه‌ڵک له‌ ئه‌وپه‌ڕی توڕه‌ییدا ته‌نها دار و به‌رد شک ده‌بات، که‌چی ئێوه‌ زۆر وه‌حشییانه‌ به‌ تفه‌نگی هه‌مه‌چه‌شنه‌ و به‌ کێبڵ وه‌ڵامی خه‌ڵک ده‌ده‌نه‌وه‌. ده‌یان کوژن، برینداریان ده‌که‌ن، ده‌یانگرن و دڕنده‌ئاسا ڕه‌فتاریان له‌گه‌ڵ ده‌که‌ن.

ئایا ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ی که‌ ڕۆژانه‌ ده‌ڕژێنه‌ نێو شه‌قام و کۆڵانی شاره‌کان که‌مینه‌ن؟ ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ که‌مینه‌ن، ئه‌ی جه‌ماوه‌ره‌ زۆرینه‌که‌ی ئێوه‌ له‌ کوێن؟ هه‌ڵتان گرتوون بۆ ڕۆژی ته‌نگانه‌؟! ئایا ئه‌و که‌مینه‌ ڕادیکاڵه‌ که‌ ئێوه‌ باسیان ده‌که‌ن له‌ ئه‌ستێره‌یه‌کی دیکه‌وه‌‌ هاتوون؟ ئایا داخوازیی ئه‌و که‌مینه‌ ڕادیکاڵه‌ زۆر عه‌جیب و غه‌ریبه‌ بۆیه‌ وا ئێوه‌ی تووشی ئه‌و هه‌موو هیستیریایه‌ کردووه‌؟

ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ ناڕازییه‌ داوای نان و کار و ئازادی و دادپه‌روه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌که‌ن، که‌ ئه‌وانه‌ش داخوازیی هه‌ره‌ سه‌ره‌تایی مرۆڤن. ئه‌و داخوازییانه‌ نه‌ک له‌ کۆمه‌ڵگا مۆدێرن و پێشکه‌وتووه‌کانی جیهان، ته‌نانه‌ت له‌ هه‌ندێک کۆمه‌ڵگای هه‌ژار و دواکه‌وتووشدا وه‌دی هاتوون. به‌ڵام ئێوه‌ی دژه‌ مرۆڤ، ئێوه‌ی دژه‌ دیموکرات، ئێوه‌ی دژ به‌ هه‌موو به‌ها مرۆییه‌کان، ئه‌و داخوازییه‌ سه‌ره‌تاییانه‌ش به‌ تاکی کورد ڕه‌وا نابینین. ئاخر ئێوه‌ سادین، تا سه‌ر ئێسقان سادی. چێژ له‌وه‌ ده‌بینن که‌ خه‌ڵک برسی و هه‌ژار و نه‌دار بن و خۆشتان تێر و خۆشگوزه‌ران بن. خۆتان له‌ هه‌موو که‌لوپه‌لێکی ژیان به‌هره‌مه‌ند بن، به‌ڵام خه‌ڵک خاوه‌نی که‌مترین پێداویستییه‌کانی ژیان نه‌بن. ناو ماڵی ئێوه‌ گه‌رم و ڕووناک له‌ زستاندا و فێنک بێت له‌ هاویندا. به‌ڵام ماڵی خه‌ڵک چاوه‌ڕوانی ڕه‌حمه‌تی سرووشت بن که‌ گه‌رمی و فێنکییان پێ ببه‌خشێت.

به‌ڵێ ئێوه‌ چ ئێستاتان و چ مێژووتان ده‌یسه‌لمێنێت که‌ ئێوه‌ سادین، دژ به‌ مرۆڤایه‌تین، دژ به‌ کورد و کوردستانن.

27 ــ 2 ــ 2011

هه‌ڕه‌شه‌نامه‌که‌ی مه‌سعود بارزانی:
http://www.xebat.net/detail_articals.php?id=7094&z=1&l=1

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە